نووسینی: مارك كێرمۆد – رۆژنامه‌ی گاردیان
له ئینگلیزیه‌وه: ئالان عه‌توف
خۆشویستنی ده‌رفه‌تە له‌ده‌ستچووه‌كان كه خەتەرناکانە، چێژبه‌خشن.
یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی فیلمه‌كه‌ی ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ری كۆری-كه‌نه‌دی سیلین سۆنگ چیرۆكی كاریگه‌ری دوو ئازیزی منداڵی ده‌گێڕێته‌وه كه قه‌ده‌ر به هه‌زاره‌ها كیلۆمه‌تر له یه‌كی دوورخستوونەتەوە. ئه‌م فیلمه‌ی سیلین سۆنگ، كه لەسەرەتاوە زۆر متمانه‌به‌خۆ ده‌ركه‌وت، گه‌وهه‌رێكه یه‌كجار سه‌رسوڕهێن. – فیلمەکە تەنها بریتی نییە لە چیرۆكی چه‌ند یه‌ك بینینێكی زۆر كورت له نێوان دوو رۆحی لێكدابڕاودا، كه له ماوه‌ی ٢٤ ساڵدا به‌سه‌رهاته‌كانی پیشان ده‌درێت.
به تێكه‌ڵكردنی تاسەی ئازاربه‌خشی فیلمی (In the Mood for Love)ی وانگ كار-وای له‌گه‌ڵ هۆگریی لاموبالاتانهی سیانه‌ی (Before Sunrise, Before Sunset & Before Midnight)ی ریچارد لینكلاتهر، وێنه‌ی خۆشه‌ویستییه‌كی چارەسەرنەبوو ده‌كێشێت كه هێنده‌ی قووڵییه‌كه‌ی نازداره، و هه‌ڵده‌ستێت به چنینی تێما ئه‌به‌دییه‌كانی چاره‌نووس و چاودێری په‌روه‌ردگارانه له‌گه‌ڵ تێڕامانه خاكیی و شه‌یتانیه‌كانی سودفه و شوناسی گۆڕاودا.
ئه‌نجامه‌كه‌شی، كه پێیه‌كی له كۆریای باشووره و پێیه‌كی تری له ئه‌مریكای باكوور، هه‌ندێك جار هه‌ست ده‌كه‌یت وه‌ك یهكانگیربوونێکی مه‌حاڵه له نێوان هه‌ردوو فیلمی (Return to Seoul)ی ده‌یڤی چوو و (Sleepless in Seattle)ی نۆرا ئێفرۆن كه به میلانکۆلیایەک وێنه‌گیراوه کە ئازارەکانی شاراوەن و دیمه‌نه‌كانی كۆتایی فیلمی (Tokyo Story) یاسوجیرۆ ئۆزو ده‌هێنته‌وه یاد.
دایه‌لۆگ له باڕێكی نیویۆركدا ده‌ست پێده‌كات كه له‌وێ موشتهرییەکی پیشان نەدراو ده‌پرسێت: (پێتوایه ئه‌وانه چی یه‌كترن؟) كامێرا ٣٥ ملمیهكهی سینه‌ماتۆگرافه‌ر شابیێر كیرشنهر به گرته‌یه‌كی دوور دەیخاتە سەر سێ کەسی سەر باڕەکە کە ئەوانیش – های سونگ (تیۆ ی‌و)ی كۆریای باشوور، نۆرا (گرێتا لی)كه لە فیلمەکەدا كۆچبه‌رێكی كۆری-كه‌نه‌دیه له‌گه‌ڵ ئارسه‌ر (جۆن ماگارۆ)ی جوولهكهیەکی ئه‌مریكییە – و ده‌نگه پیشان نەدراوەکەش بێ ئاگایه له‌وه‌ی كه ئه‌بێ ئه‌مانه چی یه‌كتری بن: ئایا خۆشك و بران، هاوكارن یان خۆشه‌ویستی یه‌كدی؟
لەم گرتەیەوە ٢٤ ساڵ ده‌گه‌ڕێینه‌وه دواوه بۆ سیئۆل، كه دوو منداڵی هاوڕێی قوتابخانەن: نا یۆنگ (كه ناوه ئه‌سڵیه‌كه‌ی نۆرایه) و های سۆنگ په‌یوه‌ندییه‌كی كێبڕكێ ئامێزیان هه‌یه. نا یۆنگ ده‌ڵێت “[های سۆنگ] زۆر پیاوانه هه‌ڵكه‌وتووە، پێده‌چێت شووی پێ بكه‌م.” به‌ڵام دایك و باوكی نا یۆنگ (نۆرا) هونه‌رمه‌ندن و پلانی تریان هه‌یه و بە نیازی كۆچكردنن بەروە تۆرۆنتۆ لە کەنەدا، به‌مه‌ش ئه‌م دوو خۆشه‌ویسته ئاینده‌ییه لە یەک دادەبڕن.
دوای دوانزه ساڵ، ئه‌م دووانه به ئۆنلاین له رێگه‌ی فه‌یسبوك و سكایپه‌وه یه‌ك ده‌گرنه‌وه و گفتوگۆی ئاڵۆز ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن له كاتێكدا هه‌ر یه‌كه‌یان له‌وپه‌ڕی كۆتایی رۆژدایه و هه‌ر یه‌كه‌یان له‌وپه‌ڕی دونیا نیشتەجێیە. های سۆنگ خزمه‌تی سه‌ربازی ته‌واو كردووه و خه‌ریكی خوێندنه له ئه‌ندازیاریدا، بەڵام نۆرا بووه‌ته شانۆنامه‌نووس. پێكه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك و له سه‌ر هیچ شتێكیش قسه ده‌كه‌ن، به نموونه: باس لە فیلمی Eternal Sunshine of the Spotless Mind و به منداڵی چه‌نێك لێك نزیك بوون و چۆن های سۆنگ دڵنه‌وایی داوەتەوە كه نۆرا گریاوە، دەکەن. بەڵام لەئێستادا نۆرا له نیویۆرك وه‌ستاوه له گریان، به‌شێكی له‌به‌ر ئه‌وه‌یە “كه‌س نییە گرنگی پێ بدات” و به‌شێكیشی له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه چی دی نۆرا ئەو كه‌سه‌ی ئه‌وسا نییه و له سه‌رده‌مێكی جیاواز و كولتوورێكی جیاوازدا خۆی دروستكردووه‌ته‌وه.
كاتێك باس له چه‌مكی (ئین-یۆن)ی كۆری ده‌كرێت (به مانای چارەنووس یان چاودێری پەروەردگارانە دێت) و گفتوگۆیەکی چاکیشی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئیدی وا دەردەکەوێت كه فیلمەکە خەریکە دەبێتە رۆمانسییهتێكی نه‌ریتیی، به‌و مانایه‌ی كه “تەواو ئێمه بۆ یه‌ك ده‌بین”.
به‌ڵام های سۆنگ زیاتر حه‌زی له‌وه‌یه بكۆڵێته‌وه لەوەی كه مرۆڤه‌كان چۆن ده‌گۆڕدرێن نه‌ك چۆن پێكه‌وه ده‌مێننه‌وه – چۆن شوناس پێناسه ده‌كرێت به‌رمه‌بنای ئه‌وه‌ی ئێستا له‌كوێ ده‌ژین به قه‌د ئه‌وه‌ی كه كاتی خۆی كێ بووین. بۆیه به رێكه‌وت نییه كاتێك ناوونیشانی فیلمه‌كه له‌سه‌ر شاشه ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ردوو ووشه‌ی (رابردوو – Past) و (ژیان – Lives) به بۆشاییه‌كی گه‌وره جیاكراونه‌ته‌وه. ئه‌و دوو ووشه‌یه پێكه‌وه شتێك ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام (به جیا) مانایه‌كی تر ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه.
بازدانێكی دیكه ١٢ ساڵ پاشتر ده‌مانباته‌وه هه‌مان باڕ، ئه‌مجاره له روانگه‌یه‌كی جیاوازه‌وه ده‌چینه‌وه سه‌ر دیمه‌نی سه‌ره‌تای فیلمه‌كه – یان دروست تر، له سێ روانگه‌ی جیاوازه‌وه. نۆرا له ژێر سێبه‌ری پردی بروكلین به های سونگ ده‌ڵێت “ئه‌و كات ئێمه ته‌نها منداڵ بووین، ئێسته چی دی منداڵ نین”. دواتر به روویەکی رهوهندگهراوه كه هه‌م گاڵته‌جاڕانه‌یه و هه‌م دڵته‌زێن، نۆرا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه های سۆنگ “زۆر كۆرییه. هه‌ست ده‌كه‌م من زۆر كۆری نیم كاتێك له‌گه‌ڵیدام، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا زۆر كۆری ترم لەو”.
شتێكی ته‌واو تاسێنه‌ر لەئارادایە له‌و ئاسانكاریه فریودهرهدا كه به‌هۆیه‌وه سۆنگی دەرهێنەر له یه‌كه‌م هورووژمی سینه‌ماییی خۆیدا میتافیزیك و حه‌قیقه‌ت هه‌ڵبه‌زودابه‌ز پێ ده‌كات و وه‌ك جادوو جیهانێك پێشه‌كه‌ش ده‌كات كه تیایدا هه‌موو بریارێك هێزی گۆڕینی هه‌یه، و چه‌مكه‌كانی (خۆشه‌ویستی) و (هاوڕێیه‌تی)یش له یه‌ك كاتدا به شێوه‌یه‌كی لێڵ مرونه‌تیان تیایە، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یریش حه‌تمین. ره‌نگه پێشتر سۆنگ وه‌ك شانۆنامه‌نووسێك ناسرابێت، به‌ڵام دوای ئەم فیلمەی، سەرەتایەکی دره‌وشاوه‌ی شاشه گهرورهكانی له پێشه.
ده‌ستخۆشی بۆ كاستی سه‌ره‌كی ئیشه‌كه، كه ته‌نها به وهرچارخاندنی سه‌رێك یان جووڵه‌ی كه‌می شانێك كارێكی موعجیزه‌ئامێز ده‌كه‌ن له وێناكردنی ململانێ و نه‌شوه‌ی ناوه‌كییدا. مۆسیقا مه‌زنه‌كه‌ی كریستۆفه‌ر بیێر و دانیێل رۆسن ئەو وێنه نموونهییهش ته‌واو ده‌كه‌ن كه كه‌وتووه‌ته شوێنێكه‌وه له‌نێوان تێما لیركییهكانی پیانۆی ساوندتراكی (Drive My Car)ی ئیكۆ ئیشیباشی و سه‌مه‌ره‌یی پڕجۆشی كاره‌كانی جۆن بریۆن له (Punch-Drunk Love)دا، كه پڕیەتی له دۆزینه‌وه‌ی نادڵنیا و ئه‌گه‌ری ئه‌فسوناوی و (له هه‌مووی گرنگتر) ئازاری تاڵ و شیرینی راستی.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.