دیدی من – ئاراس عەبدولڵا
لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕیوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی دهۆک، بە هاوکاری پارێزگاری ئەو شارە، ئێوارەی ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٦ لە نێو هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک، نماییشی پانۆرامای شەنگال نماییش کرا. ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی شانۆکاران مەسعود عارف و ئەحمەد مەشخەتی بوو و بۆ یادی کارەساتی داگیرکردنی شەنگال لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە ئامادە کرابوو.
دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە، مەسعود عارف، یەکێک لە دەرهێنەرانی ئەم کارە بۆ دیدی من گوتی: “پانۆرامای شەنگال لە حەوت تابلۆ پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە تابلۆی پێکەوەژیانی سێ ئایین، دروستکردنی ئاڵا، کەشی ئایینەکان بەتایبەتی ئایینی ئێزدی و هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی، کۆچ بەرەو شاخەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دیل و داعش، پێشمەرگە و شەڕی ڕەوا لەگەڵ سەرکەوتن.”
دەربارەی شێوازی کارکردنیان، ئەو دەرهێنەرە گوتی: “فۆڕمی ئەم کارە تێکەڵاو بوو لە جوڵەی شانۆیی و سەما و بە شێوەی کۆریۆگرافیا بوو. تێکەڵاوکردنی ئەم دوو بابەتە هاوکاتی پێشاندانی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بوو لەسەر منداڵانی شەنگال لە کەمپەکانی باشووری کوردستان، کە ئەویش بەسترابوو بە بیرۆکەی کارەکەوە و زمان و کەرەستە و جلوبەرگی کوردی زاڵ بوو لەم فۆڕمەدا.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.