دیدی من – زە نیویۆرکەر
نووسینی: شێرلی جاکسن
لە ئینگلیزییەوە: شکار سەفیر
تیروپشک
سەرلەبەیانی بیستوحەوتی حوزەیران ساماڵ و هەتاوی بوو، موژدەی ڕۆژێکی دڵلاوێنی هاوینی پێ بوو. گوڵەکان بە فرەیی گەشەیان دەکرد و گژوگیاش ڕەنگی سەوزی تێری لێ نیشتبوو. له دەوروبەری کاتژمێر دە، گوندنشینەکان ورده ورده بەرەو مەیدانەکه (که دەکەوته نێوان بانک و پۆست–ئۆفیسەکه) بەڕێ دەکەوتن. لە هەندێک ناوچەی دیکەدا، بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە، ڕاکێشانی تیروپشک دوو ڕۆژی دەخایاند و دەبوو ڕێوڕەسمەکه له بیستوشەشی مانگەوه دەستی پێ بکرێت، بەڵام لەم گوندەدا، کە نزیکەی سێسەد دانیشتووی هەبوو، دەتوانرا تەواوی ڕێورەسمەکە تەنها بە دوو کاتژمێر تەواو بکرێت. بەو جۆرەش لە کاتژمێر دەی بەیانی دەستی پێ دەکرا و پاشان خەڵکی گوندەکە بواری ئەوەیان دەبوو لە کاتی گونجاودا بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ بگەڕێنەوە ماڵ.
له مەیدانەکەدا، بێ گومان، سەرەتا منداڵەکان کۆ دەبوونەوه. خوێندنگەکان بەم دواییانە داخرابوون و پشووی هاوین دەستی پێ کردبوو؛ بەڵام هەستی ئازادی زۆربەی منداڵانی نیگەران کردبوو و هێشتا باسوخواسی مامۆستا و پۆلەکان و کتێب و سەرزەنشتیان دەکرد. منداڵەکان، سەرەتا، مەبەستیان بوو بە هێمنی کۆ ببنەوە، بەڵام هەر زوو خۆیان نغرۆی یارییەکی پڕ لە جۆشوخرۆش کرد. بۆبی مارتن گیرفانەکانی پڕ کردبوون لە بەرد، کوڕەکانی دیکەش هەر زوو چاویان لێ کرد و لووسترین و بازنه ترین بەردیان هەڵبژارد. بۆبی و هاری جۆنز و دیکی دێڵێکوا، که گوندنشینان بە دێڵەکڕۆی بانگیان دەکرد، توانییان بەردێكی زۆر لە سووچێکی مەیدانەکەدا کەڵەکە بکەن و پاشان لە پەلاماردانی كوڕانی دیكە دەیانپاراستن. کیژۆڵەکانیش لە لایەکی تر وەستابوون، لە نێوان خۆیاندا دەمەتەقێیان دەکرد و لەسەر لاشانەوە تەماشای کوڕەکانیان دەکرد. منداڵە ساواکانیش خۆیان لە خۆڵ گەوزاندبوو، هەندێکیشیان خۆیان بە دەستی خوشک و براکانیاندا هەڵواسیبوو.
هەر زوویش پیاوەکان دەستیان به کۆبوونەوە کرد و دوور لەو بەردانەی منداڵەکان کەڵەکەیان کردبوون، وەستان؛ ئەوان چاودێریی منداڵەکانیان دەکرد و لە چاندن و باران و تراکتۆر و باج دەدوان. پیاوەکان گاڵتەوگەپیان زۆر هێمنانە بوو، زیاتر بزەیان دەکرد وەک لە پێکەنین. ئافرەتەکانیش که عەزیەی ماڵیی كاڵبووەوە و چاکەتیان پۆشیبوو، ماوەیەک دوای مێردەکانیان گەیشتنه مەیدان، سڵاویان له یەکدی کرد و هەندێک وتوواتیان گۆڕییەوە. پاشان لە تەنیشتی مێردەکانیان ڕاوەستان و کەوتنە بانگکردنی منداڵەکانیان؛ منداڵەکان، دوای ئەوەی چوار–پێنج جار بانگ کران، بە ناڕەزاییەوە خۆیان گەیاندە ڕیزی باوانیان. بۆبی مارتن خۆی لە ژێر دەستی دایکی دەرباز کرد و بە پێکەنینەوە ڕایکردەوه بۆ لای کەڵەکە بەردەکە. ئەم جارەیان باوکی زۆر بە توندی هاواری لێ کرد و بۆبی به خێرایی گەڕایەوە و لە نێوان باوکی و برا گەورەکەی ڕاوەستا.
تیروپشکەکە لە پاڵ چەند چالاکیەکی تری کۆمەڵایەتی وەکوو ئاهەنگی سەمای چوارگۆشە، یانەی هەرزەکاران و بەرنامەی هاڵۆوین، لە لایەن بەڕێز سەمەڕسەوە بەڕێوە دەبرا، چونکە ئەو کات و وزەی هەبوو بۆ خۆتەرخانکردن بۆ بۆنە شارییەکان. بەڕێز سەمەڕس پیاوێکی ڕووخۆشی دەموچاو خڕ بوو، بەڕێوبەری کاری خەڵووزیش بوو. بەڵام خەڵکی بەزەییان پێیدا دەهاتەو، چونکە منداڵی نەبوو، خێزانەکەیشی پرتەوبۆڵەكەر بوو. خەڵکی گوندەکە کەوتنە مینگەمینگکردن، کاتێک بینییان بەڕێز سەمەڕس گەیشتە مەیدان و لە دەستیدا سندووقێکی ڕەشی دارینی گەورەی هەڵگرتبوو. ئەو دەستی ڕاوەشاند و هاواری کرد: «هاوڕێیان ئەمڕۆ کەمێک دوا کەوتم.» بەڕێوەبەری پۆست–ئۆفیسەکە (بەڕێز گرەیڤز)، بە دوایدا هات و کورسییەکی سێقاچی بە دەستەوە بوو کە لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا داینا و بەڕێز سەمەڕس سندووقه ڕەشەکەی لەسەر جێگیر کرد. خەڵكی گوندەكەیش بەرەو دواوە جووڵان تاکوو مەودایەك لە نێوان خۆیان و کورسییەکەدا هەبێ. دوودڵییەک کەوتە نێوان خەڵکەکە کاتێک بەڕێز سەمەڕس داوای هاوکاریی کرد، وەلێ هەر زوو دوو پیاو (بەڕێز مارتن و کوڕە گەورەکەی باکستەر) لێی هاتنە پێشەوە و سندووقەکەیان بە چەسپاوی لەسەر مێزەکە ڕاگرت، بەڕێز سەمەڕسیش پارچە کاغەزەکانی ناو سندووقەکەی دەسووڕاندنەوە.
لە مێژ بوو کەرەستەی ڕەسەنی تیروپشکەکە ون بووبوو. ئەو سندووقە ڕەشەی کە ئێستا لەسەر مێزەکە دانرابوو، تەنانەت پێش لەدایکبوونی واڕنەری پیرەمێردەوە (بە تەمەنترین پیاوی گوندەکە) بەکار دەهێنرا. بەڕێز سەمەڕس چەندان جار باسی دروستکردنی سندووقێکی نوێی لەگەڵ گوندنشینەکاندا کردبوو، بەڵام هیچ کەس بەو باسە قایل نەدەبوو، چونکه به لای ئەوانەوە ئەو سندووقە هێمای کلتوری ڕەسەنی گوندەکەیە و دەبوو پارێزگاریی لێ بکەن. حیکایەتێک هەبوو کە گوایە ئەم سندووقە لە هەندێ پارچەی سندووقێکی کۆنتر دروست کراوە؛ ئەو سندووقەی کە لە سەردەمی دامەزراندنی گوندەکە لە لایەن یەکەم دانیشتووانەوە دروست کرابوو. ساڵ لە دوای ساڵ، پاش تیروپشکەکە، بەڕێز سەمەڕس دووبارە باسی دروستکردنی سندووقێکی نوێی دەکردەوە، ئاخر سندووقە ڕەشەکە کۆن و کاڵتر دەبوو؛ لە لایەکیدا بە خراپی ڕووشابوو و ڕەنگی دارە ڕەسەنەکەی دەر کەوتبوو، لە هەندێک جێگای دیکەیشدا لەکەدار و ڕەنگڕۆیشتوو بوو، هەموو جارێکیش ئەم بابەتە بە مەبەست نەدەگەیشت.
بەڕێز مارتن و کوڕە گەورەکەی سندووقە ڕەشەکەیان بە توندی لەسەر کورسییەکە ڕاگرتبوو و بەڕێز سەمەڕس، بە دەستەکانی، کاغەزەکانی ناو سندووقەکەی بە باشی تێکەڵ دەکرد. بەشێکی زۆری نەریتەکانی تیروپشکەکە لە بیر کرابوون یان لا درابوون، بۆیە بەڕێز سەمەڕس سەرکەوتوو بوو لە جێگۆڕکردنی تەختەدار بە پەڕەی کاغەز، کە بۆ چەندان نەوە بەکار هێنرابوون.بەڕێز سەمەڕس پێی وا بوو کە تەختەدار بۆ ئەو کاتە گونجاو بوو کە گوندەکە بچووک بوو، بەڵام ئێستا کە ژمارەی دانیشتووان سێسەد كەسی تێدەپەڕاند و بەردەوام لە زیادبووندا بوو، ئاسانتر بوو شتێکی تر بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە سندووقە ڕەشەکەدا جێی ببێتەوە. شەوی پێش تیروپشکەکە بەڕێز سەمەڕس و گرەیڤز پارچە کاغەزەکانیان دروست کردن و کردیاننە سندووقەکەوە و بردیانە قاسەی کۆمپانیای خەڵووزی بەڕێز سەمەڕس و قوفڵ درا تاكوو بۆ بەیانیی ڕۆژی دواتر بەڕێز سەمەڕس ئامادە بێت بیبات بۆ مەیدانەکە. پاش تیروپشکەکە، سندووقەکە لێرە و لەوێ هەڵدەگیرا. ساڵێک لە تەویڵەکەی بەڕێز گرەیڤز، ساڵێکی دیکەیش لە ژێر پێیان لە پۆست–ئۆفیسەکە دەمایەوە. هەندێک جاریش لەسەر ڕەفێک لە دوکانی بەقاڵی مارتن بەجێ دەهێڵرا.
پێش دەستپێکردنی تیروپشکەکە، چەندان ئامادەکاری هەبوون کە دەبوو بەڕێز سەمەڕس ئەنجامی بدات. سەرەتا دەبوو لیستی ناوەکان ئامادە بکات؛ ناوی سەرۆکی خانەوادەکان، سەرۆکی خێزانەکان لە هەر خانەوادەیەک و سەرجەم ئەندامانی هەر خێزانێک لە هەر خانەوادەیەک. پاشان بۆ ئەوەی وەک بەرپرسی تیروپشکەکە دەستبەکار ببێت، بەڕێز سەمەڕس لە بەرانبەر بەڕێوەبەری پۆست–ئۆفیسەکەدا سوێندی دەخوارد. بەڵام ژمارەیەکی بەرچاوی نەریتە کۆنەکان وردە وردە کاڵ دەبوونەوە؛ وا باس دەکرا کە هەموو ساڵێ بەرپرسی تیروپشکەكە بە شێوەیەكی ڕۆتینی و بە خێرایی هەندێك سروودی بێئاوازی تایبەتی دەچرپاند. بەڵام وردەکاریی ئەو نەریتە لە بیر کرابوو. هەندێک پێیان وا بوو ئەو كاتەی بەرپرسی تیروپشکەکە سروودەكەی دەگوتەوە، لە جێیەکی تایبەت بە پێوە دەوەستا، وەلێ هەندێک کەسی دیکە ڕایان وا بوو دەبێت بەرپرسی تیروپشکەکە، لە کاتی گوتنەوەی سروودەکە، بە نێو خەڵکیدا تێبپەڕێت. بەڵام چەندان ساڵ پێش ئێستا ئەو بەشەی نەریتەکە لا برابوو. هەروەها نەریتی سڵاوکردنیش هەبوو، بەرپرسی تیروپشکەکە دەبوو سڵاوێکی تایبەت لە هەر کەسێک بکات کە بەرەو سندووقەکە دێت، بەڵام ئەوەیش بە تێپەڕبوونی کات گۆڕرابوو، ئێستا بەرپرسەکە لەگەڵ ئەو کەسەی دێتە پێشەوە بۆ ڕاکێشانی تیروپشک تەنها کەمێک قسەی ئاڵوگۆڕ دەکرد. بەڕێز سەمەڕس لە بەڕێوەبردنی هەموو ئەو ئەرک و ئامادەکاریانەدا زۆر لێهاتوو بوو؛ ئێستا کە لە مەیدانەکەدا وەستابوو (کراسێکی سپی پاکوخاوێن و پانتۆڵێ جینزی شینی لە بەر کردبوو، دەستێکی خستبووە سەر سندووقە ڕەشەکە و لەگەڵ بەڕێز گرەیڤز و خێزانی مارتن بی کۆتا قسەی دەکرد) یەکجار ڕێکپۆش و گرنگ دەر دەکەوت.
هەر کە بەڕێز سەمەڕس لە کۆتاییدا وازی لە دەمەتەقێ هێنا و ڕووی کردە گوندنشینە گردبووەوەکان، خاتوو هەچنسن (کە چاکەتەکەی فڕێدابووە سەر شانەکانی)، بە خێرایی خۆی گەیاندە مەیدانەکە و لە ڕیزی پشتەوەی جەماوەرەکە وەستا. پاشان ڕووی کردە خاتوو دێڵەکڕۆی کە لە تەنیشتی ڕاوەستابوو و گوتی: «هەر بە خەیاڵمدا نەهات ئەمڕۆ بیستوحەوتی مانگە!» جا هەردووکیان بە نەرمی پێکەنین؛ خاتوو هەچنسن بەردەوام بوو: «پێم وا بوو پیرەمێردەکەم لە پشتی خانووەکە دار کۆدە دەکاتەوە. پاشان لە پەنجەرەکەوە تەماشای دەرەوەم کرد، منداڵەکانیش دیاریان نەبوو، ئەوجا بیرم هاتەوە و بە ڕاکردن هاتم.» جا دەستەکانی بە بەرکۆشەکەی وشك کردنەوە.
خاتوو دێڵەکڕۆی وەڵامی دایەوە، «خۆ لە کاتی خۆیدا گەیشتی، ئەوان هێشتا لەو پێشەوە حیکایەت دەكەن.»
ئینجا، خاتوو هەچنسن ملی درێژ کردەوە تاكوو لە ناو جەماوەرەکەدا مێردەکەی و منداڵەکانی بدۆزێتەوە. ئەوان لە نزیک ڕیزی پێشەوە ڕاوەستابوون. دوای ئەوەی دیتنی، بۆ ماڵئاواییکردن، بە سووکی دای بەسەر باسکی خاتوو دێڵەکڕۆیدا و بە ناو قەرەباڵقییەکەدا بەرەو لای خێزانەكەی ڕێگەی گرتە بەر؛ خەڵکیش بە ڕوویەکی خۆشەوە ڕێیان بۆ کردەوە. دوو یان سێ کەس بە دەنگێک کە تەواوی خەڵکەکە بیبیستن، گوتیان: «ئەوەتا خانمەکەت وا دێ.» و «بیڵ، سەرەنجام خاتوو هەچنسن گەیشت.» لە کۆتاییدا، خاتوو هەچنسن گەیشتە لای مێردەکەی و لەو کاتەدا بەڕێز سەمەڕس کە چاوەڕوانیی دەکرد، بە دڵخۆشییەوە گوتی: «وامان دەزانی دەبێت بەبێ تۆ دەست پێ بکەین، تێسی!» خاتوو هەچنسن بە پێکەنینەوە گوتی: «ڕازی نەدەبووی قاپەکان لە سینکەکەدا بەجێ بهێڵم، وا نییە جۆ؟» گوندنشینەکان بە قسەکەی خاتوو هەچنسن پێکەنینێکی نەرم دایگرتن و لە پاش گەیشتنی خاتوو هەچنسن بۆ لای خێزانەکەی گەڕانەوە جێی خۆیان.
بەڕێز سەمەڕس بە هێمنییەوە گوتی: «زۆر باشە خەڵکینە، دەبێ ئێستا دەست بە ڕاکێشانی تیروپشک بکەین و کارەکە بە کۆتا بێنین بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە سەر کارەکانمان، کەس هەیە تاكوو ئێستا نەگەیشتبێ؟»
چەندان کەس گوتیان: «دەنباڕ، دەنباڕ.»
بەڕێز سەمەڕس چاوێکی بە لیستەکەیدا خشاند و گوتی: «کلاید دەنباڕ، زۆر ڕاسته، دروسته، وا بزانم قاچی شکاوە، کێ لەبری ئەو تیروپشکەکە ڕادەکێشێ؟»
خاتوونێک گوتی: «پێم وا بێ من.»
بەڕێز سەمەڕس ئاوڕێکی دایەوە تاكوو تەماشای بکات و پاشان گوتی: «ئافرەت بۆ مێردەکەی ڕادەکێشێ؟! جەینی، کوڕێکی پێگەیشتووت نییە ئەو کارە بکا؟»
هەرچەندە بەڕێز سەمەڕس و هەموو ئامادەبووان زۆر بە چاکی وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەزانی، بەڵام ئەوە کاری بەرپرسی تیروپشکەکە بوو بە شێوەیەکی فەرمی ئەو جۆرە پرسیارانە بکات. بەڕێز سەمەڕس بە بایەخەوە چاوەڕێی کرد کاتێک خاتوو دەنباڕ، بە پەشیمانییەوە، وەڵامی دایەوە:
– «هۆرەیس هێشتا نەبووەتە ١٦ ساڵ. پێم وا بێ من ئەمساڵ جێی پیرەمێردەکەم دەگرمەوە.»
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «ڕاستە.» جا تێبینییەکی لە لیستەکەی بەردەستیدا نووسی و پاشان پرسی: «واتسون، ئەمساڵ بەشدارە؟»
کوڕێکی درێژکەلە لە ناو قەرەباڵقییەکە دەستی هەڵبڕی و گوتی: «ئامادەیە، من بۆ خۆم و دایکم ڕادەکێشم.» کوڕەکە چاوەکانی بە شڵەژاوی دەترووکاندن و سەری داخست کاتێک چەندان دەنگ لە ناو قەرەباڵقییەکەدا هەندێک شتی وەكوو «هەر بژی جاک.» و «پێمان خۆشە کە دایکت کوڕێکی هەیە ئەو کارەی بۆ دەكا.»یان دەگوت.
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «كەواتە وا بزانم هەمووان لێرەن، ئەی واڕنەری پیرەمێرد لێرەیە؟»
دەنگێک بەرز بووەوە: «لێرەیە.» جا بەڕێز سەمەڕس سەری لەقاند.
لە ناکاودا، بێدەنگی باڵی بەسەر جەماوەرەکەدا کێشا، کاتێک بەڕێز سەمەڕس قوڕگی پاک کردەوە، چاوی بە لیستەکەی دەستی خشاند و ئینجا بە بەدەنگی بەرز گوتی:
« ئامادەن هەمووتان؟ ئێستا ناوەکان دەخوێنمەوە، سەرەتا سەرۆکی خانەوادەکان، وەرنە پێشەوە، لە سندووقەکەدا پارچە کاغەزێک دەر بهێنن، پارچە کاغەزەکە بە داخراوی بە دەستتانەوە بگرن بەبێ ئەوەی تەماشای بکەن تا نۆرەی هەمووان دێت. هەموو شتێ ڕوونه؟»
ئەو ڕێنماییانە هێندە دووبارە بووبوونەوە، خەڵکی گوندەکە هەر بە نیوەچڵی گوێیان بۆ تەکاندبوون؛ زۆربەیان مات و بێدەنگ بوون، لێویان تەڕ دەکرد و لە دەوروبەریان دەڕوانی. پاشان بەڕێز سەمەڕس دەستێکی هەڵبڕی و گوتی: «ئادەمز»، پیاوێک خۆی لە قەرەباڵقییەکە جیا کردەوە و بەرەو پێشەوە هات. بەڕێز سەمەڕس گوتی: «سڵاو، ستیڤ.» جا بەڕێز ئادەمیش وەڵامی دایەوە: «سڵاو جۆ.» بە شپرزەییەوە زەردەخەنەیەکی گاڵتەئامێزیان بۆ یەكتری كرد. پاشان بەڕێز ئادەمز دەستی خستە ناو سندووقە ڕەشەکەوە و کاغەزێکی دەقدراوی دەر هێنا، بە توندی لە گۆشەیەکییەوە گرتی و خێرا گەڕایەوە بۆ جێگەکەی لە ناو قەرەباڵقییەکە، کەمێک دوور لە خێزانەکەی ڕاوەستا و بە هیچ جۆرێک تەماشای کاغەزەکەی دەستیی نەدەکرد.
دواتر بەڕێز سەمەڕس بانگی «ئالەن، ئاندرسون… بێنسام»ی کرد.
لە ڕیزی دواوە خاتوو دێڵەکڕۆی بە خاتوو گرەیڤزی گوت: «لەوە دەچێ هیچ کات لە نێوان تیروپشکەکاندا نەبێ، هەر وەک ئەوە وایە کۆتا تیروپشک هەفتەی پێشوو بووبێ.»
– خاتوو گرەیڤز گوتی: «بێ گومان کات خێرا دەڕوا.»
«کڵاڕک… دێڵەکڕۆی» بانگ کران.
ئینجا خاتوو دێڵەکڕۆی گوتی «وا پیاوەکەم بەرەو سندووقەکە دەڕوا،» جا بە هەناسەبڕکێوە چاوی لە مێردەکەی بوو کە بەرەو پێشەوە هەنگاوی دەنا.
ئینجا «دەنباڕ» بانگ کرا.
خاتوو دەنباڕ بە هەنگاوی جێگیرەوە بەرەو لای سندووقەکە دەڕۆیشت، یەکێک لە ئافرەتەکان هاواری کرد: «دەی بڕۆ پێشەوە، جەینی.» یەکێکی دیکەیش گوتی: «ئەوەتا دەڕوات.»
خاتوو گرەیڤز گوتی: «ئەم جارە سەرەی ئێمەیە.» جا چاوی لێ بوو کاتێک بەڕێز گرەیڤز لە لایەکی سندووقەکەوە دەر کەوت و بەرەو پێشەوە ڕۆیشت، سڵاوێکی سەنگینانەی لە بەڕێز سەمەڕس کرد و پارچە کاغەزێکی لە سندووقەکە دەر هێنا.
تاکوو ئێستا، لە سەرانسەری قەرەباڵقییەکەدا، پیاوان کاغەزە نووشتاوە بچووکەکانیان لە مستە گەورەکانیاندا گرتبوو و بە شپرزەییەوە ڕایان دەوەشاندن. تەنها خاتوو دەنباڕ نەبێ کە لەگەڵ دوو کوڕەکەی پێكەوە ڕاوەستابوون و خۆی کاغەزەکەی بە دەستەوە گرتبوو.
«هاڕبێرت و هەچنسن.» بانگ کران.
خاتوو هەچنسن گوتی: «بیڵ، دەی هەستە بڕۆ!» جا خەڵکی نزیکیان کەوتنە قاقای پێکەنین.
«جۆنز» بانگ کرا.
بەڕێز ئادەمز كە واڕنەری پیرەمێرد لە تەنیشتییەوە ڕاوەستابوو، پێی گوت: «لە گوندی باكوور باس لەوە دەكەن كە بە یەکجاری واز لە پڕۆسەی تیروپشک بهێنن.» واڕنەری پیرەمێرد پفێکی کرد و وەڵامی دایەوە: «کۆمەڵێک گەمژەی شێتن، چۆن دەبێت گوێ لە گەنجەکان بگرن؟ خۆ ئەوان بە هیچ ڕازی نابن! کاتێک دەزانیت دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ژیانی سەردەمی ئەشكەوت، هیچ کەس کار نەکا و بۆ ماوەیەک ژیان بەو جۆرە ببەنە سەر. جاران دەیانگوت: ”تیروپشک لە حوزەیران، خەرمانی ئاوەدان،” ئینجا دەکەوینە رۆژگارێکەوە وامان لێ دێ گوڵەئەستێرەی کوڵاو و بەڕوو بخۆین، تیروپشک هەمیشە هەر هەبووە.» جا بە تووڕەییەوە کۆتایی بە قسەکەی هێنا: «شوورەیییە کە دەبینی جۆ سەمەڕسی گەنج لەو پێشەوە گاڵتە لەگەڵ هەمووان دەکا.»
خاتوو ئادەمز گوتی: «لە هەندێ شوێن بە یەکجاری وازیان لە تیروپشک هێناوە.»
واڕنەری پیرەمێرد بە توندییەوە گوتی: «کێشەیەکی زۆر گەورەیە، کۆمەڵێک گەنجی گەمژەن.»
ئینجا «مارتن!» بانگ کرا. بۆبی مارتن تەماشای باوکی دەکرد كە بەرەو پێشەوە دەچوو و دواتریش «ئۆڤەدایک… پێرسی.» بانگ کران.
خاتوو دەنباڕ بە کوڕە گەورەکەی گوت: «بەڵكوو پەلەی لێ بكەن. بەڵكوو دەستوبردێ بكەن.»
کوڕەکەشی گوتی: «وا خەریکە کۆتایی دێت.»
خاتوو دەنباڕ گوتی: «کوڕم، ئامادە بە بۆ ئەوەی ڕابکەی و ئەنجامەکە بە باوکت بڵێی.»
بەڕێز سەمەڕس ناوی خۆی بانگ کرد و بە هەنگاوی وردودرشت بەرەو ڕووی سندووقەکە ڕۆیشت و پارچە کاغەزێکی لێ دەر هێنا. پاشان «واڕنەر»ی بانگ کرد.
واڕنەری پیرەمێرد کە بە ناو جەماوەرەکەدا تێپەڕی، دەیگوت: «حەفتاوحەوت ساڵە بەشداریی ئەم تیروپشکە دەکەم، حەفتاوحەوت جاری ڕەبەق.»
پاشان «جاک واتسون» بانگ کرا.
کوڕە باڵابەرزەکە بە شپرزەییەوە بە نێو ئەو هەموو خەڵکەدا تێپەڕی. کەسێک پێی گوت: «شپرز مەبە جاک، بڕۆ پێشەوە!» جا بەڕێز سەمەڕسیش پێی گوت: «پەلە مەکە کوڕم!»
ئینجا «زانینی» بانگ کرا.
بێدەنگییەکی ترسناک و هەناسەبڕ بەسەر جەماوەرەکەدا باڵی كێشا. بەڕێز سەمەڕس پەڕە کاغەزەکەی بەرز کردەوە و گوتی: «باشە، هاوڕێیان.» بۆ خولەکێک هیچ کەسێک نەجووڵا، پاشان هەموو پەڕە کاغەزە نووشتاوەکان کرانەوە. كتوپڕ هەموو ئافرەتەکان بە یەکەوە دەنگیان هەڵبڕی:
«کێیە؟»
«لە لای کێیە؟»
«ئایا خانەوادەی دەنباڕە؟»
«ئایا خانەوادەی واتسونە؟»
لە کۆتاییدا، هەموو دەنگەکان پێکەوە گوتیان: «خانەوادەی هەچنسنە.»
«بێڵ! نەسیبی بیڵ هەچنسنە!»
خاتوو دەنباڕ بە کوڕەکەی گوت: «ڕاکە بە باوکت بڵێ.»
خەڵکی تەماشای دەوروبەری خۆیانیان دەکرد بۆ بینینی خانەوادەی هەچنسنەکان. بیڵ هەچنسن بە بێدەنگی وەستابوو و لە پارچە کاغەزەکەی دەستی دەڕوانی. كتوپڕ تێسی هەچنسن هاواری کرد:
«بەڕێز سەمەڕس، تۆ کاتت بە بیڵ نەدا ئەو کاغەزە هەڵبژێرێ کە خۆی دەیویست، من بە چاوەکانی خۆم بینیتم، ئەوە دادپەروەرانە نەبوو!»
خاتوو دێڵەکڕۆی گوتی: «دڵت گەورە بێت تێسی.» جا خاتوو گرەیڤزیش گوتی: «هەموومان هەمان چانسمان پێ درا.»
بیڵ هەچنسنی مێردی پێی گوت: «بێدەنگ بە تێسی.»
«زۆر باشە خەڵکینە.» بەڕێز سەمەڕس گوتی: «ئەو کارە زۆر بە خێرایی ئەنجام درا و ئێستایش با کەمێک پەلە بکەین تا لە کاتی خۆیدا تەواو ببین.» بەڕێز سەمەڕس تەماشای لیستەکەی دەستی کرد و گوتی: «بیڵ، تۆ بۆ خانەوادەی هەچنسن ڕادەکێشی؟ ئایا ئەندامی دیکە لە خانەوادەکەتدا هەیە؟»
خاتوو هەچنسن قیژەی کرد: «دۆن و ئیڤا هەن! لێیان گەڕێ چانسی خۆیان وەربگرن.»
بەڕێز سەمەڕس بە نەرمی وەڵامی دایەوە: «تێسی، کچان لەگەڵ خانەوادەی مێردەكانیاندا بەشدار دەبن! تۆ و هەموو ئامادەبووان ئەو شتە باش دەزانن.»
تێسی گوتی: «بەڵام ئەوە دادپەروەرانە نەبوو!»
بیڵ هەچنسن بە پەشیمانییەوە گوتی: «نەخێر جۆ، هیچ ئەندام خانەوادەیەکی دیکەم نییە بەشدار بێت جگە لە منداڵەکانم، کچەکەشم لەگەڵ خێزانی مێردەکەی بەشدار دەبێ، ئەوە دادپەروەرییە!»
بەڕێز سەمەڕس ڕوونی کردەوە: «بە تەنها تۆ بۆ خانەوادەکەت تیروپشک ڕادەکێشیت، هەروەها بۆ ئەندامانی خێزانەکەتیش هەر بە تەنها خۆت ئەو کارە دەکەیت، ڕاسته؟»
بیڵ هەچنسن گوتی: «بەڵێ.»
پاشان بەڕێز سەمەڕس به فەرمی پرسیاری کرد: «بیڵ، چەند منداڵت هەیە؟»
بیڵ هەچنسن گوتی: «سێ منداڵ: بیڵیی بچووک، نانسی و دەیڤ. هەروەها تێسی و من.»
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «زۆر باشە. هاری گرەیڤز، کاغەزەکانی ئەوانت وەرگرتەوە؟»
بەڕێز گرەیڤز سەری لەقاند و پارچە کاغەزەکانی بەرز کردنەوە.
بەڕێز سەمەڕز ڕووی لە بەڕێز گرەیڤز کرد: «هەموو کاغەزەکان –کاغەزەکەی بیڵیش– ببە و بیانخەرەوە ناو سندووقەکە.»
خاتوو هەچنسن بە ئەسپایی گوتی: «پێم وایه دەبێ تیروپشکەکە دووبارە بكرێتەوە، من پێت دەڵێم ئەوە دادپەروەرانە نەبوو، کاتی پێویستت پێ نەدا، هەموو کەس ئەوەی بینی!»
بەڕێز گرەیڤز پێنج پارچە کاغەزەکەی خێزانی هەچنسنی هەڵبژارد و کردنییە ناو سندووقەکەوە؛ هەموو کاغەزەکانی دیکەی ڕژاندنە سەر عەرزەکە، کە هەر زوو بای شەماڵ هەڵی گرتن و بەرەو دوور ڕفاندنی.
خاتوو هەچنسن بە خەڵکەکەی دەوروبەری گوت: «گوێ بگرن!»
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «بیڵ، ئامادەی؟» جا بیڵ بە خێرایی تەماشایەکی هاوسەر و منداڵەکانی کرد و سەری لەقاند.
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «بیرت بێ، پارچە کاغەزەکە ببە و بە نووشتاوەیی بیهێڵەوە تا هەمووان پارچەیەک دەبەن، هاری تۆ یارمەتیی دەیڤی بچووک بدە.» بەڕێز گرەیڤز قۆڵی منداڵە بچووکەکەی گرت و ئەویش خۆخوازانە بەرەو لای سندووقەکە شوێنی کەوت. بەڕێز سەمەڕس گوتی: «کاغەزێک لە سندووقەکە دەر بێنە، دەیڤی.» دەیڤیی بچووکیش دەستی کردە ناو سندووقەکە و پێکەنی. بەڕێز سەمەڕس گوتی: «تەنها یەک دانە ببە، هاری تۆ بۆی هەڵگرە.» بەڕێز گرەیڤز دەستی منداڵەکەی گرت و کاغەزە نووشتاوەکەی لە لەپە بچووکەکەی دەر هێنا و گرتی بە دەستی خۆیەوە، دەیڤی بچووکیش لە تەنیشتییەوە ڕاوەستا و بە سەرسووڕمانەوە تەماشای دەکرد.
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «پاشان نانسی.» نانسی دوازدە ساڵ بوو، هاوڕێیانی خوێندنگەکەی بە قورسی هەناسەیان دەدا کاتێک بە لارولەنجەوە بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا، جا بە ناسکی پارچە کاغەزێکی لە سندووقەکە دەر هێنا.
بەڕیز سەمەڕس گوتی: «بیڵی بچووک!» بیڵی دەموچاوی سوور هەڵگەڕا و بە پێیە گەورەکانی بەرەو لای سندووقەکە ڕۆیشت. کاتێک پارچە کاغەزێکی دەر هێنا، وەخت بوو سندووقەکە بخاتە خوارەوە.
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «تێسی!» بۆ ساتێک، تێسی دوودڵ بوو، بە ناڕەزایەتییەوە سەیری دەوروبەری خۆیی کرد، لێوەکانیی بە توندی بەیەکەوە نووساندن و بەرەو سندووقەکە ڕۆیشت؛ پارچە کاغەزێکی قورتاند و لە پشتییەوە گرتی.
بەڕیز سەمەڕس بانگی «بیڵ، بیڵ هەچنسن!»ی کرد.
بیڵ گەیشتە لای سندووقەکە و بۆ خولەکێک دەستی لە ناوی دەسووڕاندەوە، لە کۆتاییدا دەستی دەر هێنا و پارچە کاغەزێکی هەڵگرتبوو.
پاش ڕاکێشانی خێزانی هەچنسن، خەڵکی بە تەواوەتی مات و بێدەنگ بوون؛ بە جۆرێک کاتێ کچێک بە چرپەوە گوتی: «هیوادارم نانسی نەبێ.» دەنگی چرپەکە گەیشتە بن گوێی هەموو ئامادەبووان.
واڕنەری پیرەمێرد زۆر بە ڕوونی گوتی: «هەموو شتێ گۆڕاوە، هیچ شتێ وەک پێشتر نەماوە، خەڵکیش وەکوو جاران نەماون.»
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «زۆر باشە. کاغەزەکان بکەنەوە، هاری تۆ کاغەزەکەی دەیڤی بچکۆلە بکەرەوە.»
بەڕێز گرەیڤز پارچە کاغەزەکەی کردەوە و دەستی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی، هەموو خەڵکەکە پێکەوە هەناسەیەکی ئاسوودەییان هەڵکێشا کاتێ بینییان کاغەزەکە بەتاڵە. نانسی و بیڵی بچووکیش بەیەكەوە کاغەزەکانیان کردنەوە و هەردووکیان کەوتنە قاقای پێکەنین. پاشان کاغەزەکانیان لەسەر سەریان دانان و ڕوویان كردە خەڵكەكە.
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «تێسی!» پاش وچانێک بەڕێز سەمەڕس تەماشای بیڵ هەچنسنی کرد و بیڵ کاغەزەکەی کردەوە و پیشانی هەمووانی دا؛ کاغەزەکە بەتاڵ بوو.
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «تێسیه!» پاشان دەنگی كز بوو: «بیڵ، کاغەزەکەی تێسیمان پێ پیشان بده.»
بیڵ بەرەو لای هاوسەرەکەی ڕۆیشت و بە تووندی کاغەزەکەی لە دەستی دەر هێنا. کاغەزەکە خاڵێکی ڕەشی تێدا کێشرابوو، ئەو خاڵە ڕەشەی که شەوی ڕابردوو بەڕێز سەمەڕس به پێنووسێکی ئەستوور له ئۆفیسی کۆمپانیای خەڵووزدا كێشابووی. بیڵ هەچنسن کاغەزەکەی بەرز کردەوه و خەڵكەكە دەستیان بە جووڵە کرد.
بەڕێز سەمەڕس گوتی: «زۆر باشه هاوڕێیان، با بە پەلە کۆتایی پێ بهێنین.»
ئەگەرچی گوندنشینەکان نەریتەکانیان بیر چووبوونەوه و سندووقه ڕەشە ڕەسەنەکەیان ون کردبوو، بەڵام هێشتا بیریان مابوو چۆن بەرد بەکار بهێنن. ئەو کۆمەڵه بەردەی منداڵەکان پێشتر کۆیان کردەوە، ئامادە بوون. لەسەر زەوییەکە، تەنها بەرد و پارچه کاغەزە فڕێدراوەکان کە لە سندووقەکەوە هاتبوونە دەرەوە، دەبینران.
خاتوو دێڵەکڕۆی بەردێکی هێنده گەورەی هەڵبژاردبوو که به هەردوو دەستی هەڵی گرتبوو و ڕووی کرده خاتوو دەنباڕ: «وەره، خێراکه.»
خاتوو دەنباڕ بەردی بچووکی له هەردوو دەستەکانی نابوو، به هەناسەبڕكێوه گوتی: «به هیچ جۆرێک ناتوانم ڕاکەم، تۆ له پێشی من بڕۆ، منیش به دواتدا دێم.»
منداڵەکانیش بەردیان هەڵگرتبوو و کەسێک هەندێک وردەبەردی به دەیڤی بچووک دا.
تێسی هەچنسن لەو کاتەدا بە تەنها لە ناوەڕاستی شوێنێکی چۆڵكراودا بوو، هەردوو دەستی بە بێهیواییەوه بەرز کردەوه کاتێک گوندنیشینەکان دەوریان گرت. ئەو کاتێک دەیگوت «ئەوە دادپەروەری نییە.» بەردێک بەر لایەکی سەری کەوت. واڕنەری پیرەمێرد دەیگوت: «هەمووتان وەرن، دەی خێراکەن.» ستیڤ ئادەمز له پێشی هەموو گوندنیشینەکانەوه بوو و خاتوو گرەیڤزیش له تەنیشتییەوە.
خاتوو هەچنسن هاواری کرد: «ئەوە دادپەروەری نییە، ئەوە دروست نییە.»
پاشان، هەموو گەندنشینەکان پەلاماریان دا.

چیرۆکنووس و ڕۆمانووسی ئەمریکی شێرلی جاکسن (١٩١٦-١٩٦٥) یەکێکە لە دەنگە جیاوازەکانی ئەدەبی ئەمریکی لە سەدەی بیستەمدا و میراتێکی دەوڵەمەندی لە دوای خۆی بەجێهێشت کە پێکهاتووە لە شەش رۆمان، دوو یادەوەری، و زیاتر لە دوو سەد کورتەچیرۆک. “تیروپشک” یەکێکە لە کورتەچیرۆکەکانی ئەم نووسەرە کە لە ساڵی ١٩٤٨ لە گۆڤاری بەناوبانگی (The New Yorker) بڵاوکراوەتەوە و پاشان لە چەندین خوێندنگا و کۆلێژی دونیادا، وەک بەشێک لە پرۆگرامی خوێندنی زمانی ئینگلیزی دەخوێندرێت. لەم چیرۆکەدا، شێرلی بە ستایلێکی سادە و سارد باسی بەیانیەکی ئاسایی گوندێکی ڕەنگاڵی ئەمریکا دەکات، بەڵام ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی جیاواز دەڕۆن تاکوو لە کۆتاییدا ڕاستییەکی تۆقێنەر دەربارەی کوێرانە پەیڕەوکردنی دابونەریتە باوەکان دەردەخرێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.