18/05/2024
DidiMn Logo
Top

بەرلەوەی لەم کۆڵانەدا خەو بمباتەوە

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

ئەمڕۆ یەکشەممەیە
بەهۆکارێک لە ماڵەوە بۆ دەرەوە دەچم
وەک ڕێبوارێک ڕێبەرەکەی ونکردبێت
تەنیاو ماندو و بێزار
بەژێر درەخت و هەتاو و ئاسماندا دەڕۆم
لە بەر ئازار، کە لە قەرەباڵغی ئەم شارەدا نەمتوانی لە خۆمی ون بکەم.
سڵاو لە درەختێک دەکەم کە با دەیجوڵێنێت
سڵاو لە سەگێک دەکەم کە سەیرم دەکات
سڵاو لە بەردێک دەکەم کە وەک من نازانێت
کاتژمێر چەندە.
سڵاو لە تاریکی دەکەم کە دەستم پێدەخاتەوە گیرفانم و
بیرمدەخاتەوە سبەی ڕۆژێکی تازەیە
بۆ ئازار!

“ڕێگەمبدە پێتبڵێم
ئەمڕۆژانە کە لێرەنیت
هەموو ڕۆژێک یەکشەممەیە”

ئەمڕۆ یەکشەممەیە
هەمان هۆکار دەمگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەوە
تەنیاو تاریک و بێزار
خۆم دەبەمەوە بۆ ماڵ
گۆچانێک کە پارچەیەک تاریکی پیری هەڵگرتووە
بە نزیکمدا تێدەپەڕێت.
ترسم لە ڕووخان لە تەنیایی لە شەو
ناڕەوێنێتەوە و
ئازارێک کە ڕۆژانێکە بەم شارەدا دەمگێڕێت
دەمخاتە سەر ئەژنۆ.
ڕووناکی گڵۆپەکان سێبەرەکەم دەخەنە بەردەمم
بۆ شاردنەوەی خۆم لەسێبەرەکەم
بەدوای دەستەکانتدا دەگەڕێم ڕوخسارمی تیا بنێژم.

ئێستا دوو شەممەیە
نازانم تۆ لەتاریکی ئەمشەودا بیر لەچی دەکەیتەوە
بەرلەوەی لەم کۆڵانەدا خەو بمباتەوە
دەمەوێت پێتبڵێم
خۆشمدەوێیت.

هاوبەشی بکە