کۆکردنەوە و وەرگێڕان: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن
“لە فەرهەنگی ژیانمدا
پێناسەی خۆشەویستی،
بەردەوام لە گۆڕاندایە..”
عەباسی کیاڕۆستەمی، فیلمساز، سیناریۆنووس و دەرهێنەری بەناوبانگی ئێران، سینەماکەی بە شێوازی ڕیالیزمی هەستیاری کلتوور و خەڵکی ئێران ناسراوە. ئەو بە شێوازە تەواو جیاوازەکەی لە داڕشتن، چوارچێوە و گێڕانەوەی چیرۆك بەناوبانگە. گۆشەیەکی دیاریکراوی کامێرا، وێنەی کەسیی، درووستکردنی فیلمێکی تەواو لە ئۆتۆمبێلدا، گرتەی درێژی گردەکان، یەکێکن لە نیشانە سینەماییەکانی فیلمسازەکە، بەدوایدا مژارەکانی ژیان، مردن، کەلتوور، هونەر و بوونگەرایی پیشان دەدەن.
بەرهەمەکانی ئاستێکی بەرچاوی بێلایەنی پیشان دەدات کە ڕەنگدانەوەی هەستەکانی وەکوو هەستی بێدەربەستی، تاوان، توڕەیی، شانازی یان شەرمەزارین.
تەماشاکردنی فیلمەکانی کیارۆستەمی هەمیشە چێژێکی بینراویان هەیە، چونکە زۆر نزیك لە واقیعەوە دەردەکەون و کرۆکی بنچینەیی هەموو شتەکان لە وێنەکەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەردەخەن. وردبوونەوە لە فیلمەکانی، دەرفەتت پێدەدات قووڵتر ڕۆبچیتە نێو بیرکردنەوەی کارەکاتەرەکانەوە، بۆ نموونە دزێك لە فیلمی (گرتەی نزیك – ١٩٩٠) یاخود ئافرەتێکی باڵاپۆش لە فیلمی (دە – ٢٠٠٢). هەروەها هونەری مینیماڵیزمی لە فیلمەکانیدا داهێنا، سەرچاوەی کەمتر و توخمی کەمتر و ئەکتەری ناپڕۆفێشناڵی لە پڕۆژەکانیدا بەکارهێنا، بۆ تۆمارکردنی دیمەنەکانیش ژمارەیەکی کەمتر کامێرای بەکارهێنا، گۆشەیەکی هێندە گونجاوی بۆ کامێراکە هێشتەوە کە لە دواتردا کەمترین دەستکاری بکرێت، هەمیشە هەست دەکەیت دیمەنەکان تەواو خاو و سروشتین.
چەشنی فیلمەکانی، شیعرەکانیشی هەمان هەستت پێ دەبەخشن. ڕۆدەچنە نێو قووڵایی ڕۆحی هەموو شتەکانی دەورووبەرمانەوە. لە پەرتووکە شیعرییەکەی “گورگێك لە بۆسەدا” کە لە بنەڕەتدا بە زمانی فارسی نووسراوە و بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراوە سەرجەم شیعرەکان مینیماڵیزمیی’ن کە هەر یەکێکیان چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە.
لە خوارەوە، خوێنەری بەشێك لە شیعرەکانی پەرتووکەکە بن:
باڵندەیەك لە نیوەشەودا دەخوێنێت
زۆر نامۆیە
تەنانەت بە باڵندەکانی دیکەش
– – – – – – – – – – – – – – – –
داهۆڵێك
بێ کڵاوە، بێ جلوبەرگە
لە شەوێکی تاریك و ساردی زستاندایە
– – – – – – – – – – – – – – – –
درەوشاویی مانگی دروێنە
بەسەر پەنجەرەکەوە
شووشەی پەنجەرەکەی خستە لەرزە
– – – – – – – – – – – – – – – –
کۆڵکەیەك تۆز و خۆڵ
گەڵایەکی شەکاوە
لەگەڵ خۆیاندا
بەرەو حەوت تەبەقەی ئاسمان دەبەن
– – – – – – – – – – – – – – – –
بە پێی پەتی
بەسەر لمی سووتاودا هەنگاو دەنێم
بە بەرچاوی ڕێبوارانەوە
سەر تا پێ دەسوتێم
– – – – – – – – – – – – – – – –
سێبەرەکەم هەمیشە لەگەڵمدایە
تاوێك لە پێشمەوەیە
تاوێك لە تەنیشتمەوەیە
تاوێك دوام دەکەوێت
ئای چەند جێگەی حەسانەوەن
ئەم ڕۆژە هەوراوییانە
– – – – – – – – – – – – – – – – –
دەرفەتی ئەمڕۆ بەسەرچوو
وەکوو چۆن دەرفەتی دوێنێش بەسەرچوو
ئەوەی دەمێنێتەوە
تۆماری ڕۆژەکانە
– – – – – – – – – – – – – – – –
لە وێرانەکانی تەنیاییمدا
درەختە تەنیاکان
هەزار درەختی تە پاڵیان پێوە دەنێن
– – – – – – – – – – – – – – – –
لە نەبوونی تۆدا
لەگەڵ خۆمدا گفتوگۆ دەکەم
لەسەر هەموو شتێك ڕێك دەکەوین
زۆر بەئاسانی
– – – – – – – – – – – – – – – –
کە تۆ لێرە نیت
لە مێشکمدا لەگەڵ تۆدا گفتوگۆ دەکەم
کە لێرەشیت
گفتوگۆ لەگەڵ خۆمدا دەکەم
– – – – – – – – – – – – – – – –
شتێکم لەدەستدا
کە بەدەستم هێنابوو
شتێکم بەدەستهێنا
کە ون بووبوو
– – – – – – – – – – – – – – – –
کراسەکەم
ئاڵای ئازادییە
لەسەر تەنافی جلەکان دەشەکێتەوە
سووك و ئازادبوو لە سنوورەکانی جەستە
– – – – – – – – – – – – – – – –
زەحمەتە
لە چلەی هاویندا
بیر لەوە بکەیتەوە
کە هەر بەڕاستی بەفر بوونی هەیە
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
کێ بوو ئەو بڕیارەی دا؟
کە گەڵا سەوزەکانی درەختی توو
ببن بە خۆراکی کرمی ئاوریشمی
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
چۆن بە ئارامی بخەوم؟
لە کاتێکدا کات بۆ یەك چرکەش ڕاناوەستێت
تەنانەت لە نێو خەویشدا
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
بەلەمێك
بەبێ چارۆکە
دەریایەك
بەبێ با
ئاسمانێك بەبێ مانگ
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
دەشێت بڕوا نەکەیت
بەڵام تینوێتیمم شکاند
بە ئاوخواردنەوە لە سەرابێك
– – – – – – – – – – – – – – – –
ئاسمان هی منە
زەویش هی منە
من بەو ڕادەیە دەوڵەمەندم
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
کاتێك گەڕامەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونم
دار بەهێکە بەری نەدەگرت
دار تووەکەش هەروەها
ئێستا ئیدی دەبێت بیانکڕیت
– – – – – – – – – – – – – – – –
بیر لەوە دەکەمەوە
چۆن شتێك دەرببڕیت کە دەرنابڕدرێت
چەندە بێززارکەرە
گوێ لە قسەیەك ڕابگریت کە خۆت دەیزانیت
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
ڕۆژەکەم بەفیڕۆ چوو
وەك هەموو ڕۆژەکانی دیکەم
نیوەی بە بیرکردنەوە لە ڕابردوو
نیوەشی بە بیرکردنەوە لە داهاتوو
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
ئەم ڕێگەیە
چەندین ساڵە دەستی لێ هەڵگیراوە
وەلێ پێدەچێت
ئەو گوڵانەی با دەیانهێنێت
هێشتا بەوەیان نەزانیبێت
– – – – – – – – – – – – – – – –
لە بەرزایی دەترسم
لە شوێنێکی بەرزەوە کەوتمە خوارەوە
لە ئاگر دەترسم
چەند جار سووتاوم
لە جیابوونەوە دەترسم
چەندین جار بەجێیانهێشتم
لە مردن ناترسم
پێشتر نەمردووم
تەنانەت بۆ یەك جاریش
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
قووڵی سەراب
دڵی بردم
بەهۆی زۆری تینوێتیمەوە
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
لەوە دەترسم
ژاوەژاوی فەرهاد
کە شاخەکەی کون کرد
شیوەنی شیرینی شاردبێتەوە
– – – – – – – – – – – – – – –
دار بەهێیەك
چرۆی کردووە
لە ماڵێکی چۆڵکراودا
– – – – – – – – – – – – – – – –
درەختێك
کە پەرژین کراوە
چەمێك بە لایدا تێدەپەڕێت
– – – – – – – – – – – – – – – –
چەند زەحمەتە
بە تاقی تەنیا
تەماشای مانگی تابان بکەیت
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.