30/10/2026
DidiMn Logo
Top

‎خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی دۆنی داركۆ

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – كاڵێ مه‌حمود

‎فیلمی Donnie Darko (2001) له‌ نووسین و ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی (ڕیچارد كێڵی)یه‌. ڕیچارد له‌ ساڵی 1970 له‌ ویلایه‌تی ڤێرجینیای ئه‌مریكا له‌دایك بوو و گه‌وره‌ بووه‌ و خوێندنیشی هه‌ر له‌وێ ته‌واو كردووه‌, خاوه‌نی چه‌ندین فیلمی ئاڵۆز و به‌ناوبانگه‌ له‌وانیش( دۆنی داركۆ, زه‌ بۆكس, ساوثلاند ته‌یڵس)

 شه‌وێك (دۆنی) كه‌ جه‌یك جیڵنهاڵ ڕۆڵه‌كه‌ی ده‌بینێت, بێهۆ له‌ ژووری نووستنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستێكت ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌,  پیاوێك ده‌بینێت له‌ به‌رگی كه‌روێشكدا و ئه‌و پیاوه‌ پێی ده‌ڵێت ته‌نها ٢٨ ڕۆژ و ٦ كاتژمێر و ٤٢ خوله‌ك و ١٢ چركه‌ ماوه‌ بۆ كۆتایی هاتنی جیهان,  بۆ به‌یانی ئه‌و شه‌وه‌ كاتێك دۆنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ ده‌بینێت, پارچه‌یه‌ك له‌ فڕۆكه‌یه‌كی تێكشكاو كه‌وتووه‌ به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یاندا و ژووره‌كه‌ی دۆنی تێكشكاندووه‌, ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ دۆنی له‌ خه‌و هه‌ڵنه‌ستایه‌ و له‌ ژووره‌كه‌ی نه‌هاتایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ئێستا مردبوو, به‌ڵام چی وایكرد له‌ ژووره‌كه‌ی بێته ده‌ره‌وه‌؟‌ ڕاسته‌ فیلمه‌‌كه‌ فه‌لسه‌فی و ئاڵۆزه‌ و به‌پێی ڕای زۆرینه‌ی ڕه‌خنه‌گران به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ فیلمه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كان داده‌نرێت ‌, به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ و زۆریكیتر ده‌توانین له‌و كتێبه‌ بیدۆزینه‌وه‌ كه‌ دۆنی له‌ مامۆستاكه‌ی وه‌رده‌گرێت به‌ ناوی (فه‌لسه‌فه‌ی گه‌شتكردن به‌ كاتدا) كه‌ له‌ لایه‌ن ڕۆبێرتا سپارۆ’وه‌ نووسراوه‌

له‌ كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت كه‌ كات زۆرینه‌ی جار بونیاتێكی جێگیری هه‌یه‌, به‌ڵام هه‌ندێك كات كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕه‌‌هه‌ندی چواره‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌میش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی (جیهانی لێكه‌وت) : كه‌ ئه‌ویش كۆپییه‌‌كی وردی جیهانی بنه‌ڕه‌ته‌ واتا جیهانی ڕاسته‌قینه‌, ئه‌ویش ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت و دواتر له‌ناوده‌چێت به‌هۆی ئه‌م له‌ناوچوونه‌ی جیهانی لێكه‌وته‌وه‌, كونێكی ڕه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ناو جیهانی بنه‌ڕه‌تییه‌‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی له‌ناوبردنی جیهانی بنه‌ڕه‌ت، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕووداوه‌یه‌ كه‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا دروست ده‌بێت. له‌ نیوه‌ی شه‌وی ٢ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٨٨ جیهانی لێكه‌وت دروست ده‌بێت و دۆنی له‌ ژووری نووستنه‌ی دێته‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌ڵام گرنگه‌ بیزانین كه‌ كاتێك دۆنی له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێت ئێمه‌ له‌ناو جیهانی لێكه‌وتداین و ڕووداوه‌‌كان له‌و جیهانه‌دا ڕووده‌ده‌ن,  یه‌كه‌م نیشانه‌ یاخود به‌ڵگه‌ی دروستبوونی جیهانی لێكه‌وت هه‌میشه‌ پارچه‌ كانزایه‌كه‌ كه‌ له‌ جیهانی بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو جیهانی لێكه‌وت, ئه‌ویش پارچه‌ی بزوێنه‌ر‌ی فڕۆكه‌كه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ژووری نووستنی دۆنی

لە پرۆسەی کۆپیکردندا کێشەیەک رووده‌دات و دوو بزوێنەری فڕۆكه‌ كۆپی ده‌كرێن, بزوێنەری دووەم هیچ شوێنێکی نییە بۆی بچێت وەک ئەوەی پێشتر بوونی هەیە بۆیە تەنها فڕێده‌درێته‌ لەو شوێنەی کە جیهانه لێكه‌وت تیایدا دەستی پێکردووە، بەسەر ماڵی دۆنی’دا.

ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ناجێگیربوونی جیهانی لێكه‌وت,  چونكه‌ ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ بوونی ناتەواوی شتێکی دووبارەبووەوە بکات لەناو خۆیدا. بۆ ئەوەی جیهانی لێكه‌وت نه‌بێته‌ هۆی دروستبوونی کونێکی ڕەش، دەبێت جارێکی دیکە کۆپییەکی وردیی جیهانی بنه‌ڕه‌ت دروستبكاته‌وه‌. بە لابردنی یەکێک لە بزوێنەرە دووبارەبووەکان دووباره‌ گەردوون هاوسه‌نگ ده‌كاته‌وه‌ و ڕێگە به‌ جیهانی لێكه‌وت بدات بە سەلامەتی داڕمێت. تاكه‌ ڕێگاش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پارچه‌ دووباره‌بووه‌ بنێردرێت بۆ ناو جیهانی بنه‌ڕه‌ت .

كاتێك ئه‌م ڕووداوه‌ ڕووده‌دات هه‌میشه‌ كه‌سێك واتا مرۆڤێك به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی هه‌ڵده‌بژێردرێت و كۆمه‌ڵێك هێزی سه‌روو سروشتی پێده‌درێت وه‌ك زیادبوونی هێز، کۆنترۆڵکردنی ده‌روون و ئاو و ئاگر، توانای جادووکردن, ڕێنمای ده‌كرێت و ‌ ئه‌ركی كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پارچه‌ دووباره‌بووه‌ی پێ ده‌ستپێرن له‌ جیهانی لێكه‌وت, ئه‌و  كه‌سه‌ش (دۆنی)یه‌

بەو پێیەی دۆنی لە ناوەندی دروستبوونی جیهانی لێكه‌وت بووه‌ ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی  هه‌ڵببژێردرێت. به‌مه‌ش بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و توانایانه‌ی دۆنی له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌. هه‌رچه‌نده‌ دۆنی  ئاگاداری ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ نییه‌ كه‌ پێی سپێردراوه‌ و نازانێت كه‌ له‌ناو جیهانی لێكه‌وتدایه‌ به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ چی بكات.

هه‌ركه‌سێكیش له‌ جیهانی لێكه‌وتدا بمرێت هه‌ندێك توانای سه‌رووسروشتی وه‌رده‌گرێت و ده‌توانێت گه‌شت به‌ كاتدا بكات و قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌وه‌ بكات, (فڕانك) له‌ جیهانی لێكه‌وتدا ده‌كوژرێت بۆیه‌ به‌ كاتدا گه‌شت ده‌كات و یارمه‌تی دۆنی ده‌دات له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا یه‌كه‌م كاریشی ئه‌وه‌یه‌ دۆنی له‌خه‌و هه‌ڵبستێنێت پێش ئه‌وه‌ی پارچه‌ی فڕۆكه‌كه‌ به‌ریبكه‌وێت و بمرێت. بێجگه‌ له‌ فڕانكیش هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ دۆنییه‌وه‌  هه‌یه‌ ده‌بنه‌ یارمه‌تیده‌ری له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا چونكه‌ ئه‌گه‌ر دۆنی له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی شكست بهێنێت ئه‌وانیش ده‌مرن,

نزیکەی هەموو ڕووداوه‌كانی فیلمەکە ئامانجێکی تایبەتی هەیە ئه‌ویش یارمەتیدانی دۆنی’یه‌ بۆ ڕزگارکردنی گه‌ردوون

هێزێکی سه‌رووسروشت لە پشت ڕەفتاری كه‌سه‌كاندا هەیه‌, هەرچەندە هەرگیز بە دڵنیاییەوە نازانین چییە. خودا یەکێکە له‌ بیرۆکه‌كان، فیلمەکە لە زۆر خاڵدا ئایین بەکاردەهێنێت و چیرۆکەکە زۆر هێمای ئایینی تێدایه‌ و زۆرجار ئاماژە بەو بیرۆکەیە دەکات کە تۆ شوێن په‌یڕه‌وه‌كانی خودا دەکەویت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆت بدەیت. ئەم هێزە هەموو کارەکتەرەكان وەک پارچەیەک لەسەر تەختەی شەترەنج بەدەوریدا خۆیدا ده‌جوڵێنێت، زنجیرەیەک ڕووداو دروست دەکات کە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی دۆنی و ڕزگاركردنی گەردوون لە مەترسییەکی گەوره‌.

هیچ ڕووداوێكی ناو فیلمه‌كه‌ ڕێكه‌وت نییه‌ هه‌مووی پلانه‌ و مه‌به‌ستی له‌ پشته‌, ته‌نانه‌ت بوونی (گرێچن) و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی نێوانیشیان پلانه‌ و دۆنی ته‌نها له‌ جیهانی لێكه‌وتدا ده‌یناسێت و خۆشی ده‌وێت, هۆكاری بوونی كاره‌كته‌ری گرێچن له‌ جیهانی لێكه‌وتدا ئه‌وه‌یه‌ دۆنی خۆشی بوێت دواتر فڕانك بیكوژێت و دۆنیش له‌ تۆڵه‌یدا فڕانك بكوژێته‌وه‌, به‌مه‌ش ئه‌و كاره‌كه‌ته‌ی فڕانك دروست ده‌بێت كه‌ ده‌بێته‌ ڕێنیشانده‌ری دۆنی و ڕزگاركردنی دۆنی له‌ پارچه‌ بزوێنه‌ره‌كه‌ی سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌ واتا دۆنی ده‌بێت فڕانك بكوژێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی ڕزگار بكات له‌ سه‌ره‌تاوه‌.

دۆنی لە مردن ڕزگاری ده‌بێت و  ده‌چێته‌ دۆخێکی نائومێدییه‌وه‌ خۆشەویستەکەی ده‌مرێت و و بكوژه‌كه‌ی هه‌ڵدێت. ئەو دەزانێت ئێستا ئامانجەکەی چییە و تەنها یەک ڕێگەی دەربازبوونی هەیە هەرچەندە لە کۆتاییدا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت, به‌ڵام ناردنی پارچه‌ی بزوێنه‌ری فڕۆكه‌كه‌ لە ڕێگەی پۆرتاڵێکەوە ٢٨ ڕۆژی ڕابردوو لە مێژوودا دەسڕێتەوە و کات دەگەڕێتەوە بۆ ٢ی تشرینی یه‌كه‌م و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی گرێچن هێشتا لە ژیاندایه‌.

لە کۆتایی فیلمەکەدا دەبینین گێژەڵوکه‌یه‌ک بەسەر ماڵی دۆنیه‌وه‌ هه‌یه‌, سەرەتای داڕمانی جیهانی لێكه‌وته‌ له‌ سەنتەری ئەو شوێنەی کە دەستی پێکردووە, دۆنی ئاگاداری ئەوەیە کە ئێستا دەبێت چی بکات بۆیە بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو شاخەکە دەڕوات بۆ ئەوەی شوێنێکی باشتر بدۆزێته‌وه‌, ئەو فڕۆکەیەی کە هەمان بزوێنەری هەیە دەستکاری کراوە بۆ ئەوەی لەم کاتەدا بە ئاسمانەوە بفڕێت. دۆنی بە بەکارهێنانی “تێلەکه‌نێسیس” ( توانای بەرهەمهێنانی جووڵە لە ڕێگەی پڕۆسه‌یه‌كی دەروونییەوە)  بزوێنەرەکە تێكده‌شكێنێت، دەروازەیەکی کات لە ئاوەوە دروست دەکات و بزوێنەرەکە له‌وێوه‌ ڕه‌وانه‌ دەکات.

ئێستا بەشێک لە ٢٨ ڕۆژی ڕابردوو دەبینین, جیهانی لێكه‌وت بە سەلامەتی داڕماوە و جیهانی بنه‌ڕه‌ت كه‌ وه‌ستابوو دووباره‌ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ جوڵه‌, ئێستا لە ٢ی تشرینی یەکەمدا گەڕاینەوە ناو واقیع و ٢٨ ڕۆژی ڕابردوو هەرگیز ڕووی نەداوە, دۆنی لە جێگاکەیدا بە پێکەنینەوە لە خەو هەڵدەستێت دوای ئەوەی خەونی بە هەندێک لە ڕووداوەکانی ناو جیهانی لێكه‌وته‌وه‌ بینیووه‌. پاشان بە ڕواڵەت وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئەزموونەکە لە خودای نزیكتری کردووەتەوە و چیتر لە مردن ناترسێت. ئەو پارچه‌ بزوێنەرەی کە دۆنی لە ڕێگەی پۆرتاڵی کاتەوە ناردبووی ئێستا دەکەوێتە  ژووری نووستنەکەیەوە و دەیکوژێت. له‌ كۆتایشدا ده‌بێت بڵێین فیلمه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌ی فەلسەفی لەخۆی دەگرێت كه‌ مرۆڤ له‌ له‌دایكبوونیه‌وه‌ ده‌بێته‌ مه‌راق و ئازار له‌ مێشكیدا, وه‌ك بوونی خودا و مردن و چارەنووس .

هاوبەشی بکە