16/11/2024
DidiMn Logo
Top

خوێندنەوەیەک لەمەڕ چەمکی (زمان) لەنێو ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان”ی مەنسوور تەیفووری

لە لایەن دیدی من 1 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – چاوان نەریمان

پێشەکی

زمان مۆرکی مانەوەی هەموو نەتەوەیەکە، هەر گەلێک بەهۆی زمانی تایبەت بەخۆیەوە دەناسرێتەوە. هەر کرچ و کاڵییەک لە زماندا؛ کاریگەرییەکی نەرێنی و بێفەڕ بەسەر بزاڤە ئەدەبییەکانی پاشخۆی دەئافرێنێت. کوردیش وەک هەموو گەلەکانی تر، خاوەن زمان و کولتووری ڕەسەنی خۆیەتی کە ئەگەر چاوێک بخشێنین بە مێژووی پڕ دەردەسەری و داگیرکاریماندا، دەتوانیین پەی بەو ڕاستییە ببەین، کە زمانی کوردی چەندەها گۆڕانی بەسەر هاتووە. چ لە ڕووی پێکهاتەو و وشەسازییەوە بێت هەم لەڕووی گێڕانەوە و قسەکردنەوە بێت، کە زمانێکی کڵێشدارمان هەبووە و هەیە. هەڵبەت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە سیاسی، ئایدۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە بەرۆکی کوردستانی گرتووە؛ بە ڕابردوو و ئێستاشەوە، نەمانتوانییوە زمانی کوردی لەو کڵێشەبوونەی دەربکەین. هەمیشە لەژێر دەستی دەوڵەتانی دراوسێ و داگیرکەراندا، گەمەی پێکراوە.

ئەو خاڵەی لەم پێشەکییەدا دەمەوێ سەرنجی بخەمە سەر بەرەو پێشچوونی زمانی کوردییە دەنێو ئەدەبییاتدا بە تایبەتتر ڕۆمان، سەڕەرای هەموو هەوڵێک بۆ لەناوبرن و تێکەڵکردنی زمانی کوردی دەگەڵ زمانەکانی دیکە، هێشتاش ئەو کۆمەڵە ڕۆشنبیرەی کە هەمانە کارێکی وەهایان نەکردووە، زمانێکی یەکگرتوو دروستبکەن لەناو دەقی ئەدەبی و ڕۆماندا. بەشێکی زۆری ڕۆمانەکانیش زمانێکی دووپاتەکردنەوەیە و هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێ. گۆڕانێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت دەربارەی (فۆرم، تەکنیکی گێرانەوە، ڕێبازی ئەدەبی نوێ) واتە: دەربازبوون لەو ڕێبازە ڕیالیزمییەی کە نووسەرانی کورد، پێوەی نووساون. بێگوومان لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە ڕیالیزم وەرچەرخانێک نەبووبێت، لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا. بگرە هەستانەوەیەکی پرشنگداربوو لە شوێنی خۆی و لەکاتی خۆیدا. بەڵام، دەگەڵ ئەوەشدا، هەموو زمانێک و هەموو دەقێک پێویستی بە گۆڕانکارییە، ئەم گۆڕانکارییەش نووسەری یاخی پێویستە. پێویستە دەق لە باوێتی، هەمان پەیام، هەمان فۆڕم و ناوەڕۆک، تەکنیک دووربکەوێتەوە، ناکرێت زمان لە فەزایەکی چەقبەستوودا بهێڵدرێتەوە.

ئەوەی جێگەی داخە، نووسەرە گەنجەکان نەیانتوانییوە بە شێوەیەکی بەرچاو داهێنان بکەن لە ئەدەبیاتی کوردی و زاراوەی زمان و گێڕانەوەدا، لە چاولێکەری دان دەگەڵ دەقی نووسەرانی پێش خۆیان. سەرباری نەبوونی پێداچوونەوە بە چەند بەرهەمێکی چاکی بەشێک لە نووسەرەکان؛ کە لەناو فەزای ڕۆشنبیری ئەمڕۆماندا سەربازێکی گومن، زۆر بەدەگمەن ببینین باسبکرێن. بەداخەوە لێکۆلینەوە و ڕامان بە بەرهەمەکانیاندا زۆر کەمە و بەرچاو ناکەوێت. یەکێک لەو بەرهەمانەش: ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان”ی مەنسوور تەیفوورییە. کاتێک کە دەستم کرد بە خوێندنەوەی، هەستم ئەکرد شتێکی نوێم دۆزیوەتەوە، هەوڵمدا لە سەری بخوێنمەوە، بەڵام تەنها وتارێکی (بەختیار سەجادی)ـم دەستکەوت لەسەر ڕۆمانەکە. ئەوەی سەیرە لێکۆڵینەوە نەکراوە لەسەری، سەرەڕای ئەوەی لە ٢٠١٧ـەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت؛ گەر فەزای ڕۆشنبیری کوردی ئاوڕ نەداتەوە لەم بەرهەمە نوێیانە، ناتوانین چاوەرێی ئەوەبکەین لە داهاتووشدا کاریگەری ئەو وەرچەرخانانە دەناو دەقی ئەدەبی وەک ڕۆمان و ژانرەکانی دیکەی ئەدەبی کوردی، بەرچاو بکەون و هەبن.  

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان”

ئەم ڕۆمانە یەکەم بەرهەمی مەنسوور تەیفوورییە لە بواری نووسینی ڕۆماندا. ڕۆمانەکە لە دوو توێی ٢٣٠ لاپەڕەدایە، لە بیست بەشی جیاواز پێکهاتووە، لە ٢٠١٧ لەلایەن غەزەلنووس چاپکراوە. گەرچی یەکەم هەوڵێتی، بەڵام خوێنەر دەباتە ناو فەزایەکی گێڕانەوەی تەواو جیاواز. بەهۆی بوونی چەند گێڕانەوەیەکی لێکدابڕاو، ڕەنگە خوێنەر ون ببێت دەنێویدا، گەر بەوردی سەرنجی ڕۆمانەکە نەدات. ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی کوردێک دەکات، کە چەوساندنەوە، ئازار و ناڕەحەتییەکانی ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە، دەیباتە دۆخێکی دەروونی ئاڵۆزەوە، کارەکتەری سەرەکی باسی ئەو ڕووداوانە دەکات بەسەری هاتووە. بەشێوەیەک دەگێڕێتەوە، هەندێک جار خۆشی نازانێت ئەو کەسانە کێن کە باسیان ئەکات. لەنێو دەروونی خۆییدا دەدوێت، کاری بە دەرەوە نییە. دواتر خۆی لاڵ دەکات، نایەوێت قسەبکات، وەک ئەوەی ئەو زمانەی لە ناوەوەی خۆیدا پێی دەدوێ؛ دوور بێت لە کڵێشە. لە ناخی خۆیدا ترسی نییە لە دەنگ هەڵبڕین، وتنی وشەکان، ڕستەکان، گوێبیستبوون و تێکەڵبوونی ئەو دەنگانەی کە لە مێشکیدا ڕێ دەکەن، کارەکتەرەکە بەردەوام لە بیرکردنەوەدایە لەگەڵ خۆی، لەگەڵ ڕووداوەکان. تووشی نەخۆشی دەروونلێکدابڕاوی بووە، بەردەوام لە خەیاڵ، ترس، دڵەراوکێ و چاوەڕوانیدایە.

ڕۆمانەکە چیرۆکێکی واقعییانەیە کە بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا هاتووە. لە بنەرەتدا، کۆمەڵێک پێشهاتی راستەقینە و بەرکەوتنی کوردە بە زوڵم و ستەمی داگیرکار. دیارە نووسەر پێش نووسینی ڕۆمانەکە، خوێندنەوەی بۆ بەسەرهاتەکانی ئەو سەردەمە کردووە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، نووسەر تەنیا لەسەر ئەم نەهامەتییانە نادوێت بە شێوەیەکی سادە و دووبارە و سواو. بەڵکوو نووسەر بەتەواوەتی کاری لەسەر دۆخی دەروونی کارەکتەرەکە کردووە، بە فۆڕم، زمان، تەکنیکێکی جیاوازەوە ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە. لە هەر بەشێکدا بە شێوازێکی جیاواز دەیگێڕێتەوە، چەند گێرانەوەیەکە لەناو یەک گێڕانەوەدا. لە خوارەوە کۆمەڵێک سەرنج دەربارەی ڕۆمانەکە دەخەمەڕوو:  

کاریگەری زمانی ڕۆمانەکە بەسەر گێڕانەوەکە

نووسەر لەم ڕۆمانەدا، زمانێکی جیاوازی بەکارهێناوە، کە گێڕانەوەکەی تایبەت کردووە. سەرەڕای ئەوەی کە زمانی کوردی لە ڕووی ڕێنووس و وشەسازییەوە، هێشتا دیدگایەکی جێگیری نییە، شتێک نییە لەسەر کۆمەڵێک یاساو دەستوور داندرابێت و بڕابێتەوە. زمانەکەمان هێشتا نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی دەوڵەمەندکرابێت. ئەویش بەهۆی ئەو ڕووداوانەی کە بەدرێژایی مێژوو، دەرحەق بە خاک و نیشتمانی پیرۆزمان کراوە. بە بەردەوامیش، لە هەوڵی داپڵۆساندنی زمانی کوردیدان، گەلانی داگیرکەر نایانەوێت فۆڕمێکی جیاواز وەربگرێت. دەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین مەنسوور تەیفووری، هەستاوە بە نیشاندانی پانتاییەکی بەرفراوان لە وشەی نوێ و زاراوەی تازە، ئەمە جگە لە وشەی دووبارەبووەوە و هێمایی، کە دواتر درێژەی پێدەدەم. هێنانەکایەی زاراوەی تازە کارێکی هێندە ئاسان نییە، ئەمە شتێک نییە لەخۆوە مرۆڤ بێت و وشەیەک دابهێنێت. هەر وشەیەک پێکهاتە و بناغەی خۆی هەیە، دەکرێت وشەیەک لە وشەیەکی ترەوە ئافرێندرا بێت. تێکەڵ کردن و لێکدانی وشەکان وشەی دیکەمان بۆ بنیاد دەنێن.

ئەوەی لێرەدا مەبەستە، گرنگیدانی نووسەرە بە وشەسازی، بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە کە پێشتر کەمتر بەرچاو کەوتوون یان ڕەنگە بەکاریش نەهاتبن. بە نموونە: تەختەزمان، تێڕێژکفت، لەعنەتئاوا، ڕاوەئینسان… زۆری دیکەش. ئەم زمان و ئاڵوگۆڕی گێرانەوەیەش کاریگەری بەرچاوی هەیە بەسەر دەقەکەوە. کێشەی کارەکتەرەکە زمانە، یان ئەو دۆخە دەروونیەی وای لێکردووە ترسی لە دەرپەڕاندنی وشەیەکیش بێت. ئەوکاتەی کارەکتەرەکە دەڵێت: “زمان منی پێ دەستەمۆ ناکرێت کە بمگێڕێتەوە یان “دەبینی چۆن وشەکان وا دەکەن بیری دەرەوە بکەیت، و وا دەکەن حەز بکەیت ئازادی هەر نەبووایەت و زمانت هەر نەزانیبا و دنیات نەدیبا بۆ ئەوەی بیری هیچ نەکەیت، بۆ ئەوەی بیر نەکەیتەوە…”. کارەکتەرەکە پێی باشترە وشەکان لەناخی خۆیدا بهێڵێتەوە، وەک لەوەی بیڵێت.

لە بەشێکی گێڕانەوەکان کارەکتەر تەنها لەگەڵ خۆی دەدوێت، لە بەشێکی دیکە گێڕانەوەکە دەگۆڕێت بۆ گفتوگۆ، کە جاری وا هەیە نازانیت کێیە. بە بەکارهێنان و دووبارەکردنەوەی جێناوی تۆ و من. بە گشتی تێکەڵەی چەند گێڕانەوەیەکە کە لێکدابراوە، نووسەر دەیەوێت هونەرمەندانە هەم کار لەسەر زمانی گێڕانەوەکەی و هەم زمان وەک فاکتەرێک بەسەر دۆخی کەسایەتییە سەرەکێکەوە. جاری وا هەیە بە وتنی وشەیەک ڕەنگە زۆر شت بگۆڕێت، ئەوکاتەی هەمووان خۆیان بێدەنگ کردووە لە هەمبەر گەلێک شت کە دەست و پێی بەستوونەتەوە. ئەوە هەر زمانە دەتوانێت ئەو ڕێچکەیە بشکێنێت و لەو غەریبییە بتهێنێتە دەرەوە، وەک ئەوەی نووسەر ئاماژەی پێداوە. یان کاتێک کە باسی وەختێک دەکات، کە لە ڕادیۆوە گوێبیستی دەنگ و زمانێکی جیاوازبوون، جوودا بووە لە زمانی دەرەوە. ئەو زمانەی کە کاریگەری زمانێکی سەپێنراوی تری بەسەرەوە بووە، ئەو ساتەی کە لە دەرەوەیت، بەڵام لە ناوەوەی خۆتدا پەییت بە زمانێکی دیکە بردووە.

لێرەدا، دوو بابەت هەیە، زمان وەک کێشەیەک لە عانی دەربڕیندا، دەرچوونی زمان لە ڕێچکە کڵێشەدارەکەی. هەندێک جار زمانی گێڕانەوەکان بە جۆرێکن؛ هەستم ئەکرد لە ئامێزی شیعرێکدام کە تەواو بوونی نییە. بە هەرحاڵ، زمان دەورێکی سەرەکی هەیە لە گێڕانەوەدا، با پەیامەکە باش بێت، بەڵام کە زمان نەیتوانی لەگەڵ خۆی بتبات و تێکەڵی خۆیت بکات لە هەر ژانرێکی وەک: ڕۆمان، چیرۆک و کورتە چیرۆک، لەوێدا پەیام و ناوەڕۆک سەنگ و قورسایی خۆی لەدەست دەدات. لە هەندێک بەشدا، زمان بە فیگەرێکی مۆسیقاییانە رۆڵی گێڕاوە. لەناو هەر پەیڤێکدا موزیکێک هەست پێدەکەیت، ڕەنگە ئەمە باڵادەستی زمان بێت، دەکرێت زمان هەر لەنێو خۆیدا زمانێکی ترت بۆ بخوڵقێنێت، گرنگی زمان لەوەدایە بتوانی ئازادی بکەیت، کە زمان ئازاد بوو، دەقی باشیش دروست دەبێت. مەبەست لێرە شتێکی دیکەیە، ئازادی بەو مانایەی لە کاتی خوێندنەوەی هەر دەقێکدا هەست بەوە بکەیت، کە وشەکان نەخەسێنراون، وەک ئەوەی لەم ڕۆمانەدا هەستم پێکرد، وشەکان، ڕستەکان، پەرەگرافەکان، جۆرێک لە سەربەستییان تێدا بەدی دەکرێت.

لەوانەیە هەر ئەمەش بێت وای لێکردبم هەست بەو کەشە مۆسیقییە بکەم. بۆ نموونە: “دادە لە رادیۆیە، بابە لە رادیۆیە، شۆڕش لە رادیۆیە، کاکە لە رادیۆیە، ئێرە دەنگی دایەیە، ئێرە دەنگی بابەیە، ئێرە دەنگی مسگەرە، دەنگی ئاسنگەرە، دەنگی فەلا و رەنجدەرە، دەنگی سووری بابەیە، دادە لە رادیۆیە”. زۆر جاریش لەنەبوون و هەبوونی زماندا؛ دەست و قاچ و چاوی وەک نموونە هێناوەتەوە. وەک ئەوەی دەرپەڕاندنی هەر وشەیەک ڕەنگە ئازار بە جێگەیەکی تری جەستەی بگەیەنێت، یان کە دەڵێت ئەو پارچە گۆشتە لەوانەیە ببێتە هۆی مردنت یان مانەوەت یان دەرچوونت لە زیندان، گەر لاڵ بیت و قسەنەکەیت. یان بەراوردی چاو دەگەڵ زمان و ئەندامەکانی دیکە: “چاو دۆخی دیکەی هەیە، هەمیشە دەبینێ، چرکە نییە لەدەستی دەربچێت، بەڵام دەتوانێ نەبینێ، ببینێ و نەبینێ، یانی بە مێشک نەڵێت بینیویەتی، دەتوانێت ڕوانیی بکات بە ڕامان، جاری وا هەیە بە چەندین چوزانم وەخت لە بێدەنگی ڕامێنێ، لە دیوارێک، لە چاوی ئەوان، لە دەمیان لە کاتی بازجوییدا ڕامێنێ و هیچیش نەڵێ و نەبیسێت و نەبینێت”. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی چاو هێندە مەترسیدار نییە، یان با بڵێین وەک زمان ئەرکەکەی قورس نییە، دەکرێت لە دۆخێکەوە بتبات بەرەو دۆخێکی دیکە. هەر ئەمەشە دواتر ترس بۆ کارەکتەرەکە دروست دەکات و دەیباتە نێو ئەو دۆخە دەروونییەوە. دووبارەکردنەوەی زۆرێک لە وشەکان بە درێژایی ڕۆمانەکە، وشەکانی: ماسی، ڕووبارەکە، زمان… هتد. پەی پێ دەبرێت. ئەم دووبارەبوونەوەیە لە وشە جۆرێکە لە جەختکردنەوەی کارەکتەرەکە بۆ ڕووداوەکان، جەختکردنەوەی نووسەریش بۆ درێژەدان بە گێڕانەوەکەی لە ئاستی ئەو زمان و وشەسازییەی کە کردوونی.

تێکئاڵانی واقیع بە فەزا سووریالی و سیمبوولییەکانی دەقەکەوە

لێکەوتە سووریالییەکەی ڕۆمانەکە:

ناتوانم بەتەواوەتی بڵێم ئەم دەقە دەدرێتە پاڵ چ ڕێبازێک، بەڵام کۆمەڵێک دەستەواژە و ڕووداویش دەنێو رۆمانەکەدا، ئەوەی نیشان داوین کە پەی بەوە ببەین، خودی دەقەکە هەڵگری چ جووڵانەوەیەکە. ئەمەش کارێکی گرانە، چونکە ناتوانی بەتەواوەتی بڕیاری لەسەر بدەیت، بە دەقێکی تەواو کامڵ هەژماری بکەیت. دەقەکە لەسەر بنەمای ڕووداوێکی واقعی داڕێژراوە، شتێک نییە نووسەر لەخۆیەوە درووستی کردبێ یاخود با بڵێن خەیاڵی بێت. دەگەڵ ئەوەشدا، چاوی خوێنەر ون دەبێت لە واقیعیەتی ڕووداوەکان. نووسەر زیاتر هەوڵی داوە کاریگەری ڕووداو و واقیع بەسەر کارەکتەرە سەرەکێکەوە ڕوون بکاتەوە، نەک خودی پێشهاتەکان. وەک دیارە لە ئەدەبیاتی کوردی زیاتر ڕیالیزم و رووداوە ناسەقامگیرەکان زیاتر کاریان لە نووسەر کردووە، بۆ ئەوەی ڕووداوەکان وەک خۆیان بگێڕێتەوە، لەگەڵ تێفکرینی بەشێک لە بیری شۆڕشگێرانە، یاخیگەرانە، ڕەخنەگرانە، هێنانەکایەی ڕیالیزمی سۆشیالیستی بۆ ناو ئەدەبی کوردی. ڕۆمانی (لە خەوما)ی جەمیل سائیب و ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان)ی ئەحمەد موختاربەگی جاف نموونەی دوو ڕۆمانی ڕیالیزمی ڕەخنەگرین. نامەوێت باس لە ڕووە مێژووییەکەی بکەم و سەرەتا و دەرکەوتنی ڕۆمان بە گشتی و بەتایبەت سەردەمی ڕیالیزمی کوردی، بابەتێکی دوورودرێژە، بە پێی پێویستیش وتار و نووسینمان هەن سەبارەت بەو وەرچەرخانانە. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕۆمانی کوردی نەیتوانییوە بەتەواوەتی خۆی لە هەندێک قوتابخانەی ئەدەبی دیکە بدات، ڕەنگە هەبێت بەڵام هێشتا پڕ بە پێستی خۆی نییە، ناشتوانین بڵێین کە ئەم ڕۆمانە توانیویەتی بەتەواوەتی ئەو ڕێچکەیە بشکێنێت، بەڵام لانیکەم خوێنەر هەست بە هەندێک لەم گۆڕانکارییانە دەکات، کە ئەوەش پێویستی بە کەسانی شارازا هەیە تاکوو ئێش لەسەر ئەم ڕووەی رۆمانەکە بکەن. هەروەها ڕۆمانی کوردی تێکهەڵکێش بکرێت بە فۆڕم و سەردەمێکی نوێخوازییانەوە.

هەڵبەتە ئەم ڕۆمانە زیاتر جەخت لە خستنەڕووی حەقیقەت ناکات. کارەکتەری سەرەکی هەوڵدەدات لە واقیع ڕابکات، کەئەمەش زیاتر خەسڵەتێکی سووریالییە، رووداوەکان وای لێکردووە لە دەروونی خۆییدا، تووشی وەهم و بیرکردنەوەیەکی فرە ببێت. کەوتۆتە جیهانێکی نائاگاییەوە، لەگەڵ خۆی لە جەنگێک دایە، کارەکتەرەکە لە دۆخێکی شپرز و بێسەروبەرەییدایە، تووشی جۆرێک لە لەبیرچوونەوە بووە، بۆ نموونە ناوی قوربانییەکانی لەبیرچۆتەوە، یان وا هەست ئەکات نایان ناسێت. تێکەڵی جیهانێکی رۆحی بووە، کە بەلایەوە ئەستەمە هاتنە دەرەوە لێی. بە تەواوەتی هەست بەو شەڕە دەروونییەی ناخی دەکەیت، نووسەر لەم رووەوە تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی بەباشی گیروگرفتی کارەکتەرەکە ڕوونبکاتەوە. ئەو کاتەی لە قاوەخانەکە دانیشتووە و زمانی هەڵگێراوەتەوە، پەی بەوە دەبەیت، بوونیەتی لەنێو قاوەخانەکە جگە لە جەستەیەک هیچی تر نییە، نایەوێت تێکەڵی جیهانی دەرەوە ببێت، بەردەوام لە خەیاڵدایە. تووشی نەخۆشی دەروونی کردووە. بێگومان کارەکتەرەکە لە سەرەتادا لەو دۆخە وەهمییەدا نییە، بەڵام کاردانەوەی لە هەمبەر واقیعدا؛ ڕووبەرووی چاوەڕوانی کردۆتەوە، بەردەوام چاوەروانی خوشکەکەیەتی، بە شێوەیەکی نائاگاییانە گفتوگۆیەک درووست دەکات دەگەڵ خۆی. خۆی لە خۆییدا ئەمە هەنگاوێکە بەرەو سووریالیزم، چونکە هێنانە کایایەی خەون و ئارەزووە چەپەکان و ئەو غەریزانەی کە لە دەرەوی خۆییدا، چیتر بۆی گرنگ نییە. ئەمە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ کاری زمان، کارەکتەرەکە لەناو زماندا ونبووە، وەک غەریزەیەکی چەپ، کە لە واقعدا ئەو ئازادی زمانەی بۆ دەستەبەر نەکرێت. دوورەپەرێزییەک پیشان دەدات دژ بەو کڵێشەییەی کە لە زماندا هەیە. دەسەڵاتی زمانیش بەسەر داپۆشینی دەقەکە بە گەلێک ڕستە و دەستەواژەی ناخود ئاگایی و کارلێکی دەروونی لەگەل خودی کەسەکەدا. گەڵاڵەکردنی جۆرێک لە خەیاڵ و سووریاڵیزمە. هەنگاوێکە لە بەرامبەر ریالیزم و ئەدەبدا. لە چەند پارچەیەکی گێرانەوەکەیدا، نووسەر، دۆخی کارەکتەرەکە و نەخۆشیە دەروونێکەی بەرجەستە دەکات. بە گێڕانەوەی خێرا و جۆرێک شپرزییانە، جارجارەش پانتاییەکی درێژ لە گێڕانەوەکاندا بەدی دەکرێت. زمان دووبارە هاوکاربووە لەم ئاڵنگارییە، دەگەڵ فۆرم و ناوەڕۆکەکەی تەکهەڵچووە.

بەگشتی نووسەر کاری کردووە بۆ گرێدانی ناوەڕۆکی رۆمانەکە لە بەرامبەر گێرانەوە جیاوازەکان، لەبەر ئەوەی چەند گێڕانەوەیەکی لێکدابڕاون، گرنگێکە لەو خاڵەدایە نووسەر بتوانێت تا ڕادەیەک پێکەوەیان ببەستێتەوە. فۆرم و ناوەڕۆکێکی یەکانگیر بئافرینێت. خاڵێکی تر، نووسەر بۆ نووسینی دەقێک، لەنێو بازنەیەکدایە، پێویستە هاوئاهەنگیەک بخوڵقێنێت لە خەیاڵی خۆیدا لەسەر بژاردەی گەڵاڵەکردنێکی باشی زمان، ناوەڕۆک، فۆرم، پەیام، تێۆری نووسینەکەی، کرۆنۆلۆژی ناو دەقەکە، هەموو ئەمانە، گەر نووسەر باش ڕێکیان بخات لە هزری خۆیدا، دەقێکی باش بەرهەم دەهێنێت. گونجاو نابێت گەر ناکۆکی یان لارولۆچییەک لەنێوان ستراکچەرەکانی دەقدا هەبێت. لە ئەنجامدا دەقێکی پڕ گرێوگۆڵ دەئافرێت. نموونەی یارییەکە کە نووسەر دەبێ باش خۆی بۆ ئامادە کردبێت تا بیباتەوە. ئەم باسانەش پەیوەندی بە نووسینی ئەم ڕۆمانەوەیە، خوڵقاندنی زمان و ناوەڕۆکەکەی لێزانی نووسەر دەردەخات، کە جاروبار خوێنەر گوم دەبێت تیایدا، بەڵام نووسەر ڕێگری لەم لێکدابڕاوییەی نێوان خوێنەر و دەقەکە دەکات، تاکوو هەوڵی خۆی بدات بۆ ڕاگرتنی بەهای دەقەکە و پەیامەکەشی. رەنگە زۆر لەسەر بابەتە سووریالی و خەیاڵێکەی نەڕۆشتبم، ئەویش لەبەر ئەوەی سەرنج بخەمە سەر کاری زمان لە یەکگرتنەوە و هاوئاوزی و دروستکردنی کارەکتەرێک کە لە خەیاڵدا رۆچووە، لەڕێگەی قسەنەکردن بیەوێت فیگەرێکی دیکە لە ژیانی نیشان بدات.

لێکەوتە سیمبوولییەکەی ڕۆمانەکە:

سەرەڕای بەدیارکەوتنی ئەو لێشاوی خەیاڵ و ترسەی کە کارەکتەرەکەی داگیرکردووە، کۆمەڵێک هێما و نیشانەش دێنە ئاراوە. بەشێکی زۆری پەیڤە دووبارەکان؛ وەک سیمبوولێک بەکارهاتوون، لەپشت هەر پەیڤێکەوە بۆنی واتایەکی دیکە دەکەیت. دیارە نووسەر نەیویستووە وشەکان راستەوخۆ و واتایەکی روونی هەبێت، لەجێی ئەوە جۆرێک لە شاراوەی تێدا پێکهێناوە. بێگومان، ئەوەشمان بیر نەچێت، کە لە ژانرەکانی وەک شیعریش پێشتر هێما و نیشانە بەکارهاتوون بۆ بەدەرخستنی مانایەکی تر، بە شێوازێکی شاراوە، شتێکی نوێ نییە لە ئەدەبی کوردیدا. بەڵام ئەوەی لیرەدا گرنگە نووسەر بەشێوەیەک ناوی لە شتەکان ناوە، تەنانەت هەندێک جار باسی ڕووداوێکی کردووە کە مرۆڤ و حەیوان تێیدا بەشدارن. ئەو کاتەی کە کەسایەتی سەرەکی باس لەوە دەکات کە لەلای ڕووبارەکەدا سێوی خواردووە، ماسییەکانی ناو رووبارەکەش سێویان خواردووە، دواتر دەڵێت گورگیش سێوی دەخوارد. ئەمە دەربڕینێکی فانتازیە کە نووسەر لە پشتیەوە مەبەستێکی تری هەیە. دەربڕینی وشەی ماسی بۆ ئەو کووردانەی کە دەکوژران، “چوارەم ماسی کە کوژرا، دەسڕێژێک هەمووی بڵاوە پێکردین…” ڕووبارەکەش ئەو شوێنەیە کە ماسییەکانی لێیە، “مرۆڤ دەتوانێت بگۆڕێت بۆ سێو و ماسی، بەڵام بۆ باڵندە نا، ناتوانێت ببێتە باڵندە” ئەو بەڕوونی شوێنی جوگرافی ڕووداوەکان باس ناکات، بەڵکو هەر جارە و باسی جێیەک دەکات. بەڵام هەست دەکەیت کە شوێنەکە ئێرانە، هەرچەندە وشەی باشماخ، سنە، سیروان، هەڵەبجە، تاران، مەریوان، میسڕ ئەمانە دەبینین لە ڕۆمانەکەدا. چەند ناوێکی کەم هەن بۆ کەسایەتییەکان دادە فریشتە، کاک حەسەن جگە لەمانە زۆربەی زۆری شتەکانی ناوی واقعی خۆیان نین. بۆ نموونە ئەو کاتەی کە کارەکتەرەکە گیراوە، لە ناساندنەکەیدا دەڵێت: “ناو: گۆم، ناوی خێزانی: مەریوانی، شوێنی لەدایکبوون: مەریوان، شوێنی مانەوە: شانی راستی ڕووبارەکە، ڕوو لە شار، پاڵ گابەردەکە” ناوی بە وشەی “گۆم” لە قەڵەم داوە. هەروەها دووبارەکردنەوەی وشەی پێغەمبەر و یوسفیش. بەشێکی ترن لەمە.

دەرئەنجام

هەر گۆڕانکاریەکی باش لە دەقدا، دەکرێت شۆڕشێکی نوێ بێت بەسەر ئەو خاڵە باوانەی کە لە ژانرە ئەدەبییەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ برەوی پێ دەدرێ. رۆمانی ژیانەوە بە کاتی سیروان؛ تا رادەیەک و بە گشتیش لەرووی گێرانەوە و زمانەوە هەست بە تازەگەرییەک دەکەیت تێیدا، ئەمەش هەوڵێکی گرنگە سەبارەت بە برەودان بە زمان و فۆڕم و تەکنیکەوە.

سەرچاوە:

لەپێناوی فۆرمدا/ دکتۆر بەختییار سەجادی ساڵی ٢٠١٧

رۆمان چییە،م.‌‌ه. ئیبزامر مالکام برادیری نورتروپ فڕای، وەرگێرانی جەواد مستەفا.

هاوبەشی بکە