05/12/2025
DidiMn Logo
Top

مەحموود دەروێش: قەسیدەی “هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات” و شیکارییەک

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – ئەلمەوزوع
لە عەرەبییەوە: هێڤی سامان

موسافیرێک لە پاسدا دەڵێت: هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات- نە ڕادیۆ
و نە ڕۆژنامەکانی بەیانیان، وە نە قەڵای سەر گردەکانیش.
دەمەوێت بگریم
سایەقەکە دەڵێت: چاوەڕێکە تا دەگەینە وێستگەکە،
لەوێ دەتوانی بە تەنیا پڕ بە دڵی خۆت بگری

خاتوونێکیش دەڵێت: هەروەها منیش. هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات.
لەسەر گۆڕەکەی خۆم نازی ڕۆڵەکەمم کێشا،
کەچی سەرسام و دڵخۆشبوو و خەوی لێکەوت
بەبێ ئەوەی ماڵئاواییم لێ بکات

تەلەبەیەکی زانکۆ دەڵێت: منیش بەو جۆرەم، هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات.
شوێنەوارناسی’م تەواو کرد بەبێ ئەوەی
شوناسێک لە بەردەکاندا بدۆزمەوە.
هەر بەڕاستی من خۆمم؟

سەربازێک دەڵێت: منیش وەکو ئێوە وام.
هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات.
بەردەوام وێڵی دوای تارماییەکم کە تەوقی کردووم (دەستی بەستووم و دەربازبوونم نییە).

سایەقە بێ بەزەییەکە دەڵێت: وا خەریکە دەگەینە دوا وێستگە،
حازربن بۆ دابەزین…
موسافیرەکان بە دەنگی بەرز لە وەڵامدا دەڵێن: دەمانەوێ دوای ئەو وێستگەیەش ببینین،
لێخووڕە! (واتا دانابەزین)

بەڵام من دەڵێم: لێرە دامبەزێنە.
منیش هاوشێوەی ئەوان هیچ دڵخۆشم ناکات،
بەڵام سەفەرکردن شەکەتی کردووم.

شیکارییەک بۆ دەقی قەسیدەکە

ناونیشانی قەسیدەکە چەشنێک لە خەم و بێ چارەیی تیایە کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە کە تەواوی قەسیدەکە بەوجۆرە دەبێت. محموود بەم جۆرە دەستی بە قەسیدەکە کردووە:

موسافیرێک لە پاسدا دەڵێت: هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات- نە ڕادیۆ
و نە ڕۆژنامەکانی بەیانیان، وە نە قەڵای سەر گردەکانیش.
دەمەوێت بگریم

محموود لەم بەشەی قەسیدەکەدا بە ڕستەیەکی زۆر سادە و بەڵام مانای قووڵ دەستی پێکردووە، کە لەسەر زاری کەسێکی نەناسراوی ناو پاسێکەوەیە. وادیارە خودی ئەو کەسە لە ژیان وەڕس بووە، بۆیە دەڵێت کە هیچ خواستێکی بۆ شتەکانی دەرەوە و ناوەوەی پاسەکە نەماوە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژنامە و ڕادیۆ هاودەمی سەفەرن و وا لە موسافیر دەکەن کە وا هەست بکات کات زوو تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم موسافیرە تاقەتی ئەوەشی نییە، بۆیە دەڵێت تەنیا دەیەوێ بگری، وەک ئەوەی بڵێیت ژیان تەواو شانەکانی ماندوو کردووە و وایلێکردووە دواجار لە پەنجەرەی بێ ئومێدییەوە بڕوانێتە دنیا.

وە سایەقی پاسەکەش بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە  لە وەڵامدا دەڵێت:

بوەستە هەتا دەگەینە وێستگەکە

ئا لێرەدا لێهاتوویی محموود دەروێش دەردەکەوێت، بە وەڵامدانەوەی سایەقە بێ بەزەییەکە جۆرێک لە گێرە شێوێنی لە مێشکی خوێنەردا دروس دەبێت، چونکە خوێنەر چاوەڕێی وەڵامێکی ئاوا نەبوو وەک ئەوەی بڵێی خودی سایەقەکە بێ خەم نەبێت، وە قسەکانی موسافیرەکەش وەکو بەبیرهێنانەوەیەک وابوو بۆ ئەو ژیانە تراژیدییەی کە سەرجەم موسافیرەکان و سایەقەکەش ئەزموونی دەکەن کە سەرەنجام تاقەی نەرێنی لە یەکێکەوە بۆ یەکێكی دیکە دەگوازرێتەوە. ڕستەی سەرەتای قەسیدەکە سەرنجی سەرجەم موسافیرەکانی پاسەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، سەرەڕای ئەوەی دەکرا کە تەنیا ڕستەیەک بێت تەعبیر لە خەمی موسافیرێک بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ویژدانی سەرجەم موسافیرەکانی دیکەی بەئاگا هێنایەوە. وە دواتر دوای سایەقەکە،

خاتوونێکیش دەڵێت: هەروەها منیش. هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات.
لەسەر گۆڕەکەی خۆم نازی ڕۆڵەکەمم کێشا،
کەچی سەرسام و دڵخۆشبوو و خەوی لێکەوت
بەبێ ئەوەی ماڵئاواییم لێ بکات

هەروەکو چۆن پێشتر باسمان کرد، خاتوونەکە لەگەڵ وتنی ئەوەی کە هەست بە چی دەکات خوێی کرد بەسەر برینی موسافیرەکاندا، وەکو ئەوەی بڵێی کە ئەم خانمە کوڕێکی هەبووە و بە کارەساتێکی دڵتەزێن  لە دەستی داوە بەبێ ئەوەی بتوانێ ماڵئاوایی لێ بکات. بۆیە بەمجۆرە خاتوونەکە دەریبڕی کە هیچ شتێک دڵخۆشی ناکات، وەکو ئەوەی ژیان لە دوای کوڕەکەی وەستابێت.

تەلەبەیەکی زانکۆ دەڵێت: منیش بەو جۆرەم، هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات.
شوێنەوارناسی’م تەواو کرد بەبێ ئەوەی
شوناسێک لە بەردەکاندا بدۆزمەوە.
هەر بەڕاستی من خۆمم؟

لێرەدا باس وخواسەکە گەرمتر دەبێت (هاوخەمێکی دیکە زیادی کرد. برینی دیکە کولایەوە). چونکە گەنجێکی زانکۆش هیچ شتێک دڵخۆشی ناکات، بەڵام برینەکەی ئەم قوڵتربوو، کە باسی شوناس دەکات، کە هەتا بڵێی مەسەلەیەکی هەستیارە بۆ ئەهلی فەڵەستین، چی لە ناوەوە یان دەرەوەی فەڵەستین بژین، بابەتەکە هەمان شتە. لێرەدا خوێندکارەکە پرسیارێکی هەتا بڵێی قووڵ و جدی لە خۆی دەکات، “هەر بەڕاستی من خۆمم؟”

وە دواتر ڕۆڵی پاڵەوانی چوارەمی قەسیدەکە دەست پێدەکات کە سەربازە، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە محموود بە مەبەست موسافیرەکانی لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هەڵبژاردووە، ئەمەش تەعبیر لەوە دەکات هەرچەنە هەموویان پێگەی کۆمەڵایەتی جیاوازیان هەیە، بەڵام خاڵێکی هاوبەشیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە هیچ شتێک دڵخۆشیان ناکات.

” سەربازێک دەڵێت: منیش وەکو ئێوە وام. هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات. بەردەوام وێڵی دوای تارماییەکم کە تەوقی کردووم (دەستی بەستووم و دەربازبوونم نییە).”

سەرەڕای ئەوەی ئەرکی سەربازەکە بەرگریکردنە لە نیزام و ڕژێم، و چاوەڕێی ئەوەی لێناکرێت کە پشتگیرییان لێ بکات لە حاڵەتێکدا کە هاوڕای نەبن، بە پێچەوانەوە پشتگیرییان لێ دەکات، ئەمەش دەرخەری بارودۆخی سەربازانی وڵاتانی عەرەبییە، وە لەوانەیە مەبەست لە تارماییەک داگیرکاری بێت، کە سەربازەکە پێویستە بەرگری لە خاکەکەی بکات بەڵام تارماییەکە ( داگیرکاریی) دەستی بەستووە و ڕێگەی پێ نادات.

وە محموود بەمجۆرە درێژە بە موناقەشەی نێوان موسافیرەکان و سایەقەکە دەدات:

” سایەقە بێ بەزەییەکە دەڵێت: وا خەریکە دەگەینە  دوا وێستگە،
حازربن بۆ دابەزین…
موسافیرەکان بە دەنگی بەرز لە وەڵامدا دەڵێن: دەمانەوێ دوای ئەو وێستگەیەش ببینین،
لێخووڕە! (واتا دانابەزین)”

لێرەدا محموود بە مەبەست وشەی “عەسەبی” دەداتە پاڵ سایەقەکە، ڕوونە لەو جۆرە کەسانەیە کە تەحەموولی موسافیرەکان ناکات، ئا لێرەدا نەگونجاوی نێوان ئیرادەی موسافیرەکان و سایەقەکە دەستپێدەکات، کە ئەو بێ ئۆقرەیە ودەیەوێت لە دوا وێستگە دایان ببەزێنێت و لە کۆڵیان بکاتەوە بەڵام ئەوان نایانەوێ و دژی ئەوەن، لەبەر ئەوەی دەیانەوێ دواتریش ببینن، بەم جۆرە ڕای مەجموعەیەک دەبیسترێ لە بەرامبەر یەک کەسدا.

وە دواجار ڕۆڵی شاعیر دەست پێ دەکات:

“بەڵام من دەڵێم: لێرە دامبەزێنە.
منیش هاوشێوەی ئەوان هیچ دڵخۆشم ناکات،
بەڵام سەفەرکردن شەکەتی کردووم.”

سەرەڕای ئەوەی شاعیر هاوسۆزییان دەکات و پشتیان دەگرێت، بەڵام ڕای جیاوازی هەیە و داوا لە سایەقەکە دەکات کە دایببەزێنێت وە بۆ ئەوەی وەکو خائینێک لە چاوی موسافیرەکانی دیکەوە سێر نەکرێت، دەڵێت کە ئەمیش هەمان حاڵی ئەوانی هەیە، بەڵام سەفەرکردن شەکەتی کردووە.

لە قەسیدەکەی محموود’دا مەبەست لە پاس خاک و نیشتیمانە، کە خاک جێگەی کۆبوونەوەی هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە، وە مەبەست لە ڕستەی “هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات” ئەو گردبوونەوە و دژایەتیکردنانەیە کە مەبەست لێیان گۆڕینی ڕژێم و نیزامە، وە دائیمەن ئەوەشی یەکەم کەس لەگەڵ دژایەتیکردنیاندایە هەست بە دەرئەنجامەکان ناکات.

بە نیسبەت سایەقەکەوە، تەعبیر لە سەرکردەیەک دەکات کە بەرچاوی خۆی نابینێت و حوکم بەسەر خەڵکەوە دەکات و بەوە قایل نابێت کە ئەوان دەیڵێن وە سەرەنجام خاکیش ئەو شوێنەیە کە سەرجەم خوێندکار و خاتوون و سەربازەکە و نموونەکانی دیکەی وەکو ئەوانیش لە ئامێز دەگرێت.

جێگای باسە کە محموود دەروێش، ئەو شاعیرەی کە لە ئامێزی نیشتیمان بێبەش کرا، هەمیشە وەکو یەکێک لە بەناوبانگترین و دیارترین شاعیری عەرەب و بەتایبەتی فەڵەستین دەمێنێتەوە، کە لە سایەی شیعرە نیشتیمانپەروەری و نەتەوەییەکانییەوە هەمیشە لە لوتکەدا دەبینرێت. محموود بەتەنها شاعیر نەبوو بەڵکو ڕەخنەگرێکی باش و ڕۆژنامەنووسێکی دیاری ڕۆژنامەکان بووە. وە قەسیدەکانی بۆ چەندین زمانی جیاواز وەرگێڕانیان بۆ کراوە و چەنەها خەڵاتی جیاوازی بە دەست هێناوە کە دیارترینیان خەڵاتی ئیبن سینا’یە.

هاوبەشی بکە