نووسینی: ئالبەلوسیا ئانخێل
ئامادەکردن و وەرگێڕانی: سەعادەت کوردستانی
گەریلا
بۆ پێغەمبەر گۆنزالۆ،
لە هەر کوێیە.
ئێستا بەچاوی خۆت دەبینی چیت بە سەر دێنن “فیلیسیداد مۆسکوێرا”، هەر کە بە چەقۆ و خەنجەرەکانی دەستیانەوە دەرکەوتن و گوڕاندیان بە سەرتدا کە خۆی لە کوێ شاردۆتەوە، بۆ ئەوەی دان بنێی بە هەموو شتێکدا. دەتخەنە بەر شاڵاوی پرسیارەکانیان، وات لێدەکەن خەیانەتی پێبکەی، بێتوو ئەوە نەکەی پیر و پەککەوتەکان بە زۆرەملی لەگەڵ خۆیان دەبەن، هەروەک دوو ڕۆژ لەمەوبەر کە هاوڕێکەت “کلێتا”ـیان برد، یان دەستت بە ئاگر دەسووتێنن، هەر وەک ئەوەی بە سەری “کالیختۆ پێنالۆسا”ـیان هێنا، یان سکت هەڵدەدڕن پاش ئەوەی هەموویان ئەوەی پێیان خۆش بوو لەگەڵ جەستەت کردیان. ئاوهات لێدەکەن فلیسیداد. دەبا لەگەڵی ڕۆیشتبای، ئیتر تووشی ئەم عەزاب و چەرمەسەرییەش نەدەبووی. ئەوکات ئا بەم شێوە دەسەپاچە نەدەبووی، شڵەژاو و بە دەم گریانەوە نەدەگەڕای بە شوێن شتێکدا وەک چەک بەکاری بێنی و بەو کەمە کەلوپەلەی نێو ماڵەکەت پشتی دەرگاکەت هەڵنەدەچنی کە نەتوانن بێنە ماڵەوە.
هەرگیز بیرت لێکردبوویەوە ئەو شەوە دەبا شتێکت وتبایە، هەر ئەو شەوەی کە سەگەکانی “سباستیەن مارتینێز” وەها دەوەڕین وەک بڵێی شەیتانیان دیوە و تۆ ئەوت بینی لەوێدا وەک پەیکەرەیەک بێجوڵە ڕاوەستابوو، بە شەڵوارێکی تەواو دڕاو و کراسێکی سپیی شەڵاڵی خوێن. تۆ دەبا بیانوویەکت هێنابایەتەوە، کارێکت کردبایە ناچار ببایە بە دەم وەڵامدانەوەی شەوخۆشەکەت بگەڕایەتەوە بۆ ئەو جێگایەی لێیەوە هاتبوو. بەڵام ئەی بە زیاد نەبێ ئەو شانسەت! وەها نەچووە پێشەوە.
کاری باشت نەکرد کە هێشتت بە بێ ئەوەی یەک وشە بێت بە دەمتاندا بێتە ماڵەوە، کورسییەکت بۆ ڕاکێشا، ئەویش لاشەی قورسی بەردایە سەر کورسییەکە، ئەو کاتە بوو کە تۆ برینێکی دیکەت بینی بە سەریەوە، من ماندووم، هەموو ئەو شتەی بوو کە لەبەر خۆیەوە وتی، پاشان کەوتە سەر عەرزەکە ڕێک وەک ئەسپێکی هیلاک.
چیت لێقەومابوو فیلیسیداد مۆسکوێرا؟ کامە دوعای شەڕ تووشی کردبووی، کامە بای شەیاتینی ڕاستەوخۆ هەڵیکردە نێو دڵت کە تەواو ئاگری تێبەربوو، کە ئاوها کوێری کردی؟ بەڕاستی کوێر ببووی، کوێر. هەموو گیانت کەوتە هەژان، کاتێک سەیری ڕووخسارت کرد و زانیت چەندە جوانە. کە چەن حەزت لەو سمێڵە ڕەشانەیە. چەن بەحەز و بەلەز ئاوت نایە سەر ئاگر و دەرمان و مەڵهەمی گیاییت بۆ ئامادە کرد، تۆ کەی ئەوەندە گورج و گۆڵ بووی؟ وت و وریا بووی بەڵام هەمیشە ئارام و لەسەرەخۆ هەرمانت دەکرد. تۆ هەرگیز بۆ هیچ کەسێک ئاوها نەبووی. چیت لێقەومابوو، پێم بڵێ. مێشکت شڵەقابوو کە لە جیاتی ئەوەی دەرگای بۆ بکەیتەوە بڕوات، کاتێک حاڵی باشتر بوو و هەوڵیدا بۆ پیاسەیەکی شەوانە بچێتە دەرەوە و دار بێنێ بۆ ئاگردانەکەت، پێشنیاریدا کە توێکڵی گەنمەشامیت بۆ بگرێتەوە، کە ئاوت بۆ بێنێ، لەجیاتی ئەوەی پێی بڵێی ئیتر کاتی ئەوەیە بڕوات، وتت تکایە، زەحمەتی چی، هیچ کێشەیەک نییە و دەتوانێ چەن ڕۆژی تریش لەوێ بمێنیتەوە. ئەی داوەشێیت بۆ ئەو عەقڵەت! بەڕاستی لەو کارەت تێناگەم.
فیلیسداد مۆسکوێرا، من ئیتر ناتناسمەوە، هەرگیز پێموانەبووە کەسێک بتوانێ ئاوها بە خێرایی بگۆڕدرێ، لەناکاو لە ڕەشەوە بگۆڕدرێ بۆ سپی، وەک ئەوەی تۆ کردت. هەرجارەو چاوە شینەکانی دەبڕییە چاوەکانت، هەموو گیانت دەکەوتە لەرزین، وەک کیژۆڵەیەک دەمت دەلەرزی و زمانت گۆی نەدەکرد، کاتێک داوای تۆزقاڵێک خوێی لێکردی، کاتێک پەنجەکانی بەحاڵ بەر دەستت کەوت، هەموو گیانت گڕی تێبەربوو، حاڵت گۆڕا، تەواو خۆتت بەردابوو، باشە خۆت چۆن ئەوەت نەدەزانی؟ خوێ داکردنە نێو دەستی کەسێکیتر کارێکی گەوجانەیە، کارێکی تووشە و چارەڕەشت دەکات. ئەی ئەو ڕۆژە بۆ ناڵێی کاتێک داوای لێکردی پێکەوە بڕۆن بۆ پیاسەیەک، لە جیاتی ئەوەی بێڵی خۆی بە تەنیایی بڕوات و هەوایەکی تازە هەڵمژێ، ڕوومەتت تەواو سوور هەڵگەڕا، کاتێکیش لە سەر پردەکە تێدەپەڕین، دەستی خستە کەمەرت بە بیانووی ئەوەی کە پردەکە شەق و لەقە، بەڵام تۆ زۆر بە ئاشکرا هەستت کرد کە گەرمای جەستەی چۆن خزایە نێو گیانتەوە، گڕت تێبەربوو، وەک ئێشێک هەناوتی داگرت، هاوارێکی بەژان لە ناختەوە بەرز بوویەوە، ناڵەیەکی قووڵ. ئەوا خەریکە دێن، فیلیسیداد مۆسکوێرا. ئەوان خەریکە دێن لە کاتێکدا دەقیڕێنن کە لە هەموو شتێک ئاگادارن. ماڵەکەت هەموو تێکدەدەن و دەرگاکانت بە زەبری لەقە دەکەنەوە، هەر وەک ئەوەی لەگەڵ ژنەکەی “پرۆسپێرۆ مۆنتۆیا”ـیان کرد، بە سکێکی هەڵدڕاوەوە کە هێشتا منداڵەکەی تێدابوو، فڕەیان دایە نێو بیرەکەوە. ناهێڵن لە دەستیان دەرچی. کاتێک ئاوها خەریکە دێن دڵنیابە هاتوون لەناوت ببەن. وەها سەرنوقمت دەکەن ئاسەوارێکت لێ بەجێ نەمێنی. دەڵێن هەموو شتێک لەبارەی ئەوەوە دەزانن بۆ ئەوەی فریوت بدەن. بەڵام تەنیا خۆت و خوای خۆت هەموو شتێک دەزانن، نە کەسێکی تر. تەنیا شایەتحاڵانی ژوانی نێو گژی و گیای مەزراکان، قەراخی چەم و ڕووبارەکان، لە نێو حەزێکی تێکەڵ بە بەرامەی چڕچەفی تازە شۆردراو و وێنجەی تازە درواو. تۆ نەبێ کێ سوێند دەخوات بۆ ئەو حەز و چێژە قووڵە، کاتێک کە ئەندامەکەی ئەو ناخی تۆی هەڵدەکۆڵی، وەک بڵێی لە دووی سنوورەکانتدا دەگەڕێ و دەتکاتە ڕووبار، دەتخاتە بەر کازیوە یان دەتسپێرێ بە دەریا، تۆ نەبێ کێ ئاگادار بوو لە ڕیتمی هەواهەنگی سمتی گڕگرتووت، لە دەستەکانت کە بە شوێنی ئەودا دەگەڕان، و لە بنڕانی دەکەوتن کە فشارێکی نەرمیان دەخستە سەر جەستەت بۆ ئەوەی دەروازەی ژیانت لێبکەنەوە؟ تۆ نەبێ کێ ناڵەی ئەوی بیستووە؟ ئەو گەڕانە شیرینەی بە هەموو گیانتدا. ئۆرگاسمە درێژخایەن و بێبنەکەی، کاتێک کە تۆ نوقمی بێدەنگیی ئەو پارچە گۆشتە بەلەزەتە ببووی، ئەو شەپۆلە تووندەی کە لێدانی ماسوولکەکانتی خێراتر دەکردەوە، و لە ئاکامدا سستییەک هەموو گیانتی دەگرتەوە، لوورەیەک لە ناختەوە هەڵدەستا و وەک لافاو بەرەوڕووت دەهات. و کێ دەتوانێ حوکمت لەسەر بدات فلیسیداد مۆسکوێرا، کاتێک کە تەنیا خۆت و خوای خۆت دەتوانن سوێند بخۆن ئەوە ڕوویداوە. کەس ناوێرێ ئەوە بکات.
بێڵە با هەموو گیانت بکۆڵن، بە خنجەرەکانیان سکت هەڵدڕن، مێشکت بپژێنن، بچنە ناختەوە، بێڵە با دڵت لەت لەت کەن، هیچ شتێک نادۆزنەوە. تۆ بڵێ سرتەیەک. کەوایە ئەو کەلوپەلەی پشتی دەرگاکەت لابە، ترسەکانت فڕە بدە. لەوە زیاتریش جنێو مەدە، ئەو ئێستا تەواو دوور کەوتۆتەوە و بەڕاستی گرنگ ئەوەیە کە بتوانێ خۆی ڕزگار بکات تا درێژە بدات بە خەباتەکەی. تۆیش لێوت ناترەکێنی، هیچ نادرکێنی، تەنانەت بێتوو ئاوریش بەردەنە کەلاوەکەت، خۆیان و یان بوتڵەکانیانت تێئاخنن، هەر ئەوەی کە لەگەڵ کەسانی دیکە کردیان بۆ ئەوەی بتڕووخێنن. مەترسە فلیسیداد مۆسکوێرا، نە هاوار بکە و نە بگری، خۆت دەرگاکە بکەرەوە. ملبەرزانە لە قاپیی دەرگاکەتدا ڕاوەستە، بوێرانە چاو ببڕە نێو چاوانیان.
___
کورتەیەک لە ژیانی ئالبەلوسیا ئانخێل مارولاندا Albalucía Ángel Marulanda :سێپتەمبەری ساڵی ١٩٣٩ لە وڵاتی کۆلۆمبیا لەدایک بووە. سەرەتا کاری خۆی وەک سترانبێژێک بە چڕکردنە سەر گۆرانی و ئاوازی فلکلۆری ناوچەی پریرا دەست پێکرد کە زێدی خۆی بوو. دواساڵانی شەستەکان دەستی بۆ قەڵەم برد و ئێستا لە جیهاندا لەبەر ڕۆمانەکانی بە پێشەنگی پۆست مۆدێڕنیزم لە ئەمریکای لاتین دەناسرێ.
خاتوو ئانخێل ساڵی ١٩٦٤ چوو بۆ ئەورووپا و لە زانکۆی سوربۆنی فەرەنسا هونەر و ئەدەبیاتی بۆ خوێندن هەڵبژارد. پاشان فەرەنسای بەرەو ئیتالیا بەجێهێشت و لە زانکۆی ڕۆم لە کۆلیژی سینەمادا درێژەی بە خوێندن دا. کارکردن لە سەر شیعری گۆرانی و ئاوازی لۆکاڵی و خوێندنی هونەر و ئەدەبییات و سینەما لە زانکۆ بووە هۆی ئەوەی کە بە ئەزموونێکی زۆر و بیرێکی قووڵەوە کاری نووسین دەست پێبکات و یەکەم ڕۆمانی بە ناوی “گوڵەبەڕۆژە لە زستان” خێرا سەرنجی خوێنەران و هەروەها ڕەخنەگرانیش ڕاکێشێ.
ناوەڕۆکی زۆربەی بەرهەمەکانی خاتوو ئانخێل مافی ژنان و مێژووی خەباتیان لە جیهاندایە. ئەم نووسەرە کۆلۆمبیاییە لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە لە شاری لەندەن دەژیت، بەڵام ڕەنگ و ڕووخسار و بۆن و بەرامەی چیرۆکەکانی لە کۆڵان و شەقامەکانی شار و گوندەکانی وڵات و زێدی خۆی واتە کۆلۆمبیا وەردەگرێ. هەروەک لە کورتەچیرۆکی گەریلادا بەکگراوندی شەڕی ناوخۆیی و جەنگی پڕ تووند و تیژیی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی حکومەت بەکارهێنراوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.