05/12/2025
DidiMn Logo
Top

پەنگخواردنەوەی تیرۆژ

لە لایەن دیدی من 7 مانگ پێش ئێستا

پەنگخواردنەوەی تیرۆژ یەکەمین کتێبە شیعری نووسەری لاو نەوا ئەمینە. لەلایەن ناوەندی باڵندەوە بۆ شیعر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لێرەوە خوێنەری سییان لە شیعرەکانی نەوا بن.

(شەو)

ئێمە هاوار بەسەر یەکتردا دەکەین
نەک دیوارەکان
ئێمە چەپۆک لە دیوارەکان دەدەین
نەک لە خۆمان

کە ژێرسفرەکە بەم درەنگانە
لە بالکۆنەکەوە دەتەکێنم
بێدەنگی دەمترسێنێت؛
جەستەی شەو بە من نامۆیە

هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژم و ڕادەمێنم
جێیەکم نییە لە شەودا
پێرسۆناکانمی تێفڕێبدەم
دەرگای بالکۆن دەکەمەوە و دەبینم
شەو قەفەسێکی تری بریسکەدارە
تەمی شەویش ڕۆبێکی جادوویی نییە تا دامبپۆشێت
هێندەی لە گازی فرمێسکڕێژ دەچێت

ڕادەمێنم و
بیر لە پیاسەی دەمەو ئێواران دەکەمەوە
لەگەڵ هاوڕێکانمدا
کە لە پێک هەڵدانی ژەنەڕاڵێک دەچێت
دوای شەڕێکی هەزار بە هەزار
چ دەسکەوتێکە هەرجارە و بە خۆڕەتاندن پیاسەیەک بەریتەوە؟
وەک بڵێی لەنێو پێخەفدا بە گرمۆڵەیی
مۆتەکە ببینم و هەناسەی تەنگیش هەڵنەمژم
وەک بڵێی لەکاتی پیادەڕەوییەکەدا
زەنگی مۆبایلەکە لە دڵمەوە لێبدات و
تیکتاکی چرکەکان بیری تاریکداهاتنی ئاسمانم بخەنەوە و
لەبری دەست؛ کاتژمێرەکەم کردبێتە سەرم

لە شەو ڕادەمێنم…
وا دیارە تێکۆشان بۆ لەباوەشگرتنی ئەم غەریبەیە
بێهودەیە
بە توندی دەرگاکە پێوەدەدەم و
ڕووم وەردەگێڕم بەرەو سازکردنی ناسازیی ناوەوە

(پاکیزەیی)

دوو ئاوێنە بەرامبەر یەکتر دانران
بە نێوەندی هەردوویاندا جۆگەلەیەک خوێن
پرتەپرتی گڵۆپی ژوورەکەش
ئەوانی خستووەتە شەوارە

(کۆڵانە بنبەستەکان)

بە کۆڵانەکانی گەڕەکێکدا هاتووچۆمانبوو
تا کۆتایی کۆڵانێک دەڕۆین و دەوەستین
ئەو دەڵێت بنبەست
من دەڵێم dead end

دایکم لە مردن دەترسێت
لە کۆتایی کۆڵانێک دەترسێت کە دەگات بە هیچ،
لە ڕۆژێکدا دە جار یان زیاتر
بیرماندەخاتەوە:
کاتێک دەمرێت ئەم ماڵە دادەڕزێت
نان کەڕوو دەکات
کەس نامێنێت تەباخەکە گەرم ڕاگرێت و
ئێمەش ئەو لەبیردەکەین
گەردنی براکەی ئازادناکات کە نەیهێشت بخوێنێت
کە بیتوانیبا یادەوەرییەکی تۆختر جێبهێڵێت
لەو کۆڵانە کۆتایی مردووەدا.
زوو زوو دەڵێت: بینووسە،
تاکە ئەمانەتییەک
کە ڕێنمایی شێواز و فۆڕمیم ناداتێ
ئەمەش کارەکەی من سەختتر دەکات.

ئەو ماوەیە کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕاین
بەدوای خانوویەکدا بۆ کرێ
کە ئەوسەرەکەی بگاتەوە بە شەقامێک
بە خوێندنگایەک یان نەخۆشخانەیەک
هەر ئەوەندە نبەست نەبێت و
دایکم لەو ویردانەی سەر زاری قوتار بکات
کە گوایە کرم هەر تێماندەدات
جا لەسەر خاکبین
یان لە ژێریدا

هاوبەشی بکە