29/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی كار وای: چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ وۆنگ كار وای ده‌رباره‌ی فیلمی “The GrandMaster”

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: لیزا ڕزگار
سه‌رپه‌رشتیاری په‌ڕاو: چرۆ عیزه‌ت

وۆنگ کار وای ڕێک بیست خولەکی ماوە تاوەکو بە فڕۆکەکەی ڕابگات تا بگەڕێتەوە بۆ (هۆنگ کۆنگ)، بەڵام لە ڕێگادا بە سەکۆیەکی چەرمی سپیدا دەسووڕێتەوە لە ژوورێکی نهێنی پشتەوەی میوانخانەی (مۆندریان) لە (نیویۆرک)، کە ئەگەر بتبینیایە پێتوادەبوو بۆ خوانی نیوەڕۆ دەڕوات، دەرهێنەرە ٥٧ ساڵانەکە کە فیلمی تایبەت و نوێگەری بەرهەمهێناوە بۆ سەردەمی ئەوکاتەی سینەما، وەک فیلمەکانی (لە هەوای ئەشقدا ٢٠٠٠) و (چەنکینک ئێکسپرێس ١٩٩٤) کە شەپۆلی دووەمی دیمەنی نوێ بوون بۆ (هۆنگ کۆنگ) کە پڕبوون لە دووکەڵی جگەرە و ڕەنگی خوێناوی.

خۆ بە گەورە زانین و تایبه‌تمه‌ندیی میزاجیبوونی (وۆنگ) لە هەموو فیلمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، بە به‌تایبه‌تیش له‌ فیلمه‌كه‌یدا به‌ناوی (مامۆستای گەورەThe Grandmaster )، کە لە چیرۆکی سیخوڕی (بڕوس لی)ـیەوە وەرگیراوە، فیلمێکی (کۆنگ فو)ـیە کە دیمەنی شەڕکردن و سەمای مۆدێرنی کاریگەریان تێدایە، ئەو بینەرانەی فیلمە ئیرۆتیکی و جەنگییەکانیان بەدڵە، بێگومان ئەم فیلمەشیان زۆر بەدڵ بووه‌، بەڵام (وۆنگ) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بچێتە قوڵایی چەشنی هونەری جەنگییەوە بۆ ئەوەی کەلتوور و نەریتە دێرینەکانی چین زیندوو بکاتەوە، نەک بیانخاتە سەر شێوازێکی مۆدێرن

باسی ئەوەمان لەگەڵداکرد کە ئایا بڕیارەکەی بۆ بڵاوکردنەوەی دوو شێوازی جیا لە فیلمی (مامۆستای گەورە) وەک هەڵوێستێک دەبیندرێت بۆ زیندووکردنەوەی سینەمای (هۆنگ کۆنگ)، و هەروەها چۆن توانیویەتی ئەو کارانە ئەنجامبدات

لوک: خوێندوومەتەوە کە ئیلهامی چیرۆکەکەت لە گرتەیەکی سیخووڕییەوە وەرگرتووە کە باسی لە ڕێسای (وینگ چوون)ـی ٧٩ساڵان کردووە، چ شتێکت لەو ڤیدیۆیەدا زۆر بەلاوە تایبەت بوو؟ بۆچی ئەو وێنانە پاڵنەرت بوون بۆ درووستکردنی ئەم فیلمە؟

وۆنگ: دەتوانن ئێستا لە یوتیوب سەیری بکەن، بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٩٨ـدا خۆم بینیم، وەک نهێنییەک وابوو، من شەرەفی ئەوەم پێبەخشرا سەیری ئەو فیلمە بکەم.

لوک: بوەستە، لەکوێ سەیرت کرد؟ لەو شوێنەی فیلمەکە وێنەی گیرابوو؟

وۆنگ: نەخێر، لە نووسینگەکەی خۆم سەیرم کرد، کاتێک سەیرم کرد هەر لە مێشکمدا پرسیار درووست دەبوو،چونکە دەمزانی پێش سێ ڕۆژ لە مردنی خۆی وێنەی فیلمەکە گیراوە، هەر دەمپرسی ئاخۆ بۆچی وای کردووە، و زۆر بەپەرۆش بووم بۆ بینینی ئەو نیشاندەرە چونکە دەبووایە نهێنی بێت، تێکەڵەی (وینگ چون) کرۆکی بەهرەی جەنگییە، زۆربەی خەڵکی بۆ فێربوونی هونەرەکەی پارەیان پێداوە، بە (بڕوس لی)ـشەوە.

لوک: (بڕوس لی) پێشنیاری چەندی بۆ کردووە؟ دەزانیت؟

وۆنگ: شووقەیەکی بۆ پێشنیار کردووە

لووک: شووقەیەک؟

وۆنگ: بەڵێ، لەوکاتەدا زۆر هەژاربووە، (بڕوس لی) هاتەوە و زۆر سەرکەوتوو بوو، و وتی “دەمەوێت یارمەتیت بدەم بۆ ئەوەی بتوانیت بە ئاسوودەیی بژیت، بەڵام دەمەوێت ڕێنیشاندەرم بیت”

لوک: کەواتە هەر پرسیار بوو لە مێشکی تۆدا کە بۆچی ویستوویەتی سێ ڕؤژ پێش مردنەکەی ئەوە بکات؟

وۆنگ: ئەو ڕێنیشاندەر نەبووە چونکە نەیویستووە لە بەرامبەر بڕە پارەیەک یان بەرامبەرێک بیفرۆشێتەوە، زۆر بە سادەیی وتی “ئەگەر بیکەم، دەبێت بۆ هەمووان بێت، ناتوانم تەنها بۆ تۆ بێت”، نەیویستووە تا پێش مردنەکەی بیکات بۆ ئەوەی بتوانێت تۆماری بکات و پێشکەشی هەموو قوتابییەکانی بکات، بەوشێوەیە گۆشەی ئەم فیلمەم دۆزییەوە، دەربارەی سامانە، تەنها دەربارەی ئەوە نییە کە کێ باشترین جەنگاوەرە، بەڵکو گەڕان و لێکۆڵینەوەیە لەوەی کە کوالیتی (مامۆستای گەورە) چییە

لوک: بەڵام ئەوەی من لەو ڤیدیۆیەدا بینیم ئەوەبوو کە چەند لاواز و پیر بوو، دەزانیت کە ئەو چیرۆکێکی نایاب و مەزنی هەبووە بەڵام لەو ڤیدیۆیەدا بەتەنها دەیبینیت لە ژووری میوانەکەیدا لە کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنیدا.

وۆنگ: ڕێک ئەوە سەرنجی منی ڕاکێشا لە چیرۆکەکەیدا، ئەو لە خێزانێکی زۆر دەوڵەمەنددا لەدایکبووە و ژیاوە، هەتا تەمەنی ٤٠ ساڵی کارری نەکردووە، چونکە لەو ڕۆژانەدا بۆ ئەوەی مامۆستایەکی زۆر مەزنی هونەری جەنگی بیت دەبوو دەوڵەمەند بیت. ناتوانیت کاربکەیت چونکە مەشقکردن زۆر قووڵە، هەروەها ئەگەر کەسێک بێت و بیەوێت بەرەنگارت ببێتەوە وەک شەرەفێک سەیری دەکەیت، پێویستە نانیان پێبدەیت، شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بکەیت هەروەها بە دیاریی بەڕێیان بکەیت، ژیانێکی ناوازەی هەبووە بەڵام بەهۆی جەنگەوە شتانێکی زۆری لەدەستداوە، و پاشان کۆتا وێستگەی لە (هۆنگ کۆنگ) بووە، لەکۆتایی ژیانیدا هیچی تری نەبووە جگە لە…

لوک: شکۆمەندی و سپاردە؟

وۆنگ: بەڵێ ڕێک ئەوە، لە زۆربەی فیلمە کۆنگ فو’ـکاندا، هەمووان دەیانەوێت کەسایەتییەکی پاڵەوان درووستبکەن کە لەگەڵ ناپاکێکدا شەڕبکات، لە چیرۆکی (ئیپ مان)ـدا ئەو لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا شەڕناکات، بەڵکو بەرەنگاری سەختیەکانی ژیانی دەبێتەوە، هەروەها هەمیشە کۆتا کەس بیری لەخۆی کردووەتەوە.

لوک: کاتێک بە دەوری چین’ـدا گەشتت دەکرد، بۆ توێژینەوەکەت ماوەی سێ ساڵ، قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی هونەری جەنگی دەزانن و چیرۆکەکانیان…

وۆنگ: ئەوە خەونی من بوو! دەمویست بزانم واتای ڕاستەقینەی هونەری جەنگی چییە، کاتێک سەیری فیلمی هونەری جەنگی دەکەیت، فیلمە کۆنەکان بەردەوام وا هەست دەکرێت کە زۆر گەورە کرابن بە ڕاددەیەک بیردەکەیتەوە و دەپرسیت، ئای فیلمی هونەرە جەنگییەکان تەنها درۆیەکە؟

لوک: زۆربەی بینەرە ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە پڕە لە درۆ

وۆنگ: بەڵێ، بەڵێ و وەکو وتم، تەنها درۆیەکە؟ نەخێر، بەڵکو شاکارێکی مەزنە.

لوک: ئەگەر ویستووتە تێڕوانینی ڕۆژئاواییەکان لەسەر فیلمی هونەری جەنگی ڕاست بکەیتەوە، بۆچی دوو شێوازت بڵاو کردووەتەوە لە فیلمەکەی خۆت؟ یەکێکیان بۆ بینەری چینی، و یەکێکیان بۆ وڵاتانی سەرانسەری جیهان؟

وۆنگ: چونکە ناچاربووین فیلمەکە بڵاوبکەینەوە کە کاتەکەی کەمتر بێت لە ٢ کاتژمێر، بەڵام گرتە ڕەسەنەکەی ٢ کاتژمێر و ١٢خولەکە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاسایی چەند گرتەیەکمان لێ بڕی، بەڵام من نەمدەویست ئەوە بکەم، بەڵام پێکهاتەی شێوازە چینییەکە زۆر وردە، بڕینی گرتەکان بە تەواوی مەبەست ناگەیەنێت، بەڵکو بە نیوەناچڵ جێی دەهێڵێت.

لوک: بەڵام تۆ کەمێک لەمەوبەر وتت دەتەوێت بینەرە ڕۆژئاواییەکان لە مەبەستی ڕاستەقینەی فیلمی هونەری جەنگی تێبگەن، بەڵام بە بڕینی گرتەکان، پێتوایە مەبەستەکە بگەیەنێت؟

وۆنگ: هەر لەبەر ئەوە نەمدەویست شێوازێکی کورت بەرهەمبهێنم، دەمویست شێوازێکی تایبەت بەرهەمبهێنم کە پێکهاتەی فیلمەکە ڕێکبخەمەوە، شێوازە چینییەکەش بە هەمانشێوە بڵاوبوونەوەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییە، کاتێک سەیری شێوازە ئەمریکییەکە دەکەیت، باسی مێژوو و پێشینەی کارەکەم بە نووسین داناوە، پێم باشترە گرتەم زیاتر بێت لە فیلمەکەدا وەک لە قسەکردن، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕاستەوخۆ بچنە ناو چیرۆکی (ئیپ مان) و (گۆنگ ئێر)ـەوە، شێوازەکە کورت نەکراوەتەوە من بە شێوازێکی جیاواز ناوی دەهێنم

لوک: تۆ یەکێک بوویت لەو دەرهێنەرانەی کە نەک تەنها لە هۆنگ کۆنگ بەڵکو لە وڵاتانی بیانیش شوێنکەوتوو و بینەرت بەدەستهێنابوو، پێتوایە هێشتا بۆشاییەکی گەورە هەیە لەنێوان سینەمای هۆنگ کۆنگ و ئەوەی پێی دەوترێت سینەمای نێودەوڵەتی؟

وۆنگ: بێگومان دەبێت بۆشاییەکی گەورە هەبێت، چونکە ئەوەی سینەمای نێودەوڵەتی گرنگ دەکات ئەوەیە کە هەر ناوچەیەک هەست و نەستی خۆی هەیە، کاتێک سەیری فیلمی هندی یان فەڕەنسی دەکەیت تامێکی تایبەتی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کە زمانەکەیان جیاوازە، ئەگەر فیلم سەرکەوتوو بێت ئەوە زۆر ئاسانە بۆ تێگەیشتن، دڵنیام بینەر دەتوانێت هەستەکانی (کۆنگ ئێر) دەستنیشان بکات کە بۆ باوکی هەیەتی، دڵنیام بینەر دەتوانێت دەستنیشانی ئەوە بکات کە چۆن (ئیپ مان) ڕێزی خۆی پاراست و لەسەر ڕێبازەکەی خۆی بەردەوامبوو لە سەختترین کاتەکانی ژیانیدا.

لوک: ئایا لەکاتی درووستکردنی فیلمەکەدا بیرت لەو دوو جۆرە بینەرە دەکردەوە؟ ئایا لە مێشکی خۆتدا بڕیارت لەسەر دەدان؟

وۆنگ: شتێک هەیە، کە ئەم فیلمە پەیامێکی زۆر گرنگ دەگەیەنێت، کاتێک سەیری گۆڕانەکانی چین دەکەین لەم ٢٠ ساڵەی دواییدا، چین زۆر پێشکەوتووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە پێشکەوتنی چین ناگات بە ڕۆژئاواییبوون، پێویستە بە میراتی باوباپیرانماندا بچینەوە، هەروەها ئەوەی لە هونەری جەنگی فێربووین ئەوەیە کە ڕۆح و گیانی مرۆڤ بەنرخە، ژیری لە ڕەگ و ڕیشەماندا هەیە، هەروەها پێویستە سەردانیان بکەین بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا بەکاریانبهێنین و بڕوایان پێ بهێنین بابەتەکە تەنها دەربارەی چین نییە، ویستم ئەم فیلمە درووست بکەم چونکە هیواداربووم یارمەتی خەڵک بدات درک بەوە بکەن لە ڕاستیدا چ زیرەکییەک لە ڕەگ و ڕیشەی چینییەکاندا هەیە، لەبەر ئەوە کێشەم نییە هەندێک شتی فیلمەکە بگۆڕم بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر لێی تێبگەن.

لوک: دڵنیام زۆر ئەم پرسیارەت لێدەکرێت، بەڵام ناتوانم خۆم بگرم، داهاتووی سینەمای هۆنگ کۆنگ بەرەو کوێ دەگات لەکاتێکدا چین بەردەوامە لە خۆسەپاندن نەک هەر لەڕووی داراییەوە، بەڵکو لەڕووی هێزی سەربازی و هونەریشەوە؟

وۆنگ: پێموابێت ئەوەی سینەمای هۆنگ کۆنگ ئەوندە گرنگ و تایبەت دەکات ئەوەیە کە بەرهەمهێنەرەکان زۆر وریان لەوەی کە تەنها فیلم بۆ ناوخۆی خۆیان بەرهەم نەهێنن. لە ساڵی ١٩٤٩’ـەوە سینەمای هۆنگ کۆنگ بۆ سەر ئاستی دەرەوەش بووە، دواتر فیلمیان بەرهەمدەهێنا بۆ سینەماکانی باشووری ئاسیا، کۆریا، و سینەما ژاپۆنییەکانیش، لە ساڵی ٧٠ـکان زۆربەی سینەماکانی هۆڵیوود وێنەی چینییەکانیان دەخستەڕوو وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لەلایەن ئەکتەرێکی ڕۆژئاواییەوە، کە ئارایشتێکی شێتانەی بۆکرابوو تاوەکو چاوەکانی بچووک ببێتەوە، بەڵام فیلمە کۆنگ فوییەکان ئەو ڕێچکەیەیان شکاند، (بڕوس لی) توانی ببێت بە ئەکتەری سەرەکی، چینییەک لە فیلمێکی چینیدا نواندن بکات. بەشێوەیەک، ئەمە جیاوازی نێوان سینەمای چین و هۆنگ کۆنگە – سینەمای چینی تەنها بۆ کۆمەڵگای چینی درووستکراوە، بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بوو، بەڵام هۆنگ کۆنگ بۆ دڵخۆشکردن فیلمەکانی بەرهەمدەهێنا، هەروەها دەزانن کە چۆن مامەڵەبکەن لەگەڵ بینەرە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەوە شتێکە کە سینەمای چین پێویستی پێیەتی، لەبەر ئەوە زۆربەی کۆمپانیاکانی هۆنگ کۆنگ لە چین کاردەکەن، چونکە شوێنێکی فراوانترە بۆ کارکردن

لوک: هەندێک لەو سوودانە چین کە لە بەرهەمهێنانی فیلم لە چیندا هەن؟

وۆنگ: فیلمی (مامۆستای گەورە) فیلمێکە لە چین بەرهەمهێندراوە، هەروەها بەبێ کارکردن لە چین هەرگیز ئەو فیلمە بەرهەمنەدەهێندرا چونکە تێچووی زۆربوو، بەڵام وەک دەزانیت پێویستە لەگەڵ بەشی چاودێریدا ڕێک بکەوین ئەوان لەڕاستیدا زۆر باشن، دەزانن کە دەبێت فرۆش بۆ فیلمەکە و تێچووی فیلمەکە دابین بکەن، چونکە ئەگەر وانەبێت لەلایەن هۆڵیوودەکانەوە لادەبرێت، ئەوە واتا فیلمەکان دەبێت لەلایەن هەموو تەمەنێکەوە سەیربکرێن، چەندین چەشنی تایبەت هەن کە ئەستەمە لە چین کاریان لەسەر بکرێت، وەک چیرۆکەکانی تارمایی، شتێکی زۆر گرافیکی، توندوتیژی، هەروەها بێگومان ئەوانەی سیاسین، ئەگەر ئەو چەشنانە نەبێت هەموو چەشنێکی تر ئاساییە

لوک: ئایا ڕووبەڕووی ئەو کێشانە بوویتەتەوە؟

وۆنگ: نەخێر، بەڵام دەزانم چەند بابەتێکی تایبەتی هەن نابێت دەستیان بۆ ببرێت، لەوانەیە چەند ساڵێکی تر ئاسایی بێت، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت

لوک: تۆ سەرۆکی لیژنەی بڕیاردەر بوویت لە فیستیڤاڵی فیلم لە بەرلین، ئەو فیلمانە چیبوون کە بینیت و چێژت لێ وەرگرتن؟

وۆنگ: دوو دانە زۆر هەستم دەکرد کاریگەربوون، یەکێکیان فیلمی (ستیڤ ماکوین) بەناوی (شەرمەزاری) کە پێموابێت زۆر نایاب بوو، ئەوەی تریشیان لە (ڕۆمانیا)ـوە بوو، کە ئەمساڵ خەڵاتی ورچی ئاڵتوونی بردەوە، دەرهێنەرێکی زۆر ناوازە نەبوو بەڵام زۆر میهرەبان بوو و چیرۆک بێژێکی زۆر باشبوو.

لوک: کۆتا پرسیار، ئەو چاویلکانەت لەکوێ کڕیوە؟

وۆنگ: چەند ساڵێک لەمەوبەر چووم بۆ ژاپۆن، کوڕێک پێی وتم کە هونەرمەندێک هەیە پێشتر شمشێری ساموڕای درووستکردووە و ئێستا چوارچێوەی چاویلکە درووست دەکات، منیش داوام لێکرد شتێکی هاوشێوەم بۆ درووستبکات و ڕازیبوو، بۆیە چەند دانەیەکم لێ داواکرد، و کاتێک سەیری کارەکەی دەکەیت دەبینیت کە چەند گۆشەیەکی تایبەت و چەند پێکهاتەیەکی تایبەتی تێدایە وەک شمشێری ساموڕاییە

لوک: کەواتە تۆ ئێستا شمشێری ساموڕایت لەچاوکردووە

وۆنگ: شێتانەیە، وایە؟

هاوبەشی بکە