29/03/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی كار وای: دەربارەی فیلمی 2046

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

لە عەرەبییەوە: چرۆ عیزەت

له‌م فیلمه‌دا وۆنگ كار وای چەشنی فیلمی (لە ھەوای عەشقدا) دەمانباتە نێو جیھانێكی ئیلھامبەخشی پڕ لە خۆشەویستی و ھەست و سۆزەوە، كە تێیدا پیاوێك لە ژووری ژمارە ٢٠٤٦ی میوانخانەیەكی دێریندا ڕۆمانێك دەربارەی شەمەندەفەرێك دەنووسێت كە گەشت بۆ ساڵی ٢٠٤٦ دەكات، ئەم پیاوە كە لە ژوورەكەیدا خۆی گیر كردووە پێی وایە تەنھا كاتێك دەتوانێت ڕۆمانەكەی سەبارەت بە داھاتوو بنووسێت كە باسی ڕابردوو بكات.

وۆنگ كار وای لە سوچێكی تاریكی میوانخانەیەكی ناوازەی (مەدرید)دا دانیشتووە و چاویلكەیەكی ڕەشی لە چاو كردووە كە ھەرگیز لاینابات، جەماوەرێكی كەم لەبەردەمیدان، لەو كاتەشدا كە بە زمانی ئینگلیزییەكی ڕوون و ڕەوان قسە دەكات جگەرە دەكێشێت. بە لای زۆربەی جەماوەرەوە ئەم فیلمسازە باشترین فیلمسازە لە دنیادا و لە ھەموویان ناوازەترە، بە فیلمسازێك ئەژماری دەكەن كە زمانێكی سینەمایی وەھای داھێناوە ویژدانی بینەران دەجووڵێنێت.

وۆنگ كار وای دەڵێت “لەڕاستیدا چیرۆكی فیلمەكە دەربارەی پیاوێكە كە لە خەیاڵی خۆیدا وێنای كۆمەڵێك ژنی زۆر دەكات بۆئەوەی ئەو تاكە ژنە لە یاد نەكات كە خۆشیدەوێت و بۆ لای ئەو ژنەش دەڕوات كە ناپاكی لێی كردووە”.

لە نێوان ئەستێرەكانی سینەمای ڕۆژئاوادا لەم فیلمەدا ھەر یەكە لە نواندنكاران (تۆنی لیونگ) و (كۆنگ لی) و (چانگ زالی) و (ماگی چیونگ) بەشدارن. ڕووداوەكانیش لە دوو شوێنی تەنگەبەر و بێزاركەردا ڕوودەدەن كە میوانخانەیەك و شەمەندەفەرێكە و لە ھەردوو دۆخەكەشدا دیوارەكان دەجووڵێن.

وۆنگ كار وای بۆ ڕوونكردنەوەی بیرۆكەی ئەم فیلمە دەنووسێت “ھەموومان پێویستمان بە شوێنێكە بۆ شاردنەوەی شتەكانمان، یان بۆ پاراستنی یادەوەری و بیرۆكە و خەون و ئاواتەكانمان، لە ژیانماندا چەند ساتەوەختێك ھەن كە ناتوانین ھیچ چارەسەرێكیان بۆ بدۆزینەوە، یان ناتوانین لەبارەیانەوە ھیچ بڕیارێك بدەین، لە ھەمان كاتیشدا لە بارەیانەوە ھەست بە ترس و بیم دەكەین، بۆ ھەندێك كەس بابەتەكە پەیوەستە بە شوێنێكی ڕاستەقینەوە، بۆ ھەندێكی دیكە پەیوەستە بە بۆشاییەكی مێشكییەوە، بەڵام بۆ ژمارەیەكی كەمیش ھیچ واتایەك ناگەیەنێت”.

بەڵام سەرەڕای ھەموو ئەو سیفاتە باشانە، وۆنگ كار وای جەخت لەوە دەكاتەوە كە ھیچ حەز ناكات لەگەڵ كەسێكی وەكوو ئەودا بەو جۆرە ھەڵسوكەوت بكەن، لەم بارەیەشەوە دەڵێت “من كەسێك نیم لە دنیایەكی دیكەوە ھاتبم، لە سینەمای منیشدا ھیچ شتێكی نوێ بوونی نییە، دەشڵەژێم كاتێك بۆم دەردەكەوێت زۆربەی خەڵك بەم جۆرە لێم دەڕوانن، خەڵك بە چەند ھۆكارێكی دیار خۆشیاندەوێیت و ڕقیان لێت دەبێتەوە، ھەربۆیە وای بە باش دەزانم نە بیر لە كەسانی دیكە بكەمەوە، نە بیر لەوە بكەمەوە كە چاوەڕێی چیم لێ دەكەن”.

فیلمی (2046) لە “فێستیڤاڵی فیلمەكانی كان”دا نمایش كرا، لە كاتێكدا گەیشتە ڕۆژی كۆتایی بەبێ ئەوەی مۆنتاژەكەی تەواو بووبێت، پڕ بوو لە چاوەڕوانی و مەتەڵ بۆ ئەو بینەرانەی فیلمسازەكە كاری تێكردوون.

دوای چوار ساڵ كاركردن تێیدا، فیلمی (2046) بەجۆرێكی لێھات وەك ئەوەی كۆتایی نەیەت، لەم بارەیەشەوە فیلمسازەكە دەڵێت “ھەر لە سەرەتاوە لە ڕووی تەكنیكەوە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك كێشەی زۆر بووینەوە، لەبەرئەوەی مۆنتاژەكەی سەخت و ئاڵۆز بوو، كاتێكیش كارمان لەسەر فیلمی (2046) دەكرد من پێشوتر لە ١٠ فیلمدا وێنەی (تۆنی لیونگ)م گرتبوو، دواتریش كارێكی سەخت بوو بۆ ئەو كە چەند جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەر ھەمان كەسایەتی”.

كاری وێنەگرتنی فیلمەكە بەرەو پازدەیەمین مانگەكانی كۆتاییەكەی دەچوو، خانمە نواندنكارەكان ڕووبەڕووی ھیچ كێشەیەك نەبوونەوە، لەبەرئەوەی ھەریەكەیان دەیانویست بچنە نێو قۆناغێكی جیاوازی ژیانیانەوە، لەكاتێكدا ئەو [واتا پیاوەكە] لە پەیوەندییەكی زۆر جێفشاردا بوو لەگەڵ چوار خانمی ناوازەدا، سەرەڕای ھەموو شتێكیش كۆتاییەكی ناخۆش و خەمھێنەر چاوەڕێی بوو.

جێی وەبیرھێنانەوەیە وۆنگ كار وای سەرقاڵی بیرۆكەی بەرھەمھێنانی فیلمێك بوو سەبارەت بە (برووسلی)، بەڵام سەرسەختی و كەللەڕەقی ئەستێرەیەكی فیلمەكە شكستی پێ ھێنا، ھەربۆیە لەم بارەیەوە دەڵێت “برووسلی خوێندكارێكی زۆر خراپ بوو، ھەربۆیە ویستم فیلمێك لەبارەی مامۆستاكەیەوە درووست بكەم، بەڵام ئەوەیان كاتێكی زۆر دەخایەنێت، لەبەرئەوەی لەگەڵ خانمە نواندنكار (نیكۆڵ كیدمان)دا فیلمێك بەرھەم دەھێنم”.

هاوبەشی بکە