30/11/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیاڕۆستەمی: گەشتێکی سینەمایی بە کرۆکی ڕەسەن و کۆپییەکەیدا

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

دیدی من
نووسینی: دەڤەر حەسەن
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن

“کۆپی ڕەسەن: گەشتێکی سینەمایی بە کرۆکی ڕەسەن و کۆپییەکەیدا*”

فیلمی کۆپی ڕەسەن (Certified Copy)ی دەرهێنەری ئێرانی عەبباس کیاڕۆستەمی بە یەکێک لە فیلمە هەر ناڕوون و جێگەی تێڕامانەکان دادەنرێت. چونکە ئاڵنگاری چەمکی ڕەسەنایەتی و لاسایکردنەوە لە ژیان و هونەردا دەبێتەوە. فیلمەکە لە ساڵی (٢٠١٠) بڵاوبووەوە، یەکەمین ئەزموونی کیاڕۆستەمییە لە دەرەوەی ئێران. ئەم بەرهەمە لە وڵاتی ئیتاڵیا وێنەگیراوە و بە زمانەکانی ئیتاڵی، فەڕەنسی و ئینگلیزی بەرهەم هاتووە. ئەمەش سرووشتێکی جیهانی و فرە کەلتووی پێ دەبەخشێت.

چیرۆکی فیلمەکە دەربارەی دیداری نووسەرێکی ئینگلیزی، جەیمس میلەر و خانمێکی فەڕەنسییە کە خاوەنی پێشانگایەکی فرۆشتنی ئەنتیکە، دەخولێتەوە. دیدارەکەیان وەکوو دوو بێگانە دەستپێدەکات، کە وتووێژ سەبارەت بە کتێبەکەی میلەر دەکەن، کە شەن و کەوی ئەو بیرۆکەیە دەکات کە کۆپیییە هونەرییەکان بەهایان لە ڕەسەنەکە کەمتر نییە. بەڵام، لەگەڵ بەرەو پێشچوونی ڕووداوەکان، شێوازی گفتوگۆیەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە دەڕوات. وەک ئەوەی دوو هاوسەری دێرین بن و چەند ساتێک لە سۆز و دوودڵی پێکەوە کۆیان بکاتەوە. ئەم گۆڕانە بێ بیانووە، بینەر لە حاڵەتی پرسیاردا جێ دەهێڵێت، ئایا دوو بێگانەن یاخود دوو هاوسەرن و نواندن دەکەن؟ ئەوەی ئێمە دەیبینین ڕاستییە یاخود کۆپی ڕاستییە؟

کیاڕۆستەمی کە بە شێوازی جێگەی تێڕامان ناسراوە، فیلم وەک ئامرازێک بۆ هێنانەکایەی پرسیاری فەلسەفی دەربارەی شوناس و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنێت. لەڕێگەی گفتوگۆی قووڵی نێوان کارەکتەرەکانییەوە. فیلمەکە ئاڵنگاری بیرۆکەی هەبوونی یەک “ڕەسەن” بۆ ڕاستی دەبێتەوە. ئەگەری ئەوەی کە کۆپیش هەمان بەهای ڕەسەنی هەبێت سەربار دەکات، جا چ لە هونەردا بێت یان لە پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا. ئەم تێگەیشتنە ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە کە لە ئاکاری کارەکتەرەکاندا ڕوودەدات. بە جۆرێک کە میلەر لە نووسەرێکی پارێزگارەوە بۆ هاوسەرێکی دێرین دەگۆڕێت، لە کاتێکدا تەڤگەری پەیوەندی نووسەر لەگەڵ خانمەکەدا  بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراوە دەگۆڕێت.

کیاڕۆستەمی پشت بە شێوازێکی سادەی وێنەگرتن دەبەستێت کە هەڵگری مانای زۆر قووڵە، دیمەنی درێژ و جوڵەی سرووشتی کامێرا بەکاردەهێنێت بۆ خوڵقاندنی هەستێکی تەواو واقیعی. دیمەنەکان زۆربەی کات لەناو ئۆتۆمبێلدا تۆمار دەکات، کە ئەمەش تەکنیکێکی ناسراوە لە فیلمەکانیدا، هەستکردن بە تەنهایی و تێڕامان بەهێزدەکات. چونکە ئۆتۆمبێل دەبێتە ڕووبەرێک بۆ هەڤپەیڤینی قووڵ لەنێوان کارەکتەرەکاندا.

خانمە ئەکتەری فەڕەنسی ژولیەت بینۆش، ڕۆڵێکی زۆر ناوازەی  لە فیلمەکەدا گێڕا ، کارامەیی ژولیەت لە پیشاندانی چەندین هەستە دژبەیەک وای کرد کارەکتەرەکە زیاتر ئاڵۆز و جێگەی سەرنج بێت. خاتوو بینۆش خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری بەدەستهێنا بۆ ئەم ڕۆڵە لە فێستیڤاڵی سینەمایی کان، ئەوەش بەڵگەی ڕادەی کاریگەری نواندنەکەیەتی لە گەیاندنی بیرۆکەکە.

کۆپی ڕەسەن، بە درێژکراوەی شێوازی کیاڕۆستەمی دادەنرێت لە یاریکردن لەسەر سنووری خەیاڵ و ڕاستی. لە هەمان کاتیشدا نموونەی ئەزموونێکی نوێیە لە دەرەوەی ئێران، لەکاتێکدا لەگەڵ ژینگەیەکی کەلتووریی جیاوازدا مامەڵەدەکات. ئەم فیلمە بووە ئیلهامی زۆر دەرهێنەر کە بەدوای ڕێگەی نوێی گێڕانەوەی چیرۆکدا دەگەڕان، وەک ڕیچارد لینکلیتەر و ئەندرەی زڤیاگێنتسێڤ کە گفتوگۆی قووڵ و دیمەنی درێژ بەکاردەهێنن بۆ دەرخستنی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ.

لە کۆتاییدا، ئەوەی ئەم فیلمە دەکاتە بەرهەمێکی دەگمەن، توانایەتی لە جێهێشتنی بینەر لە حاڵەتی تێڕامان و پرسیاردا. فیلمەکە هیچ وەڵامێکی ڕوون پێشکەش ناکات، بەڵکو بوارێکی کراوە بۆ لێکدانەوەی تایبەتی بینەر جێدەهێڵێت. ئەمەش دەیکاتە ئەزموونێکی سینەمایی ناوازە کە ئاڵنگاری بۆچوونەکانمان دەربارەی شوناس و ڕاستی دەبێتەوە.

هاوبەشی بکە