دیدی من – سۆران محەمەد
هەندێک کەس پێیان وایە کە شیعرەکانی شاعیری ناودارو گەنجی فەرەنسی ئارتور ڕامبۆ تەنیا «قسەی بێمانا»ن و زیاتر لەوەی شایەنیەتی گەورە کراون. هەندێکی تریش، کە ئاراستەی ڕەخنەییان کەمێک نەرمترە، دەڵێن نابێت هەموو ئەوەی ڕامبۆ نووسیویەتی بەهۆی ئەوەی تەنیا ناوی ڕامبۆی لەسەرە گەورە بکرێت. بەڵام وێڕای هەموو ئەم بۆچوونانە، ڕاستییەک هەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت، ئەویش ئەوەیە: ڕامبۆ شاعیرێکی زۆر کاریگەر و سەرکێش بوو. هێزی سەرەکی شیعرەکانی ئەو لەوەدا بوو کە هەوڵی دا ئەرکی زمانی شیعر بگۆڕێت. بۆیە لە شیعرەکانیدا تەنیا نەیدەویست بیرۆکەکان بە شێوەیەکی جوانتر بڵێت؛ بەڵکو دەیویست زمان بکاتە دەرگایەک بۆ دۆزینەوەی دۆخە هەستی و دەروونییە نوێکان.
بۆیە لە شیعرەکانی ڕامبۆدا وێنە و وەسفگەلێک دەبینین کە لە یەکەم خوێندنەوەدا لەوانەیە لامان نامۆ بن، سەیر یان تەنانەت بێماناش بن. بەڵام دوای ورد بوونەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم وێنانە تەنیا لەسەر ئاستی مانای ڕاستەوخۆدا کار ناکەن؛ بەڵکو قووڵ دەبنەوەو لە ئاستی ئاماژە، خەون، هەست و مۆسیقای زماندا کار دەکەن.
لەبەر ئەمەشە کە بەرهەمەکانی ڕامبۆ لە شێوازی شیعری ڕاپۆرتی و ڕاستەوخۆییەوە دوورن. بۆ نموونە لە «کەشتی مەست»دا ڕامبۆ بە شێوەیەکی سادە باسی هەستی خۆی یان تەنیا بیرۆکەیەکی شیعریی ناکات؛ بەڵکو خودی کەشتییەکە دەکاتە دەنگ و دەیخاتە ناو ئەزموونێکی نزیک لە هەڵوەشاندنەوەی هۆش و خەیاڵی خوێنەرەوە. لێرەدا مەجازو خوازە ڕازاندنەوەیەکی زیادە نییە؛ بەڵکو مەجاز خۆی دەبێتە شێوازی دروستبوونی شیعرەکە.

لێ، لەگەڵ ئەمەشدا لایەنێکی تری گرنگ هەیە دەبێت بیزانین: ڕامبۆ هەندێک جار بە ئەنقەست سەختی و ئاڵۆزیی بەکاردەهێنا. لە هەندێک شوێنی دەقەکانیدا، ئەگەر بەدوای مانایەکی ڕاستەوخۆ و لۆژیکیدا بگەڕێین، لەوانەیە سەخت بێت، بە حوكمی ئەوەی تەمومژاوی دەردەکەون. لەبەر ئەمەشە کە هەندێک ڕەخنەگر و خوێنەر هەن ناتوانن بە ئاسانی لەگەڵی بگونجێن و دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەن. هەرچەندە دەبێت ئەوەش بزانین کە هەموو تەمومژاویی و ئاڵۆسکاندنێك شیعر نییە و لە هەمان کاتیشدا هەموو وێنەیەکی سەیر و نامۆش قووڵ نییە.
بەڵام کاتێک بمانەوێت ڕامبۆ بە چاوی ڕەخنەگرێکی وردەبینەوە بخوێنینەوە، ئەوا هەست دەکەین لە پشت ئەو شێوازە تەمومژاوییەوە وزەیەکی ڕاستەقینەی شیعر هەیە. بەجۆرێك وێنەکە دوای تەواوبوون لە خوێندنەوەی شیعرەکە لە مێشکتدا دەمێنێتەوەو کاردانەوەکەی بەردەوام دەبێت. لەوانەیە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بێت کە کاریگەریی شیعرەکانی ڕامبۆ زۆر زیاتری لە سەردەمی خۆی تێپەڕاندووە.
لە ڕاستیشدا ڕامبۆ شاعیرێک نەبوو ویستبێتی جیهان بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە؛ بەڵکو دەیویست خوێنەر جیهان بە شێوەیەکی جیاوازتر ببینێت. لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە لەنێوان شاعیرێك کە خوازەو میتافۆڕ بەکاردێنێت وەک ڕازاندنەوەو جوانکاری دەقەکەی، لەگەڵ شاعیرێکدا کە مەجاز دەکاتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن و بینینی جیهان.
لەبەر ئەمە ڕامبۆ لە خانەی ئەو شاعیرە دانانێم کە بڵێم دەبێت حەزتان لە خوێندنەوەی شیعرەکانی بێت ؛ بەڵکو لە خانەی شاعیرێکدا دایدەنێم کە بێ وچان لە هەوڵی ئەوەدایە سنووری ئەوەی بە زمانی شیعری دەکرێت تێپەڕێنێت.
ڕامبۆ و بودلێر
ڕامبۆ بودلێری بە یەکێک لە پێشینە گرنگەکانی خۆی دەزانی و لە نامەکەیدا بۆ دیمینی بە شێوەیەکی تایبەت باسی دەکات. بودلێر دەرگایەکی گرنگی بۆ شاعیران کردەوە، بەوەی: شیعر دەتوانێت لە وەسفکردنی ڕاستەوخۆی جیهانەوە تێپەڕێت و بەرەو ناوچەیەکی شاراوەی هەستەکی و دەروونی بڕوات. بەڵام ڕامبۆ تەنیا لەو خاڵەدا نەوەستا، بەڵێ ڕاستە بودلێر دەرگای کردەوە؛ بەڵام ڕامبۆ هەوڵی دا بڕواتە ناو ئەو ناوچەیەی لە پشتی دەرگاکەوەیە. ئەم ڕستەیە خۆی لێکدانەوەیەکی ئەدەبییە، چونکە بە شێوەیەکی جوان جیاوازی نێوان دوو قۆناغی گەشەکردنی شیعری نوێی فەرەنسی و جیهانی دەخاتەڕوو.
ڕامبۆ و دۆزینەوەی زمانێکی نوێ
ڕامبۆ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا و هەر لە تەمەنی گەنجێتیدا گەیشتە قۆناغێکی زۆر بەهێزو شێلگیر لە پەیوەندی بە زمان و شیعرەوە. لە نامە بڵاوکراوەکەیدا بۆ پۆل دیمینی لە ساڵی ١٨٧١دا، باس لە ویستی خۆی دەکات بۆ دۆزینەوەی زمانێکی نوێ و شاعیر بە «بینەر» دەبینێت؛ کە دەبێت هەستەکان و سنوورە ئاساییەکانی تێگەیشتن تێکبدات و ڕێگا بۆ پنتە نوێکانی ڕاستی و ئەزموونکردن بکاتەوە. بۆیە لە خوێندنەوەی کارەکانی ڕامبۆدا دەبینین کە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی زمانێکی نوێ یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەزموونی باڵای تەکنیکی شیعری ئەو. ئەمەش پرسێکی گرنگ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت: بۆچی دوای ئەم درەوشانەوەیە ڕامبۆ وازی لە نووسینی شیعر هێنا؟
وێڕای ئەوەی لێرەدا هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆمان لەبەردەستدا نییە کە ڕامبۆ خۆی وتبێتی: «وازم لە شیعر هێنا چونکە گەیشتم بە کۆتایی ئەوەی لە شیعردا دەمویست»، بەڵکو بابەتی وازهێنانی ئەو لە شیعر زۆر لەمە ئاڵۆزترە. هەرچەندە زۆربەی شیعرەکانی لە تەمەنی نزیکەی ١٦ تا ٢١ ساڵیدا نووسیون، هەندێک لە شیعرەکانی ناو «درەوسانەوەکان»یش بە پێی هەندێک لێکدانەوە دوای «فەسڵێک لە دۆزەخ» نووسراون. پاشان ڕامبۆ بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە شیعر دوور کەوتەوە و چووە ناو ژیانی گەشتکردن، کار و بازرگانی، بە تایبەتی لە ناوچەکانی وەک عەدەن و هەڕاری لە ئەسیوبیا.
لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن ڕامبۆ هەستیکردووە چیتر ناتوانێت شتێك بۆ شیعر زیاد بکات. یان بە شێوەیەکی وردتر بڵێین: لەوانەیە هەستی کردبێت ئەو قۆناغە شیعرییەی کە بۆ خۆی دیاری کردبوو تەواو کردووە یان تێپەڕاندووە. بەڵام ئەمە تەنیا لێکدانەوەیەکی ڕەخنەییە، نەك ڕاستییەکی مێژوویی کە بتوانین بە دڵنیاییەوە بسەلمێنین و یەکلای بکەینەوە.
ڕۆحی یاخیبوون
ئەو خاڵەی کە زۆرینە لەسەری کۆکن، ئەوەیە «ڕۆحی یاخیبوون» لە دنیابینی جیهانی ڕامبۆدا بە ئاشکرا دیارەو لە بەرهەمەکانیشیدا ڕەنگی داوەتەوە. ڕامبۆ تەنیا لە ژیانی ڕۆژانەیدا یاخی نەبوو؛ بەڵکو ئەو لە ناو خودی زمانیشدا یاخی بوو. ڕەتی دەکردەوە پابەندی کڵێشە شیعرە کلاسیکییەکان بێت، وێنەی نامۆ و نائاسایی تاقی دەکردەوە و زمان تا ئەوەی نزیک دەبووەوە لە هەڵوەشاندنەوە بەکاری دەهێنا، پاشان بە شێوەیەکی نوێ دووبارە بونیاتی دەناوە.
ئەمە بە ڕوونی لە «درەوشانەوەکان»دا دەبینرێت؛ لەوێدا یاخیبوون لە شێوە و بینینی ئاسایی جیهانیشدا لەگەڵ یەکدا تێکەڵ دەبن. بۆیە دەکرێت بڵێین: بەڵی ڕاستە شاعیرێک کە جیهان بە هەمان شێوازی ئەوانی تر دەبینێت، دەتوانێت شیعرێکی جوان بنووسێت؛ بەڵام شاعیرێک کە گۆشەی بینینی جیهان دەگۆڕێت، دەتوانێت خودی شیعر بگۆڕێت.
ڕامبۆ و کاریگەریی باوک
هەندێک خوێندنەوەی دەروونی و ئەدەبی هەن، هەوڵ دەدەن پەیوەندی لەنێوان ڕامبۆ و باوکیدا (کاپتن فریدریک ڕامبۆ)دا بدۆزنەوە. باوکی ڕامبۆ سەربازێک بوو کە بەهۆی خزمەت و گەشتە سەربازییەکانی لە جەزائیر، قەرم و ئیتالیا زۆر لە ماڵەوە دوور دەکەوتەوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٠دا کاتێک ئارتۆر ڕامبۆ تەمەنی شەش ساڵان بوو، باوکی بە تەواوی خێزانەکەی جێهێشت و چیتر نەگەڕایەوە. لە دوای ئەوە، ڕامبۆ لە ماڵێکدا گەورە بوو کە دایکی (ڤیتالی) بە شێوازێکی توند دەسەڵاتی خۆی دەسەپاند. لێرەدا دەتوانین هەندێک خاڵی هاوشێوە لەنێوان باوک و کوڕدا ببینینەوە، بەڵام پێویستە زۆر وریابین لە بەکارهێنانی وشەی «کاریگەریی بۆماوەیی و جینی»، کە ناتوانین بە شێوەیەکی زانستی بڵێین حەزو ویستی ڕامبۆ بۆ گەشت، یاخیبوون یان سەرکێشی بە شێوەی جینی لە باوکییەوە بۆی گوێزراوەتەوە. بەڵکو گونجاوترە باس لە «کاریگەریی باوک»، «مۆدێلی باوک» یان «کاردانەوەی ژینگەی خێزانی» بکەین.
هەرچی باوکیەتی بە هۆی ژیانی سەربازی و گەشتەوە لە ماڵ دوور کەوتبووەوە. ڕامبۆش دوای ئەو ماوە کورت و چڕەی لەگەڵ شیعردا بەسەری برد، ڕێگایەکی دیکەی ژیانی هەڵبژارد، بەوەی ئەورووپای جێهێشت و بەرەو جیهانی دەرەوە، بە تایبەتی ڕۆژهەڵات و ئەفریقا چوو. بەڵام لەهەمان کاتدا نابێت کاریگەریی گەورەی شیعرەکانی لە یاد بکەین، کە بووەتە هۆی ئەوەی ئێستاش لێکۆڵنەوە لە ژیان و بەرهەمەکانی بە بەردەوامی بوونی هەبێت، بۆ نموونە گەر ئەو بە تەنیا گەشتیارو قەلەندەرێك بووایە هەر زوو لە بیر دەچووەوە، بەڵام جیاوازی دنیابینی و شێوازی شیعرەکانی بوون کە ئەو هەموو سەنگەیان بە ژیانی ڕامبۆ بەخشی و لە فەرامۆش کردن و بیرچوونەوە پاراستیان.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە باوکی تەنیا سەرباز نەبوو؛ بەڵکو کەسێکی خوێندەوار بوو و حەزی بە زمانی عەرەبی دەکرد. تەنانەت دەستیکرد بوو بە نووسینی ڕێزمانی فێرکردنی زمانی عەرەبی و هەوڵی وەرگێڕانی قورئانی دا بوو. ئەم بەرهەمانە وەك دەستنووس لە ماڵەوە مابوونەوە و پاشان وەك کەلەپوورێك پارێزران، ڕەنگە دواتر هەر ئەمە بوو بێت سەرنجی ڕامبۆی بۆ ڕۆژهەڵات ڕاکێشاو کەمەندکێشی دنیاکەی خۆی کرد.
لە ماڵەوە بۆ شیعر، لە شیعرەوە بۆ جیهان
لە هەندێک خوێندنەوەی دەروونی و ئەدەبیدا بۆ ژیان و کارەکانی ڕامبۆ؛ نەبوونی باوک بە یەکێک لە کلیلی تێگەیشتن لە کەسایەتی ڕامبۆ دادەنێن و پەیوەندی لەنێوان ڕۆیشتنی باوکی لە تەمەنی شەش ساڵیدا و ئەو منداڵییەی کە ڕامبۆ بە سەختی و نەبوونی سۆزو خۆشەویستی تێیپەڕاند دەبینن. لەوانەیە ڕامبۆ هەمان ڕەفتاری باوکی دووبارەی نەکردبێتەوە؛ بەڵکو بە شێوەیەکی جیاواز ئەوەی دووبارە کردبێتەوە کە باوکی کردی. باوکی لە ماڵەوە بەرەو جیهانی دەرەوە ڕۆیشت و نەگەڕایەوە؛ کوڕەکەی سەرەتا لە ماڵەوە بەرەو شیعر ڕۆیشت، دواتر لە شیعرەوە بەرەو جیهانی دەرەوە ڕۆیشت.
لێرەدا وازهێنانی ڕامبۆ لە شیعر زۆر سەرنجڕاکێشە و جێی باس وخواستە. ئەو لە گەنجیدا دەیویست «بینەر» بێت و زمان بباتە ناوچەیەک کە شیعر پێشتر پێی نەگەیشتووە. دواتر کاتێک لە شیعر نووسین وەستا ، لەوانەیە هەمان گەڕان بەدوای ئەو (نەزانراوە)ی لە زماندا بەدوایدا دەگەڕا، لە جوگرافیا و ژیانی ڕاستەقینەدا درێژەی پێ دابێت. وەک ئەوەی سەرکێشی لە زمانەوە گواستبێتەوە بۆ جیهان.
لەوانەیە هەمان ڕۆحی یاخیبوون بووبێت کە وای لێکرد زمان بشکێنێت و بینینێکی نوێی شیعری دروست بکات، دواتریش وای لێکردبێت نەتوانێت بە ژیانی شاعیرانەی ئاساییەوە بمێنێتەوە؛ بۆیە ئەورووپای جێبهێشت و بەرەو ڕۆژهەڵات و ئەفریقا کۆچی کرد. ڕەنگە یەکێک لە جوانترین خوێندنەوەکان ئەوە بێت کە ڕامبۆ سەرەتا ڕۆژهەڵاتی لە نێوان کتێب و دەستنووسەکانی ماڵەوەدا ناسیوە، پاشان خۆی چووەتە ناو ڕۆژهەڵاتی ڕاستەقینەوەو ئەزموونی کردووە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشترە ئەوەیە کە ئەو باوکەی لە ژیانی کوڕەکەیدا زوو دیار نەما، لەوانەیە لە نەستی ڕامبۆدا جۆرە نەخشەیەکی بۆ بەجێهێشتبێت، وەك: نەخشەی ڕۆژهەڵات، جیهانی عەرەب، گەشت، ژیانی سەربازی و سەركێشیی. کە پاش چەندان ساڵ خودی کوڕەکەش بەرەو ڕۆژهەڵات ڕۆیشت و هەمان ڕێچکەی گرتە بەر.
ئەمە دیمەنێکی زۆر شاعیرانەیە لە ژیانی ڕامبۆدا؛ بەڵام نابێت وەک ڕاستییەکی سەلمێنراو مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. لە کۆتاییدا هەموو ئەمەی باسمان کردن بەس گریمانەیەکی ڕەخنەیین سەبارەت بەوەی بۆچی ڕامبۆ وازی لە شیعر نووسین هێنا؟ نەك بەڵگەیەکی مێژوویی ڕوون ودیاریکراو یان بوونی گوتەو نووسراوێكی خۆی بن لەوبارەیەوە. بەڵێ ڕاستە باوک لە ژیانی ڕامبۆدا زوو ئاوا بوو، بەڵام لەوانەیە شتێکی لە ڕۆحی خۆی بۆی بەجێهێشتبێت: ڕۆحی گەشت و یاخی بوون..
لەوانەیە هەر ئەم خاڵەش بێت کە ڕامبۆ دەکاتە کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشتر لەوەی بەس «شاعیرێکی گەورە» بوو بێت. ئەو سەرەتا کە سنووری زمانی تاقیکردەوە، سنووری بینینی گۆڕی، لە کۆتاییدا تەنانەت سنووری ژیانی شاعیرانەشی بەجێهێشت. لەوەیە ئەم هۆکارە بێت کە ڕامبۆی وا لێکردووە تا ئێستاش جێی مشتومڕێکی زۆر بێت و بەردەوام لە نێوان کەمکردنەوە و گەورەکردندا جێگای خۆی دەدۆزێتەوە: بەوەی لای هەندێك هەموو وشەیەکی ئەو بە شاکاری بێ وێنە ناو نابرێت و بەڵام لەهەمان کاتیشدا پێویستە کاریگەرییە گەورەکەی لەسەر مێژووی شیعر کەم نەکەینەوە. چونکە ڕامبۆ لەوانەیە نەیویستبێت تەنیا شیعرێکی جوان بنووسێت؛ بەڵکو ویستبێتی بپرسێت:
(ئەگەر زمان بتوانێت جیهانمان بە شێوەیەکی جیاواز پیشان بدات، ئەوا سنووری شیعر لە کوێدایە؟)
ئەمەش بە تەنیا بەسە ببێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ ئەوەی دوای ئەو هەموو ساڵانە، هێشتا ڕامبۆ بخوێنینەوە و لەسەر بەرهەم و ژیانی گفتوگۆی گەرم بسازێنین. ڕامبۆ لەمێردمنداڵییەوە ئەو پرسیارانەی دەهاتن بە مێشکی شیعریدا، لە دەقەکانیدا ڕەنگی دەدایەوە:
– ئایا زمان دەتوانێت شێوازی بینینی جیهان بگۆڕێت؟
وەڵامی ڕامبۆ بە تەنیا لە وتەکانیدا نەبوون؛ بەڵکو لە شێوازی نووسینەکانیدا بوو. ئەو هەوڵی دا زمان لە ئامرازێک بۆ گواستنەوەی بیرۆکە بگۆڕێت بۆ شوێنی دروستبوونی ئەزموون. هەوڵی دا شاعیر لە وەسفکەرەوە بگۆڕێت بۆ بینەر. هەوڵی دا مەجاز لە ڕازاندنەوەوە بگۆڕێت بۆ ئامرازی ناسین. تا لە کۆتاییدا، ڕەنگە هەمان گیانی سەرکەشیی بووبێت کە لە زماندا هەیبوو، بەرەو ژیان و جیهانی دەرەوەی بردبێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.