03/05/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی سالنجەر: کەسایەتیی هۆڵدن کاوڵفێڵدى جەى دى سالنجەر لە رۆمانێکی تریشدا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زە گاردیان

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

کارەکتەرى زۆر ناسراوى نووسەرى بەناوبانگى ئەمەریکى جەى دى سالنجەر، هۆَڵدن کاوڵفێڵدى ناو ڕۆمانى پاسەوانێک لە مەزرا، جارێکى تر لە نووسینێکى تردا و لە نووسەرێکى ترەوە، بە ناوى مارى ئۆکۆنێڵ دەردەکەوێتەوە.

لە مەزراى ئۆکۆنێڵ، کە تیایدا هۆڵدن کاوڵفێڵد لە لاپەڕەکانى سالنجەرەوە هەنگاو دەنێت و وەک خوێندکارێکی دواناوەندى، کە شەقامەکانى مانهاتان تەى دەکات و بەدواى مامۆستا ئەمەریکییەکەیدا دەگەڕێت، کە هەمیشە دەستى ئەو مامۆستایە بە نووسینە کۆنەکانى سالنجەرەوە دیارە و ڕۆشنبیرى و ڕێگەکانى ژیانى بە سالنجەر ناساندووە.

ئۆکۆنێڵ دەرچووى وۆرکشۆپى نووسەرانى ئایۆوایە و تەنیا کۆمەڵەچیرۆکێکى بە ناوى ژیان لەگەڵ کەسێکى پەراوێزخراوداى نووسیوە، لەگەڵ ڕۆمانێکى تر کە لە تەمەنى مناڵیدا نووسیویەتى. لە چاوپێکەوتنێکیدا ئەوەى ڕاگەیاندووە کە سالنجەر هەر لە منداڵییەوە کاریگەرییەکى تەواوى کردووەتە سەرى و نووسینەکانى زۆر سەرنجى ڕادەکێشن.

لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: “من تەمەنم سیازدەساڵان بوو کە ڕۆمانى پاسەوانێک لە مەزراى سالنجەرم خوێندەوە، ئەمە بۆ من ئەزموونێکى زۆر گرنگ بوو کە وای لێ کردم حەز بکەم بەوەى ببمە نووسەر.” هەروەها گوتى: ”من ئێستاش کە بەرگى کتێبەکەى سالنجەر دەبینم لە ژوورەکەى خۆمدا، هەمان ئەو هەستەم بۆ دروست دەبێتەوە کە ئەو کاتە بۆم دروست بوو، کە هەستێکى پڕ لە نائومێدى و بێزارى بوو. نووسەر و خوێنەر پێکەوە دەبێت هەوڵ بدەن بۆ دروستکردنى ئەو دونیایەى کە کتێبەکە بەدی دەهێنێت، بۆیە من هەمیشە هەوڵم دەدا ببمە بەشێک لە کەسایەتییەکى ناو ڕۆمانەکە و لەگەڵ هۆڵدن کاوڵفێڵددا پیاسەم دەکرد بە شەقامەکانى مانهاتاندا. هەموو ئەم ساڵانە ڕۆیشتن و ئێستاش لاى من بەنرخترین و باشترین کتێب لاى من پاسەوانێک لە مەزرایە.”

ئۆکۆنێڵ تەنیا نووسەر نییە کە سوودى لە کەسایەتىی کاوڵفێڵد بینیبێت، بەڵکو فریدریک کۆڵتین، شەست ساڵ پاش سالنجەر و ساڵى 2009 ڕۆمانێکى بە ناوى هاتنەوە بە ناو مەزرادای نووسی، کە تیایدا کاوڵفێڵد تەمەنى دەیدا لە حەفتاوشەش ساڵ. سالنجەر ئەوکات خۆى لە ژیاندا بوو، بۆیە خۆى کتێبەکەى بە ڕۆمانێکى لاواز و سادە پەسن کرد و پێى وا بوو کە شتێکى بێمانایە ئەو نووسینەى کۆڵتین. پاشتر ڕۆمانەکە لە ئەمەریکا قەدەغە کرا، دوای ئەوەى سالنجەر داوایەکى تۆمار کرد لەسەرى.

دەبێت ئەم کتێبە لاى سالنجەر ئێستا چۆن بێت و پێى وا بێت کە شایەنى ئەوەیە بخوێندرێتەوە؟ نا ئیتر هەرگیز وەڵامى ئەو پرسیارەمان دەست ناکەوێت، پاش ئەوەى خۆى ئیتر بۆ ئەبەد ماڵئاوایى لە ژیان کرد.

سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ

هاوبەشی بکە

J.D.Salinger, PshtewanKamal, Salinger,