11/10/2026
DidiMn Logo
Top

شانۆی “پەتائاسا”

لە لایەن دیدی من 2كاتژمێر پێش ئێستا

دیدی من – ڕێژەن جەمال

ڕەنگە لەنێو ئەزموونی شانۆی وڵاتاندا، هیچ جێگەیەک نەبێ وەک باشووری کوردستان بەشێک لە ئەزموونی شانۆکەی لەسەر “پەتا” بنیاتنابێت، ئەزموونی دەرهێنەرێک (ئەگەر سەرکەوتووبوبێ یان نا) وەک پەتا بە نمایشە شانۆییەکانی دوای خۆیدا بڵاودەبێتەوە، ئەگەر دەرهێنەرێک لە نمایشەکەی ئەمڕۆیدا مەڵتیمیدیا وەک ڕەگەزێکی سەرەکی کارەکەی بەکاربهێنێت، سبەی، دوو سبەی و تا چەندین مانگ و هەندێکجاریش چەندین ساڵ بەشێک لە دەرهێنەرانی دوای ئەو، مەڵتیمیدیا دەکەنە ڕەگەزێکی سەرەکی نمایشەکانیان. خۆ ئەگەر دەرهێنەرێک نمایشەکەی لەهۆڵی شانۆوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە، لەشکری شانۆی “پەتائاسا” دیسان نمایشەکانیان دەبەنە دەرەوەی هۆڵ.

لە زۆرێک لە نمایشە ئەزموونگەریی و پۆست-دراماتیکەکاندا، دەرهێنەر هەوڵ دەدات سنووری نێوان تەختەی شانۆ و بینەر تێکبشکێنێت، ئەکتەر دەچێتە نێو بینەرانەوە، ڕووناکی دەخرێتە سەر جەماوەر، یاخود داوایان لێ دەکرێت قسە بکەن و ڕای خۆیان دەببڕن، ئەم جۆرە بەشداریپێکردنە ڕواڵەتیی و زۆرەملێیە، لەم ساڵانەی دوایدا وەک پەتا-یەکی نوێ بەنێو زۆرێک لە نمایشە شانۆییەکانی ئێمەدا بڵاووبوەتەوە، بە دەگمەن نمایشێک دەبینیت ئەکتەرێک تێیدا نەچێتە ناو بینەرەوە و پرسیاریان لێنەکات، هەندێکجار ئەو بەشداریکردنە وەک جۆرێک لە سزای دەروونیی بەرامبەر بە بینەران دێتە بەرچاو، بینەر ناچار دەکرێت ڕۆڵێک بگێڕێت کە خۆی هەڵی نەبژاردووە.

لەو نمایشانەدا بینەر ناچار دەکرێت ماندوو بێت و کەرەستەی نمایشەکە پڕ بکاتەوە، ئەو کەلێن و شکستەی لە جێگەیەکی نمایشەکە دروست دەبێت، دەرهێنەر پێیوایە بە بەشداریپێکردن بە بینەران پڕیدەکاتەوە، ئەوان ناچار دەکرێن بۆشاییەکانی دەرهێنان پڕ بکەنەوە، ئەو ساتەی ئەکتەر دەست بۆ بینەر درێژ دەکات، لە ڕواڵەتدا ئەوە بانگهێشتکردنە، بەڵام لە ڕاستیدا فەرمانێکی زۆرەملێیە، بینەر ئەگەر بەرەو بانگهێشتی ئەکتەرەکە نەچێت، تەواوی هۆڵەکە وەک نەفام یان شەرمن تەماشای دەکەن.

لە بەشێک لەو نمایشانەدا دەرهێنەران بینەر ڕووبەرووی پرسیارگەلێک دەکەنەوە، کە وەڵامەکانی هیچ کات لەژێر کاریگەریی ئەفسوونی نمایشەکاندا نییە، هەرچەندە پرسیارەکان سادەن، تا ئاستێک هەندێکیشیان بێمانان، بەڵام ڕاکێشانی بینەر بۆ وەڵامدانەوە خێرا، وایکردووە هەندێک لە بینەران وەڵامیان بۆ ئەو پرسیارە سادە و بێمانایانە نەبێت.

کلێر بیشۆپ، ڕەخنەگری هونەری هاوچەرخ ئەو جۆرە بەشداریپێکردنەی بینەران بە “دۆزەخ” بۆ خودی بینەران ناودەبات و لە دیدی ئەوەوە بینەر دەبێتە ئامرازێک بۆ تێرکردنی ئیگۆی هونەرمەند. لەناو هۆڵێکی پڕ لە خەڵکیشدا ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن قورسە، چونکە مرۆڤ ناچار بە ملکەچی دەکرێت. هەموومان لە نمایشەکانی ئەم ساڵانەی دوایدا هاوڕێیەک، کەسێک، بینەرێکی ئاسایمان بینیوە، کە بە ناچاریی چونەتە نێو ئەو دۆزەخەی دەرهێنەرەکان دروستیان کردووە.

گروپی (Ontroerend Goed) کە گروپێکی شانۆیە لە بەلژیکا، لە بەشێک لە نمایشەکانیاندا دوای ئەوەی بینەران  ناچار دەکران لەسەر کورسی هۆڵی شانۆ هەستن، دەخرانە ژوورێکەوە و دەبوو وەڵامی پرسیاری کەسیی بدەنەوە، بینەرانیش لە کاتی نمایشەکانی گروپەکەدا بە بێدەنگی، هۆڵەکەیان بەجێدەهێشت، یاخود لە ڕێگەی وتار و نووسین لە ڕۆژنامە گەورەکانی وەک “گاردیان” هێرشیان دەکردە سەر دەرهێنەرانی گروپە بەلژیکیەکە و دەیانگوت “شانۆیان لە فەزای ئازادییەوە گۆڕیوە بۆ تاقیگەی توندوتیژیی دەروونی و دەستدرێژی بۆ سەر کەرامەتی بینەر”.

بەشێکی گەورەی کێشەی دەرهێنەرانی ئێمە ترسە لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بینەر، هەندێکیان دەیانەوێت بە بانگهێشتکردنی کەسانێک کە ئەستێرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن ڕوبەڕووی ئەو ترسە ببنەوە، هەندێکی دیکەیان دەیانەوێت لەرێگەی بەشداریپێکردنی بینەران لەڕێگەی پرسیاری سادە و ڕووکەشەوە، ترسەکەیان بڕەوێننەوە، لێرەوە پرۆسەیەکی گرنگی نێو شانۆ کە دەرهێنانە، دەگۆڕێت بۆ یاریی کۆمەڵایەتی.

بەشداریپێکردنی بینەر بووەتە کڵێشەیەکی هەرزان بە دەست بەشێک لە دەرهێنەرەکانەوە، کاتێک کارێک لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بەتاڵ دەبێت و ناتوانێت لە ڕێگەی دەق و کارەکتەرەوە و ئەکتەرەکانیەوە بپڕێتەوە نێو هۆشیاریی جەماوەر، دەرهێنەر دەیەوێت بە پڕکردنەوەی کات لە ڕێگەی پرسیارکردن لە بینەر یان هێنانیان بۆ سەر تەختەی شانۆ، خۆی لە بەرهەمهێنانی وێنە و مانای نوێ بدزێتەوە.

بە کۆنسێرتکردنی شانۆ

لەپاڵ شەپۆلی “باهەموان بەشداریی بە بینەران بکەین” شەپۆلێکی دیکە لەم ساڵانەی دوایدا بووەتە سیمای شانۆی ئێمە، کە دەکرێت بە “کۆنسێرتکردنی شانۆ” ناویبەرین، بەڵام دەبێت سەرەتا جیاوازییەک بکەین لە نێوان مۆسیقا وەک پێکهاتەی درامی لە نێو کارێکی شانۆیی، لەگەڵ مۆسیقا وەک پاشکۆ و کاتبەسەربردن.

لە یەکەمیاندا مۆسیقا هاوشانی دەق، ئەکتەر و دەرهێنان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بیناسازیی درامیە، تەنانەت لە مۆدێلی دراماتۆرگی پیتەر بروک یان برێشت دا مۆسیقا سەربەخۆییەکی تەواوی هەیە، نمونەی زیندووش نمایشی ئۆپێرای سێ قروش-ی برێشت-ە؛ لەو دیمەنانەی باسی لە تاوانکاریی، دزی، دەستدرێژیی و کوشتن دەکرد، مۆسیقا هاوشانی دیمەنەکان نەبوو، بەڵکو لەزۆرینەیاندا مۆسیقای شاد و سەمائامێز هەبوون.

مۆسیقا وەک پاشکۆی نمایش، جۆری دووەمی بەکاربردنی مۆسیقایە لە نمایشە شانۆییەکاندا، کە ڕەگ و ڕیشەی لە دراماتۆرگی و پێکهاتەی فیکریدا نییە، ڕێک وەک ئەوە وایە فیگەرێکی سەماکاری نێو تابلۆیەکی ئێدگار دێگا، بە هەموو ناسکی و جوانییەکەیەوە هەڵبگریت و بیلکێنیت بە فیگەرێکی بریندار و پڕ هاواری نێو تابلۆیەکی فرانسیس بەیکنەوە، کە هەر زوو هەستدەکەیت تەنێکی زیادە و نامۆیە بە تابلۆکەی بەیکن.

لەم ساڵانەدا کاتێک بینەری ئەو نمایشانە دەبووم کە مۆسیقا بەشێکی گەورەی پانتایی کارەکەیان بۆ تەرخانکرابوو، لەخۆم دەپرسی: دەرهێنەری ئێمە بۆ لە بێدەنگی دەترسێت؟ یان بۆچی مۆسیقای نێو ئەو نمایشانە لەو مۆسیقایانە دەچێت کە لە مۆڵ، سوپەرمارکێت و ئاسانسوارەکان دا لێدەدرێن، تا خەڵکیی هێمن بکەنەوە و بیانکەنە بەکاربەرێکی گوێڕایەڵ!

بێدەنگی ئەو شوێنەیە کە دەمامکەکان تێیدا دادەکەون. کاتێک لەسەر تەختەی شانۆ هەموو شتێک بێدەنگ دەبێت، قەبارەی ڕاستەقینەی توانای ئەکتەر و قووڵیی توانای دەرهێنان دەردەکەوێت، بێدەنگی لەسەر تەختەی شانۆ بۆشاییەکی مردوو نییە، بەڵکو پڕە لە ژیان، لە هەناسە، پشو و گرژیی ئەکتەر و بینەران، بەڵام بەشێک لە دەرهێنەرانی ئێمە لەو بێدەنگییە دەترسن و مۆسیقا وەک چەکوشێک بۆ ئەو بێدەنگییە دەخەنە سەر شانۆ.

هاوبەشی بکە