24/11/2026
DidiMn Logo
Top

٢٤ کاتژمێر پێرفۆڕم: کۆنسێپت وەکو ئۆتۆریتەی ڕەخنە

لە لایەن دیدی من 3 خولەک پێش ئێستا

دیدی من – تەرزە عەلی

٢٤ کاتژمێر پێرفۆڕمانس کارێک بوو کە نەمتوانی لە نزیکەوە بیبینم، چونکە لە لێدوانی پێشەکیی کارەکەدا ئاماژە بە کردەی دەرکردنی پاشەڕۆ درابوو، بەڵام بۆ باسکردن و ناسینی کارەکە لەڕوی تەکنیک و فۆڕمەوە دەتوانن ئەو وتارانە بخوێننەوە کە پێش ئەم وتارە لەسەری نوسراوە.

لەو ساتەوە دەست پێدەکەم کە لەنێو لێدوانی ئەم کارەدا جێگایەک منی وەستاند، وە منی نازانم ئیمپاتیکانە یان کۆلێکتیڤ گیڵتانە ڕاچڵەکاند، هەر وەک ئەوەی لە خۆم بپرسم بۆچی کاتێک ئەمە بەسەر خۆم دێت و ئاکتیڤە تیامدا دەتوانم بەرگەی بگرم بەڵام کاتێک مرۆڤێک ئەبینم بەم جۆرە هەستی ئانجشت دامئەگرێت، ئایا دەکرێت هونەر بەم جۆرە کاریگەریی بخاتەوە سەر من وەک دانەیەک لە مرۆڤ لەم بوونەیا؟

کاتێک ئەو کۆڵیژنەم وەبیردێتەوە لەم کارەدا دەگەمەوە ئەو وەڵامەی بەڵێ هونەر کاری خۆی کۆسمیک ئۆردەرییانە ئەنجام دەدات.

بەڵام پرسیارەکە لێرەیە، چەند دانەی تر لە مرۆڤ لەو جێگایەی من کەوتمە شێوانەوە دەشێوێن؟

من پێموایە ئەم پرسیارە پەیوەندی لێکئاڵاو و ڕاستەوخۆی بە پرسیارکردن لەوەوە هەیە ئایا ئێمە تا چەند مرۆڤین؟ ئایا ڕێژەی بوونمان تا چەنێک شایستە بە هەبوونە.

من لەم وەڵامە ناگەڕێم چونکە (ڕەنج) لێرەیا نمونەیەکە لە من، نمونەیەکە لە تۆ، بەڵێ ئەو سامپڵە لەم کارەیا. نمونەیەکە لە ئازارێکی نەبڕاوە، لە ترس و تۆقین و سترێسێکی نەبڕاوە، لە بێ ئاگایی.

ئەو نیشانی ئێمەی دەدات کە نەبوونی ئازار چۆنە نەبوونی ترس و تۆقیین و سترێس بە بچوکترین ڕێژە، ئەو ئاگاییمان نیشاندەدات.

ئەم کارە ڕەخنەیەکی توندە بەوەی تەماشای بەشە جیاکراوەکانی ژیانمان بکەن یان ژیانتان بکەن! کە چەنێک کەمە بۆ ئارامیی.. بۆ گەیشتنی ئۆکسجینێکی پێویست و بێ کەموکووڕیی بە مێشک بە ڕۆحێک، بە تەندروستیی بە بیرکردنەوە، بە توانای مرۆڤ بۆ قوڵبونەوەو کەشفکردن، بەوەی مرۆڤ لە گەوجێتیی دووربکەوێنرێتەوە خۆڕسکانە و مافەکییانە.

کارەکە بێدەنگە بەڵام ئەو دەکاتە نمونەی خراپیی حاڵی ئێمەو وای کردووە پێرفۆڕمەکەی هاوار بکات لەو جێگایانەیا کە دەڵێت ئارامم ئەی بەدەر لەمە چیی؟ ئەمەی لەم کارەدا ئەنجامدراوە ٣ کردەی حاشاهەڵنەگریی زانستیین کە وا مرۆڤ لەو ٣ کردەیەدا بەتەواوی دەتوانێت ڕیلاکس بێت بۆ بیرکردنەوەی زۆر و قووڵمەودا بەدەر لەم ٣ کردەیە چی؟.. ، ٢٤ کاتژمێری ئەم کردە دوبارەبووەوانە بهێنین بۆ ٢٤ کاتژمێری ژیانی ڕۆژانەمان جگە لەم کردانە ئێمە چی دەکەین ؟

ئایا ئارامین؟ ئایا بوارمان هەیە بیربکەینەوەو داهێنەر بین و کاراکتەری بەهێزی نزیک زانایەکمان هەبێت و لێماندەربچێت؟ یانیش مەشغوڵکراوین بە شتانێکەوە کە بوارمان نادەن هاوسەنگ و نزیک سترێسی سفریی بیین، ئەمە لە تاوانی کێیە دەرهەق بە ئێمە؟ ئایا ئەمە مەترسیی بەگەمژەکردنی ئێمەی لێ ناکەوێتەوە؟

کردەکان هەمووی بدەین لەیەک ٢ کاتژمێر بۆ حەمامکردن و خۆبەتاڵکردنەوەی پاشەڕۆ گریمان ٨ کاتژمێر مرۆڤێکی ئاسایی نوست، ١٤ کاتژمێر ئێمە دوورین لە ڕیلاکسیی تەواو و هاوسەنگیی، ١٤ کاتژمێر زۆرە بۆ ئەوەی مرۆڤێک فێری ڕۆتینێکی قووڵی دوور لە ڕەسەنایەتیی مرۆڤ بوون بکەیت و بیبەیت بەرەو هەر ڕۆتیناتێکی تر کە لە ئەگەرایە گەمژەشی بکات و لاوازێکی لێ دەربچێت کە هەمیشە بوون بە زانا لە مێشکی ئەما خەیاڵ بێت، مێتافۆڕێکی خەیاڵی مناڵانە بێت بە بەراوردی بە خۆی، ئایا ڕەنج کێ لەمە بە بەرپرسیار ئەزانێت؟ بەو پێیەی کەوا توڕە بووە و فۆڕمی تەوالێتێکی لە کارەکەیدا هەڵگەڕاندۆتەوە و میزی لێوە دەکاتە سەر سەربانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی، من وەهای دەبینم ئەم هەڵگەڕاوەییە پاشەڕۆیەکی بێ کۆتا لەگەڵ میزەکەی ڕەنج بهێنێت لەگەڵ خۆیدا بۆسەر سەربانەکە چونکە بنی سیفۆن کە بەو کراوەییە داندرابێت هەر ئەم ئیمجە دەدات بە ئەندێشە و فکر، ئایا وەزارەتەکان گەیشتوونەتە ئەم ئاستە لە فکری هونەرێکەوە..؟!

کەواتا خوار ئەم سەربانە ئەبێت جێگایەکی بۆگەن بێت، ئەبێت مەنزڵگایەکیی تاوانکاریی بێت دەرهەق بە کۆمەڵگا، بەوەی هەرچی مەسەلەی گرنگە بە هونەریشەوە لە کۆمەڵگای ئەگرێتەوە، ئەم گرتنەوەیە تووڕەکردنی هونەرمەندێکی وەکو ڕەنج دەهێنێت بەدوای خۆیدا، کە بۆی گرنگە وەها مەسەلەیەک بورووژێنێت زیاتر لەوەی کە لەدوای ئەم کارە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی چی ببێتەوە، ئەمە دەنگهەڵبڕینێکی بێدەنگە کە لای من جێی ئەوەیە دەستخۆشیی دەستگوشین نازانم هەرچییەک کە شایستە بە پێزانین بێت بکرێت بەرامبەری لەو کۆنتێکستەیا کە بێدەنگ ئەمەی ئەنجامداوە، چونکە بەردەوامیی نەداوە بە پڕۆسەی زەڕناقوتەیی مرۆڤێکی گەورەی سەرو ١٨ ساڵ کە مرۆڤەکە تیایدا دایرێکت دان وەردەگرێت و بە ئەگەری زۆرەوە کە بەو پڕۆسەیە وەریگرت لێشیتێناگات بە بنهەڵکەندوویی، ئەم کارە یەکێکە لەو کارانەی مرۆڤ ناچار بە بیرکردنەوە و بەدواداچوون دەکات و مرۆڤ ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنی کار و کۆنتێکست و مانای بەهێز و قووڵڕەوت تا مرۆڤی لەو جۆرە بونیاد بنێ و لەخۆی بگرێ و چێژی لێ ببینێ وەکو کارێکی هونەریی.

دەرباری داماڵینی جەستە لە پۆشاک لە دوو کۆنتێکستەوە توانای بینینی ئەم کارەم هەیە وەکو هونەردۆستێکی خاوەن ئیمان بە دینێک، یەکێکیان کۆنتێکستی هونەرە بەدەر لە ئایین، ئەوی تریان کۆنتێکستی ئایین بە هونەرەوە، لەلای من وەکو وەرگر ئەم کارە لە کۆنتێکستە دینییەکەیا وەکو ئاماژەم پێدابوو لەسەرەتاوە بۆ من ڕێگای بینینی نییە لە ڕووی فۆڕمەوەو خوازیار بووم فۆڕمێک بێت کە گونجاو بێت بۆ منیش، بەڵام وەکو کۆنتێکستی هونەر بەجیا کۆنسێپتی کارەکە بەهێزە و لەڕێی ئەو وتارانەی لەسەری نوسرابوو و خوێندمنەوە ئاشنابووم بە کارەکە و، وەکو کۆنسێپت و بابەت ڕەخنەیەکی بەهێزی لێ بەدی دەکەم بەو دوو جێگایەی کە باسم لێوە کردووە ( جیاکردنەوەی کردە ڕیلاکسەکان و میزکردن بە سەربانەکەیا لەڕێی میزدانێکی فۆڕم شەرقیی هەڵگەڕاوە ) .

شتێکی تر کە لای من جێی باسە ئەوەیە کە لێڕوانەرێکی ئەندایرێکتی وەکو من کە کارەکەیان نەدیبوو و تەنیا بیستبوویان کە کارێک هەیە بەم فۆڕمە، داماڵینی جەستە لەلای ئەوان جێی کۆی کارەکەی گرتبووەوە کە بەداخەوە هەندێکیان کەسایەتیی هونەرمەند و دەرچووی کۆلێژی هونەر بوون کە لای من جێی سەرسامییە کە چەند ساڵە چۆن نەیانتوانیوە باکگراوندێکی مەعریفیی هونەریی دروست بکەن بۆخۆیان و چۆن گاڵتەیان بە کاراکتەری خۆیان لەناو فیڵدەکەیان کردووە..! چونکە کاتێک ناچیت بەدوای وردەکاریی کارێکدا و قسەی لەسەر دەکەیت هیچ جیاوازییت نابێت لەگەڵ ئەو کەسانەی لە شتێک نازانن و قسەی لەسەر دەکەن، کارەساتە دەرچووی ئەکادیمیای هونەر بیت یان ناوت لە خۆت نابێت هونەرمەند یان ناویان لێ نابییت  و توانایی چوونە بنجو بناوانی کارێکی هونەرییت نەبێت بەشبەحاڵ و توانایی خۆت لەکاتێکدا چەندین ساڵ لە ئەجوائێکی هونەرییدا هەناسە بدەیت، لەمەوە کێشە هزرییەکان دەستپێدەکەن و کۆمەڵگایەکی سەتحیی دروستدەبێت لەلایەن نەخوێندەواری دەرچووە کۆلێژییەکان .

کەواتا لێرەوە تێدەگەین کە ئەم ستەیتە وەرگریی یاخود (لێڕوانەریی ڕاستەقینە)ی هونەریی شێوەکارییمان دەکاتە وەرگرێکیی ڕێژەکیی و ڕەنگە زۆر جار زۆریش کەم، کە بەڕای من ئەمە پێویستی بە دیالۆگ لەسەر کردن و کۆبونەوە و کارکردنە بۆی تا چاکبکرێت، تالوڵا هاددۆن کچە شێوەکارێکە کە بە وایەرێک دەکێشێت بە ڕێژە کەرەیەکدا، یاخود ڕۆمان سیگنەر چەند دانەیەک سەتڵی سور ی پڕ لەسەر یەک دادەنێت و سەتڵەکان دەکەون و دەڕژێن، ئایا چەنێک لە لێڕوانەری کارەکە وەرگر بوون بۆ ئەم کارەو توانایی تێگەیشتنیان لێی هەبووە؟

کاتێک یەکێک لەم شێوەکارانە پێرفۆڕمانسێکی ئاوا ئەنجام دەدات و لێڕوانەرەکەی(بە دەرچووە کۆلێژییەکانەوەو بە خەڵکی ئاساییەوە)بە ئاکتکردن لێیتێدەگات نەک پێرفۆڕمکردن یان هەر لێی تێناگات و وەکو بینیمان کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵک تا ئەمڕۆش لەو دوو کارەی کە باسمکرد وەکو نمونەیەک هی ئەو دوو شێوەکارە تەنیا گاڵتەو گەپ دەکەن پێی و تەنیا بە جێی ڕەخنەی دەبینن و زۆر جاریش ڕقێکیان بۆ دروستدەکات لە شێوەکاریی، دەمەوێت بڵێم پێرفۆڕمانس پێویستی بە ڕۆحێکی ئیندیڤیچواڵە کە هەر بەڕاستی وا بێت لەگەڵ خۆیدا، وە پێویستی بە بینەرێکە کە ئینتلێکچواڵ بێت بەرامبەر دنیا و خاوەن ئاگایی بێت، هەتا بتوانێت کارەکە کەشف بکات و  چێژیشی لێ ببینێت، بڕێک جاریش ئەم کارە بۆی هەیە ڕەخنەیەکی توند بێت لە بینەرێک، هەتا جیای بکاتەوە کە ئایا ئەم خۆی لە ڕەخنەی کارەکەیا دەبینێتەوە و هەست بەوە دەکات کە لە چ جێگایەکی گاڵتەجاڕانەیا وەستاوە یانیش نەخێر ئەم کەسێکە بۆی گرنگ بووە کارێکی شێوەکاریی چی بە دونیا دەڵێت.

هاوبەشی بکە