دیدی من – واڵس ستیڤنس
له ئینگلیزییهوه: جوتیار ژاژڵەیی
١
لەنێو بیست دانە شاخی بەفریندا
تاکە شتێک کە دەجووڵا
چاوی ڕیشۆڵەکە بوو.

٢
لە یەک کاتدا سێ ڕام هەبوو
وەک درەختێک
سێ ڕیشۆڵەی بەسەرەوە بن.

٣
ڕیشۆڵەکە لەنێو بای پایزدا خولی دەخوارد
ببوو بە بەشێکی بچووک لە نمایشە مۆسیقییەکە.

٤
ژنێک و پیاوێک
یەک شتن.
ژنێک و پیاوێک و ڕیشۆڵەیەکیش
هەر یەک شتن.

٥
نازانم کامیانم زیاتر بەدڵ بێت:
جوانیی ساتی گۆڕینی نەغمەکانی،
یان جوانیی لێڵییەکانی.
ڕیشۆڵەکە لە کاتی خوێندنیدا،
یان دوای خوێندنەکەی!

٦
چلورە بەبەردەم پەنجەرە درێژە، لێڵەکەدا
شۆڕ ببوونەوە.
سێبەری ڕیشۆڵەکە
تاوناتاوێک دەکەوتە سەر پەنجەرەکە.
ئەو کەشەی سێبەرە پچڕپچڕەکە دروستی دەکرد
شتێک بوو بە من نەدەخوێنرایەوە!

٧
ئەی پیاوە لاوازەکانی هادام[1]
بۆچی بیرتان هەر لای باڵندە ئاڵتوونییەکانە
نابینن چۆن ڕیشۆڵەکان لەبەر پێی
ژنەکانی چواردەورتان دێن و دەچن؟

٨
شێوەزاری شیرین دەزانم
ئاوازی ڕەوان و زاڵیش.
دەشزانم
کە هەموو ئەوەی دەیزانم
لە سایەی ڕیشۆڵەکەوەیە.

٩
کاتێک ڕیشۆڵەکە لە چاو دیار نەما
بوو بە قەراغی
یەكێک لە بازنە زۆرەکانی نێو ئاسمان.

١٠
بە بینینی ڕیشۆڵەکان،
کاتێک لەناو تیشکی سەوزدا دەفڕن،
تەنانەت ئارەزووبازەکانیش
دەیکەنە بەزم و هەرا.

١١
بە گالیسکەیەکی شووشە
ویلایەتی کۆنێکتیکتی تەی کرد.
لەناکاو ترسێک دایگرت
کاتێک سێبەری گالیسکەکەی
لێ بوو بە پۆلە ڕیشۆڵە.
[1] شارۆچکەیەکی سەر بە ویلایەتی کۆنێکتیکتە لە ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمەریکا. واڵس ستیڤنس بەشێکی زۆر ژیانی لەم ویلایەتە بەسەر بردووە.

١٢
ڕووبارەکە هاژە دەکا.
هەبێ و نەبێ ئێستا ڕیشۆڵەکە دەفڕێت.

١٣
دوانیوەڕۆکە هەر زوو بووە ئێوارەبەفر دەباری و
بەو زووانەش خۆشی نەدەکردەوە.
ڕیشۆڵەکە لەنێوان لقی دارسنەوبەرەکاندا
هەڵکوڕمابوو.

Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.