19/03/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی ڕۆژنامەگەریی کوردی: فۆتۆگرافی و پەیوەندی بە ڕۆژنامەوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

فایه‌ق حه‌مه‌ ساڵح

دیمانە لەگەڵ فایەق حەمەصاڵح/فۆتۆگرافەر

ئامادەکردنی: لاژە تەها

فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان

فایەق حەمەساڵح  فۆتۆگرافەر و مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی میدیا و زانکۆی سلێمانی، لە ساڵانی ۹۱۹۹ بۆ ۲٠۱۳، دەربارەی فۆتۆگرافی و پەیوەندی بە ڕۆژنامەوە و گرنگی فۆتۆبۆ دیدی من دەدوێت.

فایەق حەمەساڵح دەربارەی سەرەتای دەرکەوتنی وێنە دەڵێت: “ئێمە گەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەرەتا، مرۆڤەکان لەڕێگەی سیمبولەوە پەیوەندییان بەیەکترەوە کردووە بە دروستکردنی وێنە لەسەربەرد و قوڕ، بەمجۆرە پەیامەکانیان بە یەکدی گەیاندووە، پاشان ڕۆڵی

سۆمەرییەکان دێت، کە نووسینی مێخیان دروستکرد، پێکهاتبوو لە ڕەمز و سیمبول و حروفی ئەبجەدی نەبووە، کە ئەو ڕەمزانە هەموویان لەسەری ڕێککەوتوون  لەناو یەکتریدا، بۆ نمونە ئەگەرئەستێرە ببینیت ئەوە بە مانای شەو یان بەرزی دێت، ئەم سیمبولانە زمانی تێگەیشتنیان بووە بە وێنە. دواتر هاتوون و هەوڵیان داوە ئایدیا تێکەڵ بە وێنەکان بکەن کە پێیدەگووترێت ئایدۆگراف. تاکوچاپخانە دروستبوو و تێکستەکانی بەچاپ دەگەیاند و ڕۆژنامەی چاپدەکرد و بەوجۆرە پەیامەکانی بە خوێنەر دەگەیشت. دواتر لە ڕۆژنامەدا  بیریانکردەوە کە بەجۆرێکیتر پەیوەندی بە مرۆڤەکانەوە بکەنئەویش لەرێگەی فۆتۆوە بوو.

دوو جۆر پەیوەندی هەیە لە گەیاندنی پەیامەکاندا، یەکیان لەڕێگەی تێکستەوەیە و ئەویتریان وێنەیە، وە کاتێک فۆتۆ دەبێت بەیەکێک لە ژانرە گرنگەکانی پەیوەندی ئەمە پێیدەوترێت ماس کۆمیونیکەیشن،بەڵام ناتوانین بە تێکست بڵێین ماس کۆمیونیکەیشن چونکە تۆ کاتێک تێکستێک بڵاودەکەیتەوە تێگەیشتن لەم تێکستە تەنها بۆ ئەهلی عیلمە و بۆ نەخوێندەواران نییە بەڵام بەپێچەوانەوەیە لە فۆتۆدا فۆتۆهەردوو لایەن تێیدەگات بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە و باکگراوندی ڕۆشنبیری هەبێت یان نەیبێت.”

دەربارەی گرنگی فۆتۆ وتی:”

یەکێک لە گرنگییەکانی فۆتۆ ئەوەیە کە توانای پەیوەندیکردنی هەیە بە پانتاییەکی سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجییەوە بەبێ ئەوەی گرنگیی بە ڕەگەز و ئاستی کۆمەڵایەتی و ئاستی نەتەویی بدات،گرنگییەکی تری ئەوەیە کە پەیوەندی دەکات بە هەستیارترین هەستەوەری مرۆڤ کە چاوە ئەمەش وایلێدەکات کە بۆ خوێندەوار و نەخوێندەوار ببێت، لە کاتێکدا کە تێکست ئەم توانایەی نییە و سنوردارەبەڵام ئاستی پەیوەندیکردنی وێنە بێ سنورە.

وێنە ڕەوانبێژە، بابەتیی بوون و وردی دەدات بە بابەتەکە و زمانێکی لۆکاڵی نییە کاریگەریەکی جیهانی هەیە، وەک زمان و تێکست من لە شێوەزاری بادینی تێناگەم بەڵام بە وێنە وانییە، ئەو ئازارەی لەبادینان هەیە هەمان ئازارە کە من لێرەوە هەستی پێدەکەم.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئێمە شوێنێکمان نییە کە فۆتۆگرافەر پێبگەیەنێت بەشێوەیەکی زانستی، خوێندنێکی تایبەت بێت لەو بوارەدا، لە میدیادا ساڵانە بە چەند وانەیەک دەیخوێنن. ئەو کەسانەی کەفۆتۆگرافەرن لێرە زیاتر بە ئەزموون و حەزی خۆیان بوون بە فۆتۆگرافەر

ئایا ئەمە وا دەکات زانکۆ و پەیمانگاکان فۆتۆگرافەر بەرهەمبهێنن؟ فایەق وتی:”

ئەگەر سەیری ئەو کەسانە بکەی کە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان خەڵاتەکانی ۆرد پرێس فۆتۆ و پۆلیتزەر و ڕۆبەرت کاپا و خەڵاتە جیهانییەکانی تر بەدەستدەهێنن، هیچیان دەرچووی هیچ پەیمانگا وزانکۆیەک نین، بەڵکو خۆیان خۆشەویستییەکی گەورەیان بۆ ئیشەکە هەیە

بەڵام خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ئێمە زۆر گشتییە بەداخەوە تایبەتمندبوون زۆر کەمە لەبواری ڕاگەیاندن بۆ نموونە ڕیکلام لە دنیادا بەشی تایبەت بەخۆێ هەیە بەڵام لێرە بە وانە دەخوێندرێتبەهەمان شێوە فۆتۆجۆرنالیزم و هەموو جۆرەکانی تری فۆتۆگرافی بە شێوەیەکی گشتی باسدەکرێت. ئەو کەسانەی وانە دەڵێنەوە کەسانێکن ئەزموونیان نیە و خوێندنەوەیەکی زۆر هەژارانەیان هەیە.هەروەها وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە نییە و خوێندکار بەپێی تواناکانی خۆیان وەرناگیرێن لەو بەشانە، وە کەمووکوڕی زۆر هەیە لە پێداویستییە پراکتیکییەکانیانهەموو ئەمانەش و دەکات ئەوکەسانەی لە بەشەکانی ڕاگەیاندن دەردەچن نابنە فۆتۆگرافەر، نابنە میدیاکار بەڵکو دەبنە فەرمانبەری ڕاگەیاندن لە تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەکان دادەمەزرێن وەکو هەرفەرمانبەرێکی تر و موچەی مانگانەی خۆی وەردەگرێت. وە بەشێکیش لەمانە پەیوەندی بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە، کەموکوڕی لە کەسەکان زۆرە شانبەشانی ئەوەی لە سیستمەکەشدا هەیە.”

سەبارەت بەڕۆڵی ئایدۆلۆجیش پێی وایە کە: ” کامێرا سەربەخۆیە، دوور لە ئایدۆلۆجیا و فکر و مەزهەب و نەتەوەیە، گەر وانەبێت ڕۆڵی ئەخلاقی خۆی لەدەستدەدات.

لەبەرئەوەی  کامێراکانی ئێمە بۆ حیزب و ئایدۆلۆجیایە، بۆ خێڵ و بازرگانە، فۆتۆگرافەرەکانمان ناتوانن هاوسەنگ بێلایەنانە کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.  هەر میدیایەک ئەو وێنانە بڵاودەکاتەوە کەخزمەت بە ئایدۆلۆجیای خۆی دەکات.

کامێرا کە لەدوای ۱۹۹۱ ەوە کە لەدایکدەبێت، دەبێت بە ئامرازێکی سیاسی بە ئایدۆلۆجیکراو لەناو کەناڵە کوردییەکاندا، بەبێ جیاوازی.

ئەوەی دڵخۆشکەرە لە مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردیدا لەدایکبوونی هەردوو ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنەیە لە سلێمانی کە سەر بە حیزب نابن و هەوڵدەدەن بەپێی ئیتیکی کاری میدیایی کاربکەنهەرچەندە ئاستی وێنە لە هەردوو ڕۆژنامەکە لە ئاستێکی نزمدایە بەوپێیەی ئێمە تاکو ئێستا فۆتۆ ئیدیتەرمان نییە لە ڕۆژنامەکاندا.”

فایەق حەمەساڵح لەدایکبووی ساڵی ۱۹٦۱ لە شاری سلێمانی، دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵ، لە ساڵی ۱۹۸٤ ەوە بڕیاریداوە دەستبداتە کاری فۆتۆگرافی لە پاش خوێندنەوەی کتێبی و کاریگەربوون پێی تاکە فۆتۆگرافەری ڕاپەڕینەکان و کۆڕەوی شاری سلێمانیە، لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی و سەرقاڵی پیشەی کارەباییە.

ئامادەکاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ

هاوبەشی بکە

LazhaTaha, Rozhnamagari Kurdi, SavanAko,