22/04/2025
DidiMn Logo
Top

ماسیی ڕەشی بچکۆلە و شانۆی منداڵان

لە لایەن دیدی من 2 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

ماسیی ڕەشی بچکۆلە، یەکێکە لە بەناوبانترین چیرۆکەکانی ناو ئەدەبیاتی گەلانی ئێران و وەرگێڕدراوەتە سەر کۆمەڵێک زمانی زیندووی گەلانی جیهان، لە نێویشیاندا بە چەند وەرگێڕانێک بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. ئەگەر بتەوێ شانۆییەکی منداڵان دروست بکەیت و ئەم چیرۆکە بخوێنیتەوە هاوکات، ڕاستەوخۆ کارە ئەدەبییەکە ڕاتدەکێشێت بۆ بیرکردنەوە لە نمایشکردنی ئەم چیرۆکە لەسەر تەختەی شانۆ. لە خوارەوە چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو کە گرنیی بەشانۆکردنی چیرۆکەکە بۆ شانۆییەکی منداڵان ڕوون دەکاتە:

بوێری و رەخنەکردن

بابەتی چێرۆکەکە باس لە بوونەوەرێکی بچکۆلە دەکات کە خەونی گەورەی هەیە، بێگومان منداڵانیش بوونەوەرە بچکۆلەکانی ناو ژیانی گەورەساڵانن! ماسییە بچکۆلەکە بوێری ئەوەی هەیە کە خەون بەدەرەوەی ئەو پانتاییە بچووکەی ئاو ببینێت کە ئێستا تیایدا دەژی و هەوڵ بۆ چوون بەرەو دەریا بدات. ئەم بابەتە لە شانۆییەکی منداڵاندا دەشێت هاندەرێکی باش بێت بۆ بینەرەکانی (منداڵەکان) بۆ ئەوەی ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییە باوەی کە بۆیان کێشراوە بخەنە ژێر پرسیارەوە، ئازایانە و ئازادانە بیر لە خەونەکانی خۆیان بکەنەوە. تەنانەت ئەگەر بابەتەکە ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرینەش بێت. بەتایبەت کاتێک لە هونەرێکی زیندووی وەک شانۆدا دەبینرێت، تێمای چیرۆکەکە زایاتر کاریگەر دەبێت.

هێزی هونەر و کاریگەری لەسەر خەیاڵی منداڵ

بەرکەوتنی منداڵان بە هونەر دەروازەیەکی گرنگە بۆ کردنەوەی دەرگای خەیاڵ و بیرکردنەوەی منداڵەکە سەبارەت بە واقیع و ئەو ژیانەی کە تیایدا دەژی. هەروەها دەروازەیەکی گرنگیشە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و گەیاندنی بیرۆکەی دروستی وەک (ئازادی و خەون) لە “ماسیی ڕەشی بچکۆلە”دا. لێرەدا دەکرێت منداڵان کاتێک ئەم کارە لەسەر شانۆ دەبینن، هاوشوناس ببنەوە لەگەڵ کارەکتەری سەرەکی “ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە” هاوسۆزی ببن و سەرەنجام خۆیان بە ئەو بەراورد بکەن. کە ئەمەش لە بیر و خەیاڵدا دەچەسپێت و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، دەشێت کارێکی ئاوها یاخود هاوشێوە ڕەنگڕێژی ژیانێکی دروست بۆ نەوەیەک بکات!

‌بەهێز بەرامبەر بە لاواز

چیرۆکەکە لە هەناوی خۆیدا کۆمەڵێک خاڵی گرنی دیکەی هەڵگرتووە کە لە ڕێگەیانەوە ڕەخنە لە سیستم و دەسەڵاتی خۆسەپێن دەگرێت، هەر لە دەسەڵاتی بەهێز بەرامبەر بهێز، خێزان، کۆمەڵگە هەتا دەگاتە دەسەڵاتە سیاسییەکان، بۆ نمونە ڕووبەڕووبوونەوەی ماسییەکە بە کۆمەڵێک بەربەستی جۆراوجۆر هەر لە سەرەتاوە تا دەگاتە دەریا، ئەمەش بۆخۆی دەکرێت لەڕێگەی میتافۆڕە جیاوازەکانی ناو کارەکەوە بناسرێنەوە، بۆیە پێشکەشکردنی ئەم کارە لەسەر شانۆ ڕێگە دەدات بە ڕەخنەیەکی ورد و گرنگ لە تەواوی ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتی خۆسەپاندنیان هەیە، کە دەکرێت ئەمە بۆ منداڵان و گەورەساڵانیش ببێتە مایەی دروستکردنی پرسیار.

ژێرخانی کلتووری

نەک بەتەنیا ئەم چیرۆکە، بەڵكو چیرۆک و ڕۆمانە گرنگەکانی دیکەی نێو ئەدەبیاتی جیهان کە تایبەتن بە منداڵان و مێردمنداڵان، دەشێت بەشدارییەکی زۆر گرنگیان هەبێت لە دروستکردنی ژێرخانێکی کلتووریی بەهێز، تەنیا بەومەرجەی بەردەوامی هەبێت. با وێنای ئەوە بکەین لە شارێکی وەکو سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک یان هەڵەبجە، ئێمە هەموو ساڵێک نمایشێکی شانۆیی پەروەردەیی هونەری پێشکەش بە منداڵان بکەین، لە دوای دە ساڵ ئەوە نەوەیەی کە بینەری زنجیرەیەک کاری شانۆیی پەروەدەیی بوون ساڵانە و بیر و هۆشیان بەو کارانە گۆشکراوە، چؤن نەوەیەک دەبێت؟ لەلایەکی دیکەوە پەروەردەکردنی نەوەیەک لەسەر بینینی شانۆ و دانیشتن لەناو هۆڵەکانی شانۆ خۆبەخۆ دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بینەرانی شانۆ لەگەڵ گەورەبوونی ئەم نەوەیە زیاد ببێت بۆ هۆڵەکان.

پێدانی هێز بە بچوکەکان

لە کۆمەڵگای ئێمە و هاوشێوەکانی زۆرینەی کات بچووکەکان دەرفەتی پێشاندنی بیروبۆچوونەکانیان نییە، بەکەم بینینی توانای بچووکەکان دیاردەیەکی بینراو و بەردەوامی ناو ئەم جۆرە لە کۆمەڵگەیە، کاتێک لە “ماسیی ڕەشی بچکۆلە” ورد دەبینەوە، پاڵەوانەکەمان بچکۆلەیە بە بەروارد بە کاریگەرییەکانی، ئەمەش بۆ منداڵان نمونەیەکی بەهێزە، دەکرێت بیر و هۆشیان لەڕێگەی شانۆییەک کە بابەتێکی ئاوهای تێدا بەرجەستە دەکرێت ببرێت بۆ ئەو پرسیارەی “لەوانەیە ئەوان بچکۆلە بن، بەڵام بیرکردنەوە، کردار و پرسەکانیان گرنگن و دەشێت گۆڕآنکاری دروست بکەن”

چیرۆکەکەی بێهرەنگی، چەندین پرس و تەوەری گرنگ دەوروژێنێت، سەر بە هیچ کات و جوگرافیایەک نییە، دەشێت ئاوێنەی هەر کۆمەڵگەیەک بێت کە خۆی تێدا دەبینێتەوە، هاوکات بۆ نەوە جیاوازەکانیش دەکرێت بەبەردەوامی پرسیار دروست بکات و ببێتە جێگەی سەرنج. هەر ئەمەشە کە چیرۆکەکەی بە زیندوویەتی هێشتووەتەوە چەندین جار و لە چەندین سەردەمی جیاوازدا و بە چەندین زمانی جۆراوجۆر بە بەردەوامی کراوە بە شانۆ.

هاوبەشی بکە