18/11/2024
DidiMn Logo
Top

نیورۆبایۆلۆجیی ئەنفال

لە لایەن دیدی من 7 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – د. سەهەند ئالان

جینۆساید و قەتڵوعامە بێشومارەکانی مێژوو بۆ فەیلەسوف و بیرمەندان ساتی تێرامان و لەسەروەستان بووە. فەیلەسوفی ئینگلیزی “تۆماس هۆبز” پێی وابوو مرۆڤەکان بە سرووشت دڕندەن و هەمیشە لە جەنگدان لەگەڵ یەک, لەبەرامبەردا فەیلەسوفی سویسری “جان جاک ڕۆسۆ” باوەڕێکی ئێجگار زۆری بە سرووشتی باشەی مرۆڤەکان هەبوو. تا ئەمڕۆکەش هەردوو بیرکردنەوەی هۆبزی و ڕۆسۆیی لە جەدەلدان و لەلایەن شەیدایانی هەردوو ڕێبازە فیکرییەکەوە دیالۆگ دەکرێ و ئارگیومێنتە جیاوازەکان بەرامبەر یەک دەخرێنە ڕوو.

تراجیدیای هۆڵۆکۆست گورزێکی گەورە بوو لەو تێڕوانینەی بڕوای بە پاکژیی سرووشتی مرۆڤ بوو. فەیلەسوفی ئەڵمانی “تیۆدۆر ئەدۆرنۆ” پێی وابوو دوای “ئاوشفیتز” نووسینی شیعر بێ مانایە، ئەمەش بەو مانایەی لەجیاتی شینگێڕان بۆ تراجیدیاکان نووسەران دەبێ هەوڵبدەن پەنجە بخەنە سەر ڕەگی بەرهەمهێنەری ئەو تراجیدیانە، لێرەشەوە تێگەیشتنێکی فرەلایەن بۆ هۆکارەکانی خوڵقاندنی وێرانکاری لەلایەن مرۆڤەوە گەڵاڵە بکرێت تا لە داهاتوودا ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم چەشنە لە کارەسات بگیرێت.

دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە چەندین دیدگا و قوتابخانەی فیکریی جیاوازەوە خوێندنەوە بۆ سرووشتی مرۆڤ و توانای مرۆڤ لە بەرهەمهێنانی توندوتیژی کراوە و کەم تا زۆر ئاشناین بەم دید و تێڕوانینانە، ئەوەی تاڕادەیەک لەسەر شانۆی ڕۆشنبیریی ئێمە نادیار و شاراوەیە و کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، تێڕوانینە زانستییەکەیە بۆ سرووشتی مرۆڤ و توانای ئەم بوونەوەرە لە بەرهەمهێنانی وێرانکاری و تراجیدیای خوێناویدا.

نووسین و وانەکانی ساپۆڵسکی لە نووسینی ئەم وتارەدا هاوکارم بوو

مێشکی مرۆڤ خودان توانایەکی بێسنوورە لە دابەشکردنی دونیا بەسەر هەردوو زۆنی “ئێمە و ئەوان” یاخود “خۆمان و خۆیان” لە چەندین کایەی جیاوازدا بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر.

کاتێک وێنەی کەسێکی ڕەشپێست نیشانی کەسێکی سپیپێست دەدرێت، لە ماوەی کەمتر لە چرکەیەکدا بەشی “Amygdala”ی مێشکی کەسە سپیپێستەکە چالاک دەبێت، ئەم بەشەش بەرپرسە لە دروستبوونی هەستی ترس و دڵەڕاوکێ و توندوتیژی لە مرۆڤدا. بەڵام کاتێک وێنەی کەسێک لە هەمان ڕەنگی پێستی خۆی نیشانی کەسی یەکەم دەدرێ، “Amygdala” چالاک نابێت.

ئایا ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە پێمان دەڵێت کە مرۆڤ لە ئەزەلەوە و بە سرووشت ڕەگەزپەرست و زینۆفۆبیکە و دەرچەیەکیشمان نییە بۆ دەربازبوون لەم ویستە ناوەکییەی مێشکمان؟ ئایا تراجیدیاکانی وەک ئەنفال و هۆڵۆکۆست بەرهەمی کارکردە ناوەکییەکانی مێشکی مرۆڤن و تا دنیا دنیایە ئێمە دەبێ چاوەڕێی ڕوودانی کارەساتی تری لەو شێوەیە بین؟

ئەم وتارە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدات بەپشتبەستن بە زانستی بایۆلۆجی بە گشتی و زانستی مێشک ودەمارناسیی مۆدێرن بەدیاریکراوی. بۆ ئەم مەبەستەش کەڵکمان لە نووسین و وانەکانی زانای ئەمریکی “پرۆفیسۆر ڕۆبێرت ساپۆڵسکی” وەرگرتووە.

جێی ئاماژەیە بڵێم ساپۆڵسکی پڕۆفیسۆرە لە زانستی بایۆلۆجی و نیورۆلۆجی لە زانکۆی ستانفۆرد و یەکێکیشە لە نووسەرە دیارەکانی ژانرەی “Popular Science” ،  ساڵی ٢٠١٧ کتێبی “Behave”ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە قووڵی شەن و کەوی گەلێک پرسیاری بنچینەیی و مۆراڵیی لەبارەی مرۆڤ و ڕەفتارە جیاوازەکانی  لە دیدگایەکی زانستییەوە دەکات.

توانستی ناوەکیی مرۆڤەکان لە دابەشکردنی دونیا بەسەر “خۆمان و خۆیان”دا

زانستی مێشک و دەمارناسیی مۆدێرن لە ڕێگەی چەندین توێژینەوە و تاقیکردنەوەی هەمەجۆرەوە گەیشتووە بەو دەرئەنجامەی لە مێشکی مرۆڤدا میکانیزم و کارکردێکی ناوەکی لە کاردایە کە بەردەوام دونیا و هەموو کایە جیاوازەکانی ژیان دابەشدەکات بەسەر هەردوو زۆنی “ئێمە و ئەوان”دا. دابەشکارییەک کە زۆرجار هێندە بە بێدەنگی و شاراوەیی کاردەکات، تەنانەت کەسەکە خۆشی هەستی پێناکات، وەک ئەو نموونەیەی دەقیق لە کاتی وێنەگرتنی فلمی بەناوبانگی “Planet of the Apes – 1968” ڕوویدا؛ ئەو ئەکتەرانەی لە فیلمەکەدا ڕۆڵی چیمپانزییان دەگێڕا کاتی پشووەکانیان بە جیا لەو ئەکتەرانە بەسەردەبرد کە ڕۆڵی گۆریلایان دەگێڕا، دابەشکارییەکی سادە کە دواتر پرسیار لە خودی ئەکتەرەکانیش کرا، وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەبوو کە بۆ کارێکی لەو شێوەیەیان کردووە.

دیاردەی دابەشکردنی دونیا بەسەر ئێمە و ئەواندا پرۆسەیەکی قووڵ وئاڵۆزە، هەمیشە لە ناواخنیدا کار لەسەر گەورەکردن و پیرۆزکردنی ئەو بەهایانە دەکات کە پەیوەستن بە ئێمە و کۆمەڵی ئێمەوە؛ ئێمە هەمیشە لەسەر هەقین، ئاقڵترین، بە ئەخلاقترین، و هەمیشە ئێمەین کە نەتەوەی هەڵبژێردراوی خوداوەندین. تەنانەت ئەمە سەردەکێشێتە ناو هەموو کون و قوژبنەکانی ژیانی ڕۆژانەوە؛ خواردنەکانی ئێمە بەتامترە، مۆسیقای ئێمە ڕەسەنترە، و زمانی قسەکردنی ئێمە شیعریترە.

هەڵبەت پێچەوانەی ئەم بیرکردنەوانە لە بەرامبەر کۆمەڵی ئەواندا لەکاردایە، هەمیشە ئەوان نەتەوە و گروهە سادە و ساکارەکەن، هەستوسۆزەکانیان هێشتا پێنەگەیشتووە، تەنانەت ئەوان وەک ئێمە هەست بە ئازار ناکەن. بۆ نموونە چینی سەرەوە لە ڕۆمای کۆن بێت یان لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست یان هەر کات و جێگایەکی تری مێژوو هەمیشە کۆیلەکانیان وەک نەزان و بێعەقڵ تەماشا کردووە و پێیان وابووە هەرگیر ناتوانن سەربەخۆ بن و خۆیان کاروباری ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن.

کێشە گەورەکە ئەودەمە سەرهەڵدەدات کاتێک تێدەگەین ئەم توانستە ناوەکییەی مێشکی مرۆڤەکان بۆ دابەشکردنی دونیا بەسەر “ئێمە و ئەوان”دا لە خۆیدا هەڵگری توانستێکی دییە بۆ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان وەرچەرخێتە سەر ئاکتی توندوتیژ و کردەوەی وێرانکار.

واتە دەکرێت لەم توانستەی مێشکی مرۆڤەوە کردەی خوێناوی بەرهەم بێت بەرامبەر گەل یان هۆزێکی تر بەو بیانووەی بوونێکی نزمی وەک “ئەوان” نابێت سەرەتاییترین مافی هەبێت کە مافی ژیانە، یاخود پرۆسەیەکی دورودرێژی چەوسانەوە و سەرکوتکردنی لێوە سەرچاوە بگرێت بەو بیانووەی نابێ لەپاڵ “ئێمە”یەکی بەرز و بەهێزدا بوونێکی نزم و لاوازی وەک “ئەوان” خۆی دەربخات، هەندێجاریش  پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی ئاسیمیلەکردن دەستبەکاردەبێت بەو نیازەی لە داهاتوویەکی دووردا “ئەوان”ی دەشتەکی و شاخاوی و لادێیی ببن بە “ئێمە”یەکی شاری و مۆدێرن و خۆرئاوایی، زمانە سادە دەنگ قەلەباچکەییەکەی “خۆیان” بیربچێتەوە و فێری زمانە ڕەوانەکەی “خۆمان” بن.

پرسیارێک لێرەدا پێویست بێ بیکەین ئەوەیە کە ئایا لەناو ئاژەڵەکانیشدا ئەم توانستی دابەشکردنەی دونیا بەسەر “ئێمە و ئەوان”دا دەبینرێت یاخود نا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە و تێگەیشتنی زیاتر لەم باسە دەگەڕێینەوە بۆ زانستی ئیڤۆڵوشن.

“Kin Selection” چییە؟

ئیڤۆڵوشن ئەگەر ئامانجێکی بۆ دیاریبکەین؛ بریتییە لەوەی هەر زیندەوەرێک لە هەوڵدایە کۆپیی جینەکانی بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆی، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستە لەسەری وەچەبخاتەوە و توانای خۆی لە زۆربووندا پەرە پێبدات، بۆ ئەمەش گرنگە پەرە بەو توانایانەی بدات کە هاریکاری دەبن تا لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا خۆی بگونجێنێت، بەم شێوەیەش زۆرترین ماوە لە ژیاندا دەبێت و دەتوانێت زۆرترین وەچە بخاتەوە، ئەم پرۆسەیە بە گشتی پێی دەوترێت “Individual Selection”.

لە ئیڤۆڵوشندا پڕۆسەیەکی ترمان هەیە پێی دەوترێت “Kin Selection”، واتە دەکرێ زیندەوەرێک لە ژینگەکەیدا بە جۆرێک ڕەفتار بکات، وەک تاک زیان بە خودی زیندەوەرەکە بگەیەنێت، بەڵام ڕەفتارەکە ڕێگەخۆشکردن و کارئاسانی بێت بۆ چەند زیندەوەرێکی تر کە پێکهاتەی جینەکانیان لە زیندەوەرەکەی یەکەمەوە نزیکە، تا ئەوان بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە و وەچەی زیاتر بخەنەوە؛ بەم شێوازە جینی زیندەوەرەکەی یەکەم دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو لە ڕێگەی خزمەکانییەوە.

زانای بواری جێنەتیکس “John Haldane” لەمبارەیەوە وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت “بە خۆشحاڵییەوە ژیانی خۆم دا ئەنێم بۆ دوو برا یان بۆ هەشت ئامۆزا”، ئەم وتەیەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەرکەسێک %٥٠ی جینەکانی لەگەڵ براکەی و %١٢.٥ی جینەکانی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا هاوبەشە.

“Kin Selection” دەتوانێت تەفسیری زۆرێک لە ڕەفتارە خۆنەویستەکانی ناو دنیای زیندەوەران بکات، بۆ نموونە کاتێک سمۆرەیەک ئاژەڵێکی دڕندە دەبینێت دەنگێکی ئاگادارکردنەوە دەردەکات تا سمۆرەکانی هاوڕێی لە پێشهاتێکی مەترسیدار ئاگاداربکاتەوە، کاتێکیش ئەم دەنگە دەردەکات ئەگەر سمۆرەکانی تر خزم و نزیکی خۆی بن لە ڕووی پێکهاتی جینەوە. ئەم کردەیە بۆ خودی سمۆرەکەی یەکەم کردەیەکی ڕیسکی و پڕ مەترسییە، بەڵام هێشتا سمۆرەکە خۆی دەخاتە بەر ئەو مەترسییە لەپێناو پاراستنی سمۆرە خزمەکانی.

ئێستا دەپرسین چۆن ئاژەڵێک ئاژەڵێکی تر دەناسێتەوە کە لەڕووی پێکهاتی جینەکانیانەوە نزیکایەتییان هەیە و خزمن؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش فیرۆمۆنەکانە. فیرۆمۆن ماددەیەکی کیمیاییە لە جەستەی ئاژەڵێکەوە دەردەکرێ و ئاژەڵێکی تر لەڕێی بۆنکردنەوە دەیناسێتەوە. بەم ڕێگایەش خزمایەتی  لەنێوان ئاژەڵەکاندا دەبەسترێت و دەزانن کێ خزمی کێیە، لێرەشەوە دونیا دابەشدەکەن بەسەر دونیای پارێزراوی “خۆمان” و دونیای مەترسیداری “ئەوان”دا.

ئەی مرۆڤەکان چۆن “خۆمان” لە “خۆیان” جیادەکەنەوە؟

ئاشکرایە مرۆڤەکان لەڕێی فیرۆمۆنەکانەوە پەیوەندی نابەستن، خوشک و برا و خزمو هاونیشتمانییەکانیان بەم شێوەیە ناناسنەوە، بەڵکو مرۆڤ لە ڕێی بیرکردنەوەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کێ سەر بە خۆمانە و کێ سەر بە خۆیانە.

زۆربەمان ڕەنگە دیمەنی فیلمە بەناوبانگەکەی پۆلانسکی “The Pianist”مان لەیاد بێت کاتێک دوای تەواوبوونی جەنگ سەربازەکان “ڤلادیسلاڤ شپیلمان” دەبینن  بە پاڵتۆیەکی سەربازیی نازییەکانەوە لە وێرانەی خانوویەکدا خۆی حەشارداوە، خێرا دەستدەکەن بە تەقەکردن و هێندەی نامێنێت پاڵەوانی فیلمەکە بکوژن. دواتر “شپیلمان”ی موزیسیان دەستەکانی بەرزدەکاتەوە و پێیان دەڵێت کە نازی نییە و تەنها لەبەر سەرما و سۆڵە ئەم پاڵتۆ نەگریسەی لەبەرکردووە، سەربازەکان تەقە دەوەستێنن و لەوە تێدەگەن سەر بە گروپەکەی خۆیانە و دوژمن نییە، واتە سەربازە پۆڵەندییەکان دەبوو بیربکەنەوە تا تێبگەن ئەو کەسەی بەردەمیان نازی نییە و نابێت بیکوژن.

بەڵام کێشەی بیرکردنەوە ئەوەیە کە هەمیشە قابیلی ئیستیغلال کردن و کۆنترۆڵکردنە. واتە دەکرێت بیرکردنەوەی کەسێک بەجۆرێک ئیستیغلال بکەیت وای لێبکەیت کەسێکی تر کە برای ڕاستەقینەشی نییە وەک برا تەماشا بکات، ئەم جۆرە ئیستیغلالکردنەی بیرکردنەوە لە یەکە سەربازییەکاندا بەشێوەیەکی چڕوپڕ کاری لەسەردەکرێت لە تەواوی جیهاندا. هەروەها دەکرێ بیرکردنەوەی کەسێک بەشێوازێک ئیستیغلال بکرێ کە کەسێکی نزیکی لێ ببێ بە دوژمنێکی سەرسەخت و بێگانەیەکی هەمیشەیی، شەڕی ناوخۆی خۆمان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو نموونەیەکی ڕوونی ئەم جۆرەیە لە کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە.

لە هەندێک بارودۆخی تایبەتیشدا ئەم شێوازە لە ئیستیغلالکردنی بیرکردنەوە سەردەکێشێ بۆ بیرکردنەوەیەکی ئێجگار ترسناک؛ ئەویش “بەئاژەڵکردن” و “لە مرۆڤ داماڵین”ی مرۆڤێکی ترە؛ نازییەکان جووەکانیان بە جرج دەشوبهاند و هوتووەکانی ڕواندا توتسییەکانیان وەک قالۆنچە وێنا دەکرد، هەردووکیشیان بیانوویان بە خۆیان دا تا لایەنی بەرامبەر جینۆساید بکەن و بیانسڕنەوە.

ئەم بە ئاژەڵکردن و لە مرۆڤ داماڵینە هەنگاوێکە لە کۆمەڵێک هەنگاوی دوا بە دوای یەک، کە لە کۆتا هەنگاودا هەموو کوشتوبڕ و سڕینەوەیەکی دەستەجەمعیی ئەوانی ئاژەڵ و دێوەزمە حەڵاڵ دەکات.

پاش ئەوەی عێراق لە پایزی ١٩٩٠ کوێتی داگیرکرد، ئەمریکا ئەم تاکتیکەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی وەک ئاژەڵ و وەحش لە سەربازە عێراقییەکان بڕوانن و گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکەن تا بەشداری لە جەنگەکەدا بکەن.

ئەمریکییەکان کچێکی ١٥ ساڵی کوێتییان بە ناوی “نیرە” لە بەردەم کۆنگرێسی مافەکانی مرۆڤ و میدیا جیهانییەکاندا دانا بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە تراجیدیەی کە چۆن سەربازە عێراقییەکان سێسەد منداڵی نەبەکامیان لە ئامێرەکانی ئۆکسجینی نەخۆشخانەکە کردووەتەوە و منداڵە ساواکانییان بەجێهێشتووە بۆ مردن. ئەم چیرۆکە بەس بوو بۆ ئەوەی ڕای گشتی ئەمریکا بجوڵێت و وەک ئاژەڵ و دێوەزمە لە سەربازە عێراقییەکان بڕوانن، بەم شێوەیەش بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار پشتگیرییەکی بێشوماری خەڵکی بەدەستهێنا و ئەمریکا هاتە ناو جەنگەکەوە.

ئەگەرچی دواتر دەرکەوت ئەم چیرۆکە درۆینە و هەڵبەستراو بووە، “نیرە”ش کچی باڵیۆزی کوێت بووە لە ئەمریکا و بەهیچ شێوەیەک لە دەستپێکی داگیرکارییەکە لە کوێت نەبووە. ئەم چیرۆکە نموونەیەکی ڕوونی ئیستیغلالکردنی بیرکردنەوەی خەڵکە بەو ئاڕاستەیەی ئەوانی دی وەک ئاژەڵ و وەحش تەماشا بکەن، بەلاشیانەوە ئاسایی بێت بچنە جەنگەوە و لەناویان بەرن چونکە ئەوانە وەک ئاژەڵن و لە مرۆڤبوون دەرچوون و خوێنیان حەڵاڵە.

ئایا مێشکی مرۆڤ “بێزکردنەوەی تاموبۆ” “Visceral Disgust” لە “بێزکردنەوەی مۆراڵی” “Moral Disgust“جیادەکاتەوە

ئەم بەئاژەڵکردن و لەمرۆڤ داماڵینەی ئەوانی دی بە تێپەڕبوونی کات وەردەچەرخێ بۆ هەستی بێزکردنەوە لەوانی دی، ئەم تەرزە لە بێزکردنەوەش پێی دەوترێت “بێزکردنەوەی مۆراڵی”. ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە ئەوەیە “Insular Cortex” کە ئەو بەشەی مێشکە بەرپرسە لە کرداری بێزکردنەوەی تاموبۆکردن، بەهەمان شێوە بەرپرسیشە لە بێزکردنەوەی مۆراڵی.

 بۆ ئەوەی ئاسان لەم باسە تێبگەین، مشکێک بهێنە بەرچاوت وەختێک خواردنێکی ژەهراوی دەخوات. کاتێک خواردنە ژەهراوییەکە دەچێتە سەر زمانی مشکەکە، لە ماوەی کەمتر لە چرکەیەکدا ئاماژە دەچێت بۆ مێشکی و بەشی (Insular Cortex) چالاک دەبێت، ئەمەش وا دەکات لەو چرکەساتە کورتەدا مشکەکە خواردنەکە تف بکاتەوە و لە خۆراکە ژەهراوییەکە خۆی ڕزگار بکات.

هەمان پرۆسێس لە مێشکی مرۆڤێکدا ڕوودەدات کاتێک بێز لە مرۆڤی سەر بە نەتەوە یان ڕەگەزێکی تر دەکاتەوە، ئەو دیمەنانەی فیلمی (The Help) بهێننەوە یادتان چۆن سپیپێستەکان لە ماڵەکانیاندا تەوالێتی جودایان بۆ کارەکەرە ڕەشپێستەکانیان دروستدەکرد، بەو بیانووەی پێیانوابوو ڕەشپێستەکان هەڵگری جۆرەها نەخۆشی کوشندە و پیسن کە لەشی پاکژی ئەمانی سپیپێست بەرگەی ناگرێت.

ساپۆڵسکی پرۆسەی ئیڤۆڵوشن وەک قەرەجە گەڕۆکەکانی سەردەمانی پێشوو وێنا دەکات کاتێک بێ ئامادەکاری و مەبەستێکی دیاریکراو دەستکاری کەلوپەلەکانییان دەکرد و هەوڵیاندەدا چاکیان بکەنەوە یان شتی جیاوازییان لێ دروستبکەن. واتە ئیڤۆڵوش بە بێ ئامادەکاری بەشەکانی جەستە لەگەڵ بارودۆخە ژینگەییە جیاوازەکاندا دەگونجێنێت. بۆیە کاتێک دیاردەیەکی نوێی وەک بێزکردنەوەی مۆراڵی لە مرۆڤدا سەرهەڵدەدات، ئیڤۆڵوشن بێ ئەوەی ئامادەکاری پێشوەختی کردبێت دەیبەستێتەوە بە هەمان ئەو بەشەی مێشک کە پێشتر بەرپرس بووە لە بێزکردنەوەی تاموبۆ.

بەڵام ئەم بەستنەوەیە بێ کێشە بەسەر مرۆڤدا تێناپەڕێت. کاتێک خواردنە ژەهراوییەکە (Insular Cortex) چالاک دەکات، ئەویش لای خۆیەوە بەشی (Amygdala) چالاک دەکات، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا چالاکبوونی “Amygdala” بە مانای زیادبوونی هەستی ترس و دڵەڕاوکێ و توندوتیژتربوونی کەسەکەیە.

 جا کاتێک کەسێک هەست بە بێزکردنەوەی مۆراڵیش دەکات بە هەمان شێوە (Amygdala) چالاک دەبێت و هەستی ئەوەی لا دروستدەبێت کە لەژێر هەڕەشەدایە و ئەمەش هانیدەدات بۆ پەرچەکرداری توندوتیژ بەرامبەر ئەو مرۆڤ و کلتوورەی بێزیان لێدەکاتەوە.

دیاردەی بێزکردنەوە لەوانی دی هەموو لایەنە جیاوازەکانی ژیان دەگرێتەوە، بێزکردنەوەیەکی هەمەلایەنە لە خواردن و جلوبەرگ و عادات و تەقالیدەکانییان، تەنانەت لە زمانی قسەکردنیشیان. دەکرێ هەر یەک لەم شتە سادانە کە مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە، لەلایەن کلتوور و کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە، وەرچەرخێتە سەر خوڵقاندنی کارەسات و ماڵوێرانی و جینۆساید بەسەر نەتەوە ژێردەستە بێزلێکراوەکەدا.

ئایا کۆمەڵی مرۆڤ دەتوانێت بەسەر ئەم کۆسپە گەورەیەدا زاڵبێت و دەربازی بێت لەم دابەشکارییە ناوەکییە ترسناکەی دونیا بەسەر “ئێمە و ئەواندا” ؟

بە پشتبەستن بە زانستی مێشک و دەمارناسی دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بە بەڵێ بدەینەوە. وەک پێشتر باسمان کرد کاتێک بەخێرایی وێنەی کەسێکی ڕەشپێست پیشانی کەسێکی سپیپێست دەدرێ، لەماوەی کەمتر لە چرکەیەکدا کاردانەوەی مێشکی کەسە سپیپێستەکە بەجۆرێکە بەشی “Amygdala”ی چالاک دەبێت. بەڵام ئەی چی ڕوودەدات ئەگەر ئەو مرۆڤە سپیپێستە خۆی هاندەری یانەی ڕیاڵ مەدرید بێت و وێنەی مرۆڤێکی ڕەشپێستی بە درێسی ڕیاڵ مەدریدەوە پیشانبدرێت؟ لەم حاڵەتەدا (Amygdala) چالاک نابێت.

لەم نموونەیەوە تێدەگەین کە لە مێشکی مرۆڤدا تەنها یەک جۆر دابەشکاریی دونیا نییە بەسەر “ئێمە و ئەوان”دا، بەڵکو چەندین دابەشکاری لەو شێوەیە لە مێشکدا لەکاردان و بەپێی بارودۆخە جیاوازەکان مرۆڤ شیفت دەکات لە نێوانیاندا. بەو مانایەی مرۆڤ دەتوانێت گەمە لە نێوان ئەم دابەشکارییانەدا بکات و ئەولەویەت لە نێوانیاندا دەستکاریی بکات.

با دوو نموونە لە هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووهەم بهێنینەوە کە هاوکاریمان دەکات لە تێگەیشتنی زیاتر لەم باسە، هاوکات بۆشمان ڕووندەکەنەوە کە چۆن دەکرێ دوو مرۆڤی دوژمن و خوێنخۆری یەک لە ماوەیەکی زەمەنیی کورتدا دوژمنایەتییەکەیان بیربچێتەوە و ببن بە دۆستی یەک، تەنها بە زەقکردنەوەی ئەو خاڵە هاوبەشانەی لە نێوانیاندا هەیە.

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا کاتێک جەنەراڵی ئەڵمانی “هێنریخ کریپ” لەلایەن هێزەکانی فەرماندەی بەریتانی “پاتریک فێرمەر” لە کریت دەستگیرکرا، بە ڕێپێوانێکی هەژدە ڕۆژی بردیان بەرەو کەناراوەکانی یۆنان بۆ پێکگەیشتن لەگەڵ کەشتییەکی بەریتانیدا. لە ڕێپێوانەکەدا جەنەراڵە ئەڵمانییەکە لە لوتکەی بەفراوی چیایەکی ڕوانی و دێڕە شیعرێکی شاعیری ڕۆمانی “هۆراس”ی لەبەرخۆیەوە گووتەوە، فەرماندە بەریتانییەکەش بەدوویدا شیعرەکەی بۆ تەواو کرد. ئەم ساتە بووە هۆی گۆڕین و شیفت کردنی دابەشکاری “ئێمە و ئەوان” لە مێشکی هەردووکیاندا، دوابەدوای ئەمە لە تەواوی ڕێپێوانەکەدا هەردوو فەرماندە سەربازییەکە دەبنە هاوڕێ و تەنانەت پاش کۆتایی جەنگیش لە پەیوەندیدا دەمێننەوە لەگەڵ یەک.

لە سەروەختی جەنگی جیهانیی یەکەمیشدا تەواوی سەربازەکانی بەرەی جەنگ بەهۆی جەژنی کریسمسەوە ئاگربەست ڕادەگەیەنن، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت سەربازە ئەڵمانی و بەریتانییەکان پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن و دەخۆنەوە و یاری تۆپی پێ دەکەن، جیاوازی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان بیردەچێتەوە و بۆچەند ساتێکی کەم هەردوولا وەک مەسیحییەک خۆیان دەبینن و پێکەوە یادی جەژنە هاوبەشەکەیان دەکەنەوە. ئەم نموونانە و دەیان نموونەی تر بەڵگەی ڕوونن کە مرۆڤ توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە گەمەکردن لەنێوان دابەشکارییە جیاوازەکانی مێشکیدا، بەجۆرێک دەکرێت لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا مرۆڤە ڕەگەزپەرستە فاشییەکە بگۆڕێ بۆ مرۆڤێکی ئاسایی و نەرمونیان.

ئایا دابەشکردنی دونیا بەسەر “ئێمە و ئەواندا” زیاتر پەیوەستە بە هەست و سۆزەوە یان بەرهەمی ئەقڵێکی مەعریفییە؟

هەموو ئەو توێژینەوە و تاقیکردنەوانەی بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە کراون، پەنجە بۆ ئەوە ڕادەکێشن ئەم دابەشکارییە زیاتر ئۆتۆماتیک و بەرهەمی هەست و سۆزە نەک بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی قووڵ و ئەقڵانی.

بیرکردنەوەی هەمەلایەن و مەعریفی لەلایەن بەشی “Frontal Cortex”ی مێشکەوە ئەنجامدەدرێ، ئەم بەشە لە بیرکردنەوەدا کۆنترۆڵی هەست و سۆزە ئۆتۆماتیکییەکان دەکات و ڕەچاوی چەندین لایەنی جیاواز دەکات تا دەگاتە دەرەنجام و بڕیارێک، بێگومان ئەم پڕۆسەیەش کاتێکی زیاتر و وزەیەکی زیاتری پێویستە.

ئەو توێژینەوە و تاقیکردنەوانەی لەسەر توانستی مێشکی مرۆڤ بۆ دابەشکردنی دونیا بەسەر “ئێمە و ئەوان”دا کراون، هەمیشە ئەوەیان دەرخستووە کە مرۆڤ لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا دەگاتە دەرەنجامی ئەوەی کەسێک سەر بە گروپ و کۆمەڵەکەی خۆیەتی یاخود نا، ئەم ماوەیەش بەجۆرێک کورتە “Frontal Cortex” بەهیچ جۆرێک بواری چالاکبوونی نییە و خودی بڕیارەکە لە هەڵسەنگاندنەکانی ئەم بەشەوە دوورە.

دڵخۆش بین یان غەمبار بین؟

تیۆدۆر ئەدۆرنۆ لە بارەی ڕەگی فاشیزمەوە بیروڕایەکی جوانی هەبوو، کە ئەمڕۆ بە کۆمەکی زانست لە ڕاستی و دروستی ڕاکەی تێدەگەین. ئەدۆرنۆ پێی وابوو ئەو کەسانەی حوکمێکی پێشوەختە و ناڕاستییان بەرامبەر گروپێکی دەرەوەی خۆیان هەیە، لە بەرامبەر گروپێکی جیاوازتریشدا ئەگەری ئەوەیان زیاترە هەمان حوکم بدەن. گەلی تورک جگە لە کورد هەمان تێڕوانینی رەگەزپەرستانەیان بەرامبەر ئەرمەن و یۆنانی و نەتەوەی دیش هەیە، بەعسییە سوننەکان جگە لە قەتڵوعامکردنی کورد، شیعەکانیشیان بەو دەردە برد، بۆیە مێژووی ئێمە وەک کورد سەرڕێژە بە نموونەی لەم شێوەیە، لە مامەڵەکردنماندا لەگەڵ گەلانی داگیرکەر.

لەکۆتاییدا گرنگە لەوە تێبگەین، هەرچەندە گەلێک بە ئازارە دەمێک کەموکوڕی و کێشەکانی مێشکی مرۆڤمان لە دیدی زانستەوە بۆ دەردەکەوێ، بە دیوێکی تردا مایەی دڵخۆشییە کاتێک بۆمان دەردەکەوێ ئەم تێگەیشتنانە بە بەرەوپێشچوونی زیاتری زانست، دەکرێ کلیلی چارەسەرییمان بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بدەنێ.

هاوبەشی بکە