27/04/2024
DidiMn Logo
Top

پينک فلوويد، کاريگەرترين تيمى موزيکى ڕۆک

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – ويکيپێديا

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

پينک فلوويد ناوى تيمێکى ناودارى موزيکى ڕۆکە، کە لە لەندەنى پايتەختى بەڕيتانيا بونياد نراوە. ئەم تيمە بە يەکێک لە کاريگەرترين تيمەکانى موزيکى ڕۆکى بەڕيتانيا هەژمار دەکرێت، کە توانيويەتى سەرکەوتنێکى نێودەوڵەتیی مەزن دەستەبەر بکات، بە هۆى موزيکى پرۆگرەسيڤ ڕۆک و سايکدليک ڕۆک، شيعرى فەلسەفى بە ماناگەلى قووڵ و سوودوەرگرتن لە ئەزموونى دەنگى و داهێنانى بەرهەمى کارامە، هەروەها ئەمە وای کردووە کە ببێتە کاريگەرترين تيمى موزيکى گشت پەسند.

تيمى پينک فلوويد لە ساڵى ١٩٦٥ لە لايەن خوێندکارانى وەک سيد بێرت، نيک مەيسن، ڕۆجێر واتەرز و ڕيچارد ڕايت بوونياد نرا. ئەوان لە کۆتاييەکانى ساڵى ١٩٦٠ دوو تاک‌گۆرانى سەرکەوتوويان بڵاو کردەوە بە ڕابەرايەتیی سيد بێرت. دواتر يەکەمين ئەلبوومى خۆيان بە ناوى شمشاڵژەنێک لە پاڵ دەروازەکانى بەرەبەيان بڵاو کردەوە و بە هۆى کاريگەریی ئەرێنیى ئەو ئەلبوومە ناوبانگێکى بێوێنەيان دەستەبەر کرد.

دەيڤيد گيلمۆر وەکو گۆرانيبێژ و ژەنيارێک لە ساڵى ١٩٦٨ هاتە ناو ئەو تيمە، هەروەها بوو بە جێنشينى سيد بێرت، کە بە هۆى زێدە لە ئەندازە بەکارهێنانى مادە هۆشبەرەکان دووچارى نەخۆشیی دەروونى بوو. دواى جيابوونەوەى بێرت لە تيمى پينک فلوويد، ڕۆجێر واتەرز بوو بە گۆرانينووسى سەرەکیی تيمى پينک فلوويد و پێگەى خۆى لە ناو ئەو تيمەدا جێگيرتر کرد. لەو سەردەمەدا بوو کە تيمى پينک فلوويد بە ئەلبوومگەلێکى پڕلەماناى وەک نيوەى تاريکى مانگ (١٩٧٣)، خۆزگە لێرە بوويتايە (١٩٧٥)، ئاژەڵان (١٩٧٧)، ديوار (١٩٧٩) و کۆتا قرتان (١٩٨٣) ناوبانگى دەرکرد.

pink_floyd_-_all_members

ڕيچارد ڕايت لە ساڵى ١٩٧٩ بە هۆى هەندێک کێشە و گرفتى تايبەتى لەگەڵ ڕۆجێر واتەرز ئەو تيمەى بەجێ هێشت. واتەرزیش لە ساڵى ١٩٨٥ تيمى پينک فلوويدى جێ هێشت، دواتر دەيڤيد گيلمۆر بە ڕابەرى سەرەکیی ئەو تيمە دەستنيشان کرا و هاتە ناسين. هەر لە دواى ئەويش تيمى پينک فلوويد، بەبێ بوونى ڕۆجێر واتەرز و بە ڕابەرايەتیی دەيڤيد گيلمۆر دوو ئەلبوومى بە ناوەکانى هەڵەى کاتى لە ئەقڵدا (١٩٨٧) و گەڕناڵى جودايى (١٩٩٤) بڵاو کردەوە.

لە ساڵى ٢٠٠٥ تيمى پينک فلوويد دواى دابڕانێکى زۆر لە يەکترى، لە پاڵ يەکدى کۆ بوونەوە و کۆنسێرتێکى خێرخوازيیان سازکرد، هەروەها سيد بێرت لە ساڵى ٢٠٠٦ و ڕيچارد ڕايت لە ساڵى ٢٠٠٨ کۆچى دواييان کرد.

لە ساڵى ٢٠٠٦، ڕابەرى تيمى پينک فلوويد دەيڤيد گيلمۆر، چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ڕۆژنامەى لا ڕێپۆبليکاى ئيتاڵياى ساز کرد و ڕای گەياند کە تيمى پينک فلوويد هەڵوەشاوەتەوە. کاتێک لەبارەى داهاتووى ئەو تيمە پرسياريان لێ کرد، گيلمۆر ڕوونى کردەوە کە هيچی تر ئەو تيمە موزيک بەرهەم ناهێنێت و هەوڵ دەدات کە لە تەمەنى ٦٠ ساڵيدا کار لەسەر پڕۆژەى تايبەتى خۆى بکات. لەو کاتەوە واتەرز و گيلمۆر چەندان جار جەختيان لەوە کردەوە کە نيازيان وا نييە  لە کەنار هونەرمەندانى ديکەى ئەو تيمە گۆرانى بەرهەم بهێنن.

20164251833_davidgilmour2015

لە ساڵى ٢٠١٤، لە لايەن سەرچاوەى جياواز و بەتايبەنى هاوسەرى دەيڤيد گيلمۆر هەواڵى بڵاوکردنەوەى ئەلبوومێکى نوێ لە لايەن ئەو تيمە بڵاو بووەوە بە ناوى ڕووبارى بێپايان، ئەم ئەلبوومە لە بەرهەمە تۆمارکراوەکانى ساڵى ١٩٩٤ وەرگيراوە و بە ڤێرژنێکى نوێ بەرهەميان هێنا. لە هەمان کاتدا ئەم ئەلبوومە پێشکەش کرا بە ڕيچارد ڕايت.

تا ساڵى ٢٠١٣، زياتر لە ٢٥٠ مليۆن تيراژ لە ئەلبووم و بەرهەمەکانى تيمى پينک فلوويد لە سەرانسەرى جيهان هاتووەتە فرۆشتن.

ئەلبومى نيوەى تاريکى مانگى تيمى پينک فلوويد، بە يەکێک لە سەرکەوتووترين و پڕفرۆشترين ئەلبوومەکانى مێژووى موزيکى ڕۆک هەژمار دەکرێت لە گشت سەردەمەکان.

هاوبەشی بکە

Britain, Pink Floyd, Rock, SaleemJamal,