25/04/2024
DidiMn Logo
Top

نماییشی شانۆکارێکی کورد لە شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیایە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدوڵڵا

ئایەتی شەیتان، ناونیشانی دوایین نماییشی شانۆییی شانۆکاری کورد، ئیحسان عوسمان‌ـە، کە بۆ شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیای دروست کردووە و بەگوتەی ئەو شانۆکارە، لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بۆ کارکردن لەگەڵ شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیا. ٢٠٠ دەرهێنەری ئەڵمانیا و جیهان ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، هەروەها سەرەڕای ئەوەی ئەو ناوی خۆیشی پێشکەش نەکردبوو، بەڵام لە لایەن شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیاوە بانگهێشت کراوە بۆ دروستکردنی ئەم کارە شانۆیییە. ئەم نماییشە لە ڕۆمانێکی نووسەری هینیدی-بەڕیتانی، سەلمان ڕوشدی‌ـیەوە وەرگیراوە، ژمارەیەک ئەکتەری ئەڵمانی ڕۆڵی کەسایەتییەکانی بەرجەستە دەکەن و بڕیارە بۆماوەی نزیکەی دوو مانگ لە نماییشکردن بەردەوام بێت. لەم گفتوگۆ تایبەتەی دیدی من لەگەڵ شانۆکاری کورد ئیحسان عوسمان، دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم نماییشە، چۆنیەتی کارکردنی لە ڕۆمانەکەی سەلمان ڕوشدی‌ـی و پەیوەندی ئەو هونەرمەندە لەگەڵ شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیا، بۆ خوێنەران دەخەینە ڕوو:

شانۆییی ئایەتی شەیتان لە شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیا و فێستێڤاڵێکی نێودەوڵەتی

ئیحسان عوسمان: ناوی شانۆیییەکە سەفەرـە و لە ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەکان ـی نووسەری هیندی-بەریتانی، سەلمان ڕوشدی‌ـیەوە وەرگیراوە، ئانا گویتەر بۆ شانۆ ئامادەی کردووە، ماوەی شانۆیییەکە ٣ کاتژمێرە و  لە بەرواری ١٩/ ٥ تا ١٢\٧\ ٢٠١٦ بەردەوام دەبێت لە نماییشکردن، هەروەها وەه نوێنەری وڵای ئەڵمانیا بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مای فاست شپیلەرـی کرد؛ ئەم فێستیڤاڵە ١٢٠ـەمین خولیەتی، هەموو سالێک ئەنجام دەدرێت و ٣٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. من ئەم نماییشەم بۆ شانوی نەتەوەییی ئەڵمانیا  ئامادە کردووە، لە ئێستادا ئەم نماییشە موڵکی خۆیانە و دەتوانن بیبەنە هەر جێگایەک؛ خۆم بەفەرمی پەیوەندیم بە کارەکەوە نەماوە لە دوای نماییشی یەکەمی شانۆیییەکە، ڕادەستی شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیام کردووە، بۆیە نازانم چەندی تر نماییش دەکرێت و بڕیارە ببرێتە چەند وڵاتی دیکە.

11052370_10200500206463027_1740290611732300182_n

ناوەڕۆکی شانۆیییەکە بە سەر سێ چیرۆکی سەرەکیدا دابەش دەبێت

ئیحسان عوسمان: بەگشتی ئەم شانۆیییە باس لە سێ چیرۆکی سەرەکی دەکات، کە سەلمان ڕوشدی لە رۆمانەکەیدا نووسیویەتی؛ چیرۆکی یەکەم، چیرۆکی دوو ئەکتەری هیندیی بەناوبانگە، یەکێکیان ناوی جوبرەئیل و دووەمیان سەلاحەدین چەمچاـیە. جوبرەئیل ئەکتەری بۆلیودـە و سەلاحەدین ئەکتەری ڕادیۆیە لە لەندەن، هەردووکیان لە بۆمبای‌ـەوە بۆ لەندەن لەناو فڕۆکەدان، لە لایەن چوار تیرۆریستەوە، فڕۆکەکەیان لە هەوادا دەتەقێنرێتەوە و هەردووکیان دەکەونە خوارەوە و بە موعجیزە نامرن؛ سەلاحەدین دەبێتە شەیتان و جوبرەئیل‌ـیش بە فریشتە.

چیرۆکی دووەم، دەربارەی مێژووی ئیسلامە، کە چۆن ٢٦٠ خوداوەند لە مەککە هەبوون و کۆمەڵێک لە ئایین و نەتەوە لەوێ دەژیان، چۆن کلتوور و پێکەوە ژیان هەبوو، چۆن ژن لە حکومڕانی دابوو وەک هندی کچی عەتەبە، هەروەها چۆن ژن بازرگانی دەکرد وەک خێزانی پەیامبەری ئیسلام؛ پاشان چۆن ئیسلام وەک ئایین هات و دواتر بوو بە ئیسلامی سیاسی و دواجار سیستەمی حکومرانیی ئایینی و تاکڕەویی یەک ئایینی و یەک نەتەوەیی پەیڕەو کرد و چۆن شەڕ لە و جێگە ئارامە بڵاو بووەوە.

چیرۆکی سێیەم، باس لە کەسێک دەکات بە ناوی عائیشە، کە لە یەکێک لە گوندەکانی هیندستان خەڵک دەخەڵەتێنێت و دەڵێت کە ئەو فریشتە جوبرەئیل‌ـی لە خەو بینیوە و پێی گوتووە دەبێت هەموو خەڵکی دەڤەر بە پێ بچنە حەج، خەڵکیش دەپرسن: “چۆن لەدەریا دەرباز دەبین؟” عائیشەـش دەلێت: “کە دەریا جیادەبیتەوە و ئاو نامێنێت، رێگەیەک دەکرێتەوە، بەلام کە خەڵک دەچنە لای دەریا هەموویان دەخنکێن، چونکە دەریا جیا نابێتەوە و هێچ رێگەیەک ناکرێتەوە.”

بەڵام چەندین بابەتی فەلسەفی و زانستی و چیرۆکی خوشەویستی تێدایە، باس لە گەشت و کۆچبەری و پێکەوەبەستنی کوولتورەکان، ناکۆکی ناو ئایین و هزر و بیرۆبۆچوون ، هەروەها چەندین بابەتی تر کە بە زمانێکی شیعری و ئەدەبیی بەرز نووسراون.

13151725_1019589218096460_513454292899657201_n

لەناو ٢٠٠ دەرهێنەری ئەڵمانیا و جیهان کوردێک بانگهێشت دەکرێت

ئیحسان عوسمان: من خۆم لە ساڵی ١٩٩١ـەوە لە ئەڵمانیا دەژیم، چەندین پڕوژەی دەرهێنان و کاری نواندم هەیە لەگەڵ شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیا، ئەندامی (ئای تی ئای) جیهانی و ئەڵمانیم، لە شاری بەرلین دەژیم، کە خاوەنی ٣٠٠ هۆڵی شانۆیی و نزیکەی ٢٠،٠٠٠ ئەکتەرە. لەناو شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیادا، وەک شانۆکارێک ناسراوم، بەڵام ئەم کارە زۆر تایبەتە لە لای من، چونکە نوێنەراتیی ئەڵمانیا دەکات لە فێستیڤاڵێکی جیهانی، بۆیە کاتێک منیان هەڵبژارد کە بە کاری دەرهێنان هەڵبستم، بۆ من جێگای دڵخۆشییەکی زۆر بوو، چونکە بە لایەنی کەمەوە، نزیکەی ٢٠٠ دەرهێنەری ئەڵمانی و جیهانی خۆیان ناونووس کردبوو کە دەرهێنانی ئەم شانۆیییە بکەن، منیش خۆم پێشکەش نەکردبوو، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە لیژنەکە منیان دەستنیشان کرد، داوایان لە من کرد ئەم کارە بکەم و لە پرێس کۆنفرانسێکدا منیان وەک دەرهێنەری شانۆیییەکە پێشکەش کرد.

13177311_1019589258096456_6679010634749564786_n

ئەکتەرانی ئەم نماییشە و ستافی دەرهێنان

ئیحسان عوسمان: ئەکتەرەکان سەرجەمیان ئەڵمانی بوون و ئەندامانی شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیا بوون، هیچ کوردێک وەک ئەکتەر بەشداری نەکرد، بەڵام کاتێک ستافی دەرهێنانم پێک هێنا، من مامۆستا کەڤاڵ سدقی‌ـم وەک ڕاوێژکاری هونەری و یاریدەدەر، کاک شیراز عەزیز وەک ئەندامی سینۆگرافیا و دیکۆر و عەلی سودانی وەک دیزایینەری ڕوناکی دانا، ئەوانی دیکە سەرجەمیان ئەڵمانی بوون و ستافی دەرهێنان لە ١٠ کەس پێکهاتبوون.

13221465_1019589294763119_5744697829877873764_n

شێوازی کارکردن لەم نماییشەدا

ئیحسان عومەر: ئێستا ڕێبازێکی سەربەخۆ و دیاریکراو لە شانۆی جیهانیدا نەماوە، بەڵکو دوای شانۆی سەردەم، هەموو رێبازەکان تێکەڵاو بوون و زۆر ئەستەمە لێکیان جیا بکەیتەوە، بەڵام ئەگەربپرسین ستایلی ئەم کارە چۆن بوو؛ بە هۆی ئەوەی ئەم شانۆیییە لە ڕۆمانێکی زۆر سەخت و تایبەتەوە وەرگیراوە، دەتوانین بڵێین ستایلی نووسینی ڕۆمانەکە، ستایلێکی پۆستمۆدێرنانەیە بە دیمەنی پچڕپچڕ و چیرۆکی جیاجیا و  تێکەڵاو نووسراوە، هەر وەک ئاماژەم پێ دا شانۆیییەکەش لە ٣ چیرۆکی سەرەکیی پچڕپچڕ و تێکەڵاو کە زۆر زەحمەت بوو، پێکهاتووە؛ بۆیە من دەبوو وەک فیلمی سینەما سیناریۆی بۆ بنووسم و دیمەنی بچووک ئامادە بکەم، پاشان دیمەنەکان پێکەوە ببەستم، دەبوایە زۆر بە تەکنیکی شانۆ لەناو شانۆدا و لەسەر شانۆی بازدان کار بکەم، لە دیمەنێکەوە باز بدەم بۆ دیمەنێکی دیکە، کە پەیوەندی بە یەکترەوە نەبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ستایلی نماییشەکە سەردەمییانەیە،  لێرە گێڕەرەوە زۆر جار ڕۆڵی کامێرای دەبینی، بە گۆرانی و موزیک دیمەنەکانیان دەگێرایەوە؛ شانۆیییەک ٣ کاتژمێر بخایەنێت، دەبوو زۆر جوڵە و یاریی شانۆیی، دیکۆری جوڵاو و جلوبەرگی مۆدێرن و چەندین فێڵی شانۆی سەردەمی تێدا بەکار بهێنین.

13230322_10201778675943965_6614151961164214797_n

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, AyatiShaitan, IhsanOthman, SalmanRushdi,