04/12/2025
DidiMn Logo
Top

دەربارەی زیاد رەحبانی و هونەرەکەی

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – شاجوان نەریمان

زیاد عاسی رەحبانی لە ئەنتێلیاسی سەر بە قەزای مێتن لە پارێزگای جەبەل لوبنان لەدایکبووە. کوڕە گەورەی موزیکژەن عاسی رەحبانی (١٩٢٣-١٩٨٦) و گۆرانیبێژ نیهاد حەداد، ناسراو بە فەیروز (لەدایکبووی ١٩٣٥)ە. باوکی بەشێک بووە لە دووانەی “برا رەحبانییەکان” (عاسی و مەنسوور رەحبانی) کە لە ساڵانی ١٩٥٠ەوە وەکوو دیاردەیەک لە شانۆ و مۆسیقای لوبناندا دەرکەوتن. بە هاوکاری ڕادیۆی دەنگی لوبنان و دواتر ڕادیۆی فەرمی لوبنان بەشدارییان لە فێستیڤاڵە هونەرییە دیارەکانی وەک بەعلبەک و بەیت الدین کردووە.

کارە هونەرییەکانی رەحبانی ناتوانرێت بە ئاسانی بخرێتە یەک پۆل یان ستایلێکەوە. دەربڕینی داهێنەرانەی ئەو بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە نێوان فۆرمە هونەرییەکاندا هاتووچۆ دەکات؛ لە بێمانایی و گاڵتەجاڕییەوە دەگۆڕێت بۆ بیری قووڵی سیاسی و لە شیعرییەتەوە دەبێت بە شانۆ و نمایش. ئەم تێکەڵکردنەی ستایلە جیاوازەکان وا دەکات کە کارەکانی هەم دەوڵەمەند و هەم پێشبینی نەکراو بن. رەحبانی لە هەردوو بەرهەمە شانۆییەکان و پێکهاتە مۆسیقیەکانییدا، تەوەری جۆراوجۆری جددی، وەک ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەریی ئایین و ڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی تێکەڵ دەکات. لەجیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی جددی یان ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکات، بە زمانێک دەیانخاتە ڕوو کە هەم سادە و ئاسانە هەم قووڵایییەکی بەرهەڵستکارانەشی لەخۆگرتووە. بۆ نموونە ئەو زمانە شیعرییەی کە بەکاری دەهێنێت قووڵایییەکی پڕهەست دروست دەکات لە کاتێکدا تۆنی بەرهەمەکەی بەرهەڵستی ڕوانینە باوەکانی بینەر دەکات و بیرکردنەوەی دەورووژێنێت.

ئامانجی رەحبانی تەنیا ڕەخنەگرتنێکی سادەی ئەو سیستەمە دەسەڵاتداخوازە بە هەژموونانە نییە کە ژیانی ڕۆژانە لە قاڵب دەدەن. بەڵکو لە ڕەخنەی سادەوە دەپەڕێتەوە بۆ شێواندنی ئەو سیستەمانە، بە شێوەیەکی داهێنەرانە گاڵتەیان پێدەکات لەڕێگەی وێنەی ڕەمزیی، گێڕانەوەی سوریالیی، سیناریۆی زیادەڕەوانەوە و دروستکردنی بێمانایی. لە ڕێگەی ئەم بژاردە هونەرییانەوە، رەحبانی واقیعە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگەی لوبنان پیشان بدات؛ لەوانەش ناسەقامگیری و دووبەرەکی و ململانێ تائیفی و حیزبییەکان. لە هەمان کاتدا، هێزی بەردەوامی و داهێنان و خۆڕاگری گەلەکەی نیشان دەدات. هونەرەکەی ئەو جیهانێکە کە ئاژاوە و مانەوە شان بە شانی یەکتر هەن. پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی هێزی خەیاڵ و نمایشەوە ئاشکرا دەبن و دەخرێنە ژێر پرسیارەوە و دەگۆڕدرێن.

رەحبانی لە یەکەمین دەرکەوتنی شانۆییدا ڕۆڵی پۆلیسێکی بینی لە شانۆنامەی (وێستگە)دا، “المحطة”. دواتر، ڕۆڵەکەی لە شانۆی “میس الریم” دووبارە کردەوە، لە دیمەنێکی دیالۆگی مۆسیقایدا، وەکو ئاوازدانەرێک پرسیاری ناو و شارەکەی لە فەیروز دەکات. بەشداریکردنی لەو شانۆییەدا تەنیا لە نواندندا سنووردار نەبوو؛ بەڵکوو مۆسیقای پێشەکی “میس الریم”یشی ئامادە کردبوو، کە بینەرانی سەرسام کرد بە نوێکردنەوەی ڕیتم و ستایلەکەی، جێ دەستی خۆی وەک گەنجێک دیاریکرد کە جیاواز بوو لە بەرهەمەکانی باوک و مامی. 

بەگشتی، ناوەڕۆکی شانۆکانی تیشک دەخاتە سەر پرسی ناسنامەی عەرەبیی مۆدێرن، بەسوود وەرگرتن لە قسەکردنی ڕۆژانە، ڕیتمی جاز و هارمۆنییە ناتەباکان بۆ سەرسامکردنی بینەران. بە هەمان شێوە زمانی میوزیکیی و مەقامە عەرەبییە تەقلیدییەکانی لەگەڵ ژانرە ڕۆژئاواییەکانی وەک فەنک و بلوز تێکەڵ دەکات، مەبەست لەمەش بۆ دروستکردنی دەربڕینێکی هونەری ناوازەیە کە خۆی لە پێشخستنی یەک دیدگای سیاسی یان ئایدیۆلۆژیای جێگیر بەدوور بگرێت. ئەم تێکەڵە دەوڵەمەندە لە ئاماژە و مانا، رەحبانی زیاتر لە کەسایەتییەکی کولتووری، وەک بیرمەندێک نیشاندەدات کە چیرۆکی ڕۆژانە بەکاردەهێنێت بۆ گەڕان بەدوای واقیعە سەیر و هەندێکجار نادادپەروەرانەکانی شەڕی ئایینی و سیستەمی حکومیی، لە ڕێگەی کارەکتەر و هێماکانەوە هەم هەست بە باڵایی ئەم کەسایەتییە تواناکانی لە دروستکردنی ڕەمزییەت دەکەین. 

بیرە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانی


رەحبانی بە پەیوەندییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ بزووتنەوە چەپەکانی لوبنان ناسرابوو. خۆی بە کۆمۆنیست ناساندبوو، بە درێژایی تەمەنی خۆی لە حیزبی شیوعی لوبناندا مایەوە. دروستکەری مشتومڕێکی گەرم بوو بە بابەتە ڕادیۆیییە تەنزئامێزەکان و بەرنامە سیاسی و هونەرییەکانی وەک “العقل زینة”. رەحبانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس غەسان بن جددودا دەڵێت کە کۆمەڵکوژی تەل ئەلزەعتەر لە ساڵی (١٩٧٦) کە لەلایەن میلیشیا مەسیحییە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانەوە ئەنجامدرا، پاڵنەرێکی سەرەکی بوو بۆ گواستنەوەی بۆ بەیرووتی ڕۆژئاوا. سەرەڕای ئەوەش، پشتیوانی خۆی بۆ بەرخۆدانی لوبنان و پڕۆژەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی “داگیرکاری ئیسرائیل و ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزپەرستی” دەربڕی. رەحبانی ڕەخنەی توندی لە ڕژێمەکان و حکومەتەکان گرتووە، بەڵام وەک لایەنگری دۆزی ناسیۆنالیستی فەلەستینی مایەوە و ڕەخنەی لەوە گرت کە ناوی لێنا “هاوپەیمانی دەسەڵات و پارە و ئایین”.

لە ساڵانی حەفتاکان تا سەرەتای نەوەدەکان نۆ پارچە شانۆی گەورەی مۆسیقای نووسیوە، هەریەکەیان تەنزێکی سیاسی توندی هەبووە کە بوونە هێمای کولتووری. بەرهەمە شانۆییە سەرەتایییەکانی وەک “سهریة” (١٩٧٣)، “نزل السرور” (١٩٧٤)، “بالنسبة لبکرا شو؟” (١٩٧٨)، بێزاری و بێماناییەکانی ژیانی ڕۆژانەی لوبنان، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی ناوخۆدا دەرخستووە. ئەم شانۆنامانە نوکتەیان تێکەڵ بە شرۆڤەی کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە، کارەکتەری چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانیان وێنا کردووە کە لەگەڵ شەڕ و گەندەڵی و نائومێدی وجودییدا دەجەنگن. جگە لە شانۆ، رەحبانی چەندین گۆرانی بۆ فەیروز ئامادە کردووە و پڕۆژەی مۆسیقای تاکەکەسی پەرەپێداوە کە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا هەبووە. ئەلبوومەکانی وەک “بالأفراح” و “هدوء نسبی،” تێکستی تەنزئامێز لەگەڵ مۆسیقای دەوڵەمەندی چیندار تێکەڵ دەکەن، ئاژاوە و ئاشووب لەگەڵ جوانی کۆمەڵگای لوبنان پیشان دەدەن. شاییەنی باسە زۆرێک لە گۆرانیەکانی فەیروز لەلایەن رەحبانییەوە ئاواز و هۆنراوەی بۆ دانراوە، وەک “البوسطة”، “سألونى الناس”، “عندى ثقة فيك” و ” كيفك أنت”…هتد. کە زۆربەی ئەم گۆرانیانە باس لە چیرۆکی ڕۆژانەی خۆیان و ئەو کەسانە دەکەن کە لە ژیانیاندا هەبوون. لە چەندین چاوپێکەوتندا رەحبانی باس لەوە دەکات کە چیرۆکەکانی خۆشەویستی خۆی کردووە بە چەندین شیعرو لەگەڵ فەیروز ئیشیان لەسەر کردووە و کردوویانە بە گۆرانی.

هاوبەشی بکە