دیدی من – ئاراس عەبدولڵا
خوایە تۆ لەوێی؟ منم مارگرێت، ناونیشانی ڕۆمانێکی نووسەری ئەمەریکی جودی بلوومـە، کە هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە لایەن ناوەندی غەزەلنووسـەوە چاپ و بڵاو بکرێتەوە. ئەم ڕۆمانە لەناو ئەدەبی جیهاندا گەلێک ناودارە و بەم چاپە کوردییەیەوە ١٥٠ جار بە زمانە جیا جیاکانی دونیا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە، هەژار عوسمان وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەرانی دیدی من گوتی: “ڕۆمانەکە باس لە کچێک دەکا بە ناوی مارگرێت، کە لە دایکێکی مەسیحی و باوکێکی جوولەکە لەدایک بووە و هەردووکیان دەستیان لە ئایینەکانی خۆیان شتووە وازیان لێ هێناوە، ڕێگەیان بە کچە دوانزە ساڵانەکەشیان داوە کە بۆ خۆی ئایینێک لەو نێوەدا هەڵبژێرێت- هەڵبەت ئەگەر بیهەوێت ئایینی هەبێت. هەر لە دوای بارکردنیان لە نیویۆرک سیتیـیەوە بۆ ناوچە کەنارنشینەکانی نیو جێرسی و تێکەڵبوونی بە کۆمەڵە کچێکی دیکەی هاوپۆلی خۆی، مارگرێت کەڵکەڵە و پرسیار و خەمی مەمککردن و عادەبوون و هەڵبژاردنی ئایین دەکەوێتە سەری و بەدرێژاییی ڕۆمانەکە لەگەڵ ئەم باسانەدا دەژی و دەخوا و دەخەوێ و دەبنە گرفت بۆی.”
سەبارەت بە گرنگیی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەرانی کوردی زمان، وەرگێڕی ڕۆمانەکە ڕوونی کردەوە: “ئەگەر ڕۆمانەکە پوخت وەک ئەدەبی لاوان وەربگرین و لەو ڕووەوە باس لە گرنگییەکەی بکەم ، ئەوا دەکرێت بڵێم گرنگە بۆ هەمان ئەو ترس و کەڵکەڵە و خەمەی لای مارگرێتـە کوردەکانیش هەن، دەکرێت ئەم کتێبە کۆمەک بە مارگرێتـەکانی ئێمەی کوردزمان بکات، تا وەک ئەو بەدرێژایی نزیکەی یەک ساڵ لە ترس و قەلەقی و گریاندا ڕۆژ نەکەنەوە و نەیگوزەرێنن. ئەگەر وەک دەقێکی سەربەخۆی ئەدەبی، کە بە بڕوای من دەقێکی ئەدەبیی گرنگیشە، سەیری ڕۆمانەکە بکەین، ئەوا گرنگییەکەی لە تەکنیکە مینیماڵیستی و ستایڵی نووسین و پلۆتە ئێجگار پتەوەکەی و تیشک خستنە سەر تەنز و ئەو زمانە بەڕیتم و تۆن و سادەیەیە کە بیانی ڕۆمانەکەیان کردووە. ”
گوتیشی: “ئەم ڕۆمانە بە چاپە کوردییەکەیەوە ١٥٠ـیەمین جاری چاپیەتی و بۆ حەوت زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە و لەجیهاندا بە ملیۆنان خوێنەری هەبووە. گۆڤاری تایمزـی بەڕیتانی بە یەکێک لە باشترین ئەو ڕۆمانانەی داناوە کە لە ساڵی ١٩٢٣ـەوە هەتا ئێستا بە زمانی ئینگلیزی نووسرا بن.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.