دیدی من – سامان موحەممەد
یەک
تۆ پێت وایە ئەگەر ئەم بینایە بەم هەرزانییە ئاسانسواری تێدا بووایە، دەبووە ماڵی هەمیشەییمان.
دەڵێم «ئەی کۆنییەکەی؟»
«هێشتا ئەوەیش کێشە نیە، بەڵام سێ نهۆم سەرکەوتن ماندووکەرە.»
«ئەگەر باشتر بگەڕاینایە شوێنێکی باشترمان ئەدۆزییەوە.»
«کێ ماڵێکی وای هەیە پەنجەرەیەکی هەبێ دەرەوەی لێوە ببینێ؟ پەنجەرەیەکە دەگمەن.»
ڕۆژەکانی سەرەتا بوو، قەنەفەیەک تەنیا جێی هەردووکمانی لەسەر دەبێتەوە، لە ماڵپەڕێک داوا کرد و پشت پەنجەرەکە بوو بە جێگەی، هەموو عەسرێک دوای گەڕانەوەت لە کار، یەکێک لە کارە سەرەتاییەکانت دانیشتنە لەسەر ئەو قەنەفەیە، هەر ڕۆژەکانی سەرەتا بوو گوتت «ئەگەر ئەم پەنجەرە نەبووایە ئەمانتوانی بچینە ئەو خانووەی بەرامبەرمان، بەس تازە کێ دڵی دێ؟»
گوتم «چۆن؟»
گوتت «چۆڵە، هەموو ڕۆژێ سەیری ئەکەم، کەسی تیا ناژی.»
گوتم «چوزانی بە کرێ ئەدرێ؟»
گوتت «نازانم، ئەگەر بە کرێ بدرێ!»
ئێستایش وەک دەبینین، پیاوێک لە باخچەی ماڵەکەی بەرامبەرماندا گیا زیادەکان بژار دەکات.
دوو
ئەگەر هێشتا لێرە بوویتایە، کە نازانم بە چی کارێک هەستایت، دەتبینی دوای ئەوەی قاچی لەسەر ئەو گیایانەی پێشتر بژاری کردبوو لا دەبات، ئەوانەی دەستیشی دەخاتە سەری، هەموویشی دەخاتە ژێر باڵییەوە و ڕاست دەبێتەوە، دەمبینێت، لە دەمی ڕا دیارە دەڵێت «سڵاو هاوڕێ!» دەبێت لە دەمم ڕا بزانێت منیش زۆر بە گەرموگوڕییەوە وا دەڵێمەوە.
خەریکە بانگم دەکەیت، لەوانەیە دەمێک بێت و ئاگام لێ نەبووبێت، دێیتە تەنیشتم، ئەو دەڕوات.
دەڵێیت «ئەوە تۆ لە کوێی؟»
«لێرەم!»
«ناتەوێ نان بخۆی؟»
دەڕۆیت و منیش بە دواتدا.
سێ
من یەکەم جارە و تۆیش نازانم، ئەمبوڵانس لە کاتی کارکردندا بە بێدەنگیی دەبینم. دەرگاکانی دواوەی کراونەتەوە، گڵۆپە سوور و شینەکانی سەر سەقفەکەیشی دەگڕێن و شەو و ڕووخساری خەڵکەکەش هەمان ڕەنگ دەگرن. بۆ ئەوبەری جادەکە، دوو پیاو دەپەڕنەوە. بە جلی وەرزشیی زستانەوە، پشت پەنجەرەکە جێ دەهێڵم. وا دەزانم کە دەزانیت لەوێ نەماوم، بە دوامدا دەگەڕێیت و نامدۆزیتەوە، دێیتە خوارەوە. نایەیت. دەمەوێت بپەڕمەوە، بە پێشمدا کچێک تێدەپەڕێت، بە خێرایی، مەمکەکانی دەلەرێنەوە لەژێر بلووزەکەیدا، منیش بە دوایدا، دەگاتە تەنیشت منداڵێک و قۆڵی دەگرێت، دەیگوشێت و ڕایدەکێشێت، ناهێڵێت چیتر لەنێوان کەمەر و قۆڵی ئەو ژن و پیاوەی لە پشتیانەوە وەستاوە بڕوانێت، بە دەنگی نزم و گیرکردنی ددانەکانی لە یەکتری پێی دەڵێت «چیەکەی لێرە؟» لەگەڵ خۆیدا دەیبات، دەچمە شوێنەکەی. ژنەکە پێشتر جارێک ئاوڕی دایەوە، جارێکی تر ئاوڕ دەداتەوە، دەستی ڕاستی لەژێر سەرشانەکەیدا دیار نیە، هەردوو لای، چەپ و ڕاستی سەرشانەکەی، بە دەستی چەپی گرتووە، کروشکەی کردووە، پیاوەکەی تەنیشتی جگەرەیەک لە پاکەتەکەی دەر دەکات، بە لێویەوە دەنێت و چەند جارێک چەرخ لێ دەدات پێ نابێت، دەستی بۆ دەکات بە کوانوو و سوودی نیە، چەند کەسێک ئاوڕ دەدەنەوە، هەست بە بێزارییان دەکات، جگەرەکەی دەخاتەوە ناو پاکەتەکەی و لەگەڵ دەستیدا ڕاپێچی گیرفانی پانتۆڵەکەی کە قوماشە دەکات، بۆ پێکردنی جگەرەکەی دێتە دواوە و بڕێک دوور دەکەوێتەوە، دەچمە جێگەکەی.
نەیانهێناوە هێشتا، قسە دەکرێت لە قەرەباڵغییدا.
«لەم ئاخیرانەیا ببووە بەرد!» وا دەگوترێت و نازانم کێ.
لەسەر بۆردێکی تایەداری پزیشکیی، هەڵیانکێشاوەتەوە عەلاگەیەکی سپی، دەیهێنن. لە ئەمبوڵانسەکەی دەنێن و دەرگاکانی دواوەی دادەخەن و دەڕوات.
ئەو دەوروبەرە چۆڵ دەبێت، لەودیو پەنجەرەکەوە چاوەڕێم دەکەیت بگەمە سەرەوە و بپرسیت، دەگەمە سەرەوە و دەپرسیت.
«چی بوو؟»
«مردووە و کەسیش نەیزانیووە.»
«کێ؟»
ناوەکەی دەڵێم.
«وای تخوا!»
دەچمە ژوورە نووستنەکە، نازانم لەوێ چی بکەم، دەگەڕێمەوە هۆڵەکە، نەگبەتییە پیاو لە ماڵەوە بێت، کتێبێک هەڵدەگرم، لەسەر قەنەفەکە پاڵ دەکەوم، دەبێت بزانیت هەڵگرتنی کتێب زیادەیە، دەڕۆیتە مەتبەخ، بە سەبەتەیەک میوەوە دەگەڕێیتەوە، داوا دەکەیت جێگەت بکەمەوە، کتێبەکە لەسەر سنگم هەڵدەگرم، هەڵدەستم و وا دەکەم، دەڕوانم لە چەقۆ و دەستت و قۆخ.
دەڵێیت «بۆ وا بێ دەنگی؟»
دەڵێم «هیچ نیە، بۆیە.»
چوار
لە زەنگەکە دەدرێت و بەیانییە. تۆ خەوت سووکترە، زووتر خەبەرت دەبێتەوە و دەڕۆیت. دێم بە دواتدا. تا دەگەمە ئەوێ، دەگەڕێیتەوە.
«کێ بوو؟»
«پرسیاری مردووەکەیان کرد.»
«ئێ!»
«هیچ نازانین، وام وت.»
«باشت کرد.»
«ئەتزانی ئاسایی نەمردووە؟ مەبەستم ئەوەیە خۆی کوشتووە!»
«نا، لە کوێوە بزانم!»
دەڕۆیت بەرەو مەتبەخ.
دەڵێیت «هەر هێلکە ئەخۆی یان شتی تریش؟»
دەڵێم «هەر هێلکە.»
مێز پێویستی بە پەنیر و ئاو، عەلاگەیەکی سپیش چەند نان و سەموونێکی تێدایە، دەیخەمە سەری. هێلکەکە دەبرژێت و جێی دەهێڵیت، دەڕۆیتە ژووری نووستن. هێلکەکە بە تاوەکەوە لەسەر مێزەکە دادەنێم و چاوەڕێت دەکەم. دێیتەوە، بە ڕێگاوە قژت دەبەستیت.
«بۆ شتێکت نەخستووەتە ژێر تاوەکە؟»
«بیرم نەبوو.»
چایەکە لەگەڵ دەستت دەهێنیت، باسی دەکەیت کە سەموونەکە هی دوێنێیە و قسەیشت نەکردووە، منیش نەمزانیووە، هەڵدەپروکێت. موبایلەکە هەڵدەگرم، توڕە دەبیت، دایدەنێمەوە. دوای نانخواردن، دەڕۆمە ژووری نووستن. جلەکانم لەبەر دەکەم. چەندجار دێمە مەتبەخەکە و نازانم چی بڵێم، دەگەڕێمەوە، یەکجار دێیتە ژووری نووستن و هەموو شتێک دەڵێیت.
پێنج
من لە کارم و تۆ ئەمڕۆ پشووتە، دەگەڕێمەوە. ژوورەکان بە دواتدا دەگەڕێم، نیت. دەترسم. دەنگی ڕژانی ئاو دێت، بانگت دەکەم، وەستانێک وا پێ دەچێت دووشەکە ئیتر کەسی لە ژێردا نەما بێت، لەوانەیە خەریک بیت ئاوەکە بگریتەوە، وەڵام دەدەیتەوە.
دەڵێم «هاتمەوە.»
دەڵێیت «چاوەڕێت نەبووم ئاوا زوو!»
دەگەڕێمەوە هۆڵەکە. دەڵێم، دەبێت ئیتر کەمتر بێم، کەمتر بڕۆم، کەمتر بژیم، کەمتر بمرم، کەمتر بناسم، کەمتر هاوڕێیەتی بکەم، کەمتر دەرکەوم، کەمتر بیر بکەمەوە، کەمتر قسە بکەم، پێ نەکەنیت و بڵێیت کەمتر قسەت پەیڕەو کردووە! نازانم، پێم وایە دەبێت هەموو شتێک کەمتر بێت.
لە دوامەوە دێیت.
دەڵێیت «بۆچی ئەو پەنجەرانەت کردووەتەوە، نابینی …»
ناهێڵم تەواوی بکەیت، دایاندەخەم. هەست بە کەرێتیی دەکەم، هەر نازانم کەی پەنجەرەم کردووەتەوە.
دەچیتە بەردەم ئاوێنە و دەستشۆرەکە، موجەفیفەکە هەڵدەگریت، دووبارەی دەکەیتەوە، «چاوەڕێت نەبووم ئاوا زوو!»
دەڵێم «مۆڵەتم وەرگرتووە، بۆیە.»
پێش ئەوەی بڵێم دەمەوێت بۆ ئێوارە بچینە دەرەوە، چاو دادەخەیت و سەر دەخەیتە سەر لا، موجەفیفەکە ئیش پێ دەکەیت، قسەکەم لەگەڵ دەنگەکەیدا تێکەڵ دەبێت، چاو دەکەیتەوە بە دەنگی بەرز دەڵێیت «لە خوارەوەیە،» نازانم بە چی تێگەیشتوویت! دەنگی موجەفیفە وام لێ دەکات لێت دوور بکەومەوە. لەسەر قەنەفەکە دادەنیشم، پاش کەمێک دێیت و دەڵێیت «نەتوت بۆچی مۆڵەتت وەرگرتووە؟»
«ئەمەوێ بۆ ئێوارە بچینە دەرەوە.»
داوا دەکەیت کەمێک چاوەڕێت بکەم. بەناو ماڵەدا دێیت و دەڕۆیت، خەریکە گوارەکانت لە گوێ دەکەیت و سەر دەخەیتە سەر لا.
دەڵێیت «بڵێی بۆچی وای کردبێ؟»
«کێ؟»
«ئەو پیاوە! »
«بیرێکە هەر هەیە.»
«ئەوە یەعنی چیە؟»
ناڵێم منیش وام، بەڵام تۆ هەیت و غیرەتیشم نیە، دەزانیت ئیتر وەڵامم نیە، دەڵێیت «من ئامادەم.»
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.