گەشتێک بۆ جیهانی نهێنییەکانی دەیەی ١٩٣٠
دیدی من – وەرگێڕان و ئامادەکردنی: شانۆ ئەبوبەکر
نووسەری ناوداری بەریتانی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات، کازوۆ ئیشیگورۆ، دوای پێنج ساڵ دابڕان لە جیهانی ڕۆمان، بە بەرهەمێکی تەواو جیاواز و سەرنجڕاکێشەوە دەگەڕێتەوە کە تێکەڵەیەکە لە سەرکێشی، سیخوڕی و هونەر.
بڵاوکراوەی فەرمی «فەیبەر» (Faber) لە بەریتانیا ڕایگەیاند کە ڕۆمانی نوێی ئیشیگورۆ لەژێر ناونیشانی «خاتوو لامبێرت هەنگاو دەنێتە ناو مەترسییەوە» (Miss Lambert Steps Aboard Danger) بڕیارە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا (٢٠٢٧) چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ئەم بەرهەمە دەبێتە نۆیەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە گەورەیە و یەکەمین کاریەتی دوای ڕۆمانی سەرکەوتووی «کلارا و خۆر» (Klara and the Sun) کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوکرایەوە.
ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە ساڵی ١٩٣٨دا ڕوودەدەن (لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا). چیرۆکەکە لە دەوری کەسایەتییەک دەسووڕێتەوە بە ناوی «ڕیچارد هادلی» کە بە ڕێکەوت ڕووبەڕووی ژنێکی نادیار و پڕ لە نهێنی دەبێتەوە بە ناوی «خاتوو لامبێرت». هادلی دەکەوێتە داوی سەرنجڕاکێشیی ئەم ژنەوە و شوێنی دەکەوێت؛ سەرەتا بۆ کۆنفرانسێک لە هۆتێلێکی ناوچەی «دیڤۆن» و پاشان بۆ ناو شەمەندەفەرێک کە بەرەو سکۆتلەندا بەڕێدەکەوێت. لەم گەشتە پڕ لە مەترسی و گومانەدا، هادلی ڕووبەڕووی چەندین کەسایەتی جیاواز دەبێتەوە، لەوانە هاوڕێیەکی کۆنی قوتابخانەی و وەزیرێکی پێشووی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا!
ئەنگوس کارگیل، بەڕێوەبەری بڵاوکراوەی «فەیبەر»، سەبارەت بەم بەرهەمە ڕایگەیاند:
«ئەم ڕۆمانە وەرچەرخانێکی نوێ و چێژبەخشە لە کارەکانی ئیشیگورۆدا. ئەو لەم بەرهەمەیدا پشتی بە خولیای خۆی بۆ مۆسیقا، هونەر و سینەمای سەردەمی زێڕین بەستووە بۆ نەخشاندنی کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆش.»
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە وا بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا (٢٠٢٦)، فیلمێکی سینەمایی نوێ کە وەرگیراوە لە ڕۆمانی پێشووی ئیشیگورۆ «کلارا و خۆر» نمایش بکرێت، کە ئەستێرەکانی وەک «جێنا ئۆرتێگا» و «ئیمی ئادامز» ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ئەمە جگە لەوەی کارەکانی تری وەک «ئەوەی لە ڕۆژەکە مایەوە» (The Remains of the Day) و «هەرگیز ڕێگەم مەدە بڕۆم» (Never Let Me Go) پێشتر کراونەتە فیلمی جیهانی و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.
کازوۆ ئیشیگورۆ کە بە ڕەچەڵەک ژاپۆنییە و لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە بەریتانیا دەژی، بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی جیهان دادەنرێت. خوێنەران و ڕەخنەگران بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانی ئەم «سەرکێشییە سیخوڕییە» دەکەن کە تێیدا ئیشیگورۆ جارێکی تر توانای خۆی لە لێکۆڵینەوە لە ناخی مرۆڤ و مێژوودا تاقیدەکاتەوە.
سەرچاوە: The Guardian
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.