25/04/2025
DidiMn Logo
Top

ماسیی ڕەشی بچکۆلە: پرسی ڕاهێنان لە پەروەردەدا

لە لایەن دیدی من 3 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – کۆسار عەبدوڵڵا

لە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکەدا تێبینی ئەوە دەکەین کە پرسی سەرەکی چیرۆکەکە بریتییە لە ململانێی نێوان تاک و نەریت و ئەو بەربەستانەی کە ئەوانی دیکە لەبەردەم منداڵدا دروستی دەکەن. ئەم پرسە لە ناو پەروەردەدا دەچێتە ناو یەکێک لە هەرە بنەما گرنگەکانی پەروەردەوە کە ئەویش پرسی ڕاهێنانی منداڵە.

ئێمە دەتوانین کاری پەروەردە دابەش بکەین بۆ چەند بنەمایەک کە بەپێی قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ و گەشەکردنی جەستەیی و عەقڵی منداڵ و ڕۆڵی منداڵ لە کۆمەڵگەدا، دەبن بە سەرەکیترین بنەما لە کاری پەروەردەدا. سەرەتا کاتێک منداڵ لە قۆناغێکی زۆر بچووکدایە و هێشتا زۆر ساوایە و ناتوانێت شتەکان لەیەکتر جیا بکاتەوە، پەروەردەکار دەبێت ئاگای لەوە بێت کە منداڵ زیان بە خۆی نەگەیەنێت. قۆناغی دوای ئەوە کە قۆناغی دووەمی ژیانی منداڵە، لەو کاتەدا منداڵ زمان فێر بووە و وردەوردە شتەکان لەیەکتر جیا دەکاتەوە، بۆیە کاری سەرەکی پەروەردەکار بریتییە لەوەی منداڵ ڕابهێنێت، ئیدی ڕاهێنان تا ئەو تەمەنە بەردەوام دەبێت کە منداڵەکە دەگاتە لاوێتی و دەتوانێت خۆی بیر بکاتەوە و باشی و خراپی شتەکان فێر ببێت.

ڕاهێنان دووبارەکردنەوەی شێوازێکە لە مامەڵە کە مەبەست لێی گواستنەوەی شێوازێک لە مامەڵە و چاندنیەتی لە کەسەکەی دیکەدا. ئێمە ڕۆژانە بەردەوام هەم مامەڵە لەگەڵ منداڵدا دەکەین و هەم لەبەر چاوی منداڵدا، مامەڵە لەگەڵ شتەکانی دەوروبەرماندا دەکەین، بۆیە ئێمە ڕۆژانە بە ئاگایانە بێت یان بەبێ ئاگایی، ڕاهێنان بە منداڵەکانمان دەکەین و شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ شتەکاندا بۆ ئەوان دەگوێزینەوە. بۆیە دەکرێت ئێمە لەڕێگەی کار و کاردانەوەکانمانەوە لەگەڵ شتەکانی دەوروبەردا، منداڵ لەسەر پاکوخاوێنی و چاکە و بەرگەگرتن و شادی و گرنگیدان بە کۆمەڵگە و ئازارنەدانی ئەوانی دیکە ڕابهێنین، بەپێچەوانەشەوە دەکرێت منداڵ لەسەر ناسکی و ڕقی و خەمباری و کاردانەوەی خراپ و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی ڕابهێنین. لێرەدا زۆر گرنگە پەروەردەکار ئاگای لەوە بێت کە منداڵ لەسەر چی ڕادەهێنێت؛ کاتێک فەزای ماڵ و قوتابخانە پڕیەتی لە توندوتیژی، منداڵ لەسەر توندوتیژی ڕادێت، کاتێک ماڵ و قوتابخانە هیچ گرنگی بە سروشت و چالاکی ناو سروشت نادات، منداڵێک دروست دەبێت کە تەنها چێژ لە ژوورەوە و یارییە ئەلکترۆنییەکان دەبینێت، کاتێک پەروەردەکار خۆی ڕێزی یاساکان ناگرێت و گرنگی بە شکۆی ئەوانی دیکە نادات، منداڵیش لەسەر ئەوە ڕادێت. کاتێک پەروەردەکار پابەند نابێت بە بەها گەردوونی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، منداڵیش لەسەر هەمان ڕێگە گەورە دەبێت.

لێرەدایە دەبێت ئاگامان لەوە بێت، ئەگەر ڕاهێنانەکان خراپ بن و منداڵێکی شەرمن و نەبزۆک و ناچالاک دروست بکەن، ئەم ڕاهێنانانە دەبنە بەربەستێک لەبەردەم ئایندەی منداڵ و وا دەکەن منداڵ هەمیشە لە کاتی بەرکەوتنی شتی نوێدا بترسێت و نەتوانێت تاقییان بکاتەوە، هەروەها دەکرێت لەو ڕێگەیەوە بەردەوام ترس و فۆبیا و بێزکردنەوەکانی خۆمان بۆم منداڵ بگوێزینەوە و وا بکەین کە منداڵ لەکاتی گەورەبوونیدا کێشەی بۆ دروست ببێت و کاتێک شتێکی نوێ دێتە بەردەمی، بەهۆی ئەو ترس و ڕاهێنانە خراپەوە نەتوانێت تاقییان بکاتەوە. ئەمەیە زۆرجار ئێمە گیرۆدەی هەمان ئەو ترس و نەریتە خراپانەین کە خێزان و کۆمەڵگە پێوەی پابەندن و بەردەوام نەریتە جۆراوجۆرەکان، هەموو کێشەکانی خۆیان بۆ منداڵان دەگوێزنەوە و کاتێک ئەو منداڵانە گەورە دەبن، بەدەگمەن منداڵێکیان تێدا دروست دەبێت کە بکەوێتە هەڵسەنگاندنەوەی نەریتەکان و بیەوێت تێیان بپەڕێنێت و خاڵی وەچەرخان دروست بکات.

بۆیە لێرەدا دەکرێت بڵێین ئەرکی پەروەردەکار ئەوەیە کە ڕاهێنانێکی باش بە منداڵ بکات، ڕاهێنانی باشیش ئەوەیە کە: ١- ترس لەناو منداڵدا نەچێنێت. ٢- وا لە منداڵ بکات شتی نوێ تاقی بکاتەوە و فێری هەڵسەنگاندنی ئەو شتە نوێیانەشی بکات. ٣- وا بکات منداڵ شەرم نەکات، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نا کە شەرم لە کاری خراپی وەک شتە نائەخلاقییەکان نەکات. ٤- وا لە منداڵ بکات کە نەریتەکانی کۆمەڵگە هەڵبسەنگێنێت. ٥- منداڵ لەسەر سروشتیبوون و بەکارهێنانی جەستە و ماسولکەکانی ڕابهێنێت و منداڵێک دروست نەبێت کە ناچالاک و ناسک بێت. ٥- منداڵ خۆپەرستی و تێکەڵنەبوون لەگەڵ کۆمەڵگە و خۆبەشتزانین ڕانەهێنێت و سەرکەوتن لەوەدا کورت نەکاتەوە کە منداڵ تەنها دەستکەوتی کەسیی بەدەست بهێنێت. ٦- هاوکار بێت لەسەر ئەوەی منداڵ پابەند بێت بە یاساوە و ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتی بکات. ٧- منداڵ لەسەر بەکارهێنانی ماددەی خراپ و خواردنی ناسروشتی و ناتەندروست ڕانەهێنێت.

ئەمانە و چەندین بابەتی دیکەی گرنگی ناو ڕاهێنان کە لێرەدا ئاماژەمان پێ نەکردوون، دەکرێت ببنە بنەمای گرنگ بۆ قۆناغی سێیەمی پەروەردەی منداڵ کە بریتییە لە فێربوون و ناسینی شتەکان و ئیدی وا دەکات لە قۆناغی سێیەمدا تاکێک دروست ببێت کە خۆی شتەکان هەڵبسەنگێنێت و هیچ شتێکی خراپیش نەبێتە بەربەست لەبەردەم ئەو کارە و تاکێک دروست ببێت کە بتوانێت بەشدارێکی کارای نا کۆمەڵگەکەی بێت.

هاوبەشی بکە