24/04/2024
DidiMn Logo
Top

کۆمەڵێک فۆتۆی خەمهێنەر پیشانمان دەدەن ژیانکردن لە ماڵی سۆزانییەکاندا چۆنە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

بەنگلادیش یەکێکە لەو وڵاتە ئیسلامییە دەگمەنانەی کاری لەشفرۆشی تیایدا ڕێگە پێ دراوە. سۆزانیخانەی کانداپارا لە ناوچەی تانجەیڵ، کۆنترین و دووەم گەورەترین سۆزانیخانەی وڵاتەکەیە، بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠٠ ساڵە ئەو شوێنە بوونی هەیە. لەساڵی ٢٠١٤ـدا وێران کرا، بەڵام بە یارمەتی ڕێکخراوەکانی ئێن جی ئۆ دروست کرایەوە. زۆرینەی ژنەکان لەوێ لەدایک بوون، لەوێ گەورە بوون و کاتێکیش ئەو جێگەیە لەناو چوو نەیاندەزانی بۆ کوێ بڕۆن.

لایەنگرانی ئەم سۆزانیخانەیە بڕوایان وایە کاری سێکس هەر وەک هەموو کارێکی تر وایە- ئەو ژنانەش نایانەوێت کارێکی تر بکەن. ژنەکان خۆشیان کاریان بۆ مافەکانی خۆیان کردووە، وەک ئیشکەرێک. هەر بۆیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ـدا، دامەزراوەی پارێزەرانی ژنانی نەتەوەییی بەنگلادیش، دادگای باڵایان قایل کرد بەوەی دەرکردنی ئەو کەسانەی وەک سۆزانی کاردەکەن لە سۆزانیخانەکان بە کارێکی نایاسایی ناو ببات. ئەوانەی وەک سۆزانی کاریان دەکرد هەر زوو گەڕانەوە ناو ماڵەکانی خۆیان.

لەمڕۆدا ناوچەی سۆزانییه‌كان، کە بە دیوارێک دەورە دراوە، لە شەقامە فراوانەکاندا، دوکانی خواردەمەنی، چایخانە و فرۆشیار هەن. ئەم سۆزانیخانەیە شوێنێکە یاسا و دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی هەیە، کە تەواو جیاوازە لەوەی لە ئەتمۆسفێری گشتیدا دەیبینین و هەستی پێ دەکەین. بۆ نموونە، لەناو ئەم سۆزانیخانانەدا ژنان لاوازن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارن. لاوازترین قۆناغ بۆ ژن ئەو کاتەیە کە تازە دێتە ناو سۆزانیخانەکە، پێیان دەگوترێت کچانی بارمتە. کچانی بارمتە بە گشتی تەمەنیان لەنێوان ١٢ بۆ ١٤ ساڵدایە.

ئەم کچانە لە خێزانی هەژارەوە هاتوون، زۆرینەیان بە هۆی ئەوەی بازارگانییان پێوە کراوە، قوربانیین. ئەوان دەبنە موڵکی خاتوونێک، قەرزدار دەبن و ڕێگەشیان پێ نادرێت بڕۆنە دەرەوە، یاخود پارەکانیان کۆ بکەنەوە. کاتێک هەموو قەرزێکیان دەدەنەوە، کە ماوەی ساڵێک بۆ پێنج ساڵ دەخایەنێت، دەبنە سۆزانییەک کە بە ویستی خۆیان دەتوانن کار بکەن. پاشان دەتوانن هەر کەسێک کە دێت و داوای سێکس دەکات، دەکرێت ڕەتی بکەنەوە گەر بە دڵیان نەبوو، هەروەها دەتوانن پارەکەش بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە. ئەو کاتەی ژنێک هەموو قەرزەکانی دەداتەوە، ئازادە لەوەی ئەو سۆزانیخانەیە جێ بهێڵێت. بەڵام ئەو ژنانە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە دەرەوەی ئەو جێگەیە لەکەدار کراون و زۆرینەی کات بڕیار دەدەن لەوێ بمێننەوە و بەردەوامی بدەن بە کارەکەیان، بۆ ئەوەی یارمەتیی خێزانەکانیان بدەن بەو پارەیەی لەو جێگەیە دەستیان دەکەوێت.

لەم سلایدەی خوارەوە فۆتۆکان ببینن:

فۆتۆ: ساندرا هۆین

سەرچاوە: واشنتۆن پۆست

هاوبەشی بکە

Bangladesh, PshtewanKamal, WashingtonPost,