28/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەنابەران لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا بەهرەکانی خۆیان پیشاندا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منپشتیوان کەمال

کاتێک هاتە سەر ستەیجی نماییشکردنی بەهرەکەی خۆی، پەناخوازی خەڵکی سوریا، مزگین ڕومی، بینەرانی بە تەواوەتی خستە جۆش و خرۆشێکی تایبەتەوە، وەختێک گۆرانییەکی شادی بۆ ڕێزگرتنی هێزە کوردییەکان وت. مزگین لە ماوەی بوونم لەگەڵیدا کەسێکی بێدەنگ و شەرمن دەمبینی، بەڵام کاتێک دەستی کرد بە وتنی گۆرانییەکەی، ئەو بە باوەڕبەخۆبوونێکی زۆرەوە گۆرانییەکەی بۆ بینەران و لیژنەی دادوەران وت.

ڕومی تەمەنی ١٩ ساڵە، یەکێک بوو لەو ١٠ بەشداربووەی گەیشتبوونە قۆناغی کۆتاییی پڕۆگرامی (پەناخوازەکان بەهرەیان هەیە). ئەم پڕۆگرامە ماوەیەکە لەلایەن (یو ئێن ئێچ سی ئاڕ)ـەوە کاری بۆ دەکرێت کە سەرەتا لە پێنج کەمپی شاری سلێمانی، ئەوانیش کەمپەکەکانی (سلێمانی، عەربەت، چەمچەماڵ، بازیان، ڕانیە) بەهرەدارەکان ناونووسکران و زیاتر لە ٦٠ گروپ و کەس، بەشدارییان لەم پڕۆگرامەدا کرد. ئەم پڕۆگرامە بە سێ قۆناغدا ڕۆشت و لە کۆتاییدا ١٠ بەشداربوو مانەوە تاوەکو بەهرەکانی خۆیان لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا، ٢٠ی حوزەیران، نماییش بکەن بۆ بینەرێکی زۆر لە کەمپی باریکە- عەربەت- سلێمانی.

ڕومی لە کۆتاییدا خەڵاتی پڕۆگرامەکەی بەدەستهێنا و بووە براوەی یەکەمین پڕۆگرامی (پەناخوازەکان بەهرەیان هەیە). ئەو بۆ ماوەی دوو ساڵە بەهۆی جەنگ لە کۆبانی لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویانکردۆتە سلێمانی و لە عەربەت دەژین، بەڵام یەکێک لە براکانی لە کۆبانی ماوەتەوە و شەڕ دژی تیرۆریستان دەکات. ڕەنگە خەمە گەورەکەی ڕومی هەر ئەمە هۆکارەکەی بێت.

2

نوێنەری (یو ئێن ئێچ سی ئاڕ) لە عێراق، برونۆ گیدۆ، وتی: ئەم پێشبڕکێی بەهرەدارانە هەلێکە بۆ پەناخوازان تا یەکبگرن بە موزیکی فۆلکلۆری کوردی، موزیکی پۆپ و ڕیتمی هیندی.

هەروەها وتی: ئێمە ویستمان لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا دەنگی نەرمی ٢٠ ملیۆن پەناخوازی جیهان پیشان بدەین، کە لە نێویاندا چەندین کەسی گەنج هەیە.

لە ساڵی ٢٠١١ـەوە  ٩ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی سوریا، خاکی خۆیان جێهێشتووە، زیاتر لە سێ ملیۆنیان چوونەتە وڵاتەکانی دراوسێیان و ٢٤٠ هەزار پەناخوازیش ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

5

بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان، تەنها لە سلێمانی نزیکەی ٨ هەزار منداڵی پەناخوازی سوریی هەن، زۆرینەیان ناخوێنن. لەبەر ئەمە ئەم پڕۆگرامە شتێکی باش بوو تاوەکو توانای ئەم منداڵانە پیشان بدات هەر لە گۆرانی وتن، موزیک ژەنین و سەماش.

دووەمی ئەم پڕۆگرامە گروپی سەمای هیندی “ئەی بی سی دی” هات، کە مانای (هەموو کەس دەتوانێت سەما بکات) دەدات. ئەم گروپە لەلایەن ڕۆژبین بارۆدۆی ١٧ ساڵەوە سەرپەرشتی دەکرا کە پێنج کەسی لە خۆی گرتبوو.

ئەو وتی: “سەما ژیانمە.” ئەو لەگەڵ خێزانەکەی دوو ساڵ پێش ئێستا لە حەسەکەی سووریاوە ڕوویان لە سلێمانی کردووە.

گروپی هەڵپەڕکێی رۆژئاڤا توانییان پلەی سێیەمی ڕزبەندییەکە بگرن. کاتێک ئەم گروپە لەلایەن وەسیلە حەسەنی ١٧ ساڵەوە سەرپەرشتی دەکرا.

111

ئەم پێشبڕکێیە شەوی ٢٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٩ ئەنجامدرا و کاتژمێر ١٢ی شەو کۆتایی هات.

فۆتۆ و ڤیدیۆ: پشتیوان کەمال

هاوبەشی بکە

Arbat, PshtewanKamal, Refugee Got Talent, Slemani,