18/10/2024
DidiMn Logo
Top

ڕانانێک بۆ فیلمی “شۆخی ئەمریکی” لە ڕوانگەیەکی پۆستمۆدێرنییەوە

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

 دیدی من – دانا حەکیم

پۆستمۆدێرنیزم بریتییە لە بزاڤێک و فەلسەفەیەکی ڕۆژئاوایی،  لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە دەرکەوت. دەکرێ وەکو کاردانەوەیەک بەرانبەر مۆدێرنیزم ببینرێ کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ڕەنگدانەوەی هەبوو بەسەر بوارە جیاوازەکانی فەلسەفە و هونەر و ئەدەب. ئەگەرچی مۆدێرنیزم زیاتر لەسەر بنەمای ئایدیالیزم دامەزرابوو، بە واتای ئەوەی وێنای جیهانێکی یوتۆپیایی کامڵیان دەخستە بەر دیدی خوێنەران و بینەرانەوە و وایان دادەنا ئەو بنچینە و ڕێسایانەی لەلایەن زانست و ئایینەوە سازێندراون دەکرێ ببنە زەمینەیەک بۆ گۆڕینی ئەو کەتوارە دزێوەی لە ئارادا بوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی پۆست‌مۆدێرنیزم گومانگەرایی و دڕدۆنگییش پەیدا بوون لەمەڕ ئاوەز و بنەمای ڕەها  بۆ ڕوونکردنەوەی واقیع؛ بەرهەڵستیی دڵنیایی و بنچینەگەرایی دەکرد و داکۆکییان لە ئەزموونی کەسیی مرۆڤ دەکرد.  پێیان وا بوو لێکدانەوەی تاک باشتر و بەجێترە وەک لە بنەمای نابەرجەستە. سەبارەت بە بنەڕەتی پەیدابوونی ئەم بزاڤە، وا دەردەکەوێ  لە دوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانی ڕوویاندا و بوونە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ(هۆڵۆکۆست و بۆمب‌بارانکردنی ‌هێرۆشیما و ناکازاکی بە نموونە) وای لە تێکڕای خەڵک کرد درک بەوە بکەن دۆزینەوەی مانا کارێکی ئەستەمە لە نێو ئەم هەموو وێرانکاری و کۆمەڵکوژییەی مرۆڤایەتی.

 لە ناو تایبەتمەندییەکانی ئەو فەلسەفەیە ڕۆڵی بابەتە بوونگەراییەکان بە دی دەکرێن، باڵ دەکێشن بەسەر بێمانایی و بێ مەبەستیی ژیان و ئاڵۆزی و گومانی ناو دەروونی مرۆڤ. بۆ نموونە: پوچگەرایی،  یەکێک لە مژارە هەرە دیارەکانی سەردەمی پۆست‌مۆدێرنیزم، جۆرێک لە گێڕانەوەی کۆمیدی و سوریاڵی بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتە بوونگەراییەکان، هەروەها بەرهەمە سینەمایی و ئەدەبییە پوچگەراییەکان لە دەوری کارەکتەرێک یان چەند کارەکتەرێک دەخولێنەوە کە ژیانێکی بێ ئامانج بە ڕێ دەکەن و تووشی باڵ‌شکاوی و نائومێدی بوونە بەرانبەر کۆمەڵگە و ئایین. زۆرینەی ئەو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییانەی لە سەردەمی پۆست‌مۆدێرنیزم بەرهەمهاتوون کارەکتەرەکانیان بە دەست بەتاڵیی بوونگەراییەوە دەناڵێنن؛ بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕن تاوەکو مەبەستێک و مانایەک دەدۆزنەوە بۆ ژیانیان لە نێو چاند و کۆمەڵگەیەکی ژەهراویی جەنجاڵ و ڕۆژگارگەلێکی دووبارە و ڕۆتینی. ئەوەی لێرەدا گرنگە کاریگەریی پۆست‌مۆدێرنیزمە بەسەر سینەماوە، بۆ ئەم مەبەستەش چاوێک دەخشێنین بە کۆمەڵێک  بەرهەمی  زۆر دیار و جێی سەرنجی سینەمایی ساڵانی بەر لە ۲۰۰۰ و دوای ئەو ساڵە.


یەکێک لەو بەرهەمانە فیلمی Fight Club “یانەی شەڕ”ـە،  لەلایەن دەیڤد فینچەرەوە کاری  دەرهێنانی بۆ کراوە. فیلمەکە ساڵی ١٩٩٩ بەرهەم‌هێنراوە و زۆر باسی پەیوەست بە پۆست‌مۆدێرنیزم و پوچگەرایی لە خۆ دەگرێ، وەکو مەسرەف‌گەری Consumerism، لەدەستدانی شوناس، هەرەوەها قەیرانی بوونگەرایی Existential Crisis. تایلەر دۆردنی پاڵەوانی فیلمەکە کەسێکی خەیاڵپڵاو و بێ ئامانجە، بە دەست خەوزڕان و بێهودەیی ژیانییەوە دەناڵێنێ،  وە هەوڵی زۆر دەدات لێی دەرچێت. ئەم فیلمە تاوەکو ئەمڕۆش سەرنجێکی زۆری بە دەوری خۆیدا کۆکردۆتەوە، بووەتە هێمایەک و گوزارشتێکی دیار لە کۆمەڵگەی ماددیگەرایی و یاخی‌بوون بەرانبەری. بە گێرانەوە ئاڵۆزە پچرپچرەکەی بینەر تووشی سەرسامییەکی زۆر دەکات، بە جۆرێک کە پێشبینیی ڕووداوی دواتر و تەنانەت کۆتاییەکەی ناکرێت.

فیلمی دواتر، The Matrix “مەیتریکس”؛ ئەو فیلمەی لە ساڵی ١٩٩٩ لە لایەن دوو خوشکەوە بە ناوی لانا واچۆوسکی و لیلی واچۆوسکی بەرهەمهێنراوە. وێنەی واقیعێکی تەڵەکەباز و دەستکرد پیشانی بینەران دەدات و وا دەکات گومان لە ژیانی هەنووکەییمان بکەین، هاوکات لەگەڵ کۆنسێپتی Hyperrealityی ژین بۆدریلاردی فەیلەسوفی پۆست‌مۆدێرنیزم یەک دەگرێتەوە. فیلمی “مەیتریکس” نوێگەری و داهێنانێکی بەرچاوی ئەنجام دا لە شێوازی گێرانەوە و چەندین بابەتی سەر بە بزاڤی پۆست‌مۆدێرنی ‌هێنایە بەر باس، پرسیاری قووڵ دەربارەی ویستی ئازاد و واقیع و هەڵبژاردن دەکات، زیاتر لەوەش، سنووری نێوان بینین و ڕاستی لێڵ دەکات، جێگەیەکی تایبەت لە ژانرای خەیاڵی‌زانستی دەگرێتەوە.

یەکێکی دیکە لە فیلمە نایابەکان، بێگومان Eternal Sunshine of the Spotless Mindـە، ناونیشانی فیلمەکە لە شیعرێکی ئەلێکساندەر پۆپەوە وەرگیراوە؛  شاعیری ناوداری ئینگلیز، وە مانا کوردییەکەی دەبێتە “دڵخۆشیی بێ کۆتایی کەسانی بێ یادەوەری”. فیلمەکە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن میشێل گۆندری کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. ژانرای فیلمەکە بریتین لە چیڕۆکی ئەوینداری و خەیاڵی‌زانستی. ئەم فیلمەش وەکو “یانەی شەڕ”، جۆرێک لە گێرانەوەی پچڕپچر بەکاردەهێنێت،  لە سەرەتادا زۆر دژوارە بینەر لێی تێبگات. بە درێژایی فیلمەکە گەواهیدەری یادەوەریی دوو هاوژین دەبین کە هەوڵیان داوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی سەردەمیانە تەواوی ئەو یادگارییانەی لەگەڵ یەکتر هەیانبووە بسڕنەوە. چیڕۆکی فیلمەکە گومان دەخاتە سەر ئاوەزی مرۆڤ لە گۆشەی زانین و یادگەی کەسییەوە، شوناس و گۆڕانی کەسایەتیی کارەکتەرەکان دەبینین؛ چۆن سەرەڕای لە دەستدانی یادگەیان هێشتا لە نەستیانەوە خاوەنی سۆزێکی ئاشقانەن بۆ یەکدی.

هەرەوەها فیلمی Donnie Darko, “دۆنی دارکۆ”، بەرهەمی ساڵی ٢٠٠١ی دەرهێنەر ڕیچارد کێلی، یەکێکە لەو فیلمانەی بینەر تاوەکو کۆتایی لە مەتەڵدا دەهێڵتەوە و پارچە پارچە پلۆتەکەی خۆی دروست دەکات. ژانرای فیلمەکە بریتین لە خەیاڵی‌زانستی و چیڕۆکی هەستبزوێن. کەشی فیلمەکە درامی و مێلانکۆلییە، کە زیاتر خزمەت بە لایەنە ئاڵۆزییەکەی دەکات و دەتخاتە گومانەوە ئاخۆ ئەو شتانەی ڕوودەدەن چین و چیی پەیوەندییەکیان بە یەکترەوە هەیە. تەوەری فیلمەکە لە دەوری دۆنیدا دەخولێتەوە؛ هەرزەکارێکی ئارام‌لێ‌هەڵگیراو کە بە دەست دڵەڕاوکێ و گرفتی دەروونییەوە دەناڵێنێ، دوچاری گۆشەگیری و نامۆبوون بووەتەوە بە هۆی ئەو شتە سەروسرووشتیانەی دەیانبینێ و دەروونێکی ناجێگیری بۆ دروستکردووە.

هەموو ئەو فیلمانە کەم تا زۆر بابەتگەلێکی پەیوەست بە پۆست‌مۆدێرنیزم لە خۆ دەگرن و بوونەتە جێی سەرنجی بینەران، هەر لە بابەتە بوونگەراییەکانەوە بگرە تاوەکو شێوازی گێڕانەوەی چیڕۆک و باسکردنی واقیعی خەڵەتێنەر و مەسرەفگەری و هیچگەرایی؛ وا لە بینەر دەکەن ببێتە ئەندامێکی کارا لە لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی چیڕۆکەکانی لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە. بەڵام گرنگترین فیلم کە لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدرێ، فیلمی American Beaty، “شۆخی ئەمێریکی”یە.

شۆخی ئەمێریکی

فیلمی American Beauty ساڵی١٩٩٩ لەلایەن سام مێندس کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و لەلایەن ئالان بۆڵەوە نووسراوە. فیلمێکی درامیی ئەویندارانەیە بە تێکەڵی لەگەڵ کۆمیدیای تاریکدا. ڕۆڵگێڕە دیارەکانی بریتین لە کێڤن سپەیسی، مینا سوڤاری، وە سۆرا بیرچ. لە ساڵانی پەخشکردنیدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، لە لایەنی بازرگانییەوە، بودجەی ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرابوو و داهاتی ٣٥٦ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە لە تەواوی جیهاندا. سەرەڕای ئەوانەش، بوو بە خاوەنی چەندین خەڵات، وەکو: باشترین وێنەگرتن، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەر لە ڕۆڵی سەرەکیدا، باشترین خانمە ئەکتەر لە ڕۆڵی سەرەکیدا، باشترین فیلمنامە، وە باشترین سینەماتۆگرافی. جیا لە خەڵاتەکانی گۆلدن گلۆب و بافتاش.

پلۆتی فیلمەکە

چیڕۆکی فیلمەکە باس لە خێزانی بورنهام دەکات کە لە شارۆچکەیەکی بچووکی ئەمێریکا نیشتەجێن، پێکهاتووە لە لێستەر بورنهام، کارۆلین بورنهام، وە کچەکەیان، جەین. لە سەرەتای فیلمەکەدا ڕاستەوخۆ بە گێڕانەوەی لێستەرەوە بینەر دەچێتە ناو ژیانە بێزارکەر و تاقەتپرووکێنەکەیەوە وەکو باوک و سەرۆکی خێزانە بچووکەکەی، ئەگەرچی دەسەڵات و ڕۆڵێکی باڵای نییە تێیدا و هیچ بایەخێکی ئەوتۆی بۆ داناندرێ لەلاین کچە  هەرزەکارە بێ‌تەناهییەکەی و ژنە بێ ئارەزوو و دڵساردەکەی. لێستەر پیاوێکی نائومێدی نزیکەی چل ساڵانە و وەکو جێبەجێکاری بازاڕگەری لە کۆمپانیایەک ئیش دەکات، بە تەواوی لێی بێزارە و لە تاو ڕۆتین ودووبارەبوونەوە و بێهودەیی ژیانی هیوایەکی بەوە نەماوە بەردەوام بێت لە ژیان یاخود گرنگی بە تەندروستی و کەسایەتیی خۆی بدات، وە پەیوەندیی لەگەڵ هاوژینەکەی جێگیر نییە لە ڕووی هەست و سۆز و لێک تیگەیشتن و تەنانەت و ژیانی سێکسییەوە. هاوسەرگرییەکەی لێستەر و کارۆلین بە تەواوی داڕوخاوە، نە لە ڕێزگرتن و ئاسانکردنی ژیانی یەکتردا سەرکەوتوون نە لە پەروەردەکردنی تاکە منداڵەکەیان؛ ژینگەیەکی خێزانیی ژەهراوی دەسازێنن، وا لە جەین دەکات دوچاری خەمۆکی و بێ پەنایی ببێت و تاکە ویستی ئەوە بێت لەو خێزانە دەرچێت.

خاڵی وەرچەرخانی فیلمەکە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە لێستەر دەچێتە ئاهەنگی سەمای کچەکەی لە یاریگای قوتابخانەکەیان و چاوی بە هاوڕێکەی جەین دەکەوێت، ئەنجێلا. هەر بە زوویی لێستەر سەرسام دەبێت بە جوانی و لەش ولاری کچە هەرزەکارەکە و لە خەیاڵ و هزریدا دەچەسپێ؛ دەبێتە مەبەست و مانایەک بۆ ژیانە بێهوودەکەی. راستەوخۆ لە دوای ئاشقبوون بە کچەکە لێستەر دەڵێت: “وا هەست دەکەم لە بیست ساڵی ڕابردوودا لە حاڵەتی کۆمادا بووم و ئێستا بەئاگا دێمەوە.” دوای ئەوەی بەتەواوی مەست و ئاشقی کچەکە دەبێت، لێستەر هەڵسەنگاندێێک بە ژیانیدا دەکاتەوە و هەوڵ دەدات بگۆڕێت. وەرزش دەکات و کەسایەتیی خۆی بەرز دەکاتەوە لە ناو خێزانەکەی، بەو مەبەستەی شایستەی خۆشەویستیی ئەنجێلا بێت و بگەڕێتەوە سەر ئەو ژیانەی ساڵانێکە لە تەمەنی لاوێتیدا جێی هێشتووە و دووبارە هەست بە شادی و ئازادی بکاتەوە.

لە کۆتاییدا دوای ئەوەی مەبەستێک بۆ ژیانی دەدۆزێتەوە، لێستەر دەست دەکات بە یاخیبوون لە کارەکەی و لە خێزان و لە نەریت و یاساکانی کۆمەڵگەی. بە شێوازێکی سەیر ڕۆ دەچێتە ناو وەرزش و گەورەکردنی ماسولکەکانی، ئۆتۆمبێلی نوێ و گرانبەها دەکڕێت، هەروەها ماددەی هۆشبەر دەکێشێت کە لە گەنجێکی  دراوسێیەوە دەستی دەکەوێت؛ هەمان ئەو گەنجەیە لەگەڵ جەین دەبێتە هاوڕێ. لێستەر بێباک دەبێت بەرانبەر ژن و کچەکەی و بە تەواوی پشتگوێیان دەخات، تەنانەت ئەو کاتەشی کە بۆی دەردەکەوێت هاوژینەکەی لەگەڵ پیاوێکی تردا پەیوەندیی هەیە.

لێستەر بۆ کچەکەی و ژنەکەی: “من تەواو وەڕەس بووم لەوەی وەها مامەڵەم لەگەڵ بکرێت کە هەر نەبم. هەردووکتان هەرچیتان دەوێت و لە هەر کاتێک دەتانەوێ بیکەن؛ گلەیی ناکەم.”

فرانک فیتس: “کوانێ هاوسەرەکەت؟”

لێستەر: “نازانم، ڕەنگە لە دەرەوە لەگەڵ ئەو فرۆشیاری خانوبەرەیە سێکس بکەن. وە بڵێ چی؟ بەلامەوە گرنگ نییە.”

فرانک: “ژنەکەت لەگەڵ پیاوێکی ترە و بەلاتەوە گرنگ نییە؟”

لێستەر: “نەخێر، هاوسەرگرییەکەمان تەنیا بۆ نماییشە.”

….

لە کۆتایی فیلمەکەدا و لە شەوێک لێستەر دەگات بە کچی خەونەکانی و دەرفەتی بۆ دەڕەخسێ تاوەکو بەیەکەوە بن. لە هەمان کاتدا کچەکەی لەگەڵ هەرزەکارەکەی دراوسێیان بڕیاری دوورکەوتنەوە دەدەن. ئەوەی دەبێتە جێگەی سەرنج ئەوەیە ئەنجێلا بەو جۆرەی پیشانی دەدا کە گوایە لە پەیوەندیی زۆردا بووە و بە جوانیی خۆیەوە دەنازی، دەرکەوت هەرگیز بەو رادەیە لە تاقە کوڕێکیش نزیک نەبۆتەوە و بریارە  لێستەر ببێتە یەکەمین پیاوی ژیانی.  بە زانینی ئەوە لێستەر پەشیمانی دایدەگرێ و واز دەهێنی لە خەونەکەی. بەم جۆرە لێستەر هەست بە بەدەستهێنانەوەی ڕێز و کەسایەتیی دەکات لە دوای جیابوونەوەی لە ژنە خیانەتکارەکەی و دەرکرانی لە کارەکەی و ڕزگاربوونی لە هەموو بەرپرسیارییەتیەکان. لە کۆتایدا گەیشت بە بوونی ڕاستەقینەی، بەڵام لە ژیان سڕایەوە.

کۆتا وتەی: “هەمیشە بیستبووم کە لەو چرکەیەی دەمریت تەواوی ژیانت دێتەوە پێش چاوت. پێش هەموو شت، ئەو چرکەیە هەرگیز چرکەیەک ناخایەنێ. بەڵکو بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت وەکو ئۆقیانوسێک لە کات. بۆ من، ئەو کاتە بوو لە کەمپی  کوڕانی چاودێر پاڵکەوتبووم، سەیری کەوتنی ئەستێرەکانم دەکرد. وە گەڵای زەردی درەختی مەیپڵ کە شەقامەکانمانی داپۆشیبوو. وە دەستی داپیرەم، پێستی وەکو کاخەز بوو. وە ئەو کاتەی سەرەتا ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی تۆنیی ئامۆزامم بینی. وا بزانم دەکرێ زۆر پەست ببم لەوەی بەسەرمدا هات. بەڵام سەختە تووڕە ببیت، لە کاتێکدا ئەو هەموو جوانییە لە جیهاندا هەن. هەندێک جار وا هەست دەکەم هەموویان لە یەک کاتدا دەبینم، وە لە ڕادە بەدەرە. دڵم وەکو میزەڵانێک پڕ دەبێت و خەریکە بتەقێتەوە. دواتر بیرم دەکەوێتەوە ئارام بم و هێندە خۆمی پێوە نەگرم؛ دواتر وەکو باران بەسەرمدا دەڕژێت. وە هەست بە هیچ ناکەم جگە لە سوپاسگوزاری بۆ هەموو ساتێکی ژیانە گەمژانەکەم. دڵنیام نازانن کە باسی چی دەکەم، بەڵام نیگەران مەبن، ڕۆژێک تێدەگەن.”

شۆخی ئەمریکی و پۆست‌مۆدێرنیزم

فیلمی شۆخی ئەمێریکی چەندین مژاری ناواخنی پۆست‌مۆدێرنیزم لە خۆی دەگرێت، وا دەکات ببێتە فیلمێکی نموونەیی و دیار بۆ سەردەمێکی وەکو ئەوەی ئێستا و لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوی وەکو کۆمەڵگەی ئەمێریکی. ڕەنگە ئەوەی شارەزای پۆست‌مۆدێرنیزم نەبێت لە ڕووی تیۆرییەوە، زوو بڕیار لەسەر فیلمەکە بدات و چێژی لێ وەرنەگرێت یاخود بە چاوێکی جیاوازەوە بیخوێنێتەوە. ئەوەی لێرەدا پێویستە ڕوون بێت ئەوەیە کە پۆست‌مۆدێرنیزم ڕەگەکەی لە ئایدیالیزمەوە نییە؛ بەو جۆرەی پیشانی بدەن ژیان پێویستە چۆن بێت. بەڵکو بەرهەمەکانی ئەو سەردەمە ژیان بەو جۆرە پیشان دەدەن کە هەیە، ئەمەش ڕەنگە بۆ ئەوانە ڕوون بێت کە ئاگاداری دۆخی کۆمەڵگەی ئەمێریکی یان ئەوروپایین. لە فیلمی شۆخی ئەمێریکی چەندین لایەنی کۆمەڵگەی ئەم سەردەمە دەبینین و درک بەوە دەکەین چەندە داڕوخاوە. مژارەکانی وەکو قەیرانی بوونگەرایی، مەسرەفگەری، ماددیگەرایی، پوچگەرایی و هیچگەرایی دیارن بەسەر تێکڕای فیلمەکەدا.

وەکو لە خوێندنەوەی پلۆتەکە بینیمان، لێستەر لە ناوەڕاستی تەمەنییەتی و لە خێزانێکی بچووکدا دەژێیت، بە هەبوونی کارێکی بێزارکەرەوە و ژنێکی ماددیگەرا و کچێکی گۆشەگیر دوچاری قەیرانی بوونگەرایی بووە، ئامانجێک نادۆزێتەوە تاوەکو بەردەوامی بە ماوەی تەمەنی بدات. نزیکەی پانزە بۆ بیست ساڵە هەمان کار ئەنجام دەدات  و ڕۆژگار و شەوگارەکانی هاوشێوەن. لەم ڕێگەیەوە فیلمەکە ڕەخنە لە خەونی ئەمێریکی دەگرێت بۆ سەرکەوتن و دڵخۆشی و سامانی ماددی. لێستەر یاخی دەبێت بەرانبەر ئەو بنەمایە و بە دوای ئازادیدا دەگەڕێ، بە وازهێنان لە کارەکەی و دواکەوتنی ئارەزووەکانی. لە بەرانبەردا، کارۆلینی هاوژینی هێمایەکی دیارە بۆ ئەو کەسانەی لە ژیانێکی ماددیگەراییدا دەژین و بەدوای سەرکەوتنی ڕووکەشانە و ساختەوەن. وەکو لە فیلمەکە دەردەکەوێ، کارۆلین لە خانووبەرە کار دەکات و دڵخۆشی و دڵتەنگیی پەیوەستە بەوەی تا چەند قازانجێکی باش بەدەست دەهێنێت لێیەوە.

 پێناسەی خەونی ئەمێریکی ئەوەیە: “هەر کەسێک و لە هەر نەژاد و زمان و نەتەوەیەک بێت، هەتاوەکو لە سەر خاکی ئەمێریکا هەوڵ بدات و سەخت کار بکات دەگات بە خەونەکەی.” بەو پێیە هەموو هەوڵدانێک بۆ گەیشتن بە خەونەکەت ڕەوا دەبێت، گرنگ دەستکەوتی ماددییە، ئینجا بە هەر شێوەیەک بەدەست بێت. لەبەر ئەوەشە کارۆلین کاتێک لە کارەکەی سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، پەیوەندی لەگەڵ فرۆشیارێکی  خانووبەرە دەبەستێت و بە بەکارهێنانی ئەو دەیەوێت بگاتە سەرکەوتن. لەو ڕێگەیەدا بۆی گرنگ نییە ئەگەر تەنانەت لەشی خۆیشی پێشکەش بە پیاوی بێگانە بکات و خیانەت لە هاوسەرەکەی بکات.

لە پۆست‌مۆدێرنیزمدا ڕاستییەکی ئۆبجێکتیڤ و ڕەها بوونی نییە، لە گێڕانەوە ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەو سەردەمەدا ئەزموونی کەسی و سەبجێکتیڤیتی گرنگیی پێ دراوە، بەو واتایەی یەک گێڕانەوەی ڕەها و ڕێکخراو نییە، بەڵکو تەواوی کارەکتەرەکان لە ڕوانگەی کەسیی خۆیانەوە چیڕۆکەکە دەگێڕنەوە. لە فیلمی شۆخی ئەمێریکدا گێڕانەوەی کەسی سێیەمی تاک بوونی نییە، بەڵکو چیڕۆکەکە لە ڕوانگەی هەریەک لە کارەکتەرەکانەوە خۆیان دەبینین. ئەمەش وا دەکات بینەر نەزانێت حەق بە کێیە یاخود کامە ڕاستییە، بەڵکو ڕاستی پارچەپارچەی بچوکی مەتەڵێکە و پێویستی بە هەڵێنجانە.

لە کۆتاییدا، باسە بوونگەراییەکان یەکێکن لە گرنگترین بەشی پۆست‌مۆدێرنیزم. بەو پێیەی  ڕاستیی ڕەها بوونی نەبێ و بنچینەیەکی ئۆبجێکتیڤ بۆ ئاکار و ڕەفتاری مرۆیی نەبێت، ژیان بەرەو پوچگەرایی و هیچگەرایی دەڕوات. لە سەردەمی پۆست‌مۆدێرنیزم پوچگەرایی بایەخێکی ئەوتۆی پی دراوە، لەبەر ئەوەی مانایەک و مەبەستێک و ئامانجێکی جێگیر نییە بۆ ژیان، مرۆڤ ڕوو لە جۆرێک ژیانی بێزارکەر و لەززەت‌پەرستی دەکەن. وەکو لێستەر کە لەبەر ئەوەی شتێکی چێژبەخشی لە ژیانیدا بە دی نەدەکرد، کەوتە دوای ئارەزووەکانی و وازی لە بنەما و نەریت و ڕێساکان هێنا.

لە ئەنجامدا، پۆست‌مۆدێرنیزم وەکو بزاڤێک و ڕەوتێکی فەلسەفی دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە ڕۆژئاوا دەرکەوت باڵی کێشا بەسەر ئەدەب و هونەر و سینەما. ئەو فیلمانەی لەو سەردەمە بەرهەم‌هێنراون پراوپڕن لە مژار و تایبەتمەندییەکاننی پۆست‌مۆدێرنیزم، وەکو: لێکۆڵینەوە لە بوونگەرایی، ماددیگەرایی، واقیعی خەڵەتێنەر و نەبوونی ڕاستی و ئاکاری ڕەها. تەواوی ئەم مژارانە لە چەند فیلمێکی ساڵانی پێش ٢٠٠٠ و دوای ئەو ساڵە دەردەکەون، وە گرنگرترینیشیان فیلمی شۆخی ئەمێریکییە.

___
سەرچاوەکان:

https://www.masterclass.com/articles/absurdist-fiction-guide

https://www.studocu.com/id/document/universitas-indonesia/literature-and-the-society/what-is-postmodern-literature/68945379

https://www.tate.org.uk/art/art-terms/p/postmodernism

https://en.wikipedia.org/wiki/American_Beauty_(1999_film)

https://www.imdb.com/title/tt0169547/awards

https://www.thehumanfront.com/philosophy-of-american-beauty

هاوبەشی بکە