16/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆ ئێزمە، بە خۆشه‌ویستی و پیسییەوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

جه‌ی دی سالنجه‌ر
لە ئینگلیزییەوە: ژوان جەلال

هه‌ر له‌م دوایییانه‌دا، داوه‌تنامه‌ی زەماوەندێکم له‌ ڕێی پۆستی ئاسمانییه‌وه پێگه‌یشت، که‌ له‌ ئینگلته‌ره‌، له‌ 18ـیه‌می ئه‌یپڕڵدا، ساز ده‌بێت.‌ جا‌ زەماوەندێکه‌ زۆرم لا مه‌به‌ست بوو‌ ئاماده‌ی بم و سه‌ره‌تایش که‌ داوه‌تنامه‌که‌ گه‌یشت، بیرم کرده‌وه‌، دەتوانم بە فڕۆکه‌ سه‌فه‌ر بکەم بۆ ئەوێ، ئەگەر زۆریشی تێ بچێت. بەڵام، کاتێک له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌مدا، که‌ کچێکی زۆر ژیره‌، گفتوگۆی زیاترمان له‌ باره‌ی بابه‌ته‌که‌وه‌ کرد، بڕیارمان به‌ نه‌کردنی دا- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، من ته‌واو له‌ یادم چووبوو، که‌ خه‌سووم، به‌ نیاز بوو دوو حه‌فته‌ی کۆتاییی مانگی ئه‌یپڕڵ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌سه‌ر به‌رێت. له‌ ڕاستیدا دایه‌ گرێنشه‌ زۆر نابینم و ئه‌ویش ئیتر گه‌نج نابێته‌وه‌. ته‌مه‌نی په‌نجاوهه‌شت ساڵه‌. (هەروەکوو خۆی یه‌كه‌م كه‌س دەبێت ددانی پێدا بنێت.)

 بەهەرحاڵ، هیچ لە مەسەلە نەدەگۆڕا، من له‌ هه‌رکوێ بم، پێم وا نییه‌ له‌و جۆرانه‌ بم، که‌ بۆ خۆشکردنی زەماوەندێك، په‌نجەیەک‌ ناجووڵێنن. له‌وه‌وه‌‌ شانم پێدا کرد و هه‌ندێ یادداشتم له‌ باره‌ی بووکێوه‌، که‌ شه‌ش ساڵێک له‌وه‌وبه‌ر ناسیبووم، به‌ یه‌کدا دا، ئه‌گه‌ر یادداشته‌که‌م، خوله‌کێ یان دووی سه‌خت، له‌سه‌ر زاوا، که‌ نایناسم، بکه‌وێته‌وه‌، ئه‌وا زۆر باشتر. لێره‌دا که‌س له‌ هه‌وڵی دڵخۆشکردندا نییه‌. ڕاستییه‌که‌ی زیاتر بۆ ڕێنیشاندان و بۆ فێرکردنه‌‌.

له‌ ئه‌یپڕڵی 1944ـدا، له‌ نێوانی ئاوا شه‌ست که‌سێکی به‌سه‌ربازگیراوی ئه‌مه‌ریکیدا بووم، که‌ کۆرسێکی مەشقکردنی تا ڕادەیەک تایبەتمەندی به‌ر له‌ هێرشکردنمان وه‌رگرت، ده‌زگای سیخوڕیی به‌ریتانی ئاراسته‌ی ده‌کرد، له‌ دێڤن، ئینگلته‌ره‌. ئێستا که‌ بیری لێ ده‌که‌مه‌وه‌، وای ده‌بینم ئێمه‌ هه‌ر شه‌ستمان تا ڕاده‌یه‌ک تایبه‌تی بووین، له‌وه‌دا یه‌کێکمان تێدا نه‌بوو له‌ هه‌موو پێڕه‌که‌دا که‌مێک کۆمه‌ڵایه‌تی بێت. هه‌موو لە بنەڕەتەوە ئەهلی نامه‌نووسین بووین، ئیتر کاتێکیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی واجبدا، قسه‌مان پێکه‌وه‌ بکردایه‌، عادەتەن بۆ ئه‌وه‌ بوو بزانین یەکێکمان مرەکەبی هەیە پێویستی پێی نەبێت. کاتێکیش خه‌ریکی نامه‌‌نووسین نه‌ده‌بووین یان بۆ پۆل نه‌ده‌چووین، ئیتر هه‌ریه‌که‌مان به‌ ڕێی خۆیدا ده‌ڕۆی. ڕێی من هه‌میشه‌ له‌ ڕۆژی ساماڵدا، له‌ شێوه‌ی بازنەیەکدا بۆ‌ ده‌وری شاری ده‌بردم. ڕۆژانی باراناوی، به‌ گشتی له‌ جێیه‌کی وشکدا داده‌نیشتم و کتێبێکم ده‌خوێنده‌وه‌، زۆر جار هه‌ر بە مەودای درێژیی ته‌ورێک له‌ مێزێکی پینگ پۆنگه‌وه‌، دوور.

کۆرسی مه‌شقکردنه‌که‌، سێ حه‌فته‌ی خایاند، له‌ شه‌ممه‌یه‌کدا ته‌واو بوو، بارانێکی زۆر دەباری. بەرنامەمان بۆ دانرابوو، له‌ سه‌عات حه‌وتی ئەو شه‌وەدا، کە دواشەومان بوو، هه‌موو گرووپه‌که‌مان، سواری قیتار ببێت بۆ له‌نده‌ن، دەنگۆکە وا بوو، له‌وێ به‌سه‌ر هێزی پیاده‌ و هێزی ئاسمانیدا، که‌ بۆ D Day[1] کۆ کرابوونه‌وه، دابەش بکرێین.‌ له‌ سه‌عات سێی پاشنیوه‌ڕۆدا، هەموو کەلوپەلەکانم له‌ تووره‌که‌ سه‌ربازییه‌که‌مدا پێچانەوە، به‌و گونیه‌ خامەی گازماسکەکەیشەوە، کە پڕ بوو لەو کتێبانەی له‌وبه‌ره‌وه‌‌ هێنابوومن. (گازماسکه‌که‌ خۆیم چه‌ند حه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر لە کڵاوڕۆژنەی کەشتیی‌ مۆریته‌ینیاوە لە دەست خزا، ته‌واو ئاگادار لەوەی ئەگه‌ر دوژمن به‌ڕاستی گازی به‌ کار بهێنایە، هه‌رگیز ڕانەدەگەیشتم ئەو شتە نەفرەتییە ببەستم.) بیرم دێت بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ، له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کی پشته‌وه‌ی کوخه‌ ئاسنینه‌که‌ماندا وه‌ستابووم، له‌ بارانه‌ شه‌فتوور و دڵپه‌ستکه‌ره‌که‌م ده‌ڕوانی، په‌نجه‌ی په‌له‌پیتکه‌م به‌ جۆرێک هه‌ستی پێ بکه‌م و نه‌که‌م له‌ خورووی دابوو. له‌ پشتسه‌رمه‌وه‌ گوێم له‌ کیڕه‌ی زۆر پێنووسی مه‌ره‌که‌ب، له‌سه‌ر زۆر لاپه‌ڕه‌ی کاخه‌زی نامه‌ بوو. ناکاوێک، به‌بێ بوونی هیچێکی دیاریکراو له‌ خه‌یاڵمدا، له‌ په‌نجه‌ره‌که‌ دوور که‌وتمه‌وه‌ و قاپووته‌که‌م، شاڵه‌ کشمیرییه‌که‌م، گاڵۆشه‌كانم، ده‌ستکێشه‌ خورییه‌کان و کڵاوەکه‌مم، پۆشین (دوایین کڵاو بوو، که‌ ئێستایش پێم ده‌ڵێن، هه‌ر خۆم به‌و جۆره‌ گۆشه‌لاره‌ دەمکردە سەرم‌- که‌مێک له‌ خوار دامده‌نا له‌سه‌ر هه‌ردوو گوێم.) دواتر، سه‌عاته‌ ده‌ستییه‌که‌مم له‌گه‌ڵ سه‌عاتی ئاوده‌ستخانه‌ گشتییه‌که‌دا میقات کرد، به‌ گرده‌ به‌ردڕێژه‌‌ ته‌ڕ و دوورودرێژه‌که‌دا بۆ ناوبازاڕ ڕۆیشتم. گوێم نەدایە فلاشە برووسکەیییەکانی دەوروپشتم، ئیتر یان ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌که‌تیان پێیه‌، یان نا.

له‌ ناوجه‌رگه‌ی بازاڕدا، که‌ ڕه‌نگه‌ ته‌ڕترین شوێنی شار بووبێت، له‌ به‌رده‌می کڵێسه‌یه‌کدا، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌خته‌ی بڵاوکراوه‌کان وه‌ستام، زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ به‌رجه‌سته‌کراوه‌کان، سپی له‌سه‌ر ڕه‌ش، سه‌رنجیان بردم، به‌ڵام به‌شێکیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، دوای سێ ساڵ بوونم له‌ سوپادا، به‌ خوێندنه‌وه‌ی ته‌خته‌ی بڵاوکراوه‌کان، هۆگر بووبووم. بە پێی تەختەکە، له‌ سه‌عاتی سێ و پازده‌ خولەکدا، منداڵان پرۆڤه‌ی خوێندنی سروودی به‌کۆمه‌ڵیان ده‌کرد. سه‌یری سه‌عاته‌که‌ی ده‌ستم و ئینجایش سەیری ته‌خته‌ی بڵاوکراوەکانم کرده‌وه‌. لاپه‌ڕه‌یه‌کی کاخه‌زی هه‌ڵواسرابوو، ناوی ئه‌و منداڵانه‌ لیسته‌ کرابوون، که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا به‌شداری بکه‌ن. له‌ بارانه‌که‌دا وه‌ستام و هه‌موو ناوه‌کانم خوێندنه‌وه‌، دواتر چوومه‌ کڵێسه‌که‌وه‌.

له‌ نێوانی ته‌خته‌ درێژه‌کانی کڵێسه‌که‌دا، دەرزەنێک یان شتێکی وا زەلامی گەورە دانیشتبوون، ژماره‌یه‌کیان جووتەپێڵاوی بن­لاستیکی بچووکیان، سەرەوبن، له‌ کۆشیاندا دانابوو. به‌ لایاندا تێپه‌ڕیم و له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌دا دانیشتم. له‌سه‌ر مینبه‌ره‌که‌، نزیکه‌ی بیست منداڵ، له‌ سێ ڕیز کورسیی پێکه‌وه‌نووساوی تایبه‌ت به‌ نمایشکاریدا، دانیشتبوون، زۆربه‌یان کچ بوون، ته‌مه‌نیان له‌ ده‌وری حه‌وت بۆ سێزده‌ساڵاندا ده‌بوو. له‌و ساته‌دا، ڕاهێنه‌ره‌که‌یان، کە ژنێکی پانوپۆڕ بوو، بە جلێکی خورییەوە، ئامۆژگاریی ده‌کردن له‌ کاتی چڕیندا ده‌میان زیاتر بکه‌نه‌وه‌. پرسی، که‌ستان هه‌رگیز بیستووتانه‌، چۆله‌که‌یه‌کی بچکۆله‌ وێرابێتی گۆرانییه‌ شیرینه‌که‌ی بچڕێت، بێ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا ده‌نووکه‌ بچکۆلانه‌که‌ی گه‌وره‌، گه‌وره‌، گه‌وره‌، بکاته‌وه‌؟ دیاره‌ هه‌رگیز که‌س نه‌یبیستبوو. ڕوانینێکی نه‌گۆڕ و ناڕوون تێیانڕوانی. به‌رده‌وام بوو و گوتی، له‌ هه‌موو منداڵانی خۆی ده‌‌وێت، له‌ مانای ئه‌و وشانه‌ی ده‌یچڕن تێبگه‌ن، نه‌ک ته‌نیا وه‌ک تووتیی بێمێشک ده‌م بجووڵێنن. دواتر نۆته‌یه‌کی بە پیچپایپە[2]کەیدا فوو کرد و منداڵه‌کان، وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌و هه‌رزه‌کارانه‌ی یاریی ئاسن ده‌که‌ن، سروودنامه‌کانیان به‌رزکردنه‌وه‌.

بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئامێری مۆسیقایان له‌گه‌ڵدا بێت، ده‌یانچڕی، یان وردتر بڵێم، له‌و حاڵه‌ته‌ی ئه‌واندا، بێ هیچ ده‌ستتێخستنێک. ده‌نگیان بێ ئەوەی لە هەستوسۆزەوە بێت، به‌ ڕاده‌یه‌ک خۆشنه‌وا بوو، که‌ ڕەنگه‌ پیاوێکی شتێک له‌ من مه‌زهه‌بیتر، بێ زۆرله‌خۆکردن، بەو دەنگە قاچی لە عەرز ببڕایە. ئاوا دوان له‌ منداڵه‌کان، تۆسقاڵێک پێش ئه‌وانی تر که‌وتبوون، به‌ڵام به‌ جۆرێک بوو، مه‌گه‌ر ته‌نیا دایکی ئاوازدانه‌ره‌که‌ هه‌ڵه‌که‌‌ی تێدا بدۆزیبایه‌وه‌. من بە هیچ جۆرێک گوێم لە سروودەکە نەبوو، به‌ڵام به‌رده‌وام هیوام ده‌خواست ئه‌مە دانەیەک بێت بە‌ دوازدە دێڕ یان زیاترەوە. به‌ ده‌م گوێگرتنه‌وه‌، چاوم به‌ ڕووخساری هه‌موو منداڵه‌کاندا گێڕا، به‌ڵام یه‌کێکیانم به‌ تایبه‌تی ته‌ماشا کرد، ئه‌وه‌یان که‌ له‌ منه‌وه‌ نزیکترینیان بوو، له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی ئه‌مپه‌ڕ، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌دا. کچێکی ته‌مه‌ن سێزده‌ساڵان ده‌بوو، قژێکی خاوی زه‌ردی-خۆڵه‌مێشیی هه‌بوو، درێژییه‌که‌ی له‌سه‌ر نه‌رماییی گوێچکه‌ی، ته‌وێڵێکی بڵند و دوو چاوی بێباک، که‌ پێم وا بوو دەشێت هۆڵه‌که‌یان تێدا جێ ببێته‌وه‌، ده‌نگی به‌ تایبه‌تی جیاواز بوو له‌ ده‌نگی منداڵه‌کانی تر، ئه‌وه‌یش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو که‌ له‌ منه‌وه‌ نزیکترینیان بوو. باشترین به‌رزه‌تۆن، شیرینترین سه‌دا، دڵنیاترین ده‌نگی هه‌بوو و له‌ خۆوه‌ڕا ده‌بووه‌ پێشه‌نگ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، خانمه‌ گه‌نجه‌که‌، وا دیار بوو که‌مێك له‌گه‌ڵ توانای چڕینی خۆیدا بێزار بێت، یان له‌ کات و شوێنه‌که‌؛ دوو جار، بینیم له‌ نێوان دێڕەکاندا باوێشکی ده‌دا. باوێشکدانه‌که‌ی خانمانه‌ بوو، باوێشکدان به‌ ده‌مداخراوی، به‌ڵام هەر دەتبینی؛ په‌ڕه‌ی کونه‌لووته‌کانی ئاشکرایان ده‌کرد.

هه‌مان ساته‌وه‌ختی ته‌واوبوونی سرووده‌که‌، ڕاهێنه‌ری کۆرسه‌که‌ کەوتە شیکردنەوەی دیدوبۆچوونی خۆی بە دوورودرێژی سه‌باره‌ت به‌و خه‌ڵکانه‌ی له‌ کاتی گوتاردانی قه‌شه‌دا ناتوانن خۆیان له‌سه‌ر پێ ڕابگرن و ده‌میان توند دادووراوه‌. تێگەیشتم، که بەشی گۆرانیگوتن لە پرۆڤەکەدا تەواو بوو، ئیتر به‌ر له‌وه‌ی ئەو ئه‌فسوونه‌ی چڕینی منداڵه‌کان به‌خشیبووی، بە ده‌نگی ناجۆری ڕاهێنه‌ره‌که‌، به‌ ته‌واوه‌تی لە بەین بچێت، هه‌ستام و کڵێسه‌که‌م به‌جێ هێشت.

باران قایمتر ده‌باری. به‌ شه‌قامه‌که‌دا داگه‌ڕام و له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووری پشوودانی خاچی سووره‌وه‌ ڕوانیم، به‌ڵام سه‌ربازه‌کان بە دووـ سێ ڕیز‌، له‌ به‌رده‌م مێزی قاوه‌فرۆشتنه‌که‌دا ڕاوه‌ستابوون، ئینجا، تەنانەت لەمدیوی‌ شووشه‌کەیشە‌وه‌ گوێم له‌ هه‌ڵبه‌زودابه‌زی تۆپی پینگ-پۆنگ بوو له‌ ژوورێکی تردا. له‌ شه‌قامه‌که‌ په‌ڕیمه‌وه‌ و چوومه‌ چاخانه‌یه‌کی مه‌ده‌نییه‌وه‌، که‌ که‌سی لێ نه‌بوو، جگه‌ له‌ ژنه‌گارسۆنێکی ته‌مه‌ن مامناوه‌ند، که‌ وه‌ها ده‌هاته‌ پێش چاو، زیاتر حەزی بە کڕیارێکی قاپووت­وشک بێت. هێنده‌ی ده‌کرا، به‌ ناسکی، عه‌لاگه‌ی چاکه‌تهه‌ڵواسینه‌که‌م به‌ کار هێنا و ئینجا له‌سه‌ر مێزێک دانیشتم و داوای چایه‌ک و تۆستێکی دارچینیم کرد. ئه‌وه‌ یه‌که‌مین جار بوو، له‌ هه‌موو ڕۆژه‌که‌دا، له‌گه‌ڵ یه‌کێک قسه‌ بکه‌م. ئینجا دواتر، به‌ هه‌موو گیرفانه‌کانمدا، به‌وه‌ی قاپووته‌که‌یشمه‌وه‌، گه‌ڕام و دواجار دوو نامه‌ی کۆنەم بۆ دووباره‌خوێندنه‌وه‌ دۆزینه‌وه‌، یه‌کێک له‌ هاوسه‌ره‌که‌مه‌وه‌، له‌کارکه‌وتنی شرافتسی[3]‌ شه‌قامی هه‌شتاوهه‌شتی بۆ باس کردبووم و دانه‌یه‌کیش له‌ خه‌سوومه‌وه‌، به‌ تکاوه‌ داوای ئه‌وەی لێ کردبووم، له‌ یه‌که‌مین ده‌رفه‌تدا که‌ له‌ “ئوردووگا” ده‌چمه‌‌ ده‌ره‌وه، هه‌ندێک ڕێسی کشمیریی بۆ بنێرم.

من هێشتا له‌ خواردنه‌وه‌ی چای یه‌که‌ممدا بووم، ئەو خانمه‌ گه‌نجه‌ی له‌ سروودخوێندنه‌که‌دا ته‌ماشایم کردبوو و گوێم لێ گرتبوو، هاته‌ چاخانه‌که‌وه‌. قژی له‌ ته‌ڕیدا خووسابووه‌وه‌ و نه‌رماییی هه‌ردوو گوێی به‌ده‌ر که‌وتبوون. له‌گه‌ڵ کوڕێکی زۆر بچووکدا بوو، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵبگرێت برای بوو، کچه‌که‌ تەپلەی کوڕەکەی، وه‌ک ئه‌وه‌ی نموونه‌ی تاقیگه‌ بێت، به‌ دوو په‌نجه‌ هەڵبڕی و بۆی لا دا. ئه‌وه‌ی له‌ دوایانه‌وه‌ هات، ژنێکی بە دیمه‌ن گورجوگۆڵ بوو، به‌ شه‌پقه‌یه‌که‌وه- له‌ دایه‌نیان ده‌چوو. ئه‌ندامی کۆرسه‌که‌، به‌ ده‌م ڕۆیشتنییه‌وه‌ چاکه‌ته‌که‌ی داکه‌ند، مێزێکی هه‌ڵبژارد- یه‌کێکی باش بوو به‌ ڕای من، چونکه‌ ڕاسته‌وخۆ هه‌شت یان ده‌ پێ له‌ بەردەمی منەوە بوو. ئه‌و و دایه‌نه‌که‌ی دانیشتن. کوڕه‌ بچووکه‌که‌، که‌ ته‌مه‌نی پێنج ساڵ ده‌بوو، جارێ دانەنیشت. خۆی دزییه‌وه‌ و چاکه‌ته‌که‌ی فڕێ دا؛ ئینجا به‌ سیمای وشک و بێڕۆحی که‌سێکه‌وه‌، که‌ هه‌ر جه‌هه‌نده‌میی له‌ دایک بووبێت، که‌وته‌ بێزارکردنی دایه‌نه‌که‌ی، بە پاڵنان و ڕاکێشانەوەی یەک لەسەر یەکی کورسییەکە بۆ چەند جارێک و ئینجایش ته‌ماشای ده‌موچاوی ده‌کرد. دایه‌نه‌که‌، به‌ ده‌نگی نزم دووـ سێ جارێک پێی گوت، که‌ دابنیشێت و واز له‌و‌ ئیشه‌ مه‌یموونانه‌یه‌ بهێنێت، به‌ڵام تا خوشکه‌که‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌کرد، سه‌ربار نه‌هات و پشته‌ بچووکه‌که‌ی به‌ کورسییه‌که‌وه‌ پاڵ نه‌دا. یه‌کسه‌ری، ده‌سڕی سه‌ر مێزه‌که‌ی هه‌ڵگرت و نایه‌ سه‌ر سه‌ری. خوشکه‌که‌ی لای دا و کردییه‌وه‌ و له‌سه‌ر کۆشی بۆی دانا.

له‌وه‌دا بوو چایه‌که‌یان بۆ ده‌هێنان، ئه‌ندامی کۆرسه‌که‌ چاوتێبڕینه‌که‌می گرت. ئه‌ویش له به‌رامبه‌ردا، به‌و چاوانەی هۆڵێکیان تێدا جێ دەبووەوه‌، چاوی له‌ من بڕی، ئینجا، له‌ پڕێکدا خه‌نده‌یه‌کی بچکۆله‌ و نه‌رمی بۆ کردم. وەک هەندێك جار، هەندێ خەندەی بچووک و نەرم، سه‌یر دەدرەوشێنەوە، وەها پڕ لە خۆشی بوو. خه‌نده‌م بۆ کرده‌وه‌، زۆر که‌متر لەوی ئەو درەوشاوە، لێوی سه‌ره‌وه‌م به‌سه‌ر پڕکردنه‌وەیەکی ڕه‌شی-خه‌ڵووزیی کاتیی دداندا گرتبوو، که‌ له‌ نێوانی دوو ددانی پێشه‌وه‌مدا به‌ده‌ر ده‌که‌وت. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی، خانمه‌ گه‌نجه‌که‌، به‌ ویقارێکه‌وه‌ کە ئیرەیی پێ ده‌برا، له‌ ته‌نیشتی مێزه‌که‌مدا وه‌ستابوو. عه‌زییه‌کی، بڕوام وایه‌، تارتن[4]– تارتنی کامبێڵی، له‌ به‌ردا بوو. له‌ چاوی مندا، بۆ کچێکی تازەپێگەیشتوو، عه‌زییه‌کی زێده‌جوان بوو، که‌ له‌ ڕۆژێکی باراناوی باراناویدا، له‌ به‌ریدا بێت.

  • وامده‌زانی، ئه‌مه‌ریکایییه‌کان ڕقییان له‌ چایه‌.

وای گوت.

          ئه‌وه‌ تێبینیی که‌سێکی گاڵته‌بازی ڕووقایم نه‌بوو، به‌ڵکوو هیی که‌سێک بوو ڕاستی یان ئاماری خۆش ده‌وێت. له‌ وه‌ڵامدا گوتم، هه‌ندێک له‌ ئێمه‌ هه‌رگیز هیچ ناخۆنه‌وه‌ چا نه‌بێت. داوام لێ کرد، گه‌ر پێی خۆشه‌، له‌گه‌ڵم دابنیشێت.

گوتی:

  • سوپاس. ڕه‌نگه‌ هه‌ر بۆ که‌متر له‌ دەقەیەک دابنیشم.

هه‌ستام و کورسییه‌کم بۆ ڕاکێشا، ئه‌وەی به‌رامبه‌رم بوو، ئه‌ویش له‌سه‌ر چاره‌کی لێواری کورسییه‌که‌ دانیشت، بڕبڕه‌ی پشتی، ئاسان و جوان، ڕێک ڕاگرتبوو. گه‌ڕامه‌وه-به‌ په‌له‌- بۆ کورسییه‌که‌ی خۆم. من له‌ لایه‌ن خۆمه‌وه‌، زۆر‌ په‌رۆش بووم‌ گفتوگۆکه‌مان بەردەوام بێت، به‌ڵام که‌ دانیشتم بیرم بۆ هیچ نه‌ده‌چوو بیڵێم. دیسان خەندە‌م کرد، هێشتا پڕکردنەوە‌ ڕه‌شه‌ خه‌ڵووزییه‌که‌م کردبوو به‌ژێر لێومه‌وه‌. به‌وه‌ دوام، به‌ دڵنیایی، ئه‌مڕۆ ئاووهەوای دەرەوە زۆر ناخۆشه‌.

  • به‌ڵێ، زۆر.

میوانه‌که‌م، به‌ ده‌نگێکی ڕوون و هه‌ڵه‌هه‌ڵنه‌گری که‌سێکه‌وه‌، که‌ ڕقی له‌ گفتوگۆیه‌ له‌ باره‌ی شتی ڕۆژانه‌ و بێبایەخەوە، وه‌های گوت‌‌. وه‌ک که‌سێك له‌ کۆڕی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕۆحی مردواندا دانیشتبێت، په‌نجه‌کانی به‌ ڕێکی له‌سه‌ر لێواری مێزه‌که‌ دانان، ئینجا، له‌ پڕ، ده‌سته‌کانی نووقاندن- نینۆکه‌کانی تا سه‌ر گۆشته‌که‌ی کرۆژرابوون. سه‌عاتێکی له‌ ده‌ستدا بوو، له‌ شێوه‌ی سه‌عاتی سه‌ربازی، که‌ زیاتر له‌ کاتپێوی ده‌ریاوانی ده‌چوو. قه‌باره‌که‌ی بۆ مه‌چه‌که‌ قه‌ڵه‌مییه‌کانی ئه‌و زۆر گه‌وره‌ بوو.

ئاسایی بوو، که‌ گوتی:

  • تۆ له‌ پرۆڤه‌ی سروودخوێندنەکە بوویت، بینیمیت.

گوتم، به‌ دڵنیایی له‌وێ بووم و جیاواز له‌ناو ده‌نگی ئه‌وانی تردا، گوێم لە دەنگی ئەو گرتبوو.

سه‌ری له‌قاند:

  • ده‌زانم. من ده‌بمه‌ گۆرانیبێژێکی پرۆفیشناڵ.
  • به‌ڕاست؟ ئۆپرا؟
  • ئاسمان، نا. من له‌ ڕادیۆ گۆرانیی جاز ده‌ڵێم و به‌ بار پاره‌ په‌یدا ده‌که‌م. دواتر، که‌ ته‌مه‌نم بووه‌ سی، خانه‌نشین ده‌بم و له‌ کێڵگه‌یه‌کدا له‌ ئۆهایۆ ده‌ژیم.

به‌ له‌پی ده‌ستی، ده‌ستێکی له‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ قژه‌ ته‌ڕه‌ خووساوه‌که‌ی دا.

پرسی:

  • ئۆهایۆ ده‌زانی؟

گوتم، چه‌ندجارێک به‌ قیتار پێیدا تیپه‌ڕیوم به‌ڵام به‌ ته‌واوی شاره‌زای نیم. پارچه‌یه‌ک له‌ تۆسته‌ دارچینییه‌که‌م پێشکه‌ش کرد.

گوتی:

  • نا، سوپاس، له‌ ڕاستیدا من بە قەد چۆله‌که‌یه‌ک ده‌خۆم.

خۆم قه‌پێکم له‌ تۆسته‌که‌ گرت و گوتم‌ ده‌وروبه‌ری ئۆهایۆ، شوێنی یەجگار ناشرینی لێیە.

  • ده‌زانم. ئه‌مه‌ریکایییه‌کم ناسی، پێی گوتم. تۆ یازده‌یه‌مین ئه‌مه‌ریکایییت که‌ بتناسم.

ئیتر دایه‌نه‌که‌ی که‌وته‌ ئاماژه‌پێدانی تا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر مێزه‌که‌ی خۆی- بۆ ئه‌وه‌ی کابرا ناڕه‌حه‌ت نه‌کات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌‌، میوانه‌که‌م، به‌ هێمنی، کورسییه‌که‌ی ئینجێک یان دوان جووڵاند، تا پشت بکاته‌ هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کی تر له‌گه‌ڵ مێزه‌که‌ی خۆیاندا.

به‌ ساردییه‌وه‌ پرسی:

  • تۆ له‌و قوتابخانه‌یەی سیخوڕیی نهێنیی سه‌ر گرده‌که‌ی، وا نییه‌؟

لەبەر پاراستنی ئەمنییەت، وەک لە دواییشدا کردم، وەها وه‌ڵامم دایه‌وه‌، که‌ من بۆ ته‌ندروستیم، سه‌ردانی دێڤنشام کردووه‌.

گوتی:

  • به‌ڕاست؟ خۆ من دوێنێ له‌ دایک نه‌بووم، ده‌زانی.

گوتم، دڵنیام لەوەیاندا نا. تۆزێک له‌ چایه‌که‌م خوارده‌وه‌. که‌مێک وریا بوومه‌وه‌ و کەمێك ڕێکتر له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م دانیشتم.

میوانه‌که‌م به‌ تێفیکرینه‌وه‌ گوتی:

  • تۆ له‌ چاو ئه‌وه‌دا ئه‌مه‌ریکایییت، زۆر ئاقڵ دیاری.

پێم گوت، ئه‌گه‌ر یەک تۆز بیری لێ بکه‌یته‌وه‌، ئه‌وه‌ قسەیەکی زۆر له‌خۆبایییانه‌یه‌ و هیوام وا بوو لە تۆ نەوەشایەتەوە.

له‌ شه‌رمدا سوور هه‌ڵگه‌ڕا- ڕاسته‌وڕاست ئه‌و ویقارە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی پێ دامەوە‌، که‌ له‌ ده‌ستم دابوو.

  • ئێ، زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌مه‌ریکایییانه‌ی من ناسیومن، وه‌ک ئاژه‌ڵ ڕه‌فتار ده‌که‌ن. به‌ درێژاییی کات هه‌ر بۆکس لە یەکتر دەدەن و جنێو به‌ هه‌رچیی که‌سه‌ ده‌ده‌ن و- ده‌زانی دانه‌یه‌کیان چیی کرد؟

سه‌رم ڕاوه‌شاند.

  • دانه‌یه‌کیان بوتڵێکی ویسکیی به‌تاڵی له‌ په‌نجه‌ره‌که‌ی پوورم گرتبوو. خۆشبه‌ختانه‌ په‌نجه‌ره‌که‌ کراوه‌ بوو. به‌ڵام ئایا به‌ لای تۆوه‌، ئه‌وه‌ له‌ ئاقڵییە‌وه‌یه‌‌؟

ئه‌و دانه‌یه‌ بە تایبەت ئاقڵانه‌ نه‌بوو، به‌ڵام من وام نه‌گوت. گوتم، زۆر له‌ سه‌ربازه‌کان، له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا، زۆر دوورن له‌ نیشتیمان و ژماره‌یه‌کی که‌میان ژیانێکی باش ژیاون‌. گوتم، من وام ده‌زانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی بۆ خۆیان له‌وه‌ تێده‌گه‌ن.

  • لەوانەیە وا بێ‌.

میوانه‌که‌م بێ ئه‌وه‌ی قایل بووبێت، وای گوت. دووباره‌، ده‌ستی بۆ سه‌ره‌ ته‌ڕه‌که‌ی به‌رز کرده‌وه‌، دەستکاریی چه‌ند تاڵێکی له‌ قژه‌ زه‌رده‌ ته‌ڕ و شلوشێواوه‌که‌ی کرد بۆ ئەوەی نه‌رمه‌گوێیه‌ ڕووتەکانی پێ داپۆشێت.

گوتی:

  • قژم له‌ ته‌ڕیدا خووساوه‌، ده‌ڵێی ده‌عبام. قژم کە وشک دەبێ زۆر شه‌پۆلاوییە.
  • ئەوە دیارە، دیارە کە وایە.

گوتی:

  • لوول نییه‌ له‌ ڕاستیدا، به‌ڵام زۆر شه‌پۆلاوییه‌. ژنت هه‌یه‌‌؟

گوتم، هه‌مه‌‌.

سه‌ری له‌قاند:

  • تۆ زۆر به‌ قووڵی ژنه‌که‌تت خۆش ده‌وێ؟ یان من زۆر خۆم لە‌ ژیانت هەڵقورتاندووە‌؟

گوتم، گه‌ر وای کرد پێی ده‌ڵێم.

          ده‌ست و مه‌چه‌که‌کانی له‌سه‌ر مێزه‌که زیاتر‌ هێنانه‌ پێش و بیرمه‌ ده‌مویست له‌ باره‌ی سه‌عاته‌ زله‌که‌ی ده‌ستییه‌وه‌ شتێک بکه‌م- ڕەنگە پێشنیاری ئه‌وه‌م بکردایە هەوڵ بدا بیکاته‌ که‌مه‌ری.

  • عاده‌ته‌ن، من زۆر کۆمه‌ڵخواز نیم.

وای گوت و ته‌ماشای منی کرد، تا بزانێت گه‌ر من مانای وشه‌که‌ بزانم. به‌ڵام، منیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک، هیچ ئاماژه‌یه‌کم نه‌دایه‌.

  • من بەس له‌به‌ر ئه‌وه‌ هاتمه‌ لات، چونکه‌ زێده‌ ته‌نیا دیار بووی. ڕووخسارێکی زێده‌ هه‌ستیارت هه‌یه‌.

پێم گوت، ڕاست ده‌کات، که‌ هه‌ستم به‌ ته‌نیایی ده‌کرد و زۆر خۆشحاڵ بووم که‌ هاته‌ لام.

گوتی:

  • من‌ خۆم لەسەر ئەوە ڕادەهێنم میهره‌بانتر بم. پوورم ده‌ڵێ من که‌سێکی یه‌جگار ساردم.

وای گوت و ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌ریدا هێنایه‌وه‌.

  • له‌گه‌ڵ پوورمدا ده‌ژیم، که‌سێکی زێده‌ میهره‌بانه‌. له‌وه‌ته‌ی دایکم مردووه‌، هه‌رچیی له‌ توانادا بووه‌‌ کردوویه‌تی، تا من و چارڵز هه‌ست به‌ کەمی نەکەین.
  • خۆشحاڵم.
  • دایکه‌ که‌سێکی زێده ئاقڵ بوو، زۆر هه‌سته‌وه‌ر بوو، له‌ زۆر ڕووه‌وه‌.

به‌ جۆرێک لە‌ تیژییه‌کی ڕووقایمانه‌وه‌ ته‌ماشای کردم.

  • به‌ لای تۆوه‌ زۆر‌ ساردم؟

پێم گوت، نا به‌ هیچ جۆرێک، له‌ ڕاستیدا زۆر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ناوی خۆمم پێ گوت و ناوی ئه‌ویشم پرسی. دوودڵ بوو.

  • ناوی یه‌که‌مم ئێزمەیه‌. پێم وا نییه له‌م ساته‌دا ناوی ته‌واومت پێ بڵێم. له‌قه‌بێکم هه‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ تۆ ته‌نیا به‌ لەقەب سه‌رسام بیت. ئه‌مه‌ریکایییه‌کان وان، ده‌زانی.

پێم گوت، پێم وا نییه‌ من وا بم، به‌ڵام ئه‌وه‌یان که‌ جارێ پێم نه‌ڵێت، ڕه‌نگه‌ بیرۆکه‌یه‌کی باش بێت.

          هه‌ر ئا له‌وێدا، هه‌ستم به‌ هه‌ناسه‌ی گه‌رمی که‌سێک، له‌سه‌ر پشتی ملم کرد. ئاوڕم دایه‌وه‌ و یه‌ک تۆزی مابوو، لووتم به‌ لووتی برا بچکۆله‌که‌ی ئێزمەدا بچێت. خۆی لە من نەگەیاند، به‌ ده‌نگێکی تیژی کونکه‌رانه‌، ڕوو له‌ خوشکه‌که‌ی گوتی:

  • مس مه‌یگلێ گوتی ده‌بێ بێیت و چایه‌که‌ت ته‌واو بکه‌ی!

په‌یامه‌که‌ی گه‌یاند، له‌سه‌ر کورسیی نێوان من و خوشکه‌که‌ی، له‌ لای ڕاستمه‌وه‌، لێی دانیشت. من به‌ بایه‌خێکی زۆره‌وه‌ سه‌رنجم دا. زۆر جوان بوو، به‌‌ شۆرتی قاوه‌ییی شێتلاند، بلووزی لۆکه‌ی شینی تۆخ، کراسی سپی و که‌ره‌واته‌ی خه‌تخه‌ته‌وه‌. ئه‌ویش به‌ چاوه‌ سەوزە زۆر گه‌وره‌کانییه‌وه‌ چاوی تێ بڕیم.

  • بۆچی خه‌ڵک له‌ فیلمه‌کاندا له‌سەر لا یه‌کتر ماچ ده‌که‌ن؟

گوتم:

  • لەسەر لا؟

ئه‌وه‌ گرفتێک بوو، منیش له‌ منداڵیمدا سه‌رم پێی سووڕمابوو. گوتم، وای بۆ ده‌چم له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت، لووتی ئه‌کته‌ره‌کان له‌وه‌ زلتره‌ بتوانن ڕووبه‌ڕوو یەکتر ماچ بکه‌ن.

ئێزمه‌ گوتی:

  • ناوی چارڵزه‌. له‌ چاو ته‌مه‌نی خۆیدا زۆر زرنگه‌.
  • به‌ دڵنیایی چاوه‌کانی سه‌وزن. وا نییه‌ چارڵز؟

چارڵز به‌ دڕدۆنگییه‌که‌وه‌ که‌ پرسیاره‌که‌م شایسته‌ی بوو، ته‌ماشایه‌کی کردم، ئینجا له‌ کورسییه‌که‌یدا خواروژوور خۆی لوول کرد، تا هه‌موو له‌شی ژێر مێزه‌که‌ که‌وت، جگه‌ له‌ سه‌ری، که‌ له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ به‌ پشته‌وه‌یدا چه‌قاندبوو.

به‌ زۆرله‌خۆکردنه‌وه‌، گوتی:

  • پرته‌قاڵین.

ڕووی قسه‌ی له بنمیچه‌که‌ بوو. سووچێکی سفره‌ی سه‌ر مێزه‌که‌ی هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر ده‌موچاوه‌‌ جوان و بێڕوحه‌ چکۆلانه‌که‌ی داینا.

ئێزمه‌ گوتی:

  • هه‌ندێجار زرنگه‌ و هه‌ندێ جاریش وا نییه‌، چارڵز هه‌سته‌وه‌ دانیشه‌!

چارڵز لە جێی خۆی جووڵەی نەکرد‌، له‌وه‌ ده‌چوو هه‌ناسه‌ی خۆی گرتبێت.

  • زۆر بیری باوکمان ده‌کا. له‌ باکووری ئافریکا کوژرا.

په‌ژاره‌ی خۆم به‌ بیستنی ئه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕی.

ئێزمه‌ سه‌ری له‌قاند.

  • بابه بۆی دەمرد.

له‌ کاردانه‌وه‌دا پێستی مردووی په‌نجه‌گه‌وره‌ی ده‌کرۆشت.

  • زۆر له‌ دایکم ده‌چێ- مەبەستم چارڵزە. من ڕێک له‌ باوکم ده‌چم.

به‌رده‌وام بوو له پێستکرۆشتن.

  • دایکم ژنێکی زۆر به‌سۆز بوو. کراوه‌ بوو. بابه‌ داخراو بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر باش گونجابوون، لە ڕووکەشدا. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ڕاستگۆ بم، بابه‌ زۆر پێویستی به‌ هاوده‌مێکی له‌ دایه‌ ڕۆشنبیرتر بوو. له‌ زیره‌کیدا زێده‌ به‌هره‌مه‌ند بوو.

چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی زانیاریی زیاترم کرد، به‌ڵام هیچ نه‌بوو. سەیری چارڵزم کرد لە خوارەوە، که‌ لایه‌کی ده‌موچاوی له‌سه‌ر جێی دانیشتنی کورسییه‌کەی خۆی دانابوو‌. که‌ بینی ته‌ماشای ده‌که‌م، خەواڵووانە و فریشتەئاسا چاوی داخست، ئینجا زمانی- کلکەزمانێکی لە درێژیدا دڵداخورپێن- ده‌رهێنایە ده‌رێ و ئەوەی لێ دا، کە لە وڵاتی مندا بۆ ناوبژیوانێکی کوێری بەیسبۆڵ لێ دەدرێت. ته‌واوێک چایخانه‌که‌ی هێنایه‌ له‌رزین.

ئێزمە بێ په‌شۆکان، گوتی:

  • وا مەکە. ئەوە ئەمەریکایییەکی بینی لە دوکانێکی ماسی و چپس لە سەرەکەدا ئاوای کرد، ئیتر ئێستا ئه‌میش هه‌ر که‌ بێتاقه‌ت ده‌بێ ده‌یکاته‌وه‌. ئێستا به‌سی­که‌، یان ڕاسته‌وڕاست بۆ لای مس مه‌یگلێت ده‌نێرمه‌وه.

چارڵز چاوه‌ گه‌وره‌کانی کرده‌وه‌، وه‌کوو ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئەوەی گوێی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی خوشکه‌که‌ی بووە، بەڵام وای پیشان نەدا زۆر گوێقۆڵاغی بووبێت. دووباره‌ چاوه‌کانی داخستنه‌وه‌ و هه‌روا لاته‌نیشتی ده‌موچاوی له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ هێشته‌وه‌.‌

باسی ئەوەم کرد، ڕه‌نگه‌ وا پێویست بێت هه‌ڵیبگرێت- مه‌به‌ستم جڕته‌که‌ بوو- بۆ کاتێک کە ئیتر لەقەبە‌که‌ی به‌ کار ده‌هێنێت. ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا گه‌ر ئه‌ویش لەقەبی هه‌بێت.

          ئێزمە نیگایه‌کی ساردی بێڕەنگ و درێژی کردم.

به‌ کزۆڵه‌یییه‌وه‌، گوتی:

  • تۆ له‌ گاڵته‌کردندا زۆر تەنزبازی، وا نییه‌؟ بابه‌ ده‌یگوت من گاڵته‌ هه‌ر نازانم. ده‌یگوت من که‌ره‌سته‌ی پێویستم بۆ ژیان پێ نییه‌، چونکه‌ گاڵته‌ نازانم.

به‌ ته‌ماشاکردنییه‌وه‌، جگه‌ره‌یه‌کم داگیرساند و گوتم من وای نابینم گاڵته‌کردن هیچ که‌ڵکی هه‌بێت له‌ ته‌نگانه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌دا.

  • بابه‌ ده‌یگوت هه‌یه‌تی.

ئه‌مه‌ گفتێک بوو له‌ بیروباوه‌ڕه‌وه‌ نه‌ک به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ بێت، ئیتر من به‌ په‌له‌ بامدایەوە. سه‌رم له‌قاند و گوتم، ڕه‌نگه‌ باوکی دووری ڕوانیبێت، له‌ کاتێکدا من کورتم بینیوە (نایشزانم مانای ئه‌وه‌ چییه.)‌

ئێزمە دوای خوله‌کێک گوتی:

  • چارڵز زیاد له‌ ڕاده‌ بیری ده‌کا. پیاوێکی زیاد له‌ ڕاده‌ خۆشه‌ویست بوو. زێده‌ قۆزیش بوو. مەسەلە ئه‌وه‌ نییه‌، دیمه‌نی که‌سێک یه‌جگار گرنگ بێ، به‌ڵام ئیتر ئه‌و قۆز بوو. دوو چاوی یه‌جگار تیژی هه‌بوون، له‌ چاو ئه‌وه‌دا که‌ خۆی پیاوێکی میهره‌بان بوو.

سه‌رم له‌قاند. گوتم وێنای ده‌که‌م باوکی فه‌رهه‌نگێکی وشەی فره‌ گه‌وره‌ی هه‌بووبێت.

ئێزمه‌ گوتی:

  • ئۆهـ، به‌ڵێ؛ به‌ دڵنیایییه‌وه‌، گەنجینەی وشە بوو.

له‌و کاته‌دا، هه‌ستم به‌‌ تێکوتانێکی له‌سه‌ریه‌ک له‌سه‌ر قۆڵم کرد، مسته‌کۆڵه‌یش بوو زیاتر، له‌ ئاراسته‌ی چارڵزه‌وه‌. ئاوڕم لێ دایه‌وه‌. ئێستا له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی تا ڕاده‌یه‌ک ئاسایی دانیشتبوو، ئه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌ژنۆیه‌کی نابووه‌وه‌ ژێر خۆی.

به‌ قیڕاندنه‌وه‌ پرسی:

  • دیواره‌که‌ چی گوت به‌ دیواره‌که‌ی تر؟ ئه‌وه‌ مه‌ته‌ڵه‌!

له‌ کاردانه‌وه‌مدا، چاوم ڕووه‌و بنمیچه‌که‌ هه‌ڵخولانده‌وه‌ و پرسیاره‌که‌م به‌ ده‌نگی به‌رز گوته‌وه‌. ئینجا به‌ واقوڕماوی ته‌ماشای چارڵزم کرد و گوتم ته‌سلیم بووم.

  • له‌ قوژبنه‌که‌دا ده‌تبینم!

وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵه‌که‌ی به‌ هەرە‌به‌رزترین ئاستی دەنگی خۆی گوت.

چارڵز خۆی عه‌جیب که‌یفی پێ هات، وه‌ختەبوو دەبوورایەوە لە تاو پێکەنین. لە ڕاستیدا ئێزمە هەستایە لای و وه‌ک نۆبه‌کۆکه‌ی بۆ هاتبێت، به‌ پشتیدا کێشا.

گوتی:

  • ئیتر به‌سه‌.

چووه‌وه‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ی خۆی.

  • به‌ هه‌رچیی که‌س بگا، هه‌مان ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ی لێ داده‌هێنێ و هه‌موو جارێکیش ده‌داته‌ پێکه‌نین. دایمه‌ که‌ پێده‌که‌نێ، لیک به‌ ده‌میدا دێته‌ خوارەوە. ئێستا، به‌سیکه،‌ تکایه‌.
  • به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ یه‌ک له‌ باشترین مه‌ته‌ڵه‌کانه‌ بیستبێتم.

وام گوت و ته‌ماشای چارڵزم ده‌کرد، که‌ زۆر له‌سه‌ره‌خۆ پێکەنین بەری دەدا‌. له‌ وه‌ڵامی ستایشەکەمدا قووڵتر له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی خزا و دیسان به‌ سووچێکی سفره‌ی سه‌ر مێزه‌که‌ ڕووخساری تا ئاستی چاوه‌کانی پۆشی. ئینجا به‌ چاوه‌ زەقەکانییەوە ته‌ماشای کردم، که‌ پڕ بوون له‌ دامرکانەوەی هێواشی کەیفوزەماوەند و شانازیی که‌سێک، که‌ مه‌ته‌ڵێک یان دوانی باش ده‌زانێت.

ئێزمه‌ لێی پرسیم:

  • بۆم هه‌یه‌ بپرسم به‌ر له‌ سوپا له‌ کوێ کارت ده‌کرد؟

گوتم له‌ هیچ شوێنێک کارم نه‌کردووه‌، هەر ساڵێک دەبێت له‌ کۆلێج ته‌واو بووم، بەڵام پێم خۆشه‌ خۆم به‌ کورته‌چیرۆکنووسێکی پرۆفیشناڵ بزانم.

به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌ری له‌قاند. پرسی:

  • شتێكت بڵاو كردووه‌ته‌وه‌؟

پرسیارێکی ئاشنا به‌ڵام هه‌میشه‌ هه‌ستیار بوو، پرسیارێک که‌ هه‌ر جارێک و دوان و سیان نه‌بوو وه‌ڵامم دابێته‌وه‌. ده‌ستم کرد به‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکا زۆرینه‌ی بڵاوکاره‌کان کۆمه‌ڵێک-

  • باوکم جوان ده‌ینووسی.

ئێزمە قسه‌که‌ی پێ بڕیم.

  • ژماره‌یه‌ک له‌ نامه‌کانیم بۆ نه‌وه‌کانی هه‌ڵگرتووه‌.

گوتم ئه‌وه‌ له‌ بیرۆکه‌یه‌کی باش ده‌چێت. ڕێم که‌وتێ دووبارە ته‌ماشای سه‌عاته‌ زلە ده‌ستییه‌که‌ی بکه‌م، کە لە کاتپێوی دەریاوانی دەچوو. پرسیم ئەگەر ئه‌وه‌ هیی باوکی بووبێت.

بە دڵگیرییەوە ته‌ماشای مه‌چه‌کی کرد. گوتی:

  • به‌ڵێ هیی ئه‌و بوو. هه‌ر به‌ر له‌وه‌ی من و چارڵز تەنیا بکا، پێی دام.

به‌ وشیارییەوە، ده‌سته‌کانی له‌سه‌ر مێزه‌که‌ لا بردن، گوتی:

  • هەر بۆ یادگاری.

گفتوگۆکه‌ی به‌ لایه‌کی تردا برد.

  • زۆرم پێ خۆش ده‌بێ ئه‌گه‌ر له‌ کاتێکدا چیرۆکێک به‌ ته‌نیا بۆ من بنووسی. من خوێنه‌رێکی به‌رچاوبرسیم.

پێم گوت به‌ دڵنیایی بۆی ده‌نووسم، گه‌ر بتوانم. پێم گوت یه‌جگار ئه‌وه‌نده‌یش به‌بڕشت نیم.

گوتی:

  • مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ش به‌بڕشت بێ! هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بێمانا و ساویلکانه‌ نه‌بێ. زیاتر حه‌ز به‌ چیرۆک له‌ باره‌ی پیسێتییەوە‌ ده‌که‌م.

خۆم کێشایه‌ پێش، گوتم:

  • له‌ باره‌ی چییه‌وه‌؟
  • پیسێتی. من زێده‌ سه‌رسامم به‌ پیسێتی.

خه‌ریک بووم زۆری بکه‌مە سەر بۆ زانیاریی زیاتر، به‌ڵام هه‌ستم به‌ چارڵز کرد، به‌ قایمی نوقورچی له‌ قۆڵم ده‌گرت. کەمێک سڵەمیمەوە، ئاوڕم لێ دایه‌وه‌، ڕاست له‌ ته‌نیشتمەوە وه‌ستابوو.

  • دیوارێک چی به‌ دیوارێکی تر گوت؟

شێوازی پرسیارەکەی نائاشنا نەبوو.

ئێزمە گوتی:

  • ئه‌وه‌ت لی پرسی، به‌سه‌ ئیتر.

چارڵز خۆی لە خوشکه‌که‌ی نەگەیاند و له‌سه‌ر پێیه‌کم ڕاوه‌ستا و پرسیاره‌که‌ی دووباره‌ کرده‌وه‌. تێبینیم کرد گرێی کەرەواتەکەی جوان نەبەسترابوو. ڕێکم کرده‌وه‌ و ئینجا ڕێک سه‌یری چاویم کرد و گوتم:

  • له‌ قوژبنه‌که‌دا ده‌تبینم؟

هه‌ر که‌ گوتم، خۆزگه‌م خواست نه‌مگوتایه‌. چارڵز ده‌می داچه‌قا، وام هه‌ست کرد من بە دەمیمدا کێشابێت. له‌سه‌ر پێیه‌کانم چووە خوارەوە و به‌ شکۆیەکی گڕگرتووەوە، بێ ئەوەی ئاوڕ بۆ دوا بداتەوە،‌ ڕۆیشته‌وه‌ سه‌ر مێزه‌که‌ی خۆی.

ئێزمە گوتی:

  • زۆر تووڕه‌یه‌، زۆر هه‌ڵده‌چێ. دایکم حه‌زی دەکرد زۆری بدا به‌ ده‌مه‌وه‌. باوکم ته‌نیا که‌س بوو به‌ ده‌میه‌وه‌ نه‌ده‌دا.

من هه‌ر ته‌ماشای چارڵزم ده‌کرد، که‌ دانیشتبوو و ده‌ستی کردبووه‌ خواردنه‌وه‌ی چایه‌که‌ی، کووپه‌که‌ی به‌ هه‌ردوو ده‌ستی گرتبوو، به‌و هیوایه‌ بووم ئاوڕ بداته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یدایه‌وه‌.

ئێزمه‌ هه‌ستایه‌ پێ.

به‌ هه‌ناسه‌هه‌ڵکێشانێکه‌وه‌ گوتی:

  • ئی فوکو ژو باغتو سی،[5] فه‌ڕه‌نسی ده‌زانی؟

به‌ هه‌ستێکی تێکه‌ڵ له‌ په‌ژاره‌ و دوودڵییه‌وه‌ له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م هه‌ستام. من و ئێزمه‌ ته‌وقه‌مان کرد؛ ده‌ستی ئه‌و، وه‌ک من گومانم برد، ده‌ستێکی شپرزه‌ بوو، له‌پی شێدار. به‌ ئینگلیزی پێم گوت، زۆر به‌ هاوده‌میی خۆشحاڵ بووم.

سه‌ری له‌قاند.

گوتی:

  • زانیم، هەر وا ده‌بێ، له‌ چاو ته‌مه‌نی خۆمدا تا ڕاده‌یه‌ک زۆربڵێم.

ده‌ستێکی پشکنه‌رانه‌ی تری له‌ قژی دایه‌وه‌.

گوتی:

  • زۆر به‌ داخه‌وه‌م بۆ قژم، ڕه‌نگه‌ ته‌ماشاکردنم ناخۆش بووبێ.
  • نا به‌ هیچ جۆرێ! ڕاستییه‌که‌ی، وا بزانم زۆر له‌ شه‌پۆله‌کان وا ده‌ردەکەونەوه‌.

خێرا ده‌ستێکی تری له‌ قژیه‌وه‌ دا.

پرسی:

  • وەک بزانی به‌م نزیكانه‌ دێیته‌وه‌ بۆ ئێره‌؟ ئێمه‌ هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک، دوای مه‌شقی سروودخوێندن دێینه‌ ئێره‌.

وه‌ڵامم دایه‌وه‌، که‌ هیچ شتێک نییه‌ له‌وه‌ زیاترم پێ خۆش بێت، به‌ داخه‌وه‌، زۆر دڵنیام ناتوانم جارێکی تر بێمه‌وه‌.

ئێزمە گوتی:

  • بە دەربڕینێکی تر، ناتوانی جووڵه‌کانی سوپا باس بکەیت.

له‌ جێی خۆی لە تەنیشتی مێزەکەوە جووڵه‌ی نەکرد. به‌ڵکوو پێیه‌کی به‌سه‌ر ئه‌وی تریدا ڕاستوچەپ دانا، سه‌ری داگرتبوو، نووکی پێڵاوه‌کانی لە ڕێکی یەکدا جووت کردن. نمایشێکی بچکۆلانه‌ی جوان بوو، چونکه‌ گۆره‌ویی سپیی له‌ پێدا بوو و پێوقولێکی نازی هه‌بوون. له‌ پڕ ته‌ماشای منی کرد.

به‌ شەوقوزەوقێکەوە له‌ ڕووخساریدا، پرسی:

  • حه‌ز ده‌که‌ی بۆت بنووسم؟ من زێده‌ پاراو نامە دەنووسم لە چاو تەمەنم-
  • خۆشحاڵ ده‌بم.

پێنووس و کاخه‌زم ده‌رهێنا و ناو، پله‌، ژماره‌ی زنجیره‌ و ژماره‌ی سندووقی پۆستی سه‌ربازییه‌كه‌مم بۆ نووسی.

به‌ ده‌م وه‌رگرتنیه‌وه‌ گوتی:

  • یه‌که‌مجار من بۆت ده‌نووسم، بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر تۆ به‌ هیچ جۆرێ هه‌ست نه‌که‌ی بە کەمتر لە مافی خۆت قایل بووی.

ناونیشانه‌که‌ی له‌ گیرفانی عه‌زییه‌که‌ی نا.

  • خواحافیز.

وای گوت و بۆ سه‌ر مێزه‌که‌ی خۆیان گه‌ڕایه‌وه‌.

قۆرییه‌ک چای ترم داوا کرد و دانیشتم ته‌ماشام کردن، تا ئه‌وان و مس مەیگلێی بێزار، هه‌ستان بڕۆن. چارڵز پێشیان که‌وت، تراژیدییانه‌، وه‌ک پیاوێک قاچێکی چه‌ند ئینج له‌وی تری کورتتر بێت، هەڵدەشەلی. ته‌ماشای لای منی نه‌کرد. مس مەیگلێ دوای ئه‌و ڕۆیشت، ئینجا ئێزمە، که‌ بایبای بۆ کردم. منیش له‌گه‌ڵ نیوه‌هه‌ستانێک له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م، بۆم کردەوە. ساتەوەختێکی سۆزداریی سه‌یر بوو بۆ من.

پاشی که‌متر له‌ خوله‌کێک، ئێزمە گەڕایەوە بۆ‌ چایخانه‌که‌، چارڵزی به‌ قۆڵی چاکه‌ته‌ که‌شتیوانییه‌که‌ی گرتبوو، به‌ دوای خۆیدا کێشی ده‌کرد.

گوتی:

  • چارڵز ده‌یه‌وێ بۆ خواحافیزی ماچت بکا.

یه‌کسه‌ر کووپه‌که‌م دانا و گوتم ئه‌وه‌ زۆر جوانه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و‌ دڵنیایه لەوە‌؟

به‌ شتێک گرژومۆنییه‌وه‌ گوتی:

  • به‌ڵێ.

قۆڵی چارڵزی به‌ر دا و پاڵێکی توندی به‌ ئاراسته‌ی مندا پێوه‌ نا. ئه‌ویش به‌ ده‌موچاوی تووڕه‌وتاڵه‌وه‌ هاته‌ پێش، شڵپه‌ی ماچێکی ته‌ڕی له‌ژێر گوێی ڕاستم هه‌ستاند. به‌ دوای ئه‌م دادپرسییه‌دا، ملی‌ ڕێیه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌ره‌و ده‌رگاکە‌ و ڕێیه‌کی که‌متر بەسۆزی بۆ ژیان گرتە بەر، به‌ڵام نیوه‌پشتێنی دواوه‌ی چاکه‌ته‌که‌یم گرت و به‌رم نه‌دا و لێم پرسی:

  • دیوارێک چی به‌ دیواره‌که‌ی تر گوت؟

ده‌موچاوی هه‌ڵایسا.

  • له‌ قوژبنه‌که‌دا ده‌تبینم!

زریکاندی و به‌ ڕاکردن ده‌رچووه‌ ده‌ره‌وه‌، ڕەنگە لە هیستیریاوە بووبێت‌.

ئێزمە دیسان به‌ دوو قوله‌پێی ڕاستوچەپ دانراویه‌وه‌، وەستابوو.

پرسی:

  • تۆ زۆر دڵنیای بیرت ناچێ چیرۆکه‌که‌م بۆ بنووسی؟ مه‌رج نییه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ من بێ. ده‌شێ-

گوتم هیچ ئەگەری لەبیرچوونی ئەوەم نییە. پێم گوت هه‌رگیز چیرۆکێکم بۆ هیچ که‌سێک نه‌نووسیوه‌، به‌ڵام واش پێ ده‌چێت ڕێک کاتی خۆی بێت ئەوە بکەم.

سه‌ری له‌قاند.

پێشنیاری کرد:

  • با زێده‌ پیسوپۆخڵ‌ و بزوێنه‌ر بێ، تۆ بە هیچ ئاشنایه‌تییەکت له‌گه‌ڵ پیسێتیدا هه‌یه‌؟

گوتم به‌ ته‌واوه‌تی نا، به‌ڵام به‌رده‌وام لەوەدام به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ئاشنایه‌تیم باشتر ببێت و هه‌رچییشم له‌ توانادا بێت ده‌یکه‌م، تا به‌و ئەدگارانەی ئەو دەیەوێت ده‌ریبهێنم. ته‌وقه‌مان کرد.

  • حه‌یف نییه‌ له‌ بارودۆخێکی هێمنتردا یه‌کترمان نه‌ناسی؟

گوتم حه‌یفه‌، گوتم به‌ دڵنیایییه‌وه‌ حه‌یفه‌.

ئێزمە گوتی:

  • ماڵئاوا، هیوادارم تۆ و هه‌موو هێزەکەتان به‌ سه‌لامه‌تی له‌ جه‌نگ بگه‌ڕێنه‌وه‌.

سوپاسیم کرد و چه‌ند وشه‌یه‌کی تریشم گوت، ئینجایش ته‌ماشایم کرد لە ژوورەکە ڕۆیشت. به‌ ده‌م بیرکردنه‌وه‌وه‌، سه‌رتاڵه‌کانی قژی ده‌پشکنی تا بزانێت وشک بوونه‌ته‌وه‌، هێواش ژووره‌که‌ی به‌جێ هێشت.

ئه‌مه‌یە به‌شی پیسوپۆخڵ، یان بزوێنه‌ری چیرۆکه‌که‌ و شوێنی ڕووداو‌ ده‌گۆڕێت. خه‌ڵکه‌کانیش هه‌روه‌ها. من هه‌ر لێره‌م، به‌ڵام لێره‌ به‌ دوا به‌ هۆکارگه‌لێک مافی ئاشکراکردنیانم نییه‌، زۆر لێزانانه‌ ده‌ماخم کردووه‌، که‌ ته‌نانه‌ت زیره‌کترین خوێنه‌ریش، له‌ ناسینه‌وه‌مدا شکست بهێنێت.

نزیکی ده‌ و سی خوله‌کی شه‌و بوو، له‌ گاوفورت، باڤاریا، چه‌ند ڕۆژێک پاش ڕۆژی “V.E.”[6]، ڕه‌قیب ئه‌وه‌لX ، له‌ ژووره‌که‌یدا بوو، له‌ نهۆمی دووه‌می ماڵێکی مه‌ده‌نیدا، که‌ ئه‌و و نۆ سه‌ربازی تری ئه‌مه‌ریکی، به‌ر له‌ وه‌ستانی جه‌نگ، تێیدا دابه‌زێنرابوون. له‌سه‌ر کورسییه‌کی ته‌خته‌، کە قەد دەکرایەوە، له‌سه‌ر مێزێکی نووسینی جه‌نجاڵ و بچووک دانیشتبوو، به‌ ڕۆمانێکی به‌رگکاخه‌زینی له‌ دووره‌وه‌ هاتووەوە، به‌ کراوه‌یی له‌ به‌رده‌میدا، که‌ گرفتێکی گه‌وره‌ی له‌ خوێندنه‌وه‌یدا هه‌بوو. گرفته‌که‌ له‌ودا بوو، نه‌ک ڕۆمانه‌که‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی، که‌ ئه‌و پیاوانه‌ی له‌ نهۆمی یه‌که‌مدا ده‌ژیان، سەرەتا کتێبەکانیان دەقۆستەوە، کە هه‌موو مانگێک له‌ لایه‌ن خزمەتگوزاری تایبەتی سەربازییەوە ده‌نێردران، وا دیاره‌ هه‌میشه‌ X ئه‌و کتێبه‌ی بۆ ده‌مایه‌وه،‌ که‌ خۆیشی هەر ڕەنگە ئەوەی هه‌ڵبژاردایە. به‌ڵام ئه‌و پیاوێکی گه‌نج بوو، که‌ هه‌موو هێزەکە‌یان به‌ ساغی ده‌رنه‌چووبوون و زیاتر له‌ سه‌عاتێک بوو سێ جار لەسەر یەک په‌ره‌گراف په‌ره‌گراف ده‌یخوێنده‌وه‌ و ئێستا کردبوویه‌ ڕسته‌ ڕسته‌. ناکاوێک، بێ ئه‌وه‌ی شوێنه‌که‌ی دیاری بکات، کتێبەکەی داخست. بۆ ساتێک، بە ده‌ستی چەتری بۆ چاوی دروست کرد، تا پرشنگی توندی یەکواتی گڵۆپی ڕووتی سه‌ر مێزه‌که‌، لە چاوی نەدات.

جگه‌ره‌یه‌کی له‌ پاکه‌تێک له‌سه‌ر مێزه‌که‌ ده‌رهێنا و بەو پەنجانەی نەرم و بێ هەدادان دەلەرزین، دایگیرساند. که‌مێک پاڵی دا به‌ کورسییه‌که‌یه‌وه‌ و بێ ئەوەی هیچ هه‌ست به‌ تامێک بکات، کێشای. چه‌ند حه‌فته‌ بوو جگه‌ره‌ی به‌ جگه‌ره‌ داده‌گیرساند. پووکه‌کانی به‌ که‌مترین به‌رکه‌وتنی سه‌ری زمانی خوێنیان لێ ده‌هات، ئەویش بە دەگمەن لێی دەگەڕا؛ وەک یارییه‌کی بچکۆله‌ی لێ کردبوو، هەندێك جار سەعاتی دەخایاند. خوله‌کێک دانیشت جگه‌ره‌ی کێشا و یاریی بە پووكی کرد. ئینجا، ناکاو، وه‌ک پێی ڕاهاتبوو و وه‌ک هه‌میشه‌، بێ ئاگادارکردنه‌وه‌، هه‌ستی کرد مێشکی له‌ق ده‌بێت و له‌ یه‌ک ده‌ترازێت، وه‌ک جانتایه‌کی سه‌فه‌ر له‌سه‌ر ڕه‌فه‌یه‌کی به‌رز. به‌ په‌له‌ ئه‌وه‌ی کرد که‌ چه‌ند حه‌فته‌ بوو بۆ ڕێککردنه‌وه‌ی شته‌کان ده‌یکرد: توند ده‌ستی نا به‌ سەرووی لاجانگه‌کانیدا. خوله‌کێک توند گرتی. سه‌روقژی هاتبووه‌وه‌، چڵکنیش بوو. له‌ ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ مانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کدا له‌ فرانکفۆرت، له‌سه‌ر ڕووباری ماین، سێ یان چوار جاری شتبوو، به‌ڵام له‌ ڕێی دوورودرێژ و خۆڵاویی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ گاوفۆرت، به‌ جێب، پیس بووبووه‌وه‌. عه‌ریف Z، که‌ بۆ لای بۆ نه‌خۆشخانه‌ چووبوو، هێشتا هه‌ر جێبێکی سه‌ربازیی پێ بوو، سەقفەکەی لە جامی پێشه‌وه‌ی دادرابووەوە، ئیتر جه‌نگ بوایه‌ یان نا. به‌ هه‌زاران سه‌ربازی نوێ بۆ ئه‌ڵمانیا هاتبوون. عه‌ریف Z وای دەخواست، بە‌ هاژووتنی جێبه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی بە جامی دادراوەوە، ئەوە پیشان بدات، کە ئه‌و بە هیچ جۆرێک، یه‌ک له‌و کوڕی قه‌حبه‌ تازانەی‌‌ E.T.O.[7] نییە.

ده‌ستی که‌ له‌ سه‌ری به‌ر دا، X ڕوانینی له‌سه‌ر ڕووی مێزی نووسینه‌که‌ گیر کرد، که‌ بووبووه‌ گەنجینەی لانیکه‌م دوو ده‌رزه‌ن نامه‌ی نه‌کراوه‌ و لانیکه‌میش پێنج تا شه‌ش پاکه‌تی هه‌ڵنه‌پچڕاو، هه‌مووی بۆ ئه‌و نێردرابوون. ده‌ستی بۆ پشت پاشماوە پەرشوبڵاوەکان درێژ کرد و کتێبێکی هه‌ڵگرت، که‌ به‌ دیواره‌که‌وه‌ هه‌ڵپه‌سێردرابوو. کتێبێکی گۆبلس بوو، به‌ ناوی “دی زایت ئۆنه‌ باشبیل”[8]. کتێبی کچه‌ ته‌مه‌ن سیوهه‌شت ساڵه‌ بەشوونەدراوەکەی ئه‌و ماڵه‌ بوو، که‌ تا چه‌ند حه‌فته‌ له‌وه‌وبه‌ر، له‌ خانووه‌که‌دا ده‌ژیان. کچه‌که‌ فه‌رمانبه‌ری یاسایی بوو، له‌ پارتی نازیدا، به‌ڵام له‌ پله‌یه‌کی به‌رزی وه‌هادا، که‌ به‌ پێوەری پەیڕەوییەکانی سوپا، له‌و جۆرایه‌تییه‌ بوو، ده‌ستبه‌سه‌رکردنی بێ ئه‌ملاولا بیگرێته‌وه‌. X خۆی دەستگیری کردبوو، ئێستا جاری سێیه‌م بوو له‌ هه‌مان ڕۆژدا له‌وه‌ته‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ گه‌ڕابووه‌وه‌، کتێبی ئه‌و ژنه بکاته‌وه‌ و ئه‌و گوتە کورته‌ی سه‌ر په‌ڕه‌ ساده‌که‌ی هه‌وه‌ڵ بخوێنێته‌وه‌. به‌ مه‌ره‌که‌ب، به‌ ئه‌ڵمانی، به‌ ده‌ستخه‌تێکی ورد و لە ڕاستگۆییدا هیوابڕاو‌، وشه‌کانی “خوایه‌ گیان! ژیان دۆزه‌خه.‌” نووسرابوون. بێ پێشەکی و پاشەکی. وشەکان و تەنیایییان لە‌سه‌ر په‌ڕه‌که، له‌ خامۆشیی ده‌ردهێنه‌ری ژووره‌که‌دا، حوکمێکی نووسراوی تانه‌هه‌ڵنه‌گر و ته‌نانه‌ت دێرینیشیان پێوە دیار بوو. X بۆ چه‌ند خوله‌کێک ته‌ماشای له‌ وه‌ره‌قه‌که‌ گیر کرد، هه‌وڵی دەدا نەچێتە ژێر باری ئه‌گه‌ره‌ قورسه‌کانه‌وه‌. ئینجا به‌ دڵگەرمییەکی زیاتر لەوەی، که‌ چه‌ند حه‌فته‌ بوو بۆ هەرشتێکی هەبووبێت، قه‌ڵه‌مڕه‌ساسێکی هه‌ڵگرت و له‌ژێر گوتەکەدا به‌ ئینگلیزی نووسی، “باوکان و مامۆستایان، من بە وردی بیر ده‌که‌مه‌وه‌ دۆزه‌خ چییه‌؟ سوورم لەسەر ئەوەی، کە کێشانی ئەو ئازارەیە توانای خۆشویستنت نەبێت.” ده‌ستی به‌وه‌ کرد ناوی دۆستۆیۆڤسکی له‌ژێر گوتەکەدا بنووسێت، به‌ڵام بینی– به‌ ترسێکه‌وه‌ که‌ بە هه‌موو گیانیدا دەهات و دەچوو- که‌ ئه‌وه‌ی نووسی تەقریبەن هیچی نه‌ده‌خوێنرایه‌وه‌. کتێبه‌که‌ی داخست.

به‌ په‌له‌ له‌سه‌ر مێزه‌که‌ شتێکی تری هه‌ڵگرت، نامه‌یه‌ک له‌ برا گه‌وره‌که‌یه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵبه‌نی. ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌یش له‌ نه‌خۆشخانه‌دا بخه‌وێنرێت، ئه‌و نامه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی بووبوو. زه‌رفه‌که‌ی کرده‌وه‌، بە بڕیارێکی لەقەوە کە ڕێک هه‌موو نامه‌که‌ بخوێنێته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا نیوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی په‌ڕه‌ی یه‌که‌می خوێنده‌وه‌. له‌ دوای ئه‌م وشانه‌وه‌ وه‌ستا “ئێستا که‌ جه‌نگی g.d. ته‌واو بووه‌ و ڕه‌نگه‌ کاتی زۆرت له‌وێ به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت، چۆنه‌ دوودانه‌یەک نێزە یان لۆگۆی پارتی نازی بۆ منداڵه‌کان بنێری…” دوای ئه‌وه‌ی دڕاندی، سه‌یری پارچه‌کانی له‌ سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌که‌دا کردن. بینی سەرنجی نەداوەتە ئەو وێنه‌ خێرایەی پێوه‌ی نووسێنراوە، ئه‌وه‌نده‌ی لێ هه‌ڵێنجا، پێی که‌سێک بوو له‌ چیمه‌نێکدا له‌ شوێنێک، ڕاوه‌ستابوو.

قۆڵی له‌سه‌ر مێزه‌که‌ دانان و سه‌ری له‌ سه‌ریان دانا. له‌ تەوقی سه‌ریه‌وه‌ تا بنی پێی ئازاری هه‌بوو، ئازارەکانی یەکپارچە بوون. بگره‌ له‌ دره‌ختێکی کریسمس ده‌چوو، که‌ ئەگەر یەک گڵۆپی بسووتێت، هەموو ڕووناکییە بە وایه‌ر پێکەوەبەستراوەکه‌ی، به‌ یه‌کجار خامۆش ده‌بێت.

ده‌رگا‌که‌، بێ لێدان، به‌ زرمه‌یه‌ک واڵا بوو. X سه‌ری هه‌ڵبڕی و عه‌ریف Zـی له‌ناو ده‌رگا‌که‌دا بینی. عه‌ریف Z، هاوجێبی X و هاوده‌می به‌رده‌وامی بوو، له‌ D Dayـه‌وه‌ بە درێژاییی هه‌ر پێنج هێرشبردنه‌که‌ی جه‌نگ. له‌ نهۆمی یه‌که‌مدا ده‌ژیا و هه‌رکات قاوه‌قاوێک یان بۆڵه‌بۆڵێکی له‌ سکدا بوایه‌‌ هه‌میشه دەهاتە سەرەوە لای X خاڵیی بکاتەوە. کوڕێکی گه‌نجی بیستوچوار ساڵی که‌ته‌ و جوانخاس بوو. له‌ سه‌روبه‌ندی جه‌نگدا، گۆڤارێکی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ جه‌نگه‌ڵی هۆرتگن وێنه‌یان گرتبوو، هەر دەستێکی قەلێکی جەژنی سوپاسگوزاریی لەسەر بوو، زیاد له‌ پێویست پۆزی لێ دابوو.

له‌ Xـی پرسی:

  • نامه‌ ده‌نووسی؟ بۆ خاتری مه‌سیح، ترسناکه‌ ئێره‌.

هه‌میشه‌ پێی خۆشتر ده‌بوو بچێته‌ ژوورێکه‌وه‌، کە گڵۆپی سه‌قفه‌کەی‌ داگیرسابێت.

X له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی، خۆی وه‌رسووڕاند و داوای لێ کرد بێته‌ ژووره‌وه‌ و ئاگادار بێت پێ به‌ سه‌گه‌که‌دا نه‌نێت.

  • چییه‌که‌؟
  • ئاڵڤن. ئه‌ها ڕێک له‌ژێر پێتایه، کله‌ی‌! ئه‌ی چۆنه‌ گڵۆپه‌ نه‌فره‌تییه‌که‌ هه‌ڵکه‌ی؟

کله‌ی سویچی گڵۆپه‌که‌ی دۆزییه‌وه‌ و دایگیرساند. به‌ ژووره‌ بچووکەکە‌دا، که‌ به‌ قه‌باره‌ی ژووری خزمه‌تکاران ده‌بوو، هه‌نگاوی نا و له‌سه‌ر لێواری ته‌خته‌خه‌وه‌که‌، به‌رامبه‌ری خانه‌خوێ دانیشت. ئەوەندەی ئاو لە قژه‌ قاوه‌یییه‌ سوورباوه‌ تێر و تازه‌شانه‌کراوه‌که‌ی دابوو جوان بوەستێت، لێی دەچۆڕایەوە. شانه‌یه‌ک و گیره‌ی پێنووسێکی مه‌ره‌که‌ب، ئاسایی له‌ گیرفانی ده‌سته‌ڕاستی کراسه‌ زه‌یتوونییه‌ سه‌ربازییه‌که‌یه‌وه‌،‌ سه‌ریان ده‌رکردبوو. له‌سه‌ر گیرفانی ده‌سته‌چه‌پی، باجێکی سه‌ربازانی پیاده‌ی هه‌ڵواسیبوو (که‌ لە ڕاستیدا بۆی نه‌بوو هه‌ڵیبواسێت،) لەگەڵ شریتی مه‌دالیای شانۆی ئه‌ورووپیدا به‌ پێنج ئه‌ستێره‌ی برۆنزیی نه‌به‌ردیی جەنگەوە (له‌ جیاتی یه‌ک دانه‌ی زیوین، که‌ هاوتای پێنج دانه‌ی برۆنز بوو)، هه‌روه‌ها شریتی مه‌دالیای خزمه‌تی پریپێرڵ هاربه‌ریشی بە خۆیەوە کردبوو. هه‌ناسه‌یه‌کی قورسی هه‌ڵکێشا و گوتی:

  • مه‌سیحی پایه‌دار.

هیچ واتایەکی نه‌بوو؛ سوپا بوو ئیتر.

له‌ گیرفانی کراسه‌که‌ی پاکه‌تێک جگه‌ره‌ی ده‌رهێنا، دانه‌یه‌کی ده‌رکرد، ئینجا پاکه‌ته‌که‌ی خسته‌ لاوه‌ و سه‌رگیرفانه‌که‌ی داخسته‌وه‌. به‌ ده‌م جگه‌ره‌کێشانه‌وه‌ به‌ ژووره‌که‌دا بێ ئیشوکار هه‌ڵی ڕوانی. دواجار ڕوانینی له‌سه‌ر ڕادیۆیه‌ک گیرسایه‌وه‌.

گوتی:

  • هۆی، به‌رنامه‌یه‌کی خۆشیان هه‌یه‌ له‌ ڕادیۆ، دوو دەقەی تر ده‌ست پێ ده‌کا، بۆب هۆپ و هه‌موو ئه‌وانه‌.

X پاکه‌تێکی تازه‌ی جگه‌ره‌ی کرده‌وه‌ و گوتی ئێستا ڕادیۆکه‌ی کوژاندووه‌ته‌وه‌.

بێ ئه‌وه‌ی دڵگیر بێت، کله‌ی ته‌ماشای Xـی ده‌کرد، جگه‌ره‌که‌ی داده‌گیرساند.

به‌ دڵگه‌رمیی ته‌ماشاکه‌رێکه‌وه‌، گوتی:

  • عیسا، سەیری ده‌سته‌ نه‌فره‌تییه‌کانت بکە‌. کوڕه‌، تووشی له‌رزین بووی. تۆ ئەوە ده‌زانی؟

X جگه‌ره‌که‌ی داگیرساند، سه‌ری له‌قاند و گوتی کله‌ی چاوی تیژە.

  • هۆی، مه‌یکه‌ به‌ گاڵته‌.‌ بەناخێرم خه‌ریک بوو ببورێمه‌وه‌ که‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ بینیمی. له‌ لاشه‌یه‌کی مردووی نه‌فره‌تی ده‌چووی. کێشت چه‌ند دابه‌زیوه‌، چه‌ند پاوه‌ن؟ ده‌زانی؟
  • نازانم. نامەونامەکارییەکەت چۆن بوو که‌ من لێره‌ نه‌بووم؟ لۆریتا نامەی بۆ ناردیت؟

لۆریتا دنکی کله‌ی بوو. بە نیاز بوون لە نزیکترین دەرفەتدا زه‌واج بکەن. بەردەوام نامه‌ی بۆ ده‌نووسی، له‌ خه‌یاڵی پڵاو و بۆشەوە بە سێ دانه‌ نیشانه‌ی سه‌رسووڕمان و بۆچوونگەلی نادروستەوە. به‌ درێژاییی ماوه‌ی جه‌نگ، کله‌ی هه‌رچیی نامه‌ی لۆریتا بوو، به‌ ده‌نگی به‌رز بۆ Xـی ده‌خوێنده‌وه‌، ئیتر هه‌رچه‌نده‌ تایبەتیش بوایه‌- له‌ ڕاستیدا تا تایبەتیتر بوایه‌ باشتریش. عاده‌تی بوو، له‌ دوای هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ک، داوا له‌ X بکات گه‌ڵاڵه‌ی وه‌ڵامنامه‌که‌ی بۆ دابڕێژێت و بە هه‌ندێك قسه‌ی باقوبریق بۆی بڕازێنێته‌وه‌، یان هه‌ندێك وشه‌ی کاریگه‌ری فه‌ڕه‌نسی یان ئه‌ڵمانیی بۆ تێهه‌ڵکێش بکات.

کله‌ی به‌ داهێزراوییه‌وه‌ گوتی:

  • ئا، دوێنێ نامه‌یه‌کیم پێ گه‌یشت، له‌ خواره‌وه‌یه‌ له‌ ژووره‌که‌م، دوایی پیشانتی ئە‌یه‌م.

له‌سه‌ر لێواری ته‌خته‌که‌ قنج دانیشت، هه‌ناسه‌ی گرت و قڕقێنه‌یه‌کی درێژی پڕ لە زرنگەی لێ دا، به‌ جۆرێک له‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌وه‌ی ئه‌نجامی گه‌یاند، دووباره‌ پاڵی لێ دایه‌وه‌.

گوتی:

  • برا مه‌لعوونه‌که‌ی وا له‌ هێزی ده‌ریایی ده‌رده‌چێ له‌سه‌ر‌ حسابی حه‌وزی، حه‌وزی دێشێ، حه‌رامزاده‌.

دووباره‌ خۆی قنج کرده‌وه‌ و هه‌وڵی قڕقێنه‌یه‌کی تری دا، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجامه‌ی نه‌بوو که‌ چاوه‌ڕێی ده‌کرد. نەختێک وریایی کەوتە سەر ڕووخساری:

  • هۆی تا بیرم نه‌چووه‌. سبه‌ی ده‌بێ پێنج هه‌ستین و لێخوڕین بۆ هامبۆرگ یان شوێنێک. ئه‌و چاکه‌ته‌ ئایزنهاوه‌رانه‌ بۆ هه‌موو سرییه‌که‌ بهێنینه‌وه‌.

X ته‌ماشه‌یه‌کی دوژمنانه‌ی کرد و گوتی ئه‌و چاکه‌تی ئایزنهاوه‌ری ناوێت.

کله‌ی سه‌رسووڕماو و که‌مێک برینداریش دیار بوو.

  • ئۆهـ، چاکن! جوانن. بۆچی؟
  • بۆیه‌. بۆ ده‌بێ پێنج هه‌ستین؟ بۆ خاتری خوا، شه‌ڕ ته‌واو بووه‌.
  • نازانم- ده‌بێت پێش نانی نیوه‌ڕۆ بگه‌ڕێینه‌وه‌. هه‌ندێ فۆرمی تازه‌یان هێناوه‌، ده‌بێت به‌ر له‌ نانی نیوه‌ڕۆ پڕیان بکه‌ینه‌وه‌… له‌ بووڵینم پرسی چییه‌ بۆ ئه‌مشه‌و پڕی نه‌که‌ینه‌وه‌- فۆڕمه‌ نه‌فره‌تییه‌کان ڕێک وان له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی. نایه‌وێ جارێ زه‌رفه‌کان بکاته‌وه‌، کوڕی قه‌حبه‌یه‌.

هه‌ردوو ساتێک بێده‌نگ، بە ڕقبوونەوە لە بووڵینـەوە دانیشتن. کله‌ی ناکاو سه‌یری Xـی کرد، به‌ په‌رۆشییه‌کی زیاتر له‌وه‌ی پێشتره‌وه‌.

گوتی:

  • هۆی، ده‌زانی لاته‌نیشتی ده‌موچاوت به‌ملاولادا بازبازێنێتی؟

X گوتی هه‌مووی ده‌زانێت و به‌ ده‌ست فڕینی پەیتاپەیتای ماسولکەکانی داپۆشی.

کله‌ی ساتێک سه‌رنجی دا، ئینجا بە ڕادەیەک لە گڤوگوڕەوە، وه‌ک ئه‌وەی هەواڵێکی خۆشی هەڵگرتبێ، گوتی:

  • بۆ لۆریتام نووسی، تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی بووی.
  • ئۆهـ؟
  • ئا. زۆری حه‌ز له‌و شتانه‌یه‌. ڕشتەی خوێندنەکەی سایکۆلۆجییە.

کله‌ی به‌ قۆنده‌ره‌کانییه‌وه‌، له‌سه‌ر ته‌خته‌که‌ خۆی درێژ کرد.

  • ده‌زانی گوتی چی؟ ده‌ڵێ که‌س تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی نابێ، هەر به‌ هۆی جه‌نگ و ئه‌وانه‌وه‌.‌ ده‌ڵێ ڕه‌نگه‌ تۆ به‌ درێژاییی هه‌موو ژیانه‌ نه‌فره‌تییه‌که‌ت، ناجێگیر بووبی.

X به‌ ده‌ستی چه‌تری بۆ چاوی دروست کرد- ڕووناکیی سه‌ر ته‌خته‌که‌ له‌وه‌ ده‌چوو کوێری بکات- و گوتی که‌ تێگەیشتنی لۆریتا بۆ شته‌کان، هه‌میشه‌ مایه‌ی دڵخۆشییە.

کله‌ی نیگایه‌کی تێ گرت.

گوتی:

  • گوێ بگره‌ حه‌رامزاده‌، ئه‌و له‌ تۆ باشتر له‌ سایکۆلۆجیی نه‌فره‌تی ده‌زانێ.

X پرسی:

  • پێت وایە بتوانی عەزێت بکێشی قاچه‌ بۆگه‌نه‌کانت له‌سه‌ر ته‌خته‌که‌م داگریته‌ خوارەوە؟

کله‌ی له‌ جێی خۆی بۆ ماوه‌ی چه‌ند به‌ من- مه‌ڵێ- قاچم- له‌ کوێ- دابنێم چرکه‌یه‌ک قاچی به‌رز کرده‌وه‌، ئینجا لایدانه‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر عه‌رزه‌که‌ و دانیشت.

  • به‌هه‌رحاڵ من ده‌چمه‌ خواره‌وه‌. له‌ ژووری واڵکه‌ر ڕادیۆکه‌یان هه‌ڵکردووه‌.

به‌ڵام له‌سه‌ر ته‌خته‌که‌ هه‌ڵنه‌ستا.

  • هۆی. بۆ ئه‌و کوڕی قه‌حبه‌یه‌ بێرنستینـم باس ده‌کرد له‌ خواره‌وه‌، که‌ تازه‌ هاتووه‌. بیرته‌ ئه‌و جاره‌ من و تۆ بەناو ڤالگۆنیسدا لێمان خوڕی و دوو سه‌عاتی نه‌فره‌تی تەوق بووین و ته‌قه‌م له‌و پشیله‌ نه‌فره‌تییه‌ کرد که‌ خۆی هه‌ڵدایه‌ سه‌ر سه‌قفی جێبه‌که‌، که‌ له‌ چاڵه‌که‌دا پاڵ که‌وتبووین؟ بیرته‌؟
  • به‌ڵێ، کله‌ی دیسان ئه‌و به‌زمه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و پشیله‌یه‌ ده‌ست پێ مه‌که‌وه‌، نه‌فره‌تی لێ بێ. نامه‌وێ گوێم له‌و باسه‌ بێ.
  • نا، مه‌به‌ستم هه‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ بۆ لۆریتام نووسی. ئه‌و و هه‌موو کڵاسی سایکۆلۆجییه‌که‌یان گفتوگۆیان له‌سه‌ر کردبوو. له‌ پۆلدا و ئه‌وانه‌. پرۆفیسۆره‌ مه‌لعوونه‌که‌ و هه‌موویان.
  • باشه‌، کله‌ی نامه‌وێ گوێم له‌و باسه‌ بێ.
  • نا ده‌زانی لۆریتا ده‌ڵێ هۆی ئه‌و ته‌قه‌لێکردنه‌م چی بووه‌؟ ده‌ڵێت بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی شێت بووم. بێ گاڵته‌. له‌بەر ئەو خۆحه‌شاردان و ئه‌وەیە.

X په‌نجه‌کانی به‌ناو قژه‌ چڵکنه‌که‌یدا ڕاکرد، ئینجا دووباره‌ چه‌تری بۆ چاوی لە بەرامبەری ڕووناکییه‌که‌دا کرده‌وه‌.

  • شێت نه‌بووی. زۆر به‌ ساده‌یی تۆ ئەرکی خۆت بەجێ هێنا. تۆ بە شێوەیەکی پیاوانە ئەو پشیله‌یه‌ت کوشت، که‌ هه‌رکه‌س له‌و بارودۆخه‌دا بوایە وای ده‌کرد.

کله‌ی به‌ به‌دگومانییه‌وه‌ ته‌ماشای کرد.

  • ئه‌وه‌ تۆ ئه‌ڵێی چی؟
  • ئه‌و پشیله‌یه‌ سیخوڕ بوو. تۆ ده‌بوو ته‌قه‌ی لێ بکه‌ی. قه‌زه‌مێکی زۆر زیره‌کی ئه‌ڵمانی بوو، له‌ به‌رگێکی هه‌رزانی فه‌رووی پشیله‌دا خۆی گۆڕیبوو. بۆیه‌ به‌ هیچ جۆرێک هیچ شتێکی وه‌حشییانه‌ یان بێبه‌زه‌یییانه‌، یان ناشرین یان ته‌نانه‌ت-
  • نه‌فره‌تی خوای لێ بێ! تۆ قه‌ت ناتوانی جددی بی؟

کله‌ی وای گوت.

X له‌ ناکاو دڵی تێکه‌ڵهات و له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی ڕووی کرد به‌ودیودا و له‌ کاتی خۆیدا سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌که‌ی پڕ دایه‌.

کاتێک هه‌ستایه‌وه‌ و ڕووی له‌ میوانه‌که‌ی کرده‌وه‌، بینی له‌ نیوه‌ی ڕێی ته‌خته‌که‌ و ده‌رگاكه‌دا وەستاوە و شەرمەزار بووە. X خه‌ریک بوو داوای لێبووردن بکات، به‌ڵام ڕای گۆڕی و ده‌ستی بۆ پاکه‌تی جگه‌ره‌که‌ی ڕاکێشا.

کله‌ی گوتی:

  • وه‌ره‌ خواره‌وه‌ و گوێ له‌ هۆپ بگره‌ له‌ ڕادیۆ، هۆی.

له‌ دووره‌وه‌ وه‌ستابوو به‌ڵام ده‌یویست هاوڕێیانە وەریبگرێت.

  • باش ده‌بێ بۆت. به‌ڕاستیمه‌.
  • تۆ بڕۆ، کله‌ی… من ته‌ماشای پووله‌ کۆکراوه‌کانم ده‌که‌م.
  • پوولی کۆکراوه‌شت هه‌یه‌؟ نه‌مزانی بوو تۆ-
  • گاڵته‌ ده‌که‌م.

کله‌ی دوو هه‌نگاوی هێواشی به‌ره‌و ده‌رگا‌که‌ نا.

گوتی:

  • ڕه‌نگه‌ دواتر لێخوڕم بۆ ئیشتاد، سه‌مای لێیە، ڕه‌نگه‌ تا دوو درێژه‌ بکێشێ. یەی؟
  • نا سوپاس… ڕه‌نگه‌ له‌ ژووره‌که‌ی خۆمدا چه‌ندهه‌نگاوێک مه‌شقی سه‌ما بکه‌م.
  • ئۆکه‌ی. شه‌وباش! ئێستا، ئاسان وه‌ری گره،‌ بۆ خاتری مه‌سیح.

ده‌رگاکه‌ شه‌ق داخرا، ئینجا کتوپڕ دیسان کرایه‌وه‌.

  • هۆی. قه‌ینا ئه‌گه‌ر نامه‌یه‌کی لۆریتات له‌ژێر ده‌رگا‌که‌وه‌ بۆ جێ بێڵم. هه‌ندێ شتی ئه‌ڵمانی تێدایه‌. بۆم چاره‌ ده‌که‌ی؟
  • ئا، ده‌ی ته‌نیام که‌ ئێستا. نه‌فره‌تی خوا.

کله‌ی گوتی:

  • به‌ دڵنیایی. ده‌زانی دایکم چی بۆ نووسیوم؟ بۆی نووسیوم دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی من و تۆ به‌ درێژاییی جه‌نگ پێکه‌وه‌ بووین و ئه‌وانه‌. له‌ هه‌مان جێبدا و ئه‌وانه‌. ده‌ڵێت نامه‌کانم یەجگار ئاقڵانەن له‌وه‌ته‌ی من و تۆ پێکه‌وه‌ین.

X سه‌ری بڵند کرد و ته‌ماشای کردێ و به‌ ته‌قه‌لایه‌کی زۆره‌وه‌ گوتی:

  • سوپاس. سوپاسی منی پێ بگه‌یه‌نه‌.
  • باش. شه‌وباش!

ئه‌مجاره‌ بە یەکجاری ده‌رگا‌که‌ شه‌ق داخرا.

X دانیشت و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ ده‌رگا‌که‌ی ڕوانی، ئینجا کورسییه‌که‌ی به‌ره‌و مێزی نووسینه‌که‌ وه‌رسووڕاند و چاپنووسه‌ ده‌ستییه‌که‌ی له‌سه‌ر عه‌رزه‌که‌ هه‌ڵگرت. له‌سه‌ر ڕووی مێزه‌ شلۆقه‌که‌ جێی بۆ کرده‌وه‌، پاڵی به‌ به‌سته‌کی به‌لاداهاتووی پاکه‌ت و نامه‌ نه‌کراوه‌کانه‌وه‌ نا. بیری کرده‌وه‌ نامه‌یه‌ک بۆ هاوڕێیه‌کی کۆنی خۆی له‌ نیو یۆرک بنووسێت، ڕه‌نگه‌ ده‌وایه‌کی خێرا و به‌ڵام که‌می تێدا بێت بۆی. به‌ڵام پەنجەکانی وەها توند دەلەرزین، نه‌یتوانی به‌ باشی په‌ڕه‌که‌ی بخاته‌ نێو ڕۆله‌ی چاپنووسه‌که‌وه‌. بۆ ساتێك ده‌سته‌کانی له‌ ته‌نیشته‌کانییه‌وه‌ شۆڕ کردنه‌وه، ئینجا دووباره‌ هه‌وڵی دا، به‌ڵام دواجار په‌ڕه‌کاخه‌زه‌که‌ی له‌ ده‌ستیدا لوول کرد.

ده‌یزانی ده‌بێت سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌که‌ له‌ ژوور بباته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی شتێک له‌و باره‌یه‌وه‌ بکات، قۆڵه‌كانی خستنه‌ سه‌ر چاپنووسه‌که‌ و سه‌ری له‌سه‌ر دانا، چاوه‌کانی داخست.

‌دوای چه‌ند خوله‌کێک دڵەلەرزێ، چاوی کرده‌وه‌، بینی وا چاوی له‌سه‌ر پاکه‌تێکی بچکۆله‌ی هه‌ڵنه‌پچراو، پێچراو به‌ کاغه‌زی سه‌وز، خێل بووه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ کاتی جێکردنه‌وه‌ی چاپنووسه‌که‌دا، له‌ به‌سته‌که‌که‌ خزابێت. بینی چه‌ند جارێک له‌ ناونیشانێک بۆ ناونیشانێکی تر، بۆی ڕه‌وانه‌ کراوه‌ته‌وه‌. ده‌یتوانی له‌ یه‌ک لاته‌نیشتی پاکه‌ته‌که‌وه‌ تێبینیی ئه‌وه‌ بکات، لانیکه‌م سێ ژماره‌ی کۆنی سندووقی پۆستە سەربازییەکەی له‌سه‌ر بوو.

X بێ هیچ ئاره‌زوویه‌ک پاکه‌ته‌که‌ی به‌ سووتاندنی په‌ته‌کانی به‌ شقارتەیەکی داگیرساو کرده‌وه‌. زیاتر که‌یفی به‌ ته‌ماشای په‌تێک دەکرد تا هه‌مووی ده‌سووتێت، له‌وه‌ی پاکه‌ته‌که‌ بکاته‌وه‌، به‌ڵام دواجار کردییه‌وه‌.

له‌ناو کارتۆنه‌که‌دا، یادداشتێکی به‌ مه‌ره‌که‌ب نووسراو، له‌سه‌ر شتێکی بچکۆله‌ی پێچراوه‌ له‌ ده‌سڕێکی کاخه‌زدا دانرابوو. یاداشتەکەی هه‌ڵگرت و خوێندییه‌وه‌.

17، کۆڵانی———–

————، دێڤن

7ـی جوون، 1944

ڕەقیب Xی ئازیز،

هیوادارم بمبه‌خشی له‌وه‌ی 38 ڕۆژم پێ چوو تا نامه‌گۆڕینه‌وه‌کانمان ده‌ست پێ بکه‌م، به‌ڵام زێده‌ سه‌رقاڵ بووم، چونکه‌ پوورم نەشتەرگەریی له‌وزه‌تێنی قوڕگی کرد و هێنده‌شی نه‌مابوو گیانی له‌ ده‌ست بدا و من به‌رپرسیارێتی له‌ دوای به‌رپرسیارێتی ده‌که‌وته‌ سه‌ر شانم. هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام بیرم له‌ تۆ‌ و له‌و پاشنیوه‌ڕۆ زێده‌ خۆشه‌ دەکردەوە، به‌ هاوده‌میی یه‌کتر بردمانه‌ سه‌ر له‌ 30ـی ئه‌یپڕڵی 1944ـدا له‌ نێوان 3:45 و 4:15 P.M. نه‌وه‌کوو له‌ یادت چووبێته‌وه‌.

ئێمه‌ هه‌موو یه‌جگار خرۆشاوین بەD Day  و یەجگار ترساویشین و تاکه‌هیوامانە، کە کۆتایی به‌ جه‌نگ و بەو شێوازی ژیانە بهێنێت که‌ که‌مترین قسه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ بێمانایه‌…. من و چارڵز هه‌ردووکمان زۆر نیگه‌رانی تۆین، هیوادارین تۆ له‌وانه‌دا نه‌بووبیت که‌ هێرشی یه‌که‌م و سه‌ره‌تایان کرده‌ سه‌ر کۆنتەنتین پەنینسولا. له‌وانه‌دا بوویت؟ تکایه‌ تا دەکرێ بە خێرایی وەڵام بدەرەوە‌. گه‌رمترین سڵاوم بۆ هاوسەرەکەت هه‌یه‌.

                                                                                      دڵسۆزی خۆت                                                                                          ئێزمە

پەراوێز. من دەخوازم سه‌عاته‌ ده‌ستییه‌که‌مت بۆ بنێرم، که‌ ده‌توانی لە درێژەی ململانێکه‌دا پێت بێت. له‌ ماوه‌ی دانیشتنه‌ کورته‌که‌ماندا تێبینیی ئه‌وه‌م نه‌کرد خۆت سه‌عاتت له‌ ده‌ستدا بێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاو دانادات و به‌رگه‌ی لێدان ده‌گرێ. هه‌روه‌ها زۆر تایبه‌تمه‌ندیی تریشی هەیە، یه‌ک له‌وانه‌ گه‌ر بته‌وێ ده‌توانێ پێت بڵێ به‌ چ خێرایییه‌ک ڕێ ده‌که‌ی. من زۆر دڵنیام، کە له‌م ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌دا تۆ سوودی باشتری لێ وه‌رده‌گری وه‌ک له‌ من و ئەوەش کە وه‌کوو تەلیسمێک بۆ به‌ختی باش لێمی قبووڵ دەکەی.

چارڵز، که‌ فێری خوێندنه‌وه‌ و نووسینی ده‌که‌م و که‌ وای ده‌بینم ده‌ستپێکه‌رێکی زێدە ژیرە،‌ ده‌خوازێ چه‌ند وشه‌یه‌ک زیاد‌ بکا. تکایه‌ له‌ زووترین ده‌رفه‌تدا که‌ کات و مه‌یلت هه‌بوو بۆم بنووسه‌.

                             سڵاو سڵاو سڵاو سڵاو سڵاو

                             سڵاو سڵاو سڵاو سڵاو سڵاو

                             خۆشه‌ویستی و ماچی چارڵز

ماوه‌یه‌کی زۆری خایاند، X بتوانێت یادداشته‌كه‌ دابنێت، تا دەگات بەوەی، سه‌عاته‌ ده‌ستییه‌که‌ی باوکی ئێزمه‌ له‌ کارتۆنه‌که‌دا ده‌ربهێنێت. که‌ دواجار هه‌ڵی گرت، بینی کریستاڵه‌که‌ی له‌ گواستنه‌وه‌دا شکاوه‌، دوودڵ بوو له‌وه‌ی که‌ پێشتر ساغ بووبێت، به‌ڵام ئازایەتیی ئه‌وه‌ی نه‌بوو، قوڕمیشی بکات و تاقی بکاتەوە. تا قەیرێک دوای ئەوە، هه‌روا دانیشتبوو و به‌ ده‌ستییه‌وه‌ گرتبوو. دواتر، کتوپڕ و شەیدایانە هه‌ستی کرد خه‌وی دێت.

ئێزمە، تۆ پیاوێکی زۆر خه‌واڵوو به‌ نموونه‌ وه‌ردەگریت،‌ هه‌میشه‌یش به‌ختی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ دووباره‌ ببێته‌ پیاوێک، به‌ هه‌موو هێ- به‌ هه‌موو ‌‌هـ-ێ-ز-ە-ک-ە-‌یه‌وه‌ بە سەلامەتی ده‌ربچێت.

[1] ڕۆژی دابه‌زینی هێزی سوپایی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلته‌ره‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپای ئه‌ڵمان له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا.

[2] Pitch pipe

[3] Schrafft’s

[4] Tartan

[5] به‌ فه‌ڕه‌نسی: منیش ده‌بێ بڕۆم.

[6] ڕۆژی سەرکەوتن (8ـی مه‌ی 1945) بەسەر نازییەکاندا لە ئەورووپا- لە جەنگی دووەمی جیهانیدا.

[7] شانۆی کردەوە سەربازییەکان لە ئه‌ورووپا، لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

[8] Die Zeit Ohne Beispiel: کاتی بێ وێنە.

هاوبەشی بکە

J.D.Salinger, Salinger, Zhwan Jalal,