01/07/2026
DidiMn Logo
Top

کاتێک ڕابردوو نامرێت: چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی لەسەر یەکەمین ڕۆمانی شوان عەبدوڵڵا

لە لایەن دیدی من 4كاتژمێر پێش ئێستا

دەڤەر حەسەن

سندووقی ئۆتۆمبێلە مێرسیدسە ڕەنگ زیوییەکەی کردەوە، شپڕێو و قەرەباڵغ، پڕ بوو لە کاغەز و نووسراو. لە سووچێکدا، دانەیەک لە وەشانە کوردییەکەی یەکەمین ڕۆمانی خۆی دۆزییەوە، پێشکەشی کردم و لەسەری نووسی: «بەهیوام ڕەخنەی بکەیت.» منیش چەند ڕۆژێکم بۆ تەرخان کرد و وا ئێستا تێڕوانینی خۆم لەبارەیەوە دەنووسم. وەک ڕوونە کە یەکەمین ئەزموونی ڕۆماننووسین، زۆرجار وێناکردنی جیهانبینیی نووسەرە بۆ قەیرانە گەورەکانی مرۆڤ و هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی چارەنووسی تاکەکان بە وەرچەرخانە مێژووییەکان. ڕۆمانی «یادەوەرییەکانی ئادەم و خوێنی نازدارێک» لە نووسینی شوان عەبدوڵڵا حەمەد، کە لە لایەن خودی نووسەرەوە بە زمانی ئینگلیزیش لەژێر ناونیشانی «A Clove Necklace» بەردەستە، گەشتێکی ئاڵۆزی مرۆڤی کوردە بەناو دەیان ساڵ لە هەڵاتن و گەڕان بەدوای شوناسدا.

لە ڕووی زمانەوانی و پێشوازیی دەقەوە، ڕۆمانەکە خاوەنی زمانێکی گێڕانەوەییی زۆر پاراو و ڕەوانە. ئەم سادەیی و شارەزاییە لە داڕشتندا، تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ئاسانکاریی خوێندنەوە، بەڵکوو تەکنیکێکی وریایانەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی خێرا و سۆزداری لەگەڵ وەرگردا، تاوەکوو بەبێ کۆسپ پەلکێشی ناو جیهانە دڵتەزێن و ئاڵۆزەکەی چیرۆکەکە بکات. ئەم هۆشیارییە زمانەوانییە هەر لە هەڵبژاردنی ناونیشانەکەوە بە زەقی ڕەنگ دەداتەوە، کاتێک نووسەر زۆر داهێنەرانە مامەڵەی لەگەڵ پێکهاتەی ڕێزمانیدا کردووە. جێگیرکردنی پاشگری نەناسراوی (نکرەی) «ـێک» بەسەر وشەی «نازدارێک»دا، تەنیا پاشکۆیەکی ڕێزمانی نییە، بەڵکوو جووڵەیەکی هێماگەریی (نیشانەناسیی) قووڵە؛ بەم پاشگرە، کارەساتەکە لە چوارچێوەی بەرتەسکی مەرگی کچێکی دیاریکراو و ناسراوەوە دەردەهێنێت و دەیکاتە پەیامێکی گشتگیر. لەم ڕێیەوە، ناسنامەی قوربانییەکە دەبێتە خواستنێک (مێتافۆرێک) بۆ چارەنووسی تەواوی ئەو مێینانەی کە لەناو کۆتوبەندە نەریتی و باوەکاندا دەهاڕڕێن و دەبنە قوربانیی سیستمێکی داخراو.

بزوێنەری بەشێکی زۆری کارەساتەکانی ناو ڕۆمانەکە، چەمکی «نەخوێندەواری»یە. نووسەر زۆر داهێنەرانە نەخوێندەواری لە دیاردەیەکی باوی کۆمەڵایەتییەوە بەرز کردووەتەوە بۆ ئاستی کەسایەتییەکی نەبینراو، یان دروستتر بڵێین: بزوێنەرێکی بێدەنگ کە لە پشتی پەردەوە چارەنووسی کەسایەتییەکان ئاراستە دەکات و دەبێتە خاڵی وەرچەرخانێکی دڵتەزێن. لە بەرامبەر ئەمەدا، هەوڵی کەسایەتییەکان بۆ فێربوون و یاخیبوون لەم تاریکییە، سەرەتا وەک هێزێکی ڕزگارکەر دەردەکەوێت و دەبێتە پردێکی سۆزداری بۆ گەیشتنیان بە یەکتری. بەڵام ڕۆمانەکە لە لووتکەی ئاڵۆزیدا، پیشانمان دەدات کە چۆن هەر ئەم فێربوون و خوێندەوارییە دەبێتەوە بە ئامرازێک بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە شاراوەکان و ئاشکرابوونی ڕاستییە تاڵەکانی ڕابردوو. ئەم مامەڵە دووفاقییە لەگەڵ چەمکی زانین و نەزانیندا، تەوسێکی دراماتیکیی زۆر قووڵ دەبەخشێتە دەقەکە، کە بە شێوەیەکی فەلسەفییانە پێمان دەڵێت: ڕزگاربوون لە کوێریی نەخوێندەواری مەرج نییە گەیشتن بێت بە ڕووناکی، بەڵکوو هەندێک جار باجدانێکی قورسە بۆ خوێندنەوەی ئەو نەهامەتییانەی کە لەبری ئێمە نووسراونەتەوە.

لە ڕوانگەی جوگرافیای هەڵاتن و قەیرانی خودەوە، چیرۆکەکە لەسەر پاڵنەری هەڵاتنێکی بەردەوام بنیات نراوە؛ گەشتێکی جوگرافیی پڕنەهامەتی کە لە سیستمە نەریتی و داخراوەکەی گوندێکی ڕۆژهەڵاتییەوە دەست پێ دەکات و بەناو وێستگەکانی ئاوارەییدا، تا دەگاتە گۆشەگیرییەکی هاوچەرخ لە کەرەنتینەی بەریتانیادا درێژە دەکێشێت. بەڵام ئەم بڕینی سنوورانە، تەنیا گەشتێکی جەستەیی نییە بۆ ڕزگاربوون لە مەترسییەکان، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی سەختی دەروونییە بۆ سڕینەوەی یادەوەری و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی. کەسایەتیی سەرەکی کەوتووەتە ژێر ئەو خەیاڵەی کە بە گۆڕینی جوگرافیا، دەتوانێت لە سێبەری ڕابردوو ڕزگار بێت؛ لێرەشدا نووسەر، کەرەنتینەی کۆرۆنا وەک خواستنێک (میتافۆرێک) و چارەنووسێکی حاشاهەڵنەگر بەکار دەهێنێت بۆ ئەو خاڵە داخراوەی کە چیتر هیچ ڕووبەرێک بۆ ڕاکردن ناهێڵێتەوە. بێدەنگیی قورسی کەرەنتینە دەبێتە ئەو هێزەی کە کەسایەتیی سەرەکی ناچار دەکات، لەناو چواردیواریی ژوورەکەیدا، ڕووبەڕووی خودی خۆی و هەموو ئەو ڕابردووە ببێتەوە کە دەیان ساڵە لێی هەڵاتووە. ئەم ساتە پێمان دەڵێت: مرۆڤ دەتوانێت لە شوێن ڕابکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لە چارەنووس و یادەوەرییەکانی هەڵبێت.

لە ڕووی بزوێنیی گێڕانەوە و هەڵکۆڵینی دەروونییەوە، ڕۆمانەکە دەوڵەمەندە بە گرێچن و خاڵی وەرچەرخانی سەرسوڕهێنەر کە بەردەوام توانای کێشکردنی خوێنەریان هەیە. باڵادەستیی دەقەکە لەو قووڵبوونەوە دەروونییەدایە کە بۆ شیکردنەوەی هزری پیاوی ڕۆژهەڵاتی و تێڕوانینی بۆ چەمکەکانی «ئەشق» و «ژن» دەیخاتە ڕوو. نووسەر زۆر وەستایانە بازنەیەکی داخراوی چارەنووسی دروست کردووە؛ ڕابردوو لەم دەقەدا هەرگیز نامرێت، بەڵکوو لە فۆڕمێکی سووریالی و سەرووسروشتیدا دەردەکەوێتەوە و دەرئەنجامی هەڵاتنەکانی ڕابردوو، بە شێوەیەکی دڵتەزێن دەگەڕێنەوە بۆ هەمان خاڵی دەستپێک. سەرەڕای ئەم داڕشتنە بەهێزەی گرێچنەکان، لە ساتی کردنەوەی هەندێک گرێکاندا، چارەسەرەکان بە شێوەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ و زەق دەخرێنە بەرچاوی خوێنەر.

سەرەڕای ئەوەی ڕۆمانەکە چەندین ڕووداوی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی ئادەم لەگەڵ ژنان بنیات ناوە، بەڵام لە کاتی وەسفکردندا هەست بە جۆرێک لە خۆسانسۆرکردن لە لایەن نووسەرەوە دەکرێت. دیارە کە قەڵەمی نووسەر لە ئاست وەسفکردنی وردەکارییە ورووژێنەر و جەستەییەکاندا سڵ دەکاتەوە و دەترسێت لە بەزاندنی قەدەغەکراوەکان (تابۆکان). ئەم ترسەی نووسەر وای کردووە پەیوەندییەکان زیاتر لە چوارچێوەیەکی ڕووکەشیدا بمێننەوە و نەبنە دەروازەیەک بۆ شیکردنەوەی غەریزەیی قووڵ. لێرەدا، ئەوە کەسایەتییەکە نییە کە ساردە، بەڵکوو نووسەرە کە نەیوێراوە بەتەواوی بچێتە ناو قووڵایی پەیوەندییەکانەوە، ئەمەش گەشەکردنی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانی تا ڕادەیەک لاواز کردووە.

لە ڕووی تەکنیک و پەیکەرسازییەوە، ڕۆمانەکە دەکەوێتە بەردەم چەند پرسیارێکی بنیاتەوە. سەرەتا لە ئاستی دابەشکردنی بەشەکاندا، هەندێک لە دەستپێکەکان هێزی پێویستیان تێدا نییە بۆ ڕاکێشانی خوێنەر و ماف بە دەروازەی چوونە ناو ڕووداوەکان نادەن؛ ئەم لاوازییە لە دەستپێکدا وا دەکات خوێنەر لە ساتی پەڕینەوە لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تر، هەست بە جۆرێک لە سستی بکات. هاوکات کێشەیەکی دیکەی پەیکەری لە ئاستی دابەشکردنی کات و بابەتەکاندا دەردەکەوێت؛ بەشێکی زۆری ناوەڕاستی ڕۆمانەکە بە تەواوی بۆ «ئادەم» و دنیای ئەو تەرخان کراوە، لە کاتێکدا دەکرا ئەو بابەتانە بە درێژایی ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی هاوسەنگتر دابەش بکرێن. نووسەر چەند بابەتێکی گرنگی لە سەرەتادا خستووەتە ڕوو، پاشان زۆری پێ چووە تا دووبارە گەڕاوەتەوە سەریان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرەتا و کۆتایی ڕۆمانەکە کەوتووەتە ژێر سێبەری کەسایەتی و بابەتەکانی دیکە، کە ئەمەش پچڕانێکی کاتی و لەرەیی لە ڕەوتی چیرۆکەکە دروست کردووە.

لە ڕووی تەکنیکی گێڕانەوەشەوە، کاتێک دەقێک لەسەر تەکنیکی «چوارچێوەی گێڕانەوە» بنیات دەنرێت، دەبێت گێڕانەوەکە ملکەچی سنوورداربوونی زانیارییەکانی گێڕەرەوە بێت. بەڵام دەقەکە لێرەدا ئەو پەیمانە دەشکێنێت؛ کاتێک بە وردییەکی زۆرەوە وەسفی وردەکاریی یادەوەرییەکانی ئادەم دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو یادەوەرییانە وەک دەقی دەقاودەق نووسراونەتەوە، ئەمە دەقەکە تووشی کەلێنێکی زانینناسی دەکات. ئەم بازدانە کتوپڕە بۆ گێڕەرەوەی «هەمووزان»، تێکەڵبوونێکی ناژیرانە لە پێگەی گێڕەرەوەدا دروست دەکات، چونکە وەرگر نازانێت ئایا ئاڵێ ئەم یادەوەرییانەی بەم وردەکارییەوە خوێندووەتەوە، یان گێڕەرەوەی سەرەکی دەستکاریی کردوون؟ لە پاڵ ئەوەشدا، پشتبەستنی ڕەها بە شێوازی «تاکدەنگی»، فۆڕمێکی مۆنۆلۆگیی کلاسیکی بە دەقەکە بەخشیوە، لە کاتێکدا ڕۆمانی هاوچەرخ بۆ گێڕانەوەی قەیرانە دەروونی و مێژووییەکان، پێویستییەکی زۆری بە تەکنیکی «فرەدەنگی» هەیە.

لە ڕوانگەی ئابووریی گێڕانەوە و پتەویی بنیاتی دەقەوە، پێویستە هەر وردەکارییەک خزمەتێکی بنەڕەتی بە گەشەی ڕووداوەکان یان قووڵکردنەوەی لایەنی دەروونیی کەسایەتییەکان بکات. بەڵام لەم ڕۆمانەدا، هەندێک وردەکاریی «بێبەرهەم» دەبینرێن کە ئەم بنەمایە دەبەزێنن؛ بۆ نموونە، ڕووداوی دزینی «دە دینار» لە سەرەتای هەڵاتنەکەدا، کە دەکرا بکرێتە خاڵێکی وەرچەرخانی ڕەوشتی بۆ دروستکردنی ململانێیەکی دەروونیی قووڵ، کەچی بە سادەیی تێ دەپەڕێت و هیچ شوێنەوارێکی کاریگەر لەسەر گەشەی کەسایەتییەکە جێ ناهێڵێت. لە بەرامبەر ئەم وردەکارییە بێبەرهەمانەدا، دەقەکە تووشی جۆرێک لە «ئاسانکاریی گێڕانەوەیی» بووە؛ کاتێک کەسایەتییەکە ژینگەی داخراوی گوند جێ دەهێڵێت و دەچێتە شار، بەبێ لێکخشانێکی دراماتیکیی قووڵ و سەختییەکی ژیان، بە ئاسانی جێگەی خۆی دەکاتەوە و کار دەدۆزێتەوە. ئەم ئاسانکارییە، ئەو هەلە زێڕینەی لەدەست داوە کە دەکرا بۆ پیشاندانی نامۆبوون و تەنیایی تاکی پەراوێزخراو لەناو دڵڕەقیی ژیانی شارنشینیدا بقۆزرێتەوە.

کێشەی گێڕانەوەکە تەنیا لە «ئاسانکاری»دا نییە، بەڵکو لە «پێشێلکردنی متمانەی گێڕانەوە»دایە. بۆ نموونە، وەسفکردنی وردەکارییە ڕۆژانەییەکانی ئادەم لە کاتی کەرەنتینەدا، وەک شێوازی قاوەخواردنەوە یان وادەی نانخواردن، بە پلەیەک لە وێنەکێشانی ورد و دەقاودەق دەخوێندرێتەوە کە گێڕەرەوەکە وەک ئەوەی بەشداربوویەکی ناو ژوورەکە بێت، تۆماریان دەکات. لە کاتێکدا ئەو یادەوەرییانە بەتەواوی تەنیا و لە دۆخی گۆشەگیریدا ڕوویداون و کەسیش نەبووە بیبینێت، چۆن دەبێت گێڕەرەوەیەکی کەسی سێیەم یان خوێنەرێکی یادەوەرییەکان، بەو وردییە «وێنەیی»یە دەیانبینێت؟ ئەم جۆرە وەسفکردنە، سنووری نێوان «گێڕانەوەی ڕووداو» و «خەیاڵکردنی گێڕەرەوە» تێکەڵ دەکات و متمانەی خوێنەر بە ڕاستەقینەبوونی دەقەکە درزدار دەکات، چونکە وردەکارییەک کە هیچ کەسێک نەیتوانیوە بە چاوی خۆی بیبینێت، نابێت بەو ڕادە زەق و حاشاهەڵنەگرە پێشکەش بکرێت.

بەگشتی، «یادەوەرییەکانی ئادەم و خوێنی نازدارێک» هەوڵێکی ئەدەبیی گرنگ و بوێرانەیە. نووسەر دەستی بۆ تێما ئاڵۆزەکانی وەک چارەنووس، هێزی ڕابردوو و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان بردووە. ئەگەرچی لە ڕووی تەکنیکەکانی گێڕانەوە، ئابووریی دەق و بوێریی زمانەوانییەوە لە ئاست قەدەغەکراوەکاندا جێگەی تێڕامانی ڕەخنەیین، بەڵام وەک یەکەمین بەرهەم، مژدەی لەدایکبوونی قەڵەمێک دەدات کە توانایەکی باشی هەیە بۆ هەڵکۆڵینی برینە مێژووییەکان.

هاوبەشی بکە