30/11/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیاڕۆستەمی: پەیوەندییەکانمان ویستی خۆمانن، تەنیاییمان چارەنووسە

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

دیدی من -كياروستمي: سينما مطرزة بالبراءة
وەرگێڕانی: زرار حەمید
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن

“پەیوەندییەکانمان ویستی خۆمانن، تەنیاییمان چارەنووسە”
بەشێک لەیاداشتەکانی عەباسی کیاڕۆستەمی

“پەیوەندییەکانمان ویستی خۆمانن، تەنیاییمان چارەنووسە” ساڵی ١٩٤٠ لە تاران لەدایکبووم. لە منداڵیدا حەزم بە وێنەکێشان دەکرد، کاتێك چوومە پۆلی پێنج و شەشی سەرەتایی، لەسەر کاغەزی دەفتەرەکان بە قەڵەمی بۆیە وێنەم دەکێشا، هەرچەندە لەوێنەکێشانیشدا لێهاتوو نەبووم. قوتابییەکی بێدەنگ بووم.. سیمایەکی مڕومۆنم هەبوو، دوورەپەرێز بووم و بەردەوام بەتەنیا بووم. لە پۆلی یەکی سەرەتایی تاکو شەشی سەرەتایی قسەم لەگەڵ هیچ کام لە هاوپۆلەکانم نەکرد، تەنانەت یەك وشەم لەزار نەهاتەدەرەوە.

******************

ئێشتاش وەك منداڵیم دوورە پەرێزم، ئێمە هەموومان کائینێکین زۆر بە قووڵی تەنیاین، لەهەر تەمەنێکدا بین، تەنانەت لەناو هاورێکانیشماندا. پیشەی من وك فیلمسازێك، بارودۆخی ژیانم، زیاتر ئەم تەنیاییە بەسەرمدا دەسەپێنن.. هەرچەندە بەردەوام ئەم تەنیاییەم پێویستە.

******************

بەهۆی پێڵاوەکانی هاوڕێم؛ عەباس کۆهێنداری، بووم بە دەرهێنەری سینەمایی! لەو کاتەدا بروانامەی بەکالۆریۆسم هەبوو، بەڵام لە تاقیکردنەوەی قبووڵکردنم لە وێنەکێشان شکشتم هێنا و نەمتوانی بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەکان. دواتر بووم بە پۆلیسی هاتووچۆ. ڕۆژێك لە دوکانەکەی عەباس کوهێنداری بووم، دوکانەکەی تایبەت بوو بە کوتاڵ و پۆشاك، عەباس داوایکرد لەگەڵی بچم بۆ پردی تەجریش. ڕەتمکردەوە بەبیانووی ئەوەی جووتێك نەعلم لەپێدابوو، پێلاوم لەپێدا نەبوو. ئیتر عەباس جووتێك پێلاوی نوێی پێدام، رێك پڕ بەپێیەکانم. بەرەو پردی تەجریش بەڕێکەوتین. لەوێشەوە چووینە شوێنێك و پیاوێکم ناسی کە گەلەرییەکی بەڕێوە دەبرد، لەوە بەدوا چەند کۆرسیكم لای ئەو پیاوە خوێند تا ئەو کاتەی هەستمکرد ئەمجارە شیاوی ئەوەم پەیوەندی بە پەیمانگاوە بکەم، هەرواش بوو؛ ئەمجارەیان لەتاقیکردنەوەی قبوڵکردندا سەرکەوتوو بووم.

******************

وێنەم دەکێشا، بەڵام هەرگیز خۆم بە وێنەکێش دانەناوە، لای من وێنەکێشان؛ شێوازێك بوو لە شێوازەکانی چارەسەری دەروونیی.

******************

کاتێك بوومە هەژدە ساڵان، ماڵی باوکمم جێهێشت، ئیتر دەبوو خۆم نانی خۆم پەیدا بکەم. سەرەتا وەک وێنەکێش و گرافیست لەچەد ستۆدیۆیەك ئیشم کرد. دیزایی بەرگی کتێبم دەکرد و چەند ئیشێکی تری هاوشێوە. پاشان ڕوومکردە کۆمپانیایەکی تایبەت بە ڕیکلام، وەك دەرهێنەر خۆم پێشکەشکرد، داوایان لێکردم هێڵکارییەکیان بۆ بکەم لەسەر ئامێری ئاوگەرمکەر(گیزەر). بۆ شەوەکەی خۆم بەنووسینی هۆنراوەیەکەوە سەرقاڵکرد لەسەر ئامێری ئاوگەرمکەر. سێ ئێوارە دواتر، لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن ریکلامێکم بینی لەگەڵ هۆنراوەکەی من مۆنتاژکرابوو. ئا بەمجۆرە هاتمە ناو دونیای ریکڵام. وردە وردە بەرەوپێش چووم و هێڵکاری زیاترم ئامادەکرد. دواتر دەرهێنانم بۆ چەند ڕیکلامێك کرد. لەنێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٦٩ دەرهێنانم بۆ زیاتر لە ١٥٠ ریکلام کرد. لەدروستکردنی ئەو ڕیکڵامانە چێژم وەردەگرت. لە خولەکێکدا دەبوو هەم پێشەکی هەم فیکرە سەرەکی و هەم پەیامەکەش بگەیەنیت. لەماوەیەکی کەمدا دەبوو شیاوترین کەسەکان هەڵبژێریت. لەکاری ڕیکلام زۆر شت دەربارەی سینەما فێربووم. هونەری گرافیكیش هەروا؛ لەسەر کاغەزێك یان وێنەیەکی چاپکراو، دەبێت شتێك دروست بکەیت دەستبەجێ سەرنجی خوێنەر رابکێشێت. ئەمەش فێرت دەکات؛ ئەوەی دەتەوێت بیڵێیت لەکەمترین پانتاییدا بیڵێیت- بۆ نموونە لەسەر ڕووپەڕی یەك لاپەڕە لە رۆژنامەیەکدا- دەبێت ئەوەی دەیڵێیت بەشێوازێکی قەناعەتپێکەر بیڵێیت، دڵی کڕیار ڕاکێشێت، کارەکەت وا لەخەڵکی بکات هەژمارێکی بانکی لەو بانکە بکەوە کە تۆ ریکلامت بۆ کردووە. لەڕاستیدا گرافیک هونەری پەیوەندیکردنە. پێموایە گرافیک باوکی هەموو هونەرەکانە، چونکە بەهۆی کۆتوبەندەکانییەوە ناچارتدەکات زۆرترین جار پشت بە تواناکانی خەیاڵت ببەستیت. لەماوەی ئەو چەند ساڵە کەمەی کارکردنم لەبواری ڕیکلام و بانگەشەدا، دیزاینی تایتڵی چەندین فیلمی ئێرایم کرد. ئەمە خاڵی گۆڕانکاری بوو لە کاری گرافیکەوە بۆ دەرهێنانی فیلم. لەکاتی کارکردنم لە تایتڵی هەندێك لە فیلمەکان ئاشناییم لەگەڵ کامێرا پەیداکرد. ئەمەش دەرفەتێك بوو هەرگیز لەگەڵ گرتە ریکلامییەکاندا بۆم نەنرەخسابوو، چونکە زۆربەی دەرهێنەرەکان نەیاندەهێشت دەست بۆ کامێراکانیان ببەم، یان لە هاوێنە(ڤیوفایندەر)ی کامێراکانەوە تەماشابکەم بزانم چ باسە! لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بووبێت کە هێشتا تەمەنم بچووك بوو یان واینزانیبێت هێشتا کەم ئەزموونم. بەهەرحاڵ، کارکردنم لە گرتەی ڕیكلامی نەتوانای منی پێویست بوو نە بەسەرپەرشتی منیش بوو. بەردەوام دەرەنجامەکان لەوە کەمتر بوون کە چاوەڕێم دەکرد. ئەوەی دەمنووسی شتێك بوو ئەوەی نیشاندەدرا شتێکی تر! هەربۆیە ساڵانی دواتر هەوڵمدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاری ریکلامی بازرگانی بکەم، رۆژێك داوایان لێکردم ریکلام بۆ گیراوەیەکی پزیشکی بکەم، کاتێك هاورێکانم ئەو کارەیان بینی کە من دەرهێنانم بۆ کردبوو، گووتیان؛ لەم کارەدا چەند دیمەنێکی دژیەك هەن و ئەمەش دەرچوونە لە بابەتی کارەکە. لەوان تێنەگەیشتم و نەمزانی باسی چی دەکەن، بەڵام لەناخمدا تۆوی ترسیان چاند، بیرم لە قسەکانیان کردەوە “دیمەنی دژیەك”. دوای چەد ساڵی تریش هێشتا لەخەونەکانمدا ئەو دیمەنە دژیەکانەم دەدینەوە. بیروڕای ئەوانی تر دەربارەی گرتە ریکڵملامییەکانم جۆرێک بوو، دەیانگووت کارەکانت لە فیلمی ڕۆژئاوایی دەچن، مەبەستیان ئەوە بوو لەڕووی تەکیکییەوە باشن. ساڵی ١٩٦٩، بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی فیکری منداڵان و لاوان(کانون)، بەڕێز (فەیروز شیرفانلۆ)، ڕیکلامێکی لەو ڕیکلامانە دیبوون کە من ئامادەم کردبوو، ئەو کەڵکەڵەی ئەوە لە مێشکیدابوو بەشی سینەما بۆ سەنتەرەکە بکاتەوە، داوای لێکردم پڕۆژەکە بگرمە دەست و سەرپەرشتی بکەم، بەم جۆرە دەستمان بەکارکردن کرد. لە ماوەی هەشت بۆ نۆ مانگدا ستۆدیۆیەکمان دروستکرد بەهەموو پداویستییەکانییەوە. من تاکە دەرهێنەر بووم لە سەنتەرەکەدا، فیلمی یەکەمم بەناوی “نان و گەڕەك” بوو، ئەوە یەکەم فیلمی سینەمایی بوو کە بەشی سینەمای سەنتەرەکە بەرهەمی هێنا. دوای ئەوە چەندین دەرهێنەری تر ڕوویانکردە سەنتەرەکە. ******************

تۆ ناتوانیت سینەما و هەر شتێك کە پەیوەندی بە سینەماوە هەیە فێری ببیت، سینەما شتێك نییە فێری ببیت، تەنها یەک ڕێگەچارەت هەیە، ئەویش؛ دەبێت خۆت بخەیتە پێگەیەک یان دۆخێك لەوێوە ئیتر هەست بکەیت شتێکت هەیە بۆ گووتن. کەس نازاننێت کێ باشترین دەرهێنەری سینەماییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکێك نییە لەو کەسانەی کە سینەمای خوێندووە.

******************

جارێکیان، گابرێل گارسیا مارکێز وتی؛ “من بابەت هەڵنابژێرم.. بابەت من هەڵدەبژێرێت”. هەمان شت بەسەر منیشدا جێبەجێدەبێت. ئەو بابەتانەی لەمێشکمدان ناهێڵن شەوان بنووم. دەیان چیرۆک لە یادەوەریمدایە، رۆژانە لەبەردەممدا چیرۆک ڕوودەدات، بەڵام کاتم نییە بیانکەمە فیلم. بە تێپەڕبوونی کات چیرۆکگەلی دیاریکراو گرنگ دەبن، یەکێكیش لەوان دەبێتە بابەتی فیلمێك.

******************

جیاوازی نێوان فیلم و ژیان جیاوازی نیوان شتێکی داهێندراو و شتێكی ڕاستەقینەیە، یان جیاوازی نێوان شتێکی خەیاڵاوی و شتێکی واقیعییە، ئەوەی من دەمەوێت؛ دروستکردنی فیلمگەلێکە بە جددی لە ڕاستییەوە نزیك بن، بەڵام ئەمە تەنها هەوڵێکە، ئەزموونێکە. من هەوڵ دەدەم، ئەمەش مانای ئەوە نییە سەرکەوتوو بووم. سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەوەیە بتوانم ژیان دێکۆمێنت بکەم. لەڕاستیدا خۆم واینابینم لەم هەوڵەمدا سەرکەوتوو بووم، بەڵام بەردەوامی بەم هەوڵە دەدەم، هەوڵی پێشخستنی خۆم دەدەم. لەکاتی وێنەگرتن، شتێك ڕوودەدات لە دەرەوەی دەقە ڕەسەنەکە، یان سیناریۆکە. بەلای منەوە ئەم ساتانە ساتی سەرکەوتنی ڕاستەقینەن، ئەو ساتانەی دەتوانیت دێکۆمێنتیان بکەیت.

******************

هەرچەندە ئەوە لە دەستی بینەردایە بڕیار بدات؛ ئایا فیلمێك دەتوانێت ژیانی کەسێک بگۆڕێت یان نا. وەك دەرهێنەرێك بڕوام بەوە هەیە هەندێک فیلم دەتوانن ڕێڕەوی ژیانی کەسێک بگۆڕن، یان پەرە بە بوارێکی دیاریکراو بدەن. بەگشتی دەڵێم؛ فیلمەکان دەتوانن کاریگەربن بۆسەر خەلکی و بۆسەر ژیانی پیشەییان.

******************

پێموایە؛ هەموو کەس ئاوێنە بەکاردێنێت بۆ ئەوەی لەنزیکەوە تەماشای خۆی بکات، هەندێك مرۆڤ لەئاوێنەوە دەتوانێت درک بە کەموکورتی و عەیبەکانی بکات، یان دەتوانێت لە ئاوێنەدا بەراوردی پەیوەندییەکانی بکات لەگەل ئەوانی تر. سینەماش دەکرێت ببێتە ئاوێنەیەك خۆمان و ئەوانەی چواردەورمانی تێدا ببینین.

هاوبەشی بکە