20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پوران فەرووخزاد کۆچى دوايى کرد

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

لە فارسییەوە: سەلیم جەمال

ڕۆژی ٢٩/١٢/٢٠١٦، پوران فەرووخزاد، خوشکى فروغ فەرووخزاد شاعيرى ناودارى فارس، لە تەمەنى هەشتاوسێ ساڵيدا کۆچى دوايى کرد. ئەو شاعير و چيرۆکنووس بوو و چەند بەرهەمى لێکۆڵينەوەيی وەک تێزى بەکلتوورکردنى وڵاتى ئێران و جيهانى لە لايەن ژنانەوە، نووسيوە.

هەندێک لە کەسە نزيکەکانى پوران فەرووخزاد لە گفتوگۆيەکياندا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى ئيسنا ڕايانگەياند، کە ئەو نووسەر، شاعير، وەرگێڕ و لێکۆڵەرە ناودارە بە هۆى وەستانى لەناکاوى دڵ، کۆچى دوايي کردووە.

پوران فەرووخزاد لەدواى خۆيدا چەندين کۆمەڵەشيعر و چيرۆکى جێ هێشتووە، بەڵام لە ديدى گەلێک لە شارەزايان بەرهەمى لێکۆڵينەوەيى و ڕەخنەگرانەى ئەو لە سەرووى هەموانە.

پوران فەرووخزاد

دەزگەى چالاکیی ژنان و چەند کۆمەڵەشيعرى هەڵبژێردراوى ژنان، لە بەرهەمە ناوازەکانى پوران فەرووخزادن.

ئەو چەندين کتێبى ڕەخنەيى کاريگەرى لەدواى خۆيدا جێ هێشتووە، کە ڕۆڵى ژن لە بەرهەمەکانى ئەحمەد شاملوو و سوهراب سێپێهرى ڕاڤە دەکات.

کەسێک کە وەک هيچ کەسێکى ديکە نييە، کتێبێکى ديکەى ئەو توێژەرە ئەدەبیيەيە، کە لەبارەى خوشکى شاعيرى خۆى فروغ فەرووخزاد و بە هاوکارى مەسعوود قاسمزادە نووسيويەتى و لە ساڵى ٢٠٠٢دا لە ناوەندى چاپەمەنیی کاروان، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

هەندێک لەو بڕوايەدان کە پوران فەرووخزاد بە يارمەتى و لەژێر سێبەرى فروغ و فەرەيدونى براى گەيشتبووە ئەو ئاستە بەرزە لە ئەدەبدا. بەڵام ئەو لە ساڵى ٢٠٠٧دا لە گفتوگۆيەکيدا لەگەڵ بڵاوکراوەى ئينتەرنێتى بە ناوى ئەنجوومەنى ژنانى ئێران ئەو هەواڵەى ڕەت کردەوە و ڕایگەياند: “من، فروغ و فەرەيدون هەريەکەمان بۆ خودى خۆمان دوورگەيەکى جيا و جێگير بووين. کەواتە نە فروغى خوشکم لەژێر سێبەرى مندا بوو و نە منيش لەژێر سێبەرى ئەودا بووم.”

فروغ فەرووخزاد

فروغ فەرووخزاد لە ساڵى ١٩٦٧، لە تەمەنى سیویەک ساڵيدا بە هۆى ڕووداوى هاتوچۆ گيانى لەدەست دا. فەرەيدون فەرووخزادى براى ئەويش لە تەمەنى حەفتاویەک ساڵيدا بە شێوەيەکى تۆقێنەر تيرۆر کرا. بەڵام بە بۆچوونى گەلێک لايەنى پەيوەنديدار، تيرۆرکردنى ئەو لە لايەن سوپاى ئەمنیيەتى کۆمارى ئيسلامىی ئێران بووە.

پوران فەرووخزاد کۆمەڵەشيعرێک و لێکۆڵينەوەيەک لەبارەى ميترائيزم لە ئێرانى لەدواى خۆيدا جێ هێشتووە، کە تا ئێستا مۆڵەتى فەڕمیی بڵاوکردنەوەى پێ نەدراوە.

هاوبەشی بکە

Farukh Farukhzad, Puran Farukhzad, SaleemJamal,