25/04/2025
DidiMn Logo
Top

دەربارەی ماسیی ڕەشی بچکۆلە

لە لایەن دیدی من 3 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – دارز ئاڕت
لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ڕێباز تاهیر

“ماسیی ڕەشی بچکۆلە” بەرهەمێکی ئەدەبیی منداڵانە، لە نووسینی (سەمەد بێهرەنگی)، ئەم بەرهەمە چیرۆکێکە کە تێیدا نووسەر لە ڕێی ئاژەڵەکانەوە بە بەکارهێنانی مێتافۆڕی کلتووری و دەربڕینی منداڵانە و چەمکسازی گەورە ساڵانەوە بیری ڕەخنەیی خۆی دەخاتەڕوو.
ساڵی ١٩٦٧ لە میانەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێراندا چیرۆکەکەی نووسیووە، ساڵی ١٩٦٨ و مانگێك بەر لە کۆچی دوایی (بێهڕەنگی) پەیمانگای گەشەپێدانی هزری منداڵان و لاوان هەڵسان بە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە لە شێوەی وێنە-چیرۆك کە سەرجەم وێنەکان لە لایەن (فەرشید مەسغەلی)یەوە کێشرابوون. هەمان ساڵیش وەکوو باشترین پەرتووکی منداڵان هەڵبژێردرا. ساڵێك دواتریش پەرتووکەکە خەڵاتی شەشەمین خوولی پێشانگای پەرتووکی منداڵانی لە بۆلۆنیای ئیتاڵیا بردەوە.
هەروەها لە لایەن Biennial of Illustration Bratislava بەهۆی وێنەسازییەکانییەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێدرا.

ساتەوەختی گێڕانەوەی چیرۆکەکە دەکەوێتە شەوی یەڵداوە، پیرەماسییەك چیرۆکەکە بۆ دوازدە هەزار ماسی لە منداڵ و نەوەکانی دەگێڕێتەوە.
چیرۆکەکە دەربارەی ماسییەکی بچکۆلانەی ڕەشە، کە لەگەڵ دایکیدا لە گۆمێکدا و لە پشت بەردێکی ڕەشدا دەژین، لەژێر بنمیچێکدا کە قەوزە درووستیکردبوو، ئەوەش بووبووە مایەی دڵگرانی ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە چونکە ڕێگر بوو لەوەی مانگ ببینێت.
ژیانی ڕۆژانەیان تەنیا بریتی بوو لە هاتوچۆکردن لە شوێنێکی سنووردارەوە لەگەڵ ماسییەکانی دیکەدا.
ماسییە بچکۆلانەکەش بێزار بوو لەم هەموو ئەمسەر و ئەوسەرکردنەی کە بەردەوام چەندبارە دەبوویەوە، هەربۆیە بەیانییەکیان ماسییە بچکۆلانەکە بە دایکی گوت “دەمەوێت بزانم ئەم گۆمە لە کوێدا کۆتایی پێ دێت، چونکە هەموو شتێك کۆتاییەکی هەر هەیە، ئەی وا نییە؟”
دایکی و ماسییەکانی دیکە بە هەڕەشە و پاڕانەوە لێی هەوڵیاندا قایلی بکەن بەوەی واز لە جێبەجێکردنی پلانەکەی بهێنێت، بەڵام ماسییە بچکۆلانەکە ئەوانی بەجێهێشت و گەشتەکەی بەرەو نادیاری دەستپێکرد. لەسەر ڕێگەکەی چاوی دەکەوێت بە زۆر بوونەوەری دیکەی وەکوو بۆق، مارمێلکەی ژیر، ماسی خۆبەزلزان، ئاسکی بریندار، قرژاڵی هەڵپەرست، مرۆڤ و باڵندەی قوو.
لە کۆتایی گەشتە پڕ مەترسییەکەیدا دەگاتە دەریا و چاوی بە گروپێك ماسی دەکەوێت کە ئەوانیش ملی ڕێگەی هەمان گەشتیان گرتووتەبەر و بە پۆلی ماسی سەلەمۆن دەناسرێن.


بەر لەوەی ماسییە بچکۆلانەکە بگاتە سەر ڕووی ئاوەکە و بچێتە لای ماسییەکانی دیکە، شینەشاهۆیەك ڕاوی دەکات، ماسییە بچکۆلانەکەش شینەشاهۆیەکە فریودەدات و خۆی لە دەنووکی قووتار دەکات. بەڵام شینەشاهۆیەکە دیسانەوە دەیگرێت و قووتی دەدات. ئەمجارەیان لەپێناو ڕزگارکردنی ژیانی ماسییەکی بچکۆلە و کوشتنی شینەشاهۆیەکە ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. چیرۆکەکە بەبێ هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ چارەنووسی ماسییە بچکۆلانەکە، بە نەمانی ماسییەکی بچکۆلانەی سوور کۆتایی پێ دێت.

پەرتووکی “ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە” سێیەم پەرتووکی منداڵانە کە (فەرشید مەسغەلی) وێنەی بۆ کێشابێت، ئەویش لەژێر چاودێری پەیمانگای گەشەپێدانی هزری منداڵان و لاوان.
بە درێژایی ژیانی پیشەیی (مەسغەلی) چەندین شێوازی جۆراوجۆری بۆ بە وێنەکردنی چیرۆك بەکارهێناوە، لەوانەش بەردنووسی، کۆلاج، ڕەنگی ئاوی و ئامرازی دیکەی هونەری.
سەبارەت بە پەرتووکی “ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە”ش، چەندین وێنەی هەمیشەیی درووستکرد لەڕێگەی هەڵکۆڵینی وێنە لەسەر لینۆلیۆم و پاشان چاپکردنی لە پاڵێتێك ڕەنگی سنووداری پەیوەست بە تەوەری چیرۆکەکە.
(مەسغەلی) سەبارەت بە پەرتووکەکە دەڵێت “ئەم پەرتووکە ئەزموونێکی هەڵکۆڵین بوو بۆ من، بەشە جیاوازەکانی پەرتووکەکەم بەدەستەکانی خۆم ڕەنگ کرد، بۆ نموونە ئەو شوێنەی دەبوو ڕەش بێت بە بۆیەی ڕەش ڕەنگم دەکرد، ئەو شوێنەی دەبوو سوور بێت بە بۆیەی سوور ڕەنگم دەکرد، پاشان کۆپییەکم لێ درووست دەکرد یانیش جارێکی دیکە ڕەنگەکانم دادەنایەوە”. پێدەچێت قاڵبی چاپکراوەکەش چارەنووسێکی سەیر و سەمەرەی هەبووبێت.
(مەسغەلی) لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کرد کە قاڵبە بنچینەییە چاپکراوەکانی پەرتووکەکە لە پەیمانگاکە دیار نەمان، بەڵام چەند ساڵێك دوای شۆڕشی ئێران پیاوێكی ئەمریکی دەرکەوت و جارێکی دیکە هەموویانی بە پەیمانگاکە فرۆشتەوە.

بینەران کاتێك تەماشای وێنەکان دەکەن لە یەکەم ڕوانیندا ڕووبەڕووی وێنەیەکی زەبەلاح دەبنەوە کە تێکەڵ بە دەقەکە بوون، پاشان وێنەیەك کە ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە لە باکگراوندێکی سەوزەوە پیشان دەدات.
یەکێکی دیکەش وێنەی ئەو دیمەنە دەبینێت کە تێیدا دایك و کوڕ قسە دەکەن، دایکەکە لە چوارچێوەیەکی ڕەشدا پیشان دراوە و ڕەهەندێکی گەورەی بەشی سەرەوەی وێنەکەی داگیرکردووە و ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکەش لە بەشی خوارەوەی وێنەکەدایە لەبەردەم دایکیدا.
زۆر بەڕوونی دیارە کە پوولەکەکانی منداڵەکە بەراورد بە پوولەکەکانی دایکی ڕێکخراوتر و ڕێك و پێكترن، گلێنەی چاویشی بەشێوەیەکی ئاماژەییانە ڕەنگی سوورە، لەکاتێکدا گلێنەی چاوی دایکی ڕەنگی سەوزە. سێ پارچەی بازنەیی ڕازاوە لە نزیك کۆتایی جەستەی دایکەکەدا کێشراوە کە دەشێت هێما بێت بۆ ڕەوتی سەرلێشێواوی ژیانیان یاخوود سنووردارکردنی بیرکردنەوەیان.
باکگراوندی وێنەکان بە هێڵی شین و سەوز ڕەنگ کراون وەکوو نیشانەیەك بۆ قووڵی ئاو و هێڵە پچڕاوەکانیش لە شوێنە مەنگەکاندا ئاماژەن بۆ سنوورداری بۆشایی ژیانیان. هونەرمەندەکە بە سەرکەوتوویی ڕەهەندە بچووکەکانی ماڵی ماسییە بچووکەکەی بۆ پیشاندانی سنوورەکانی خۆی بەکارهێناوە.
شتێكی سەرنجڕاکێش هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەین، ئەویش ئەوەیە کە نووسەر بە دانانی ناوێك بۆ ماسییە بچکۆلانەکە تایبەتمەندییەکانی خۆی دیاری کردووە، ئەمەش یارمەتی خوێنەر و بینەر دەدات کە ماسییەکان لە یەکدی جیا بکەنەوە، بۆ نموونە ماسییەکە ڕەش و بچکۆلانەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لە وێنەکانی پەرتووکەکەدا هەموو بوونەوەرەکان بەتایبەتی ماسییەکان هەموویان ڕەشن و هەندێکجاریش لە ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکەش بچووکترن. هونەرمەندەکە فۆڕمی جەستە و پوولەکەکانی ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکەی وەکوو تایبەتمەندی جیاکەرەوەی خۆی بەکارهێناوە.
لەو وێنەیەی خوارەوەدا دوای ئەو وێنەیەی کە ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە بەتەنیا پیشان دەدات، ڕووبەڕووی سێ ماسی دیکە دەبێتەوە، کە بەتوندی لە فەزایەکی بچووکدا دەوریان لێ گیراوە، ئەوەش دەشێت ئاماژە بێت بۆ سنوورداریی ئازادی بیرکردنەوەیان، چاوە سەرسامبووەکانیان کە دەرپۆقیون، بەراورد بە چاوەکانی ماسییە بچکۆلانەکە هەستێکی گەمژەیی و نەزانیت پێ دەبەخشن. دیسانەوەش هەمان سێ پارچەی بازنەیی لەنێوان ماسییە بچکۆلانەکە و ماسییەکانی دیکەدا چاپ دەکرێن.
وێنەکانی خوارەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ماسییە بچکۆلانەکە و بوونەوەرەکانی دیکە پیشان دەدەن، هەر لە ماسییەپانکەکانەوە کە وەکوو ماسییە بچکۆلانەکە ڕەشن و بە ڕیزێکی ڕێکوپێك لەنێو چەمەکەدا دێن و دەچن، هەتاکوو بۆقە ڕەشەکە کە لەسەر بەردێکی قاوەیی دانیشتووە، هەروەها قرژاڵە ڕەشەکە و چنگە دەرپەڕیووەکانی کە هەستی تووندووتیژی و شەڕانگێزی دەگەیەنن.
لە یەکێك لە وێنەکاندا، کە مارمێلکەیەك لەسەر بەردێك دانیشتووە و خاڵی سەوز لەسەر جەستەی هەن، دەتوانین بۆ یەکەم جار دوو گوڵی سوور و گەڵایەکی سەوز لە دەرەوەی ئاوەکەدا ببینین، مارمێلکەکە پشتیوانانە ماسییە بچکۆلانەکە لە مەترسییەکانی گەشتەکەی ئاگادار دەکاتەوە و خەنجەرێکی پێ دەدات کە دەتوانێت بەهۆیەوە بەرگری لە خۆی بکات دژی باڵندە قووەکە.
پێدەچێت خاڵە سەوزەکانی سەر جەستەی مارمێلکەکە و سروشتی ئارامی دەوروبەری بەئەنقەست لەلایەن هونەرمەندەکەوە بەو شێوەیە دانرابن بۆئەوەی نیازپاکی مارمێلکەکە پیشان بدات. خەنجەرەکەش بە ڕەنگی ڕەش لە وێنەی لاپەڕەی داهاتوودا ڕەنگ کراوە.
هەرچەندە مارمێلکەکە بە دڕکی ڕووەکەکان خەنجەرەکە دروست دەکات، بەڵام لە پەرتووکەکەدا وەکوو ئامرازێکی مرۆڤ پیشان دەدرێت کە لە پۆڵا دروستکراوە.
بە درێژایی چیرۆکەکە چوار جار باسی مرۆڤ کراوە، بەڵام لە هەر چوار جارەکەدا مرۆڤ بوونێکی پەراوێزخراوی هەیە و هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ماسییەکان و مرۆڤەکاندا ڕوونادات.
[ئەو چوار جارەش، شوانێکە کە ڕانە مەڕەکەی دەباتە لای گۆمەکە و ماسیگرێکە کە ماسییە سەلەمۆنەکان تۆڕەکەی بەرەو قووڵایی ئاوەکە دەبەن و چەند منداڵێکن کە لە نزیك گۆمەکە یاری دەکەن، هەروەها چەند کیژێك کە ئاو لە گۆمەکە دەبەن،
لە کۆتاییشدا گفتوگۆی نێوان ماسییە بچکۆلانەکە و مانگ سەبارەت بە یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ سەر مانگ]، هونەرمەندەکە وێنەی هیچ یەکێك لەمانەی نەکێشاوە و مرۆڤی بە خاوەن پێگەیەکی ناگرنگ لە وێنەکانیدا هەڵسەنگاندووە.

لە وێنەی دواتردا کە تێیدا ماسییەکە بۆ یەکەم جار لە دەرەوەی گۆمەکە ڕووبەڕووی سروشتێکی فراوان دەبێتەوە، ئاسکێك لە جەنگەڵەکەدا ئاو دەخواتەوە، لێرەوە وێنەکانی دواتر خوێنەر بەرەو کۆتایی چیرۆکەکە دەبەن، وێنەیەك دێتە پێش کە تێیدا پیرەماسییەکە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکەش لە باکگراوندێکی شینی نەخشداردا لە بەردەم پۆلی ماسییەکانی دیکەدایە، وێنەیەکی ئاسمان کە لەگەڵ ئاو و مانگدا بەسەر سەری ماسییە بچکۆلانەکەوە کۆدەبێتەوە، جەستەی باڵندە قووەکە تەواوی لاپەڕەکەی داگیرکردووە لە کاتێکدا چاوەکانی و ڕەنگی سووری دەنووکی ئاماژەن بۆ تووندووتیژی، وێنەیەکی شینەشاهۆیەکە کە ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکەی بە دەنووکی هەڵگرتووە، هەروەها وێنەیەکی دیکە کە تێیدا لەگەڵ ماسییەکی بچکۆلانەی دیکەدا قسە دەکات کە لەناو جەستەی شینەشاهۆیەکەدایە.

لە کۆتا وێنەدا کە لوتکەی وێنەی چیرۆکەکانە، وێنەی پیرەماسییەکە ڕووبەرێکی زەبەلاحی بەسەر پۆلی ماسییەکاندا داگیرکردووە، لە پشتییەوە دەتوانین جارێکی دیکە پارچە بازنەییەکان ببینین. لەنێویاندا تەنیا یەك ماسی سوور هەیە، کەمێك لەوانی دیکەش گەورەترە، پۆلەکە بەجێدەهێڵێت و بەرەو ڕووناکی باکگراوندە سپییەکە دەڕوات، پێدەچێت ڕەنگی سووری چاوی ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە کاریگەری بەسەر ژیانی ماسییە سوورەکەوە هەبووبێت، کە هێمایە بۆ دووبارە لەدایکبوونەوەی خۆر لە پاش تاریکی شەوی یەڵدا. هونەرمەندەکە ژیرانە هەموو ماسییەکانی بە ڕەنگی ڕەش وێنە کردووە بۆئەوەی لەکۆتاییدا جیاوازییەك هەبێت لەنێوان ماسییەکان و ماسییە سوورە بچکۆلانەکەدا، ئەمەش وەکوو هێمای بەرخۆدان و زاڵبوون بەسەر تاریکیدا.

هاوبەشی بکە