04/05/2024
DidiMn Logo
Top

کۆمەڵەی ٦٨ دووەم نامیلکەی خۆی بڵاو دەکاتەوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

هەژاریی خوێندکار لە ڕووی هزری، دەروونی و مۆراڵییەوە، ناونیشانی دووەم نامیلکەی کۆمەڵەی ٦٨ە، کە لە لایەن محەمەد عوسمان، ئەندامی کۆمەڵەی ٦٨ەوە نووسراوە و بڕیارە بەم نزیکانە لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەوە چاپ و بڵاو بکرێتەوە. وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات، بەو پێیەی خۆیشی ئەندامێکی چینی خوێندکارە، هەوڵی داوە لە نامیلکەکەدا سیستەمی پەروەردەیی و کارکردنی مامۆستایان و بەڕێوبەرانی ئەو دەزگایانە لە باشووری کوردستان لێک بداتەوە و ئەوەش پێشان بدات کە ئاخۆ کاریگەریی ئەم سیستەمە و کارکردن و شێوازی بەڕێوەبردنی چییە لەسەر تاکی خوێندکاری کورد.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم نامیلکەیە، محەمەد عوسمان، ئەندامی کۆمەڵەی ٦٨ و نووسەری دووەم نامیلکەی کۆمەڵەکە، بۆ دیدی من گوتی: “زانکۆ و خوێندنگە وەک دەزگاگەلێکی پەروەردەیی و کاریگەر لە ناو کۆمەڵگەدا و بەپێی ئەوەی زۆرینەی هەر نەوەیەک بەم دەزگایانەدا تێدەپەڕن و چەندین پڕۆسەی پەروەردەیی بەسەریاندا پراکتیزە دەکرێت، قسەکردن لەسەریان و ڕەخنەکردنیان بۆ باشترکردنی کارکردنیان گرنگییەکی زۆری هەیە. هەڵبەت کتێبگەلێک، ئەگەرچی کەمیش بووبن، لەسەر ئەو دەزگایانە لە باشووری کوردستان نووسراون و ڕەخنەکارییان کردوون، بەڵام هەموو ئەمانەش زانکۆ و خوێندنگەیان وەک گشتێک خوێندووەتەوە و لەوێوە دابەزیونەتەوە سەر تەواوی پێکهێنەرەکانی دیکەیان. ئەوەی من لێرەدا پێی هەستاوم، لەبری ئەوەی لە گشتێکەوە بچمە سەر بەشێک، بەو واتایەی لەبری ئەوەی لە ناساند و خستنەبەرچاوی زانکۆ و خوێندنگەکانەوە دابەزمە سەر پێکهێنەرەکانی، وەک مامۆستا و خوێندکار و سیستەمی پەروەردەیی و پڕۆسەکانی، بە پێچەوانەوە، بەو پێەی ئەندامێکم لە چینی خوێندکاردا، هەوڵم داوە  سیستەمی پەروەردەیی و کارکردنی مامۆستایان و بەڕێوبەرانی ئەم دەزگایانە لێک بدەمەوە و پیشانی بدەم ئاخۆ کاریگەریی ئەم سیستەم کارکردن و شێوازی بەڕێوبردنە چییە لەسەر تاکی خوێندکاری کورد.”

محەمەد عوسمان

محەمەد عوسمان، دەربارەی سەرجەم بەشەکانی نامیلکەکە گوتی: “نامیلکەکە بەسەر پێشەکییەک، چوار بەش و دوا گوتەیەکدا دابەش دەبێت، کە بەشەکان بریتین لە: بەدیاردەکردنی خوێندکار، هەژاریی خوێندکار لە ڕووی هزرییەوە، هەژاریی خوێندکار لە ڕووی دەروونییەوە و هەژاریی خوێندکار لە ڕووی مۆراڵییەوە.

بەشی یەکەمدا، بەدیاردەکردنی خوێندکار: لە سەرەتادا هەوڵم داوە خوێندکار بەو شێوەیەی کە هەیە و وەک دیاردەیەک، لە ڕێگەی میتۆدێکی دەروونشیکارییەوە بناسێنم، لە تەواوی بەشەکەدا ئامانج و هەڵوێستەکانی خوێندکار لە زانکۆکانی باشووری کوردستاندا دیاری دەکەم و لەو ڕێیەوە کەسایەتیی خوێندکار دەناسێنم. لە پاشاندا پرسیار لەسەر زۆرینەی ئامانج و هەڵوێستەکانی خوێندکار دروست دەکەم؛ ئەم ئامانجانە چۆن دروست بوون؟ ئایا ئەم ئامانجانە چ ناوەڕۆکێک لەخۆ دەگرن؟ ئەم هەڵوێستانە بۆ بەو شیوەیەن؟ ئایا چۆن و کێ بەردەوامی بەم ئامانجانە دەدات تا هەر وەک خۆیان بمێننەوە؟

بەشی دووەم، هەژاریی خوێندکار لە ڕووی هزرییەوە: بەو پێیەی ئەم بەشە بۆ هزر تەرخان کراوە و یەکێک لە ئامانجەکانی خوێندکاریش بەپێی ئەو ڕاپرسییەی لە وەرزی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦  کۆمەڵەی ٦٨ لە ژێر ناونیشانی ڕاپرسیی ٦٨ ئەنجامی دا، مەعریفەیە، ئایا چەمکی مەعریفە لە لای خوێندکار چ ناوەڕۆکێکی هەیە؟ هەروەها بەپێی ئەوەی باوەڕم وایە خولیا و ئامانجی خوێندکار پەیوەستە بەو سیستەم و دەزگایەی کە ئەم خولیایەی بۆ فەراهەم دەکات، کەواتە لە بەرانبەر ئەمەدا پرسیار لەوە دەکەم ئایا چەمکی مەعریفە لە ناو سیستەمی پەروەردەیی خوێندنگە بەگشتی و زانکۆ بەتایبەتی، چی دەگەیەنێت و بە چ شێوەیەک ئەم چەمکە دەگەیەننە خوێندکار؟ لە پاڵ ئەمەشدا چەندین بابەتی دیکە خۆی نماییش دەکات، وەک چەمکی بەدەفرکردنی عەقڵ، گرفتی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لۆجیک و تێکدانی چەمکە یونیڤێرساڵ و گەردوونییەکان لە ناو زانکۆدا.

بەشی سێیەم، هەژاریی خوێندکار لە ڕووی دەروونییەوە: بەپێی خوێندکار لە ناو خوێندنگە و زانکۆکاندا دۆخێکی دەروونیی زۆر تایبەتی هەیە، وەک ئەوەی ستەمکارێک هەمیشە بەسەریانەوە بێت و ئازاریان بدات و ئەمانیش هیچ توانایەکیان بەسەریدا نەشکێت، کە دەرکەوتەی ئەم دۆخە زیاتر بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە کەوتوونەتە پارادۆکسێکەوە، دەزانن کە سیستەمی خوێندن بۆ ئەوە نییە ئەمان فێر بکات و بە ئاشکرا هەست بە ستەمەکەی دەکەن، لە بەرانبەریشدا توانای ئەوەیان نییە لێی بێنە دەرەوە و ژیانێکی دیکە دروست بکەن؛ من لێرەدا تیشکم خستووەتە سەر چەمکی ئازادی، کە لای فەیلەسووفە بوونگەراکان بە پێشمەرجی مرۆڤبوون هەژمار کراوە و هەر خودی چەمکەکەشم بە ناوەڕۆکەکەیەوە لەوان وەرگرتووە. هەڵبەت باوەڕم وایە بە فەرامۆشکردنی ئەم چەمکە، ژیانی مرۆڤ تەنانەت لە بێئاگاییشدا دەبێتە دۆزەخ.

نامیلکەی یەکەم

بەشی چوارەم، هەژاریی خوێندکار لە ڕووی مۆراڵییەوە: لێرەشدا بە هەمان شێوەی ئازادی وەک پێشمەرجێکی مرۆڤبوون، لە باسکردنی ئاگاییەوە هەوڵم داوە زۆر بە کورتی باس لە هەڵقوڵانی بەرپرسیارێتی بکەم، لەوێشەوە بەرپرسیارێتیم لە فۆرمی هاووڵاتیبوون و دەستەجەمعیدا پیشان داوە و پەیوەندیدارم کردووەتەوە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە. هەڵبەت کاتێک دێینە سەر باسی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و بەتایبەتیش بزووتنەوەی خوێندکاری، بابەتێکە کە هەم خۆی لە دۆخی پەروەردەیی و هەم خۆی لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناو زانکۆ و کۆمەڵگەش دەدات، واتە بە تەنیا بابەتێکی ئەبستراکت نییە. هەڵوێستەکردن لەسەر کاری بەکۆمەڵ و بزووتنەوەی خوێندکاری، بابەتێکە ئەگەرچی هێندە دێرینیش نییە، بەڵام لە باسکردنی سیستەمی پەروەردەیی دیموکراتیک و تەنانەت دەوڵەتی دیموکراسیشدا گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی ناکرێت دەوڵەتێکی دیموکراسی بەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی و بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان دروست ببێت.”

کۆمەڵەی ٦٨، کۆمەڵەیەکی کلتووری، زانستی‌ و چالاککارە، لە وەرزی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ی زانکۆی سلێمانی، لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکاری ئەو زانکۆیە پێک هێنراوە. یەکەم نامیلکەی کۆمەڵەکە بریتی بوو لە ١٩٦٨، کرۆنۆلۆژیی ڕووداوەکان لە فەڕەنسا و جیهاندا (گێڕانەوەی ڕووداوەکانی بزووتنەوەی ئایاری ١٩٦٨ـی خوێندکاران لە زانکۆکانی فەڕەنسا) و بڕیارە دووەم نامیلکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڵاو بکرێتەوە.

هاوبەشی بکە

68, ArasAbdulla, University,