25/04/2024
DidiMn Logo
Top

نامە بۆ پاشا، فیلمێک دەربارەی ژیانی پەناهەندەکان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

پشتیوان کەمال

فیلم: نامە بۆ پادشا

دەرهێنان: هیشام زەمان

نووسین: مەمەد ئاکتاش، هیشام زەمان

ئەکتەر: عەلی بەگ سالیمی، ژیر بورهان، نەزمی کیرکیک

کات: ٧٥ خولەک

وڵات: نەرویج، ئیماڕات، ٢٠١٤

پاش بینینی فیلمی نامەیەک بۆ پاشا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، جارێکی تر ئەم فیلمە پاش ساڵێک لە هۆڵێکی نوێی تایبەت بە سینەما لە شاری سلێمانی نماییش کرا. ئەمە دووەمین فیلمی درێژی هیشام زەمانە و توانیویەتی چەندین خەڵاتی گرنگ بۆ هەردوو فیلمەکەی بەدەست بهێنێت. فیلمەکانی هیشام زەمان بەگشتی دەست لە سەر برینەکانی پەناهەندەکان دادەنێن. ئەو نایەوێت ڕووە سیاسییەکەی کێشەی پەناهەندەکان پیشان بدات بەڵکو ئەو کار لە سەر کێشە مرۆڤایەتییەکەی ئەم پەنابەرانە دەکات. ئەو بە هەریەک لە کارەکتەرە پەناهەندەکانی چیرۆکێکی تایبەت بە خۆیان بۆ دروست دەکات تا لە دیدگای جیاوازەوە کێشەی ئەم پەناهەندانە پیشان بدات.

لە فیلمی نامەیەک بۆ پاشا پێنج کارەکتەرمان هەن لەگەڵ یەک چیرۆکی سەرەکیی فیلمەکە، ئەویش نامەیەکی نووسراوە بۆ پاشای نەرویج لە لایەن زیرەکەوە و کارەکتەری میرزا هەوڵی گەیاندنی ئەو نامەیە دەدات. ئەو نامەیەی بەش بەش لە فیلمەکەدا بۆ ئێمەی بینەر دەخوێنرێتەوە نامەی تەنها میرزا نییە، بەڵکو نامەی هەریەک لە کارەکتەری پەناهەندەکانە یاخود دەتوانین بڵێین نامەی هەر پەناهەندەیەکە لە هەر کوێی دونیادا بێت کە بیەوێت بیگەیەنێت بە کەسی بەرپرسی ئەو وڵاتەی تیایدا پەناهەندەیە.

13906663_309888969360101_2124932117087540712_n

یەکێک لە کارە گرنگەکانی هیشام ئەوەیە کە کارەکتەرەکانی ناو فیلمەکەی دیالێکتی کوردی جیاوازی پارچەکانی کوردستان بەکار دەهێنن، هەر یەکەیان لە بەشێکی جیاوازی کوردستانەوە ڕۆیشتوون و بەڵام  گشتیان هەمان ئازاریان هەیە. هەروەها دەبینین کارەکتەرەکان تەمەنیان جیاوازە، هەر یەکە و تەمەنێکی جیاواز و دیاریکراوی پێداون کە لە ڕاستیدا ئەمە خاڵێکی گرنگی فیلمەکەیە. لەم ڕێگەیەوە هیشام دەیەوێت پۆرترەیتی ڕابردوو و ئێستای ئەزموونی پەناهەندە کوردەکان بکات لە ئەوروپا، لەم ڕێگەیەوە هیشام هاتووە کێشەی گشت کوردێکی هەر چوار پارچەی کوردستانی وەک پەناهەندە لە فیلمەکەدا پیشان داوە، هەروەها ئاگەدارکردنەوە لەوەی کە بە تێپەڕبوونی کات ئەم کێشەیە هەر بەردەوام دەبێت.

دەستپێکی فیلمەکە بە وێنەی میرزای ٨٣ ساڵ دەست پێ دەکات، کە بەرامبەر کامێراکە وەستاوە و ئەوە دەردەبڕێت کە دەخوازێت نامەیەک بۆ پاشای نەرویج بنێرێت تا وڵاتەکە جێ بهێڵێت و لە پرسەی ئەندامانی خێزانەکەی ئامادەبێت کە لە تاڵانکردنی گوندەکەیاندا کوژراون؛ ئەم دیمەنی دەستپێکە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی فیلمەکە تا هیشام بتوانێت پەیامی خۆی دەربارەی کێشەی پەناهەندەکان بخاتە ڕوو.

هەموو ئەم کارەکتەرانەی لەم فیلمەدا دەیانبینین، دەرهێنەر هاتووە لە ڕێگەی کۆچیان لەو ناوچەیەی تێیدا دەژین بۆ ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج پێکیەوە گرێداون، لە سەرەتای فیلمەکەوە هەلێک بەم کارەکتەرانە دەدرێت تاوەکو ڕۆژێک ئۆسلۆ بەسەر بکەنەوە.

13880215_309888982693433_8348911319553266011_n

هەریەک لەم پەناهەندانە وەک تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە سەیر ناکرێن کە تیایدا دەژین؛ میرزا لە هەندێک جێگەدا بەراوردی کلتووری وڵاتەکەی خۆی و ئەو وڵاتە دەکات کە تێیدا دەژی. ئەو دەڵێت: “هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە وەک هاووڵاتیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بێ گوێدانە ئەوەی لە کوێوە هاتوون. لە کلتووری ئێمەدا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ یەکێک میوان دەبێت. لە چوارەم ڕۆژدا، چیتر ئەو کەسە میوان نابێت، ئەو دەبێتە بەشێک لە خێزانەکە.” بەڵام میرزا و هاوسەرەکەی بۆ ماوەی ١٥ ساڵە لە نەرویجن و بەڵام هێشتا هیچ مافێکیان لەو وڵاتەدا نییە.

نابێت ڕۆڵی ماریوس ماتزۆی سینەماتۆگرافی فیلمەکە لە یاد بکەین، بەتایبەت لە پیشاندانی هەست و دەربڕینی کارەکتەرە جیاوازەکان زۆر بە باشی ڕووخساریانی وێنە گرتووە. هەریەک لە کارەکتەرەکانی ناو فیلمەکە مەبەستی جیاوازیان هەیە. زیرەک و میرۆ (نەزمی کیریک) هەوڵ دەدەن ڕۆژێکەیان بە بینینی کچان بەسەر ببەن. پاڵەوان (حەسەن دیمیرچی) بەدوای کاردا دەگەڕێت وەک ئەوەی شارەزایە لە هونەری بەرگریدا. ئەکبەر (ئەمین سیناتۆرزادە) دەیەوێت پارەی ئەو ڕۆژانە وەربگرێت کە لە نانەواخانەیەکدا کاری کردووە بەڵام پارەکەی پێ نادەن. چیرۆکی کارەکتەری کۆتایییش بێریتان (ئیڤان ئاندرسن) کە لۆرینی کچی لای زیرەک جێ دەهێڵێت بۆ ئەوەی تۆڵە لە پیاوێک بکاتەوە کە لە ڕابردوودا خراپەی بەرامبەر کردووە.

 

هاوبەشی بکە

Hisham Zaman, Letter to the King, PshtewanKamal,