26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کچێکی پەناخواز ژیانی هۆگر هیرۆری دەرهێنەر ڕزگار دەکات

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من– ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژیوار جەوهەر، پشتیوان کەمال

هۆگر هیرۆری دەرهێنەر لەگەڵ هاوسەرە دووگیانەکەیدا، لۆرین به‌رزنجی گۆرانیبێژ،‌ لە سوید دەژین. کاتێک دیمەنی ئەو خەڵکانە دەبینێت نیشتیمانی خۆیان جێدەهێڵن؛ بەهۆی هێرشەکانی داعش هەڵدێن، جگە لە دۆکیومێنتکردنی ئەم ڕووداوانە هیچی تری پێناکرێت. ئەوە نیشتیمانی خۆیەتی: خاکەکە دەناسێت، بە هەمان زمان قسە دەکات کە هەڵهاتووەکان قسەی پێدەکەن، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە لە مانای پەناخوازیی تێدەگات.

13474195_10153632377685778_77534963_n

کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دەست دەکات بە دۆکیومێنتکردنی ئەو ڕووداوانە، هەلێکی بۆ دەڕەخسێت تاوەکو سەردانی ئەو یەزیدیانە بکات کە لە چیای شەنگال گیریان خواردووە و داعش دەوری گرتوون. ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ هۆگری دەرهێنەر. کاتێک دەیەوێت بچێتە ناو هەلیکۆپتەرەکە و بەرەو چیای شەنگال بچێت، کچێکی یانزە ساڵان دەبینێت کە لەسەر زەویەکە ڕاکشاوە و ئازار دەچێژێت. بڕیاردەدات سوار هەلیکۆپتەرەکە نەبێت و دەست بکات بە یارمەتیدانی ئەو کچە منداڵە. بڕیارێک کە ژیانی ئەو ڕزگار دەکات، چونکە ئەو هەلیکۆپتەرە دەکەوێتە خوارەوە.

TheGirlWhoSavedMyLife_FeatImage@2x-1024x576

لە دواتردا هۆگر دەگەڕێتەوە و بە دوای ئەو کچەدا دەگەڕێت کە بووەتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی، لە گەڕانیدا بەدوای ئەو کچە زۆرێک لە قوربانیانی جەنگ دەبینێت و دەناسێت، کە هەریەکێکیان چیرۆکی تایبەت بە خۆیان هەیە. جیاوازی ئەم دۆکومێنتە لەگەڵ دۆکومێنتەکانی تردا ئەوەیە کە هۆگر خۆشی یەکێکە لە قوربانیەکان، خۆشی وەک قوربانیەک چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە. کاتێک ئەو لە تەمەنی ئەو کچە یانزە ساڵانەدا بووە بۆ ماوەیەک بەهۆی جەنگەوە لە خێزانەکەی دوورکەوتۆتەوە. باوکی ئەم کچە منداڵە لەلایەن داعشەوە زیندانی کراوە بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە بووە و دژی داعش جەنگاوە.

ترەیلەری فیلمەکە ببینن:

چارلس مودیدی، نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گری به‌ناوبانگ، ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه‌ ده‌ڵێت:

“ده‌رهێنه‌ر، هۆگر هیرۆری، ژیانه‌ خۆش و ئاسوودانه‌كه‌ی سوید و ژنه‌ دووگیانەكه‌ی به‌جێده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نیشتیمانه‌كه‌ی، كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی دۆکومێنتێک ده‌رباره‌ی كاره‌ساتی په‌ناخوازان ، كه‌ به‌هۆی گرووپی تیرۆرستی داعشه‌وه‌ تووشتی هاتوون، دروست بكات. له‌ سه‌ره‌تای دۆکومێنتەکەدا، هیرۆری په‌ناخوازه‌ یه‌زیدییه‌كان و تاوانكارانی داعش، هه‌ردووكیان، ده‌دوێنێت. له‌ دیمه‌نێكدا، پیاوێكی یه‌زیدی، له‌لایه‌ن داعشه‌كانه‌وه‌، ده‌كوژرێت و پاره‌ و موبایله‌ زیره‌كه‌كه‌ی، كه‌ له‌ جۆری سامسۆنگه‌، لێده‌به‌ن. زه‌نگی موبایله‌كه‌ لێده‌دا. داعشه‌كه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌. دایكی ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ كوژراوه‌…. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌ماشاكردنی به‌ڵگه‌فیلمه‌كه‌ ئاسان نییه‌، هه‌ر ده‌بێ سه‌یری بكه‌ی. پێویسته‌ ئه‌و شێواویی و خامناكییه‌ ببینی كه‌ به‌شێكه‌ له‌و جیهانه‌ی ئێمه‌ له‌ناویدا ده‌ژین.”

13479411_10153632374545778_1415957913_n

هۆگر بەهۆی ئەم فیلمەوە، ئەو کچەی ژیانی ڕزگارکردم، لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بەشداری کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. دواهەمین بەشداری فیلمەکەی هۆگر بریتی دەبێت لە بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی فیلمی شەنگەهای، یه‌كێك بووه‌ له‌و پێنج فیلمه‌ دۆكیمێنتارییه‌ی كه‌ بۆ خه‌ڵاته‌كه‌ كاندید كراون، بەڵام ناتوانێت خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت.

13443278_10153634740885778_2901827445997378044_o

هۆگر هیرۆری دەرهێنەر، ئێدیتەر و فۆتۆگرافەرێکی کوردە کە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆی هەیە، لۆلاڤ میدیا. لە سوید دەژی و کاردەکات، کاتێک ئەو لە تەمەنی نۆزدە ساڵییەوە ڕوویکردۆتە ئەو وڵاتە و بووەتە پەناخواز. لە ساڵی ٢٠١٤ دۆکۆمێنتەریەکی خۆی بەناوی قوربانیەکانی داعش بڵاوکردەوە.

سەرچاوە: دۆکڤیلە

هاوبەشی بکە

HogrHirrori, ISIS, PshtewanKamal, TheGirlWhoSavedMyLife,