03/05/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی سالنجەر: کورتەیەک لە ژیاننامەی جەی دی سالنجەر

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی من – بایۆگرافی

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

 

جیرۆم دەیڤد سالنجەر، لە بەرواری ١\١\١٩١٩ لە نیو یۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەدایک بووە و یەکێکە لە کاریگەرترین نووسەرە ئەمەریکییەکانی سەدەی بیست.

بە منداڵی بە نازناوی سونی بانگ دەکرا. جگە لە زیرەکییە دەرەکییەکەی، خوێندکارێکی زیرەک نەبوو، لەدوای کەوتنی لە خوێندنگە لە شارەکەی خۆی، خێزانەکەی ڕەوانەی ئەکادیمیای سەربازییان کردووە لە شاری واین، پێنسلڤەینا. لەدوای دەرچوون لە ئەکادمیای سەربازی، گەڕاوەتەوە بۆ شارەکەی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک، تا پێش چوونی بۆ ئەورووپا لە زانکۆ ئامادە بێت. باوکی پارەی بۆ دەدا و هانی دەدا تا بخوێنێت و فێری زمان و کاری بازرگانی ببێت، بەڵام سالنجەر گرنگیی زیاتری بە زمان دا وەک لە کاری بازرگانی. پێش گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، هەوڵێکی خوێندنی لە زانکۆی ئورسینوس لە پینسلڤەینا داوە و لەوێ بە پ. ویت بورنێت ئاشنا بووە، کە تەواوی ژیانی گۆڕیوە. بورنێت تەنیا مامۆستایەکی باش نەبوو،، بەڵکو سەرنووسەری گۆڤاری چیرۆک بوو، کە بڵاوکراوەیەکی کاریگەر بوو و گرنگیی بە کورتەچیرۆک دەدا. بورنێت هەستی بە بەهرەی سالنجەر کردووە و هانی داوە کە بنووسێت. لە پاش ماوەیەک، کە سالنجەر نەک تەنیا چیرۆکەکانی لە گۆڤاری چیرۆک بڵاو دەکرانەوە، بەڵکو لە بڵاوکراوەی تری وەک کۆڵییەرس و ساتردەی ئیڤنینگ پۆستیش بڵاو دەکرانەوە.

دووەم جەنگی جیهانی هات و سالنجەر خرایە ناو سەربازەکانەوە؛ لە ساڵی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤ خزمەتی کردووە، لەدوای ماوەی خزمەتکردنەوە لە فەڕەنسا نیشتەجێ بووە. لە ماوەی داگیرکارییەکەی نۆرمادی  بەشێک بووە لە چالاکییەکان لە جەنگی بولگە. لەو ماوەیەدا، هەرچۆنێک بێت سالنجەر بەردەوام بووە لە نووسین، ئامادەکاریی چەند چاپتەری ڕۆمانێکی نوێی کردووە، کە کارەکتەری سەرەکی کوڕێکی گەنجی ناڕازی بووە بەناوی هۆڵدن کاڵفیڵد.

سالنجەر بەبێ هەندێک بارودۆخی دەروونی، جەنگی بەجێ نەهێشت، کاتێک جەنگ کۆتایی هات لە نەخۆشخانە خەوێندرا بە هۆی پەرێشانیی دەروونییەوە. وردەکاری سەبارەت بە مانەوەی لە نەخۆشخانە بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام ڕوونە کە لەو ماەیەدا خانمێکی ئەڵمانی و ڕەنگە نازییەکی فەڕمییش بووبێت بە ناوی سیلڤیا ناسی و هاوسەرگیرییان کرد، بەڵام پێکەوەبوونیان ماوەیەکی کورتی خایاند، کە هەشت مانگ بوو. بۆ جاری دووەم لە ساڵی ١٩٥٥دا هاوسەرگیریی لەگەڵ کلێر دوگلاس کچی ڕەخنەسازی هونەریی بەڕیتانی ڕۆبێرت دوگلاس کرد.ماوەیەکی زۆر پێکەوە بوون و دوو منداڵیان هەبوو بە ناوەکانی مارگرێت و ماتیۆ.

سالنجەر دوای ژیانیکی تەنیاییانە و دوورکەوتنەوەی لە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیبە هۆکاری ڕقلێبوونەوەی لە سیستمی کارکردنی چاپخانەکان، لە بەرواری ٢٧\١\٢٠١٠، لە ویلایەتی کۆرنیش لە ئەمەریکا، کۆچی دوایی کرد.

سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ

 

هاوبەشی بکە

J.D.Salinger, Salinger, SavanAko,