30/10/2026
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی جیم جارموش: لە قووڵایی جیهانی سینەماییی جیم جارموشدا

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – دەڤەر حەسەن
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت

باوکی ڕۆحیی پەراوێزخراوەکان: لە قووڵایی جیهانی سینەماییی جیم جارموشدا
لە جیهانێکی سینەماییدا کە گیرۆدەی مۆنتاژی خێرا و ڕووداوە پڕجۆش و خرۆشەکانە و هەمیشە پەلەیەتی چیرۆکەکە بەرەو پێشەوە ببات، جیم جارموش زیاتر لە چل ساڵە ڕێک پێچەوانەی ئەمە دەکات. فیلمەکانی ڕیتمێکی تەواو تایبەت بە خۆیان هەیە؛ ڕیتمی جگەرەیەک کە بە هێواشی دەسووتێت، توانەوەی سەهۆڵ لە ناو پەرداخێک بۆربۆندا، یان گەشتێکی بێدەنگی ئۆتۆمبێلێک بە ناو شەقامە چۆڵ و ڕووناککراوەکانی شارێکی خەوتوودا بە گڵۆپی نیۆن. جارموش مامۆستای «کاتی مردوو[1]»یە، ئەو دەرهێنەرێکە کە بە قووڵی تێ دەگات ڕاستییە هەرە مەزنەکانی مرۆڤ لە ناو سەرکەوتن و تراژیدیاکانماندا نادۆزرێنەوە، بەڵکوو لە ناو ئەو بۆشاییە کپ و بێدەنگانەدان کە دەکەونە نێوانیانەوە؛ ئەو بۆشاییانەی کە لە ڕواڵەتدا وا دیارن بەتاڵ و خاڵین.

وەک باوکی ڕۆحی و پێشەنگی سینەمای سەربەخۆی ئەمەریکی، جارموش کۆمەڵێک شاکاری هونەریی تەواو ڕەسەن و ناوازەی خولقاندووە. بۆ تێگەیشتن لەم جیهانە نامۆ و بێئەندازە سەرنجڕاکێشە (جیهانێک کە نیشتمانی شۆفێرپاسێکی شاعیر، سامۆرایەکی «هیپ هۆپ» و خوێنمژێکی عاشقی «ڕۆک ئەند ڕۆڵ»ـە)، دەبێت چاو بە وێستگەکانی ژیانی ئەم مرۆڤە تەواو نامۆیەدا بخشێنینەوە، کە ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی ئەو شارۆچکە ئەمەریکییانەی دووکەڵی کارگەکانیان نیشتووەتەوە و بوونەتە پاشماوەیەکی خامۆشی پیشەسازی.

ئەکرۆن، ئۆهایۆ: ڕەگ و ڕیشەی نامۆبوون

جەیمس ڕۆبێرت جارموش لە ساڵی ١٩٥٣ لە شاری «ئەکرۆن» لە ویلایەتی ئۆهایۆ لەدایک بووە؛ شارێک لە ناوەڕاستی ئەمەریکا کە بەهۆی بوونی کارگە زەبەلاحەکانی تایەوە، بە «پایتەختی لاستیکی جیهان» ناسرابوو. سەرەڕای ئەوەی شارەکە ژینگەیەکی تەواو باو و ئاساییی ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووی ئەمەریکا بوو، بەڵام بۆ جارموشی گەنج، ڕووبەرێک بوو کە هەستی نامۆبوونێکی قووڵی لە ناخیدا دەچاند. ئەو لە خێزانێکی چینی ناوەنددا گەورە بوو؛ باوکی سەرقاڵی کاری بازرگانی بوو، دایکیشی لە ڕۆژنامەیەکی ناوخۆییدا ڕەخنەگری فیلم و شانۆ بوو، کە هەر ئەمەش بووە یەکەمین دەروازە تاوەکوو بە ڕووی جادووی شاشەی زیوینی سینەمادا بکرێتەوە.

بە لای جارموشەوە، ئەدەب یەکەمین دەروازە بوو کە بە ڕوویدا کرایەوە. لە تەمەنی هەرزەکاریدا، بەپەرۆشییەوە نوقمی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی «نەوەی بیت[2]» بوو؛ بەتایبەتی نووسەرانی وەک جاک کێرواک، ئالین گینسبێرگ و ویلیام ئێس. بۆرۆز. ڕۆحی یاخی و گەڕیدەییی ئەم نووسەرانە، بە قووڵی لەگەڵ ئەو هەستی نامۆبوونەیدا دەهاتەوە کە لە زێدەکەی خۆیدا هەیبوو. لە هەمان کاتدا، ئاشنای مۆسیقای ژێرزەمینی[3] و کولتووری دژەباو بوو؛ بە جۆرێک ناسنامەی ساختەی بە کار دەهێنا بۆ دزەکردنە ناو مەیخانەکانی شارەکە، تاوەکوو بتوانێت گوێ لە تیپە مۆسیقییە ڕۆکە گەڕۆکەکان بگرێت.

ژیانی ناو ئەکرۆن، خولیایەکی هەتاهەتاییی لە ناخیدا چاند بەرامبەر بە چینی کرێکاری ئەمەریکی، وێرانە خامۆشبووەکانی دوای سەردەمی پیشەسازی و جوانییە مەلانکۆلییەکەی شارە ڕووخاوەکان؛ ئەم چەمک و وێنانەش ڕێک ئەوانە بوون کە دواتر لە شەقامەکانی کلیڤلاند لە فیلمی «نامۆتر لە بەهەشت» (Stranger Than Paradise)، دیترۆیت لە «تەنیا عاشقان بە زیندوویی دەمێننەوە» (Only Lovers Left Alive) و نیوجێرسی لە فیلمی «پاتەرسن»دا (Paterson) دەنگدانەوەیان هەبوو و ڕەنگیان دایەوە.

وەرچەرخانەکەی پاریس: لە ئەدەبەوە بۆ هاوێنەی کامێرا

لە ساڵی ١٩٧١دا، جارموش بە مەبەستی خوێندنی ئەدەبی ئینگلیزی و ئەمەریکی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ڕووی کردە شاری نیویۆرک؛ لەو سەردەمەدا خەونی سەرەکیی ئەوە بوو ببێتە شاعیر و ڕۆماننووس. بەڵام وەرچەرخانی ڕاستەقینە لە ژیانی داهێنەرانەی ئەودا، لە کۆتا ساڵی زانکۆیدا ڕووی دا، کاتێک بۆ پڕۆگرامێکی خوێندن لە دەرەوەی وڵات، گەشتی بۆ پاریس کرد.

جارموش لەبری ئەوەی کاتەکانی لە هۆڵەکانی خوێندندا بەسەر ببات، ببووە میوانی هەمیشەیی «سینەماتێک فڕانسێز»ی ناودار و زۆربەی ساتەکانی لەوێدا دەگوزەراند. هەر لە ناو تاریکیی ئەو سینەما مێژووییەدا بوو کە وانە ڕاستەقینەکانی فێربوو. لەوێدا خۆی نوقمی مێژووی سینەمای جیهان کرد و بەتەواوی شارەزای بوو؛ ئاشنای سادەیی و قووڵیی مامۆستا ژاپۆنییەکانی وەک «یاسۆجیرۆ ئۆزو» و «کینجی میزۆگۆچی» بوو، وردەکارییە ڕۆحییەکانی «ڕۆبێرت برێسۆن»ی فەرەنسی ناسی و لە وزە یاخیبووەکەی «شەپۆلی نوێی فەرەنسی» تێگەیشت. ئەو بینی چۆن دەرهێنەرە گەورەکانی جیهان کامێرا نەک وەک ئامێرێکی وێنەگرتن، بەڵکوو وەک «پێنووسێک» بە کار دەهێنن. لەوێدا بۆی دەرکەوت ئەو شیعرەی دەیویست لەسەر کاغەز بینووسێت، دەکرێت لە ڕێگەی ڕووناکی، سێبەر و «کات»ـەوە بەرجەستەی بکات. کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەمەریکا، ئەو چیتر تەنیا نووسەرێک نەبوو، بەڵکوو سینەماکارێکی ڕاستەقینە بوو.

«شەپۆلی نەخێر»ی نیویۆرک و سێبەری نیکۆڵاس ڕەی

دوای گەڕانەوەی بۆ نیویۆرک، جارموش پەیوەندیی بە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی نیویۆرکەوە کرد، بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە بواری فیلمسازیدا. لەو سەردەمەدا (کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا)، ناوەندی مانهاتن ژینگەیەکی زبر و مەترسیدار، بەڵام لە ڕووی هونەرییەوە بێئەندازە بەپیت و دەوڵەمەند بوو. ئەو شوێنە ببووە چەقی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «شەپۆلی نەخێر[4]»؛ بزووتنەوەیەکی ڕووت و نیهیلیستی (هیچگەرایی) کە پشتی بە توانا و کەرەستەی سادەی خودی دەبەست و تێکەڵەیەک بوو لە مۆسیقای «پەنک ڕۆک[5]»، هونەری پێشەنگ (ئاڤانت‌گارد[6]) و سینەمای ژێرزەمینی. جارموش شەوەکانی لە یانە مۆسیقییە ناودارەکەی «[7]CBGB» بەسەر دەبرد و بەتەواوی خۆی خزاندبووە ناو کەشێکەوە کە پڕ بوو لەو مۆسیقاژەن و هونەرمەندانەی دواتر بوونە هاوکار و هاوڕێی هەمیشەیی کارە هونەرییەکانی.

لە زانکۆی نیویۆرک، جارموش وەک یاریدەدەری «نیکۆڵاس ڕەی» لە وانەوتنەوەدا هەڵبژێردرا؛ ئەو دەرهێنەرە مەزن و پەراوێزخراوەی کە هۆڵیوود پشتی تێ کردبوو و خاوەنی شاکاری «یاخیبووی بێهۆکار»  (Rebel Without a Cause) بوو. ڕەی کە لەو دەمەدا دوا ڕۆژەکانی تەمەنی لە باڵەخانەیەکی ناوچەی «سۆهۆ» بەڕێ دەکرد، بووە مامۆستا و ڕابەرێکی ڕۆحیی مەزن بۆ جارموش. ئەو، ئەم سینەماکارە گەنجەی فێر کرد کە هەمیشە متمانە بە هەستە ناوەکییەکانی خۆی بکات، گرنگیی زیاتر بە خودی کەسایەتییەکان بدات وەک لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، و لە پێناو هیچ شتێکدا سازش لەسەر ڕەسەنایەتیی هونەرەکەی نەکات. پەیوەندیی نێوان ئەم دووانە هێندە قووڵ بوو، تەنانەت جارموش وەک یاریدەدەری تایبەتیی ڕەی لە فیلمی «بروسکەی سەر ئاو» (Lightning Over Water)دا کاری کرد؛ ئەو بەڵگەفیلمەی کە «ڤیم ڤێندەرس»ی دەرهێنەر، بۆ تۆمارکردنی ساتەکانی کۆتاییی ژیانی ڕەی بەرهەمی هێنا.

کاتێک جارموش دەستی بە بەرهەمهێنانی پڕۆژەی دەرچوونی زانکۆکەی کرد کە فیلمی «پشووی هەمیشەیی» (Permanent Vacation) بوو، تەواوی یاسا و ڕێساکانی زانکۆی نیویۆرکی پێشێل کرد؛ بە جۆرێک زانکۆکە ئامادە نەبوو بڕوانامەی دەرچوونی پێ ببەخشێت. بەڵام ئەمە ساردی نەکردەوە؛ بێ ئەوەی باکی بەو بڕیارە هەبێت، پاشماوەی ئەو شریتە خامانەی وێنەگرتنی هەڵگرت کە «ڤیم ڤێندەرس» پێشکەشی کردبوو و هەموو ئەو وزە زبر و شاعیرانەیەی شەقامەکانی خوارووی نیویۆرکی تێکەڵ بە پڕۆژەیەکی تەواو نوێ کرد.

نامۆتر لە بەهەشت: پێناسەکردنەوەی سینەمای ئەمەریکی

لە ساڵی ١٩٨٤دا، جارموش فیلمی «نامۆتر لە بەهەشت» (Stranger Than Paradise)ی بڵاو کردەوە؛ فیلمێک کە وەک بروسکەیەک جیهانی سینەمای هەژاند. ئەم کارە، کە بە شێوازێکی ڕەش و سپی و کۆنتراستێکی توند وێنە گیرابوو، شوێنپێی ژیانی سێ گەنجی بێزار و نامۆ بە دەوروبەر (دوو گەنجی «هیپستەر[8]»ی نیویۆرکی و ئامۆزایەکی هەنگارییان) هەڵدەگرێت. چیرۆکەکە وەسفی گەڕیدەیی و وێڵبوونی ئەم سێ کەسە دەکات؛ کە چۆن بێئامانج لە شوقەیەکی تەنگەبەری ناو مانحاتنەوە دەست بە گەشتەکەیان دەکەن، دەپەڕنەوە بۆ ناو دەشتاییە بەفرگرتووەکانی کلیڤلاند و لە کۆتاییشدا لە مۆتێلێکی خامۆش و بێڕۆحی فلۆریدادا جێگیر دەبن.

لەو بەرهەمەدا، نە کێشمەکێش و هەراوهوریای تێدا بوو، نە کەسایەتییەکانیش وەک ڕێبوارانی چیرۆکە کۆنەکان قۆناغ بە قۆناغ دەگۆڕان. هەر دیمەنێک بریتی بوو لە گرتەیەکی متبوو و چەقبەستوو کە تەنیا تاریکییەکی ڕەشی ئەنگوستلەچاو نێوانیانی لێک دەپچڕاند. لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک بوو لە کۆمیدیای ساردوسڕ و بێڕتووش کە لەوپەڕی سادەییدا خۆی دەنواند.

هەر کە ئەم فیلمە بۆ یەکەمین جار لە فێستیڤاڵی «کان»دا ڕووی پەردەی پشکنی، خەڵاتی «کامێرای زێڕین»ی وەک باشترین یەکەمین فیلمی درێژ بۆ خۆی مسۆگەر کرد (هەرچەندە لە باری تەکنیکییەوە ئەمە دووەمین بەرهەمی بوو). ئەم سەرکەوتنە کتوپڕە، بێ هیچ سێودووکردنێک جارموشی لەسەر تەختی پاشایەتیی بزووتنەوەی تازەپێگەیشتووی سینەمای سەربەخۆی ئەمەریکی دانا. ئەو بۆ هەمووانی سەلماند کە بۆ خولقاندنی شاکارێکی نەمر، نەک هەر پێویستت بە خەروارێک پارە و ئەستێرە بەناوبانگەکانی هۆڵیوود نییە؛ بەڵکوو ئەوەی گەرەکتە، تەنیا تێڕوانینێکی دەگمەن و هزرێکی بوێرە تا بتوانیت چاو ببڕیتە ئەو گۆشە و کەنارانەی کەسانی دی لێیان غافڵ بوون و ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە.

فەلسەفەی مرۆڤی تەریک و نامۆ

لەگەڵ هەڵکشان و باڵاکردنی کاروانە هونەرییەکەیدا بە درێژایی چل ساڵی ڕەبەق، جارموش زمانێکی سینەماییی وا تایبەت و قایمی بۆ خۆی تاشی کە بە بینینی هەر گرتەیەک، دەستبەجێ مۆری دەرهێنەر دەناسرێتەوە و هیچ پێویستییەکی بە ناساندن نییە. لە کڕۆک و هەناوی ئەم ڕێبازە جوانناسییەیدا، چەمکی «مرۆڤی تەریک و پەراوێزخراو» (The Outsider) ڕەگی داکوتاوە و بووەتە بڕبڕەی پشتی کارەکانی.

جارموش زۆر بە دەگمەن خۆی لە قەرەی ژیانی ئەو ئەمەریکییانە دەدات کە لەسەر ڕەوتی باوی کۆمەڵگەن. بەڵکوو پێچەوانەی باو، ئەو چاویلکەی غەریبەکان و مرۆڤە لێقەوماو و پەراوێزخراوەکان لە چاو دەکات و لە پەنجەرەی ئەوانەوە دەڕوانێتە ناو ئەمەریکا. کاتێک گەشتیارێکی ساویلکە و دڵپاکی ئیتاڵی فڕێ دەداتە ناو کونجی تاریکی زیندانێکی ویلایەتی «لویزیانا» لە فیلمی «داون بای لۆ»(Down by Law)دا، یان کاتێک دوو مێرمنداڵی ژاپۆنی کە شەیدا و کوشتەی مۆسیقای «ئێلڤیس پرێسلی»ن، لە شاری «مەمفیس»دا سەرگەردان دەکات لە فیلمی «میستری ترەین»(Mystery Train)دا، یاخود کاتێک پیاوکوژێکی بەکرێگیراوی ڕەشپێست دەکاتە پاڵەوان لە ناو گەڕەکێکی وێرانە و پڕ لە تاوانی شارێکی بێناونیشاندا کە تەنیا دەقێکی دێرینی سامۆراییەکان ڕێنوێنیی دەکات لە فیلمی «گۆست دۆگ»(Ghost Dog: The Way of the Samurai)دا؛ ئەوا جارموش بەم شێوازە، ڕوخسارە باوەکەی کولتووری ئەمەریکی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە چاوی ئێمەی دەکاتە شتێکی غەریب و نامۆ.

ئەو، دەمامکی پڕ درۆ و دەلەسەی ئەفسانە نیشتمانییەکان و دروشمە بریقەدارەکانی «خەونی ئەمەریکی» دادەماڵێت، تا پەردە لەسەر ڕوخساری وڵاتێک هەڵداتەوە کە چەندە نامۆ و بێکەس و تەنیایە، چۆن لە ڕووی کولتوورییەوە شیرازەی شێواوە و هەلاهەلا و پارچەپارچە بووە؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لە ناو ئەو تەریککەوتن و گۆشەگیرییەیدا جوانییەکی قووڵ و ئەفسووناویی لە باوەش گرتووە.

کەسایەتییەکانی ئەو، هەر وەک گەڕیدە و شەقامگەردەکانی[9] ئەم زەمانە وان؛ کۆمەڵێک مرۆڤی وێڵ و سەرگەردانی بێئامانج کە لە قەراغ و گۆشەوکەنارەکانەوە چاویان بڕیوەتە گێژاوی کۆمەڵگە. ئەوان بۆ داگیرکردنی دنیا هەڵپە ناکەن؛ بەڵکوو تاقە مەبەست و ئاواتیان ئەوەیە لەم هەراوهوریایەدا گیانی خۆیان بە سەلامەتی دەرباز بکەن، بە جۆرێک کە نە گەرد بنیشێتە سەر شکۆ و سەربەرزییان، نە شێوازە تایبەتەکەیان خەوشی تێ بکەوێت و نە هونەرەکەیشیان هەرزانفرۆش بکەن

سەمفۆنیای پەراوێزەکان: مۆسیقا وەک گێڕانەوە

مەحاڵە بتوانرێت فیلمەکانی جیم جارموش لە مۆسیقاکانیان جیا بکرێنەوە. ئەو، خۆی وەک مۆسیقاژەنێک (ئێستا ئەندامی گرووپی ڕۆکی [10]SQÜRL)ـە، بە هەمان پیرۆزی و ڕێزی وێنە و دیمەنەکانەوە لە دەنگ دەڕوانێت. لای جارموش مۆسیقا تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی دیمەنەکان نییە؛ بەڵکوو ڕیتم و خێراییی فیلمەکە دیاری دەکات، کەشوهەواکە دەسازێنێت و ڕەنگدانەوەی ناخ و دەروونی کەسایەتییەکانیشە.

ئەو، بلیمەت و مۆسیقاژەنە ئەفسانەییەکانی وەک «جۆن لوری»، «تۆم وەیتس»، «ئیگی پۆپ» و «جۆ سترەمەر» پەلکێشی ناو کایەی نواندن دەکات و دەیانکاتە پاڵەوانی فیلمەکانی؛ بەم جۆرەش ئەو سنوورە باوانە دەسڕێتەوە کە لە نێوان سەنگینی و سەرکەشیی ئەستێرەکانی ڕۆک و هەیبەتی ئامادەبوونی سینەماییدا هەن و هەردوو جیهانەکە تێکەڵ بە یەک دەکات. ئەو دەست لە ناو دەستی هونەرمەندە دووربین و ناوازەکانی وەک «نیڵ یەنگ» دەنێت کە بۆ فیلمە وێستەرنە خەیاڵاوی و تراویلکەئاساکەی بە ناوی «پیاوی مردوو» (Dead Man – ١٩٩٥)، تەنیا بە گیتارە کارەباییەکەی و بەبێ هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە، مۆسیقایەکی سیحراوی و ڕۆحکێشی بۆ خولقاند. یان پەنا دەباتە بەر «ڕیزا» (RZA)ی ئەندامی گرووپی «وو-تانگ کلان». تا ڕیتمێکی قورس و کەشوهەوایەکی تاریکی «هیپ-هۆپ»ی بۆ فیلمی «گۆست دۆگ» (Ghost Dog) پێ ببەخشێت. لە جیهانی سینەماییی جارموشدا، مۆسیقا تەنیا پاشکۆ و ئامراز نییە، بەڵکوو خودی ڕۆح و هەناوی گێڕانەوەکەیە.

شیعر و جوانییە شاراوەکانی ژیانی ڕۆژانە

تا جارموش تەمەنی هەڵدەکشێت و دەچێتە ساڵەوە، فیلمەکانیشی بە هەمان شێوە گۆڕانیان بەسەردا دێت؛ لەو یاخیبوونە ڕەق و زبرەی سەردەمی لاوێتییەوە، مل دەنێن بۆ قۆناغێکی پڕ لە نەرمی، حیکمەتێکی سەنگین و تێڕامانێکی قووڵ. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەو هەرگیز بڕشت و تیژیی جاران و ڕۆحی سەرکەشیی خۆی لە دەست نادات. لە فیلمی «تەنیا عاشقان بە زیندوویی دەمێننەوە»  (Only Lovers Left Alive)دا، قاڵب و ژانری خەیاڵیی خوێنمژەکان دەکاتە بیانوویەک تا لەو ڕێگەیەوە شیوەن بۆ داڕمان و ڕزانی هونەر و زانستی مرۆڤایەتی بگێڕێت و لاوانەوەیان بۆ بکات. هەرچی لە فیلمی «پاتەرسن» (Paterson)یشدایە، جارموش دەگاتە لووتکە و بێگەردترین دەربڕینی سینەماییی خۆی دەخولقێنێت؛ شاکارێک کە وەک نامەیەکی پڕ لە سۆز و ئەوین وایە بۆ پاڵەوانێتییە بێدەنگ و کپەکانی ناو ڕۆتینی ڕۆژانە، بۆ پرۆسەی سەختی داهێنان و بۆ ئەو شیعرەی کە لە ناو کاکڵەی ژیانێکی سادە و خاکیانەدا حەشار دراوە.

سینەمای جیم جارموش، لە بنەڕەتدا بانگەوازێکە بۆ یاخیبوون لە ڕیتمە خێرا و شێتانەکەی ئەم سەردەمە. ئەو بە نەرمی پێمان دەڵێت کە کەمێک هەنگاوەکانمان خاو بکەینەوە، تا بتوانین لەوپەڕی خامۆشیدا گوێ بۆ ورتەورتی ژیان بگرین. هانمان دەدات چاومان بۆ دۆزینەوەی ئەو جوانییە پەنهان و ساتە شاعیرانانە بکەینەوە کە ڕۆژانە بێباکانە لێیان تێ دەپەڕین و نایانبینین. لەم جیهانە پڕ لە هەراوهوریا و گێژاوەدا، فیلمەکانی ئەو وەک مەنزڵگەیەکی ئارام و دوورگەیەکی ڕۆحی وان؛ پەناگەیەک کە تێیدا دەتوانین لە قەرەباڵغیی دنیا داببڕێین، هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژین و پشوویەکی ڕۆحی بدەین.

References & Sources

  • Hertzberg, Ludvig (Ed.). (2001). Jim Jarmusch: Interviews (Conversations with Filmmakers Series). University Press of Mississippi. (Essential primary source featuring Jarmusch discussing his childhood in Akron, his time at the Cinémathèque Française, and his collaborative process).
  • Suárez, Juan A. (2007). Jim Jarmusch (Contemporary Film Directors). University of Illinois Press. (A critical analysis of his connection to the No Wave movement, minimalist aesthetics, and the concept of the ‘outsider’).
  • Rosenbaum, Jonathan. (2000). Dead Man (BFI Modern Classics). British Film Institute. (Insights into Jarmusch’s subversion of classic American genres and his poetic visual style).
  • Hirschberg, Lynn. (2005). “The Last of the Indies.” The New York Times Magazine. (A biographical look at Jarmusch’s status in the independent film world and his steadfast refusal to compromise with Hollywood).

[1] کاتی مردوو (Temps mort): زاراوەیەکی فەرەنسییە لە ڕەخنەی سینەماییدا، ئاماژەیە بۆ ئەو ساتە بێدەنگ و لە ڕواڵەتدا «بەتاڵانە»ی ناو فیلمێک کە تێیاندا پاڵەوانەکە هیچ کارێکی چالاک ناکات (وەک چاوەڕێکردن، جگەرەکێشان، یان دانیشتنێکی بێدەنگ) و بەهۆیەوە گرێی چیرۆکەکە بەرەو پێشەوە ناچێت. لە سینەمای هۆڵیوود و باودا، زۆرجار ئەم کاتانە لە ڕێگەی مۆنتاژەوە دەسڕدرێنەوە و دەبڕدرێن؛ بەڵام لە سینەمای هونەریدا، بەتایبەتی لای دەرهێنەرانی وەک جیم جارموش، ئەم ساتانە بە مەبەست و وەک خۆیان دەهێڵرێنەوە، چونکە پێیان وایە ژیانی ڕاستەقینە لەم بۆشایی و ڕۆتینانە پێک دێت، و باشترین ئاوێنەن بۆ پیشاندانی تەنیایی و باری دەروونیی کەسایەتییەکان.

[2] نەوەی بیت (Beat Generation): بزووتنەوەیەکی ئەدەبی و فەرهەنگیی یاخی بوو لە ئەمەریکای دوای جەنگی جیهانیی دووەم (بەتایبەتی لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا). نووسەرانی ئەم بزووتنەوەیە وەک «جاک کێرواک» و «ئالین گینسبێرگ»، دژی ماددەگەرایی و یاسا توندەکانی کۆمەڵگەی ئەمەریکی دەوەستانەوە. ئەوان بانگەشەیان بۆ ئازادیی تاکەکەسی، تاقیکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان بە دوای ڕۆحانییەتدا و گەڕیدەیی (گەشتکردنی بێئامانج) دەکرد. کاریگەریی ئەم نەوەیە لەسەر جیم جارموش لەوەدا دەردەکەوێت کە کەسایەتییەکانی ئەویش هەمیشە گەڕیدە، یاخی، تەنیا و ئاشقی شیعرن.

[3] مۆسیقای ژێرزەمینی (Underground Music): ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە مۆسیقایانەی لە دەرەوەی بازنەی کۆمپانیا گەورەکان و میدیا باوەکان (Mainstream) بەرهەم دەهێنرێن. ئەم مۆسیقایە زۆرجار پەیوەستە بە بزووتنەوە هونەرییە یاخیبووەکان و کولتووری دژەباو، کە تێیدا مۆسیقاژەنان بە ئازادییەکی تەواوەوە و بەبێ گوێدانە لایەنی بازرگانی، تاقیکردنەوەی نوێ لە دەنگ و شیعردا دەکەن.

[4] شەپۆلی نەخێر (No Wave): بزووتنەوەیەکی هونەری، مۆسیقی و سینەماییی کورتخایەن بەڵام یەکجار کاریگەر بوو، کە لە کۆتاییی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ناوچەی مانحاتنی نیویۆرک سەری هەڵدا. ناونانی ئەم بزووتنەوەیە بە «نەخێر»، هەڵوێستێکی ڕاستەوخۆ و تەنزئامێز بوو دژی بزووتنەوەی مۆسیقای باو و بازرگانیی ئەو سەردەمە کە پێی دەگوترا «شەپۆلی نوێ» (New Wave). هونەرمەندانی ئەم شەپۆلە کەسانی یاخی و بێزار بوون لە یاساکانی بازاڕ؛ باوەڕیان بە بەرهەمهێنانی هونەرێکی ڕووت، زبر و بێڕتووش هەبوو بە پشتبەستن بە کەرەستەی سادە و توانای خودی (DIY).

[5] پەنک ڕۆک (Punk Rock): جۆرێکە لە مۆسیقای ڕۆک کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەری هەڵدا، وەک کاردانەوە و تووڕەییەک دژی مۆسیقای ڕۆکی باو و کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئەو سەردەمە. مۆسیقای پەنک خێرا، زبر و پڕ لە دەنگەدەنگە؛ گۆرانییەکانی کورتن و ئامێرەکان بە شێوەیەکی زۆر سادە و بێڕتووش دەژەنرێن. لە ڕووی فەرهەنگییەوە، پەنک تەنیا مۆسیقا نەبوو، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی توندی یاخیبوون و دژەسیستەم بوو کە بەتەواوی پشتی بە فەلسەفەی «خۆت بیکە» (DIY) دەبەست.

[6] هونەری پێشەنگ (ئاڤانت‌گارد – Avant-garde): لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی سەربازیی فەرەنسییە بە واتای «هێزی پێشڕەو». لە بواری هونەر، ئەدەب و سینەمادا، ئاماژەیە بۆ ئەو بزووتنەوە و کارە هونەرییانەی کە سنوورەکانی باو و نەریت دەشکێنن و داهێنان و تاقیکردنەوەی تەواو نوێ دەکەن. هونەرمەندانی ئاڤانت‌گارد هەمیشە هەنگاوێک لە پێش سەردەمەکەی خۆیانەوەن و دژی یاسا چەسپاوەکانی کۆمەڵگە و پێوەرە نەریتییەکانی بازاڕ دەوەستنەوە.

[7] یانەی سی بی جی بی (CBGB): یانەیەکی مۆسیقیی ئەفسانەیی و زۆر بەناوبانگ بوو لە شاری نیویۆرک کە لە ساڵی ١٩٧٣دا دامەزرا. هەرچەندە پیتەکانی ناوەکەی کورتکراوەی جۆرەکانی مۆسیقای باوی ئەمەریکی (کەنتری، بلوگراس و بلوز) بوون، بەڵام لە واقیعدا ئەم یانەیە بووە لانکەی دروستبوون و سەرهەڵدانی مۆسیقای «پەنک ڕۆک» و بزووتنەوەی «نۆ وەیڤ». ئەم شوێنە ژینگەیەکی تاریک و بچووک، بەڵام مەڵبەندی کۆبوونەوەی گەنجە یاخییەکان و هونەرمەندە سەربەخۆکان بوو.

[8] هیپستەر (Hipster): زاراوەیەکە بۆ گەنجانی سەر بە چینێکی دیاریکراوی شارنشین بە کار دێت، کە لە ڕێگەی شێوازی جلوبەرگ، سەلیقەی مۆسیقی و خولیا کولتوورییەکانیانەوە خۆیان لە ڕەوتی گشتیی کۆمەڵگە (Mainstream) جیا دەکەنەوە. لەو سەردەمەی نیویۆرکدا، هیپستەرەکان ئەو گەنجانە بوون کە گرنگییان بە سینەمای سەربەخۆ و مۆسیقای جێگرەوە دەدا، شێوازێکی ژیانی سادە، بەڵام جیاوازیان هەڵبژاردبوو و زۆرجاریش بە جۆرێک لە ساردی، بێباکی و بێزارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەوروبەر و ڕووداوەکاندا دەکرد.

[9] شەقامگەرد (Flâneur): زاراوەیەکی فەڕەنسی و چەمکێکی ئەدەبییە، ئاماژەیە بۆ ئەو کەسەی بە ناو شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاردا وێڵ دەبێت، بێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت. «شەقامگەرد» تەنیا ڕێبوارێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو بینەر و تێڕامێنەرێکی وردە کە وەک غەریبەیەک چاودێریی ژیان و جووڵەی شار دەکات، بێ ئەوەی خۆی تێکەڵ بە جەنجاڵییەکە بکات. لە سینەمای جارموشدا، کەسایەتییەکان زۆرجار ئەم خەسڵەتەیان هەیە؛ ئەوان تەنیا بە ناو شاردا دەسووڕێنەوە تا جوانییە شاراوەکان و وردەکارییە فەرامۆشکراوەکان ببینن.

[10] گرووپی سکوێڕڵ (SQÜRL): تیپێکی مۆسیقیی سەربەخۆ و ئەزموونگەرییە کە لەلایەن خودی جیم جارموش و «کارتەر لۆگان»ـەوە لە ساڵی ٢٠٠٩دا دامەزراوە. ستایلی ئەم گرووپە زیاتر دەچێتە خانەی مۆسیقای «پۆست-ڕۆک»ەوە و پشتی بە ئاوازی خاو، تاریک و پڕ لە زایەڵە و دەنگدانەوەی قووڵ بەستووە. ئەم تیپە نەک هەر لە دەرەوەی دنیای سینەما خاوەنی بەرهەمی تایبەت بە خۆیانن، بەڵکوو ئەرکی داڕشتن و ژەنینی مۆسیقای بۆ ژمارەیەکی زۆر لە فیلمەکانی جارموش خۆی گرتووەتە ئەستۆ، وەک فیلمەکانی «پاتەرسن» (Paterson) و «تەنیا عاشقان بە زیندوویی دەمێننەوە» (Only Lovers Left Alive)، کە تێیاندا مۆسیقاکە وەک کەسایەتییەکی زیندوو ئاوێتەی ڕۆحی دیمەنەکان کراوە.

هاوبەشی بکە