18/10/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆک: پیاسەی کتوپڕ

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – نووسینی: فرانز کافکا
وەرگێڕانی: دانیار عوسمان

کاتێک وادیارە کە خاترجەمی لەوەی دواجار بۆ ئێوارە لە ماڵەوە دەمێنیتەوە، وەختێ جلی ماڵت لەبەرکردووە و دوای شێو لەبەر ڕووناکیەکەدا لەسەر مێزەکە دانیشتووی بۆ هەندێک وردە ئیش یاخود گەمەیەک کە ڕاهاتووی بەر لە چوونە ناو جێگا بیکەیت، ‌کاتێک کەشوهەوای دەرەوە ناجۆرە و وادەردەکەوێت مانەوەت لەماڵەوە کارێکی سروشتی بێت، کاتێک ماوەیەکی درێژە بەهێمنی لەسەر مێزەکە دانیشتوویت و چوونە دەرەوەت بێ شک دەبێتە هۆی سەرسووڕمانی هەمووان، کاتێک، لەگەڵ ئەوەدا، پلیکانەکان لەناو تاریکیدان و دەرگاکەی بەردەمیشت قوفڵی لێدراوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە کتووپڕ نائارامی داتدەگرێت، جلکی ماڵەوە دادەکەنیت، کتوپڕ خۆت بۆ دەرەوە دەگۆڕیت، بە چەند وشەیەکی کورت و پوخت ڕوونی دەکەیتەوە کە لە ڕاستیدا هەر دەبوو بچیتە دەرەوە، دەرگا تەختەکە بە توندی و بە ڕادەی خێرایی ئەو نائارامییەی لەدوای خۆت جێتهێشتووە دادەخەیت. کاتێک جارێکی تر خۆت لەسەر شەقامەکە دەبینیتەوە ئیتر ئەندامەکانت بە ئازادییەکی زیاترەوە دەجووڵێن لەچاو ئەوەی پێشبینیان دەکرد بۆیان بەدەست بهێنی. کاتێک لە ئەنجامی ئەو جووڵە چارەنووسسازەدا، زیاتر تەرکیز لەناخی خۆت و هەموو ئەو ئەگەرانە دەکەیت کە دەکرێ لەو جووڵە چارەنووسسازەوە سەرچاوە بگرن، وەختێ بە گرنگییەکی سەروو ئاسایی و بەبێ ماندووبوون دەزانیت کە هێزت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەوی خێراترین گۆڕانکارییەکان زیاترە لە پێویستی خۆی، کاتێک لەچوارچێوەی ئەم داڵغانەدا هەنگاو بەسەر درێژایی شەقاموکاندا دەنێیت — بیرت دەکەوێتەوە کە ئەم ئێوارەیە تۆ بە تەواوی لە خێزانەکەت دوور کەوتوویتەتەوە، کە هێمن هێمن لە خەیاڵدا ون دەبێت، ئەمەش دەبێتە شتێکی خەیاڵی، لە کاتێکدا تۆ، خودی خۆت، فیگەرێکی کێشراوی جێگیر و قەترانی، دەکێشیت بە ڕانی خۆتدا تا بێیتەوە سەر خۆت.
هەموو ئەمانە زیاتر دەبن ئەگەر لەو ئێوارە درەنگەدا چاو بۆ هاوڕێیەکت دەگێڕی تا لە حاڵی بپرسیت.

هاوبەشی بکە