دیدی من – ئامانج عەبدوڵا
ئەگەرچی ئێمەی کورد خاوەنی شانۆیەکی تایبەت بە خۆمان نین و هونەری شانۆ نەبۆتە پیشەی شانۆکاران و کۆمەڵگاش وەک چالاکییەکی گرنگی ژیاری و کلتوری لێی ناڕوانێت،بەڵام ناتوانین نکۆڵیش لەوە بکەین کە بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو یا دروستر بڵێین لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە شانۆ بونی هەیە و بە ئەندازەی خۆیی و وەک ئەوەی کە هەیە بەشیکی چالاکی ناو چالاکییە کلتورییەکان بووە و هەیە. بەگشتی ئەوەی کە هەیە کاری کۆمەڵیک گروپ و هەوڵی تاکە کەسی خەمخۆران و شانۆکارانی کورد بووە کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان شانۆ بەردەوامی هەبێت لە کوردستاندا.
بۆ ئەمەش نمایش و کاری نوسین و وەرگێڕانی کۆمەڵێکی زۆر لە شانۆکاران بینراون و هەوڵەکانی ئیستەش دەبینین کە بە بڕوای من شایستەی لەسەر وەستان و ناساندن و قسە کردنە لەسەریان، تا بتوانین لەم ڕێگەیەوە هەم ڕێز لە ماندوبوونیان بگرین هەم بتوانین لە ڕێگەی ڕەخنەو نووسینەکانمانەوە بیانخوێنینەوە و بیانکەین بە کەرەستەی لێکۆڵینەوە و بابەتی تیۆری شانۆیی بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەوەی کە هەیە و تۆمارکردنی بۆ کەسان و شانۆکارانی دوای خۆمان تا بتوانن سودمەند و بەئاگا بن لەوەی کە هەبووە. بەمەش دەتوانین فۆرمێکی گشتی یاخود شێوە ناساندنێک بۆ هەر یەک لەو زەمەن و ئەزمونانە بکەین کە بە درێژایی ئەو جەند دەیەیە نمایشکراون.
من لێرەدا و بەپێی نزیکی و ئاگاداریم لەبەشێکی دیاریکراوی کارەکانی (کۆڕی شانۆی با)و بەوپێیەی ئەندامی ئەو گروپە شانۆییە بووم و لە ڕێگەی نوسینەوەی یاداشتەکانی ڕۆژانی پرۆڤە و نمایشی (ئەو دەمەی دنیا بێتامە،حەیرانێ)و هەم وەک ئەکتەری نمایشی (چوارەم نیوەڕۆ پێش مەحشەر)و بینەری نمایشەکانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بؤ ٢٠٠٤ بووم ، دەمەوێت بەپێی تێگەیشتن و لێوردبوونەوەی خۆم دەربارەی ڕۆڵ و گرنگی ئەم گروپە شانۆییە بنوسم و ناساندنێک بۆ شێوازی کارکردن و کاریگەریان لەسەر بوونی شانۆ لە باشوری کوردستاندا بکەم و دواتر ئاماژە بە خالە لاواز و نێگەتیڤەکانی کارکردنیان بکەم. کە هیوادارم ببێتە دەرگایەکی کراوە بۆ هێنانە ژوری بابەت و نوسینی زیاتر لەم بارەیەوە.

ئەم گروپە بە فەرمی لە ساڵی( ٢٠٠٤)دا لە زەمەنی پڕۆڤەکردنی شانۆیی (ئەو دەمەی دونیا بێتامە،حەیرانێ)دا ڕاگەیەنرا و شانۆکار ئیبراهیم چێوار وەک بەڕێوەبەری کۆڕ دیاریکرا و دەستەیەکیش بۆ بەڕێوە بردنی کارەکانی كۆڕ پێکهێنرا.
بەڵام لە بنەڕەتدا سەرەتای دروست بوونی ئەم گروپە بۆساڵی ٢٠٠٠ دەگەڕێتەوە کە هەریەک لە شانۆکاران(ئیبراهیم چێوار،هۆرێن غەریب، هیوا فایەق، شوان عطوف و نازەنین ساڵح) دامەزرێنەر و دروستکاری بوون. بەلام ئەوکات گروپەکە نە ناسێنرا بوو چون هەم ناوی نە بوو هەم وەک ڕێکاری یاسایی مۆڵەتی کارکردنی بۆ وەرنەگیرا بوو، ئەوەندە هەبوو کە کۆمەڵێک شانۆکاری چالاک و خاوەن ئەزموون سەرقاڵی بەرهەمهێنانی کاری شانۆیی بوون و لەو ماوەیەدا هەریەک لە نمایشی (هونەرمەند دوای تافی لاوێتی) و (پێکەوە لە بەهەشتا،عەسرێ)یان بەرهەم هێنا. خۆ ئامەدەکردن و پڕۆڤەکردنی ئەم دوو نمایشە بوونە سەرەتا و لێک نزیک بوونەوەی زیاتری ئەندامانی گروپەکە و هاتنە ناوەوەی کەسانی تر و کار کردن لەسەر شێوازی بەرهەمهێنانی نمایشی نوێ کە جیاواز بێت لەگەڵ ئەزمون و کاری گروپەکانی پێشتر.

بۆ ئەمەش بەر لە دەستپێکردنی پرۆڤە سودێکی زۆریان لە گفتوگۆ و موناقەشەکردنێکی بەردەوام وەرگرتووە. بەشێکی گرنگی ئەو گفتوگۆیانە تایبەتبوون بە قسەکردن و شیکار کردنی ڕۆڵی ئەکتەر و دەرهێنەر و پێکهاتەکانی تری نمایش و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەمکانەدا تا بتوانن فۆڕمێکی نوێ بۆ نمایشکردن و گەیاندنی ئەو فکرە و ئایدیایانە بدۆزنەوە کە گفتوگۆکان بەرهەمیانهێناوە لە کاتی خۆ ئامادەکردن و پرۆڤەکردندا.
هەڵبەت ئەم پڕۆسەیە درێژخایەن و پڕ لە گۆڕانکاری بووە و یارمەتی دەرێکی باشی ستافی نمایشەکان بووە کە بتوانن بە پێشخان و ئامادەکارییەکی تەواوەوە بچنە هۆڵی پڕۆڤەکردنەوە.وە بەهۆی درێژخایەنی و بەردەوامی گفتوگۆ و پرۆڤەکردنەوە هەندێک لە ئەندامان و بەشداربوان وازیانهێناوە و نەگەیشتوونەتە زەمەنی نمایش، جا بەهۆی نەمانی حەوسەڵە و بێزاربوونیان لە درێژبوونەوەی ماوەی پرؤڤەکردن و گفتوگۆکان یان لەبەر هاوڕا نەبوون یا خود نەیانتوانیوە بەو شێوەیە کاربکەن کە گروپەکە لەسەری ڕێکەوتوون بۆ کارکردن.
بەشێوەیەکی گشتی زۆرێک لە نمایشە شانۆییەکان بە سێ قۆناغدا تێپەڕ بوون. من لێرەدا باسی ئەو سێ قۆناغە دەکەم و نمایشی (ئەو دەمەی دنیا بێتامە،حەیرانێ) وەک نمونەی کارکردن وەردەگرم کە لە دەرهێنانی هەریەک لە دەرهێنەران (هؤرێن غەریب و هیوا فایەق)ە و نواندنی هەریەک لە ئەکتەران(ئیبراهیم چێوار،شوان عطوڤ،نازەنین ساڵح،دیلمان سەڵاح،کاروان عوسمان چێوار،کوردستان ڕەوف،ئاوات باقی و شانۆ غەریب) و منیش وەک تۆمارکار و نوسینەوەی یاداشتەکانی ڕۆژانەی پرۆڤەو هاوکاری نمایش. ئەم نمایشە بەرهەمی ساڵی (٢٠٠٤ـ٢٠٠٥) بوو وە بە بڕوای زۆڕێک لە شانۆکاران و بینەران وەک شاکارێکی شانۆیی لە کوردستاندا تۆمارکراوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، وە تا هەنوکەش لە هزر و بیری زۆرێک لە بینەرانیدا ماوەتەوە.
من زۆر لەگەڵ وشەی وەرچەرخاندا نیم لەناو ئەو ڕەوتە شانۆییەی لە باشوری کوردستاندا هەیە، بەڵام ڕێگە بەخۆم دەدەم ئەوە بڵێم : بەڕاستی ئەم نمایشە شانۆییە وەرچەرخان بوو لەناو ئەو ڕوەتەدا و بەتەواوی ئاڕاستەی کاری شانۆیی لەو بەشەی وڵاتدا گۆڕی و کاریگەری گەورەی لەسەر شێوەی کارکردنی زۆربەی شانۆکارەکان دانا و شانۆی گەیاندە قۆناغێکی تر کە زۆر جیاوازبوو لەوەی بەر لەخۆی. هەڵبەت بە دیوێکی تردا ڕەنگە زەرەرمەند بووبێت لەوەی قورسایی کاریگەرییەکانی وای لە هەندێک لە شانۆکارەکان (بەتایبەت شانۆکارە لاوەکان) کردبێت کە هەوڵی کۆپیکردنەوەی ئەو شێوازە لە کارکردن بدەن و کاری لەسەر بکەن، لەکاتێکدا بێ ئاگابوون لەوەی کە ئەم جۆرە لە نمایش پێویستی بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی کاری تیۆری و پراکتیکی هەیە و لە ئەنجامی نەبوونی ئەوەدا نمایشێکی کرچ و کاڵ دروست دەبێت و سیماکانی دووبارەبوونەوەی ئەو نمایشانەی پێوە دیارە کە بەقووڵی بەو پرۆسەی ئامادەکارییەدا تێپەڕ بوون.

کاریگەرییەکانی ئەم گروپە ڕاستەو و ناڕاستەوخۆ لە هەندێک لە نمایشەکانی ساڵانی دواتردا دەبینرێتەوە لە شێوەی نواندن و سینۆگرافیا و مامەڵەی دەرهێنەر لەگەڵ ئەکتەردا. کە دەکرێت لە بابەتێکی تایبەتدا لەسەر ئەو کاریگەری و لێکچوونانە بنوسرێت و دەستنیشان بکرێن. لێرەدا من دەچمەوە سەر بەشە سەرەکیەکەی بابەتەکەم و باس لە قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی نمایشەکان دەکەم لای ئەم گروپە.
قۆناغی یەکەم: خۆ ئامادەکردن و گفتوگۆکان (بابەتی تیۆری)
قۆناغی دووەم: پڕۆڤەکردن
قۆناغی سێیەم: نماێش
قۆناغی یەکەم: خۆ ئامادەکردن و گفتوگۆکان (بابەتی تیۆری)
ئەم قۆناغە خاڵی دەستپێکردن و هەنگاوی یەکەمی بەرهەمهێنانی نمایشە کە لە لای ئەم گروپە زۆر بە بەهاو گرنگ بوو بە تایبەت لە قۆناغی نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ و سێ بەرهەم لەخۆ دەگرێت. دەتوانم بلێم و من لەو بڕوایەدام کە ئامادەبوونی کۆڕی شانۆی با بەو قورسایی و گرنگییەی کە لە ماوەی ساڵانی کارکردنیدا هەیبووە بۆ گرنگی و ڕۆڵی ئەم قؤناغە و بونیادنانی پایەکانی شێوازی کارکردنی دەگەڕێتەوە لەو زەمەنەدا.
لە قۆناغی یەکەمی کارکردندا هەریەک لە دەرهێنەران هیوا فایەق و هۆرێن غەریب و ئەکتەرەکان کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەسەر شێوازی کارکردن، لێرەدا پرسایر کردن و قسەکردن لەسەر کاری دەرهێنەر و ئەکتەر خاڵێکی سەرەکی و گرنگی گفتوگۆکان بوون چونکە لای ئەم گروپە دەرهێنەر ئەو کەسە نییە کە دەقێکی ئامادەکراوی پێبێت و بانگهێشتی ئەکتەر و ستافی نمایش بکات بۆ پرۆڤە کردن و لە بەرامبەریشدا ئەکتەر تەنیا ئەو کەسە نییە کە بەرجەستەکاری کارەکتەرێکی دیاریکراو بێت کە لە دەقێکی نوسراودا هەیە و دەرهێنەر بۆی دیاری دەکات. کەواتە کار و پیشەی دەرهێنەر و ئەکتەر گۆڕانی بەسەردا دێت و چیتر لە شێوە باوەکەیدا نامێنێتەوە.
خاڵێکی تری ئەم قؤناغە گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە بوو لەسەر ئەو بابەت و هێڵە فکریانەی کە دەبنە کەرەستە و پێکهێنەری نمایش و جێگەی دەقی ئامادەکراو دەگرنەوە، هاوکات کۆمەلێک چەمک و ئاماژە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە شێوەی کارکردنەوە هەبووە شیکار کراون و ئامادە کراون تا بتوانن لەسەر ئەو چەمک و دەستەواژانە کار بکەن لە کاتی پڕۆڤەکردندا. ئیتر بەم شێوەیەو دوای زەمەنێک لە خؤ ئامادەکردن و گفتوگۆکردنەوە جوونەتە هۆڵی پڕۆڤەکردنەوە کە قؤناغی دووەمی کارکدنە.
قۆناغی دووەم: پڕۆڤەکردن
لەم قۆناغەدا جگە لە ڕاهێنانی ڕۆژانەی دەنگ و جەستە و تەرکیزکردن بەردەوامی بە گفتوگۆکان دەدرێت و سات بە سات و جولە بە جوڵە نمایشە شانۆییەکە بونیات دەنرێت. لێرەدا هەموان بەشدارن لە دروستکردنی جوڵە و دیالۆگەکاندا کە پێویستی بە سەلیقە و باکگراوندێکی فکری و هونەری باش دەبێت تا بتوانن ئەلقە بە ئەڵقەی ساتەوەختەکان چ وەک جوڵەو چ وەک دیالۆگ پێکەوە گرێ بدەن و نمایشی لێ دروست بکەن. هەلبەت جیاوازی دەبینرێت لە ڕاژە و شێوەی بەشداریکردنی ئەکتەرەکان، ئەمەش پەیوەستە بە جیاوازی توانا و باکگراوندی فکری و هونەری ستافی کارەکەوە کە بێگومان جیاواز بوون لە یەکتری. وە هەبوونی ئەم جیاوازییە کاریگەری هەبووە لەسەر ئاستی ئامادەبوونی ئەکتەرەکان و دواتر دەرکەوتنیان لەکاتی نمایش و لەسەر تەختەی شانۆدا.
ئامادەبوونی ئەکتەر یەکێک بوو لەو چەمکانەی کە لە کاتی پرؤڤەکردندا ئاماژەی پێدەکرا و کاری پێدەکرا. بە جۆرێک ئەکتەری ئامادە کەسێک نییە لەدەرەوەی بابەت و کەرەستەکان و تەنیا بەرجەستەکاریان بێت، بەڵکو خۆی ئامادەیە و لەناو ساتەوەخت و جوڵەکاندایە کە ڕؤژانە بونیاتدەنرێن و خۆی بەشێکە لە دروستکاری ئەو بونیاتە. ئەمەش یاریدەدەرێکی باشە بۆ ئەوەی لە زیادەڕۆیی و هەڵچونی ناوەکی نواندن دورکەوێتەوە و سادە و پڕ لە ژیان لەسەر تەختەی شانؤ ئامادەبێت، بەڵام بە باكگراوندێکی قوڵ و هونەریانەوە دەبینرێت و بینەر هەستی پێدەکات و وەک نواندن دەیبینن. بۆیە دەبوو ئەکتەر زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ سات بەساتی نمایشدا بکات و بە ئامادەبونی لە کاتی پڕۆڤەدا (میتا) یاخود باکگراوندی ساتەوەختەکان وەربگرێت و کاری لەسەر بکات تا نەبێتە بەرجەستەکارێکی زێدەڕۆ یان ئەکتەرێکی مردوو لەسەر تەختەی شانۆ.
لەکۆی ئەم پرۆسەیەدا و بەتایبەت لە زەمەنی پڕۆڤەدا دەرهێنەرەکان یان دەرهێنەر وەک چاودێرێکی باڵا سەرقاڵی شیکاری ساتەوەختو جوڵەکان و گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئەکتەرەکاندا و هەنگاو بە هەنگاو لەگەلیاندا دەچنەپێش و بونیاتی چێوەی گشتی کارەکە دەنێن. بەجۆرێک دەبوو دەرهێنەر لە یەک کاتدا ئاگاداری پاراستنی ڕیتم و چێوەی گشتی نمایش و پڕۆسەی نوسینەوەی دیالۆگەکان و چنینەوەی ساتەوەخت و جوڵە جیاوازەکان بن بە یەکەوە.
ئەوەی کاری دەرهێنان لەم جۆرە لە کارکردن جیا دەکاتەوە لە گەڵ کارێک کە دەقێکی ئامادە بوونی هەیە ئەوەیە کە دەرهێنەر لەسەرەتادا کۆتایی نمایشەکەی لا نییە، واتە دەرهێنەر کۆتایی نمایشەکە نابینێت لە سەرەتای پرۆڤەدا وەک ئەوەی لە کارێکدا کە دەقێک هەیە و دەرهێنەر هێڵەکانی لەبەردەستدایە و کلێشەی گشتی نمایشەکەی لای خۆی دیاریکردووە و سەرەتا و ناوەراست و کۆتایی کارەکە دەبینێت. بۆیە دەبێت دەرهێنەر زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ ساتەوەختی پڕۆڤەدا بکات، دەبێت ئاگاداری ئەوەبێت ئاڕاستەی کارکردن بەرەو ونبوون و لەدەستدانی مانا هونەرییەکان نەڕوات، هاوکات چێوەی گشتی بۆ تەواوی کارەکە دروستبکات و لەگەڵ ئەکتەرەکاندا لەو چێوەیەدا کاربکەن و وردببنەوە بۆ ئەو ساتە قوڵانەی کە مانا دەبەخشن بە نمایش و کارە هونەرییەکەی لەسەر بونیاتدەنرێت. ئیتر بەو شێوەیەو بە هۆی بەردەوامی ڕۆژانەی پرۆڤەوە کە هەندێک جار چەندەها مانگی دەخایاند سات بە سات و جوڵە بە جوڵەی نمایش دروست دەکرا و بەرەو نمایش هەنگاو دەنرا.
قۆناغی سێیەم: نمایش
بەپێی کات نمایشەکان وەک هەر نمایشێکی تر کاتێکی دیاریکراوی هەبوو بەڵام لە ناوەڕۆکدا بریتی نەبوو لە چیرۆکێک یاخود روداوێکی دیاریکراو کە بینەران لەگەڵیدا بڕۆن لەسەرەتاوە تا کؤتایی، بەڵکو کۆمەڵێک ساتە وەخت و جوڵەی جیاواز کە لە لایەن ئامادەبوونی ئەکتەرەکانەوە نمایش دەکرێت لە چێوەیەکی گشتیدا. بەڵام جوڵەکان پەرتەوازە و لێک ترازاو نین،بەڵک و هەر جوڵەیەک تەواوکاری جوڵەی پێش خۆی و بەشێکی هێڵی نمایشە کە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی درێژ دەبێتەوە. وە بینەر یاخود ئامادەبوانی ناو هۆڵەکە هەست بەوە دەکەن کە ئەوە ئەکتەرێک نییە کە بەرجەستەکاری کارەکتەرێکە ،بەڵکو ئەوە ئامادیی ئەکتەرەکانە لەسەر تەختەی شانۆ کە بریتی نییە لە بەرجەستە کردنی کارەکتەرێکی دیاریکراو کە لە ڕێگەی جوڵە و هەست و سۆزەوە لە ناویدا بژین و لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەگەڵیدا بڕۆن و ماوەی دابڕانیان نەبێت لێی. هەربۆیە هەندێک جار لەکاتی هەبوونی زەنگی مۆبایلی ئامادەبوان یاخود لەکاتی هەر دەنگێکی ناخوازراودا ئەکتەرەکان دەوەستان لە نمایش و دواتر بەردەوام دەبوونەوە لە نمایش و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەدەبوو لەسەر ئەکتەرەکان و کۆی نمایش. ئەم شێوەیە لە نمایش هەستی بەشداریکردنی ناڕاستەوخۆی لای بینەران دروست دەکردو هەست و بۆچونی خۆیان لە ئامادەبوونی ئەکتەرەکاندا دەبینییەوە و هەستیان بە تێپەڕبوونی کات نەدەکرد.
کۆڕی شانۆی با لە ڕێگەی نمایشەکانیانەوە دەورێکی گرنگیان هەبوو لە گەڕاندنەوەی بینەرێکی زۆر بۆ هۆڵەکانی شانۆ و ژمارەیەکی زۆر لە بینەران ئامادەی نمایشە شانۆییەکانی ئەو سەردەمە بوون. هەر لەو ماوەیەشدا کار بۆ ئەوە کرا کە بینینی نمایشەکان چیتر بەبێ بەرامبەر نەبیت و وەک ڕێزێک بۆ هەوڵ و ماندوبونی ستافی نمایشەکان پێویستە بینەر لە ڕێگەی کڕینی بلیتەوە ئامادەی نمایشەکان بێت ئەگەرچی بە بەهایکی کەمیش بێت. چونکە پێشتر و لە زۆرینەی نمایشەکاندا بینەر بە بێ بەرامبەر ئامادەی بینینی نمایشەکان دەبوون و هیچ سودێکی مادییان بە شانۆکاران نەدەگەیاند.
کەواتە بە شێوەیەکی گشتی و لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین هەم بە هۆی شێوازی کارکردن و هەم بەهۆی بەردەوامی نمایشەکانیانەوە توانیان وەک گروپێکی چالاک دەربکەون و کاریگەری خۆیان هەبیت لەسەر جوڵەی شانۆ لە کوردستانی باشوردا و کۆمەڵێک بەرهەمی باش پێشکەش بکەن، هەڵبەت ئاست و کاریگەری نمایشەکان جیاوازن و هەریەک بە ئەندازەی خۆی بەشێکە لە کۆی پڕۆژەکانی ئەو زەمەنە.
بە دیوەکەی تردا ئەم گروپەش وەک گروپ و کۆمەڵەکانی تر بێ بەش نە بوون لە کەم و کوڕی و خاوەنی کۆمەڵێک خاڵی لاواز بوون کە بە بڕوای من بە نەبوون و پڕکردنەوەیان دەکرا کاریگەرتر و بەهێزتر دەرکەوتنایە. من لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەو خالە نێگەتیڤانە ئەدەم.
لە کۆتایداو هەروەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێدا هیوادارم ئەم ناساندن و نوسینەی من بابەت و نوسینی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت و بتوانین قؤناغەکانی تری کارکردنی ئەم گروپە و تەواوی هەوڵ و کاری گروپ و کەسەکانی تریش کە پێشتر هەبوون و هەن بناسێنین و شیکاری بابەتیانەیان بۆ بکەین.
چەند تێبینییەک/
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.