30/10/2026
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی جیم جارموش: جیم جارموش و فیلمی پاتەرسن

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – دەڤەر حەسەن
بێرکشایەر فاین ئارتس – نانسی کێمپف
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت

فیلمە نوێیەکەی جیم جارموش بە ناوی «پاتەرسن»، کە باس لە شاعیرێک دەکات بە هەمان ناو، کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، شۆفێری پاسە لە شاری پاتەرسنی ویلایەتی نیوجێرسی، تەنیا گرنگی بە شیعر و هونەری داڕشتنی شیعر نادات؛ بەڵکوو دەربارەی خودی سروشتی زمانە. لە فیلمەکەدا نەک تەنیا شاعیرانی دیکە بوونیان هەیە، وەک هونەرمەندێکی ڕاپ کە لە جلشۆرخانەیەکدا دەقەکانی دەنووسێت، کچێکی تەمەن دە ساڵان، شاعیرێکی ژاپۆنی کە لە گەشتێکی ڕۆحیدایە بۆ پاتەرسن کە زێدی «ویلیام کارلۆس ویلیامز»ە، بەڵکوو فیلمەکە لێوانلێوە لە جۆرەها ڕیتم و شێوازی زمانەوانی: لە قسەوباسی سەر شەقام، گفتوگۆکانی ناو پاسەکە (قسەی پیاوان، منداڵان، قسەی کەسێک کە دەیەوێت ئەنارشیست بێت، قسەی ژنێکی بەتەمەن)؛ هەروەها گفتوگۆکانی ناو مەیخانەی گەڕەک (چیرۆکەکانی سەر مێزەکە، شەڕەقسەی دڵداران، گلەیی و گازەندەی ژنانە)، کە هەر یەکێکیان لە بنیاتی خۆیدا جۆرێکە لە شیعری ڕۆژانە.

«پاتەرسن» (فیلمەکە، کەسایەتییەکە، شارەکە)، ئاماژەیەکی ڕاشکاوانەیە بۆ داستانە شیعرییەکەی «ویلیام کارلۆس ویلیامز» کە ئەویش هەر بە ناوی «پاتەرسن»ەوەیە و باس لە شاری پاتەرسنی ویلایەتی نیوجێرسی دەکات؛ ئەو شارەی ویلیامز تێیدا دەژیا و کاری پزیشکیی دەکرد. لەسەر ڕێچکەی «ئێمیلی دیکنسۆن» و «واڵت ویتمان»، «گێرترود ستاین» و «واڵاس ستیڤنس»، ویلیامز هەوڵی دا شێوازی زمانەوانی و شیعریی ئەورووپی ڕەت بکاتەوە لەپێناو زمانێکی تەواو ئەمەریکیدا، کە لە ئاواز و دەربڕینەکانی قسەکردنی ڕۆژانەوە هەڵقوڵاوە و لە ڕێگەی ڕیتمەکانی شیعری ئازادەوە بەرجەستە کراوە. لە لووتکەی ناوبانگ و ستایشی ڕەخنەگرانیدا، ویلیامز لە ساڵی ١٩٢٢دا کۆمەڵەشیعری «بەهار و هەموو شتێک» (Spring and All)ی بڵاو کردەوە، ئەمەش ڕێک لەو ساڵەدا بوو کە قەسیدەی بەناوبانگی «وێرانەخاک» (The Waste Land)ی «تی. ئێس. ئێلییۆت» دەرکەوت و بەتەواوی سێبەری خستە سەر دەستکەوتەکەی ویلیامز. ویلیامز دواتر لە پەڕتووکی «وتارە هەڵبژێردراوەکان»یدا دەنووسێت: «لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە، ئێلییۆت ئێمەی گەڕاندەوە بۆ ناو پۆلی خوێندن، ڕێک لەو ساتەدا کە هەستم دەکرد خەریکە دەرباز دەبین بەرەو بابەتگەلێک کە زۆر نزیکتر بوون لە جەوهەری خودی فۆرمێکی هونەریی نوێوە؛ فۆرمێک کە ڕەگ و ڕیشەی لەو ژینگە ناوخۆییەدا داکوتابێت کە دەبێت بەروبوومەکەی پێ ببەخشێت.»

لە داستانە شیعرییەکەی «پاتەرسن»دا، کە لە پێنج بەرگدا و لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ١٩٥٨ بڵاو کرانەوە، ویلیامز لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا و وەک دوورکەوتنەوەیەک لە شێوازە لیریکییەکەی پێشووی، ڕێبازێکی بەڵگەنامەییی کۆلاژئاسای پەرە پێ دا. لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی بەرگی چوارەم لە ساڵی ١٩٥١دا، ویلیامز تەوەری ناوەندیی شیعرەکەی بە «لێکچوونی نێوان هۆشی مرۆڤی هاوچەرخ و شارەکە» وەسف کرد. ئەو دەیویست شیعرەکە «بە زمانێک بۆمان بدوێت کە بتوانین لێی تێ بگەین.»

جارموشیش بە هەمان شێوە، هەموو ئامرازێکی ناو کۆگای توانا و ئامرازەکانی خۆی وەک نووسەر و دەرهێنەرێک بە کار دەهێنێت، بۆ ئەوەی پەلکێشمان بکاتە نێو زمانێکەوە کە بتوانین لێی تێ بگەین. لە ئاستە جەماوەرییە سادەکەدا، جارموش چێژ دەبینێت لە کۆمیدیای بینراو، زیادەڕۆیی و کەمدوویی، تابوو، کۆمیدیای جەستەیی و هەڵەتێگەیشتن لە ناسنامە. لە ئاستە ئەدەبییە باڵاکەشدا، ئەو هیچ سنوورێک ناهێڵێتەوە و هەموو شتێک دەخاتە گەڕ: قسە نەستەقەکان، کەسایەتییە لێکچووەکان، خەسڵەتە بنچینەییەکان، توانای نەرێنی و دژبەیەکی (پارادۆکس). دڵخوازترین خوازەکان لای ئەو بریتین لە «سینەکدۆکی» (Synecdoche) کە تێیدا بەشێکی شتێک ئاماژەیە بۆ گشتەکەی یان بە پێچەوانەوە، لەگەڵ «میتۆنیمی» (Metonymy) کە تێیدا شتێک یان چەمکێک بە ناوی خودی خۆیەوە بانگ ناکرێت، بەڵکوو بە ناوی شتێکی دیکەوە دەگوترێت کە لە ڕووی ماناییەوە پەیوەستە پێیەوە. ئەو هەمیشە زنجیرەڕووداوی ئەڵقەیی بە کار دەهێنێت، کە پێکهاتەی گێڕانەوەی داستانە کلاسیکییەکانی گەڕان دەبەخشێتە چیرۆکەکانی و ئەگەر پێگەیەکی ئەفسانەییش نەبەخشێت، ئەوا لانیکەم پێگەی «مرۆڤێکی گشتگیر» دەبەخشێتە تەنانەت سادەترین کەسایەتییەکانیشی؛ کە بریتییە لە تاکێکی ئاسایی کە ڕووبەڕووی هەلومەرجێکی نائاسایی دەبێتەوە.

ئەو هەمیشە نوقمی ناو ئاماژەی شاراوە و دووانەیییە، هەروەها فیلمی «پاتەرسن»یش لێوانلێوە لە کەسانی دووانە. لە ڕووی دەرەکییەوە، فیلمەکانی جارموش گەنجینەیەکی ڕاستەقینەی ئاماژەپێدانن بۆ هونەرمەندان، شاعیران، نووسەران، مۆسیقاژەنان، دەرهێنەرانی سینەما، زانایان و کەسانی دیکەش؛ جا چ لە ڕێگەی ناوهێنانی لاوەکییەوە بێت (وەک «دیواری ناوداران»ی ئادەم لە فیلمی «تەنیا عاشقان بە زیندوویی دەمێننەوە – Only Lovers Left Alive» یان ئەوەی دۆک «باری شاباکا هێنلی»ی مەیگێڕ لە فیلمی «پاتەرسن»دا)، یان لە ڕێگەی ئاماژەی ڕاستەوخۆوە بێت (وەک ویلیام بلەیک لە فیلمی «پیاوی مردوو – Dead Man»). لە هەمان کاتدا، فیلمەکان بە هەمان ئەندازە پڕن لە ئاماژە بۆ خودی خۆیان؛ کۆی بەرهەمەکانی جارموش، کە تێیاندا بۆ نموونە نواندنکارەکان ناویان هاوبەشە لەگەڵ کەسایەتیگەلێک کە ئاماژەن بۆ کەسانی ڕاستەقینە و کەسایەتییە کۆنەکانی جارموش، لە چەندین ئاستدا و لە شێوەی تەکنیکی «وێنە لە ناو وێنەدا» ئاماژە بۆ خۆیان دەکەنەوە. لە یەکەم فیلمیدا بە ناوی «پشووی هەمیشەیی» (Permanent Vacation)، کەسایەتیی سەرەکی ناوی کریس پارکەرە، کە لەلایەن خودی کریس پارکەرەوە ڕۆڵی بەرجەستە دەکرێت، کە لێکچووە هونەرییەکەی بریتییە لە مۆسیقاژەنی جاز، چارلی پارکەر. بەرجەستەکردنی کەسایەتیی پاتەرسن لەلایەن ئادەم درایڤەرەوە بە شێوەیەکی جوان، هێمن، دەربڕەر و پڕهەستە، بەڵام هیچ ڕێکەوت نییە کە ئەو نواندنکارەی بۆ ئەم ڕۆڵە هەڵبژێردراوە ناوی «ئادەم درایڤەر»ە؛ چونکە ئادەم و ئیڤ (ئادەم و حەوا) ناوەکانی هەردوو خوێنمژە سەرەکییەکەی ناو دوایین فیلمی جارموشن بە ناوی «تەنیا عاشقان بە زیندوویی دەمێننەوە» و پاتەرسنیش شۆفێری پاسێکە (واتە درایڤەر – Driver). (هەروەها حەز دەکەم وا بیر بکەمەوە کە ناوی سەگەکە «مارڤین» ئاماژەیەکی گاڵتەئامێزە بۆ مۆسیقاژەن مارڤین گەی، بەتایبەتی کاتێک دەزانین جارموش چەندە سەرسامە بە مۆسیقا و هەر شتێک کە پەیوەندیی بە شارەکانی مەمفیس، ناشڤیل و مۆتاونەوە هەبێت).

ڕووداوەکانی فیلمی «پاتەرسن» لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕوو دەدەن، کە هەر زنجیرەڕووداوێک لەسەر بنەمای سووڕی ڕۆژ و ڕیتمی کاتژمێرەکان داڕێژراوە. ئێمە ڕۆژی دووشەممە ئاشنای پاتەرسن دەبین. ئەو هەموو بەیانییەک لە دەوروبەری کاتژمێر ٦:٠٠ بۆ ٦:٣٠ بە ئاگا دێتەوە، دەست بۆ کاتژمێرە دەستییەکەی دەبات، سەیری کاتەکە دەکات، لە دەستی دەکات و پێش ئەوەی لە جێخەوەکەی هەستێت، ماچی خۆشەویستەکەی (گوڵشیفتە فەراهانی) دەکات. ناوی ئەو ژنە «لۆرا»یە، هەر وەک ئیلهامبەخشەکەی پێترارک[*]؛ ئەم دوو دڵدارەش پێکەوە گەردوونێکی بچووکی نهێنییان هەیە کە بەتایبەتی بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە.

پاتەرسن لە قاپێکی بچووکی شووشەدا (چریۆز) دەخوات و بیر لە وشەکان دەکاتەوە، بە سەفەرتاسەکەی دەستییەوە ماڵ جێ دەهێڵێت، بە ناو گەڕەکەکەدا ڕێ دەکات، لە مێشکیدا وشەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕوو دەکاتە ناوچەی کارگە کۆنەکان کە گەراجی پاسەکانی لێیە. چەند ساتێک دەدزێت بۆ ئەوەی لە دەفتەرەکەیدا بنووسێت؛ لای دۆنیی لێپرسراوی پاسەکان (ڕیزوان مانجی) دەرچوونی خۆی تۆمار دەکات، پاشان بزوێنەرەکەی پێ دەکات و بەرەو ناو ئەو گەردوونە گەورەیە لێ دەخوڕێت کە ناوی پاتەرسنە. هەموو ڕۆژێک پاتەرسن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیهانە بچووکەی کە لەگەڵ لۆرا دروستی دەکات، بۆ لای مێزە بچووکەکەی ناو ژێرزەمینەکە کە بە کتێبخانەیەک لە بەرهەمی شاعیران ڕازێنراوەتەوە؛ کە زۆربەیان سەر بە «قوتابخانەی نیویۆرک»ن، بەڵام ڕۆمانی «گاڵتەی بێکۆتا» (Infinite Jest)یشی تێدایە.

لۆرا تا ڕادەیەک ژنێکی ساویلکە و سادەیە، هەم لە ڕووی مەجازی و هەم لە ڕاستیشدا، لە جیهانی ڕەش و سپیدا زۆرترین هەست بە ئاسوودەیی دەکات. ئەو کەسێکی کراوەیە کە زۆر دەگمەن دەچێتە دەرەوە. لە بەرامبەردا، پاتەرسن کەسێکی گۆشەگیر و داخراوە، بەڵام بەتەواوی ئاوێتەی ڕاستییەکانی جیهانە. ئەو خەون دەبینێت، بەڵام ئەم بوونی هەیە؛ ئەمەش جیاوازییەکی بنچینەیی و بوونگەرایانەیە. پێ دەچێت ئەم دوو دڵدارە زۆر هۆگری یەکتر بن، و پاتەرسن شیعری ئێجگار جوان و کاریگەری بۆ دەنووسێت، بەڵام هونەر شتێکە و هاوبەشیکردنی ڕۆژانەی ژیان لەگەڵ مرۆڤێکی دیکەی پڕ لە کەموکوڕیدا شتێکی تەواو جیاوازە. (یەکێک لەو شیعرە سۆزدارییانە بەم دێڕە کۆتایی دێت: «چەندە شەرمەزارکەرە!»). لۆرا کەسێکی ڕاڕایە، ڕۆژێک خەون بە دروستکردنی کەپکەیکەوە دەبینێت و ڕۆژی دواتر خۆی وەک ئەستێرەیەکی بەناوبانگی مۆسیقای کاونتری وێنا دەکات. مەودای توانای دەربڕینەکانی درایڤەر ڕێگەمان پێ دەدات عەشقە ڕاستەقینەکەی پاتەرسن بۆ لۆرا ببینین، بەڵام لە هەمان کاتدا بێزاری، و تەنانەت هەندێک جاریش ئازارە شاراوەکانی ئاشکرا دەکات، کاتێک لۆرا بەهۆی سەرقاڵبوونی زۆری بە خودی خۆیەوە، بێباک دەردەکەوێت.

بە شێوەیەکی گشتی، «شوێن» لە فیلمەکانی جارموشدا ڕۆڵی کەسایەتییەک دەگێڕێت، و جیهانی فیلمی «پاتەرسن»یش شوێنێکی زۆر جارموشییانەیە.  لە بنەڕەتدا ناوچەکە لەلایەن هۆزی «ئەکواکانۆنک»ی سەر بە نەتەوەی «لێناپێ»وە ئاوەدان کرابووەوە، پاشان هۆڵەندییەکان دەستیان بەسەردا گرت بۆ ئەوەی ببێتە «هۆڵەندای نوێ»، دواتریش ئینگلیزەکان داگیریان کرد بۆ ئەوەی ببێتە هەرێمی نیوجێرسی. پاتەرسن کە دەکەوێتە سەر سەرچاوەی وزەی تاڤگە مەزنەکانی ڕووباری «پاسەیک» بە بەرزیی ٧٧ پێ، لە ساڵی ١٧٩١دا بووە یەکەمین شاری پیشەسازیی نەخشەبۆداڕێژراو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئەمەش وای کرد ببێتە ڕووگەیەک بۆ کرێکارە کۆچبەرەکان، بەتایبەتی جۆڵا ئیتاڵییەکان کە پیشەسازیی چنین پەلکێشی کردبوون، بەتایبەت بەرهەمهێنانی ئاوریشم. لە ڕاستیشدا، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا، پاتەرسن بە «شاری ئاوریشم» ناسرابوو.

تا گەیشتن بە سەدەی بیستەم، سەختیی بارودۆخی ناو کارگەکان بووە هۆی هەڵایسانی ڕاپەڕینێکی کرێکاری، و لە ساڵی ١٩١٣دا، سەرکردەکانی کرێکاران مانگرتنێکی شەش مانگەیان لە پیشەسازیی ئاوریشمدا ڕێک خست، کە لە ڕواڵەتدا داواکارییەکانیان بریتی بوو لە هەشت کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا و دانانی سنوورێک بۆ کەمترین تەمەنی کارکردن. بەڵام نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارودۆخی کارکردن، نەدەگەیشتنە ئاستی ئەو ترسە گەورەیەی کە هەیانبوو، ترسێک کە ڕێک هاوشێوەی دڵەڕاوکێی «کرێکارانی یەخەشین[†]»ی سەردەمی ئەمڕۆیە. لە ساڵی ١٩١١دا، لە شاری کلیفتنی نزیک پاتەرسن لە نیوجێرسی، خاوەنکارگەکان سیستەمێکی فرەتەونیان دامەزراندبوو کە پێویستی بە کرێکاری کەمتر هەبوو. مانگرتنەکەی پاتەرسن، کە زیاتر بەهۆی ترسی لەدەستدانی کارەوە سەری هەڵدابوو، شکستی هێنا؛ چونکە گونجان لەگەڵ تەکنەلۆژیا نوێیەکەدا پێویستییەکی ناچاری بوو بۆ ئەوەی کارگەکانی پاتەرسن بتوانن لە کێبڕکێدا بمێننەوە. بەرەنگاربوونەوەی سیستەمە فرەتەونەکە، بەتەواوی کارگەکانی پاتەرسنی لەکار دەخست و دایدەخستن.

زیاتر لە هەر دەرهێنەرێکی دیکەی ئەمەریکی، جیم جارموش لە ئەمەریکا وەک «بۆتەیەکی توانەوە» تێ دەگات؛ شتێک کە بەڕوونی لە هەڵبژاردنی نواندنکارەکان و کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمڕۆ، شاری پاتەرسن نیشتمانی بەشێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکانی کۆچبەرانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، لەوانە: بەنگلادێشی، تورک، عەرەب، فەلەستینی، ئەلبانی، دۆمینیکانی، پۆرتۆڕیکۆیی و پێروویی. هەروەها لە ڕووی ڕێژەی سەدییەوە، دووەم گەورەترین ژمارەی دانیشتووانی موسڵمان لەسەر ئاستی ئەمەریکا لەو شارەدان، کە بە ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێن. وەک پەناگەیەک بۆ بێگانە و پەراوێزخراوەکان، خودی شوێنی ڕووداوەکانی فیلمەکە پەیامێکی قووڵ دەربارەی پڕۆژە سینەماییەکەی جارموش دەگەیەنێت، کە بێگومان هەمیشە ئەو کەسایەتییانە لە خۆ دەگرێت، کە نواندنکارەکان ڕۆڵیان تێدا دەگێڕن، کە خودی خۆیان پەراوێزخراو و دەرەوەی کۆمەڵگەن: لێرەدا لۆرا وەک کۆچبەرێک و پاتەرسن وەک شاعیرێک دەردەکەون؛ کە بێگومان شاعیربوون لە ئەمەریکای سەدەی بیست و یەکەمدا پیشە و خولیایەکی تەواو نامۆ و پەراوێزخراوە. لە ڕاستیشدا، ناوبەناو لە فیلمەکەدا ئەم پرسیارە دووبارە دەبێتەوە: «ئایا تۆ شاعیری؟» پاتەرسنیش هەمیشە تەنیا بە «نەخێر» وەڵام ناداتەوە، بەڵکوو دەڵێت: «نەخێر، من تەنیا شۆفێرێکی پاسم». بەڵام جارموش پێمان دەڵێت، هەروەک چۆن لە زیاتر لە دە فیلمی پێشوویدا ئەمەی گوتووە، کە شاعیربوون شتێکی ڕاستەقینە، جێی شانازی و کارێکی جوانە.

شیعرەکانی ناو فیلمی «پاتەرسن» لەلایەن «ڕۆن پادجێت»ەوە نووسراون (بێجگە لە شیعری کچە تەمەن ١٠ ساڵانەکە بە ناوی «تاڤگەکان – Water Falls»، کە خودی جارموش نووسیویەتی). پادجێت یەکێکە لەو شاعیرانەی کە بە نەوەی دووەمی شاعیرانی «قوتابخانەی نیویۆرک» دادەنرێن؛ ئەو قوتابخانە بنەڕەتییەی کە لەژێر کاریگەریی شێوازە گفتوگۆئامێزە ڕاستەوخۆکە و تەنزە شارستانییەکەی «ویلیام کارلۆس ویلیامز»دا گەشەی کرد. قوتابخانەی نیویۆرک بۆ شیعر، هاوتەریب بوو لەگەڵ قوتابخانەی نیویۆرک بۆ شێوەکاریی «دەربڕینخوازیی پەتی» (Abstract expressionist)، و شاعیرەکان هاوڕێی شێوەکارەکان بوون، کە لە نێویاندا ویلێم دێ کونینگ، جاکسۆن پۆلۆک، لاری ڕیڤەرز و جاسپەر جۆنز دەبینران. هەروەها، سوریالیزم و گرنگیدانی مۆدێرنیستەکان بە تەکنیکی «لێشاوی ئاگایی» (Stream of consciousness)، کە ویلیامز دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی «یولیسیس»ی جەیمس جۆیس دەستی بە نووسینی «پاتەرسن» کرد، فۆرم و تەکنیکەکانی ئەوانیشیان داڕشت. شانبەشانی ویلیامز، هەریەک لە باربارا گێست، جەیمس سکایلەر، فرانک ئۆهارا، جۆن ئاشبێری، لەگەڵ کێنێس کۆچ (ئەو شاعیرەی کە نەوەی دووەم لەسەر دەستی ئەو دەیانخوێند)، قوتابخانەی نیویۆرکیان پێک دەهێنا. سەرباری پادجێت، نەوەی دووەم ئەم ناوانە لە خۆ دەگرێت: تێد بێریگان، جۆزێف سێراڤۆلۆ، فرانک لیما، جۆ براینارد، لێویس وۆرش، ئان واڵدمان، بێرنادێت مەیەر، ئالیس نۆتلی، لەگەڵ تۆم ساڤیج. ڕەنگە فیلمەکەی جارموش هاندەرێک بێت بۆ هەندێکمان، تاوەکوو بگەڕێینەوە و سەرلەنوێ هێز و جوانیی بەرهەمی ئەم شاعیرانە بدۆزینەوە.

شیعر بە ناو پاتەرسندا شەپۆل دەدات (فیلمەکە، کەسایەتییەکە، شارەکە)، ڕێک وەک ئەو تاڤگە مەزنانەی شاعیرەکەمان پەنایان بۆ دەبات. ئەم هونەرە، بە دووبارەبوونەوە بێوچانەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژەوە، بەر لە هەر شتێک، هونەری تێڕامان و وێنەدانەوەیە، و کاری وێنەگرتنە سینەماییە پڕ دەربڕینەکەی «فرێدریک ئێلمس»یش، بە نەرمی نازی ئەو وێنەدانەوەیە دەکێشێت کە پاتەرسنی شاعیر بەتەواوی تێیدا نوقم بووە. جامی پێشەوەی پاسەکە وێنەی شەقامەکانی پاتەرسن دەداتەوە؛ ئاوی تاڤگە مەزنەکان وێنەی جیهانی سروشتیی دەوروبەری خۆی دەداتەوە؛ تەنانەت گۆماوە بچووکەکانی ناو شیعری «تاڤگەکان»ی کچۆڵەکەش هەر وێنە دەدەنەوە.

جارموش سەرسامییەکی زۆری بە کەسایەتیی شەقامگەرد «فلانێر[‡]» هەیە، و شیعری پاتەرسن لەو بوونەی ئەوەوە لە ناو جیهانی کۆمەڵگەدا سەرچاوە دەگرێت، کە تێیدا لە دۆخێکی ئاگاییی باڵادا چاودێریی خەڵک دەکات و بە دزییەوە گوێیان لێ دەگرێت. ئەو هەموو ڕۆژێک، و هەر ڕۆژێک، بە ناو جیهانی دەستکردی تەلارسازیی شارستانیدا تێ دەپەڕێت (ئەو هونەرەی تێیدا دەژین، پیایدا پیاسە دەکەین و بە ناویدا گوزەر دەکەین)، هەروەها بە ناو جیهانی سروشتیشدا. مۆسیقای گرووپی «سکوێڕڵ»، کە پێک هاتوون لە کارتەر لۆگان و جیم جارموش، خەسڵەتێکی نزیک لە پیرۆزی دەبەخشێتە پیاسەکانی پاتەرسن و دەرچوونە ڕۆژانەکەی لە گەراجی پاسەکان. بۆ شاعیرەکە، ئەو پیرۆزییە لە ناو بۆتەی زماندا دا دەڕێژرێت و لە قاڵب دەدرێت. جارموش لەوە تێ دەگات کە هەر یەکێکمان یاری بە زمان دەکەین (دەستکاریی زمان دەکەین) بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گێڕانەوەوە مانایەک ببەخشینە ئەو ژیانەی دەژین. ئێمە تەنیا بە ڕووتی ئەوە ناڵێین کە ڕووی داوە؛ بەڵکوو چیرۆکێک دەگێڕینەوە، واتە ئێمە هیچ شتێک کەمتر ناکەین لە دروستکردنی ئەفسانە، چیرۆکێک کە لە پێکهاتە ئەڵقەییەکەیدا، گەورەترە لە خودی ژیان.

کاتێک پاسەکە پەکی کەوت، کوڕێک دەپرسێت: «بەنزینی لێ بڕا؟» پاتەرسن دەڵێت: «نەخێر. تەنیا کێشەیەکی کارەباییە.» کوڕەکە بە تۆنێکی سامناکەوە پێشنیار دەکات: «لەوانەیە کاری تێکدەرانە بێت.» لەگەڵ هەر دووبارە گێڕانەوەیەکی ئەم چیرۆکەدا، گوێگرەکانی پاتەرسن یەک لە دوای یەک پێشبینیی زیاتر دەکەن و دەڵێن، دەکرا «ببێتە تۆپەڵێک ئاگر.» ئەمە تەنیا پەککەوتنێکی سادەی پاس نییە؛ نەخێر، دەکرا ببێتە کارەساتێکی گەورەی ئاگرین. لۆید ئەلێکساندەر، نووسەری ناسراوی منداڵان، دەڵێت: «لە کۆتاییدا، چیرۆک بریتییە لە ژیاننامەی خودیی مرۆڤایەتی.» بە شێوەیەکی پێچەوانە (پارادۆکس)، کاتێک کارەسات بەرۆکی شاعیرەکەمان دەگرێت، ئەو بە بێدەنگی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تا ئەو کاتەی «بێگانەیەکی نهێنیئامێز» (ماسەتۆشی ناگاسێ) دووبارە ئاراستەی دەکاتەوە بەرەو تێڕامان، و بەرەو ئەو «هەستەی لە ناو ئارامیدا وەبیر دەهێنرێتەوە.»


[*] پێترارک و لۆرا: فرانسیسکۆ پێترارک (١٣٠٤ – ١٣٧٤) یەکێکە لە گەورەترین شاعیر و بیرمەندەکانی سەردەمی ڕێنێسانسی ئیتالی. لۆرا، ئەو ژنەیە کە پێترارک لە ساڵی ١٣٢٧دا دەیبینێت و شێتانە عاشقی دەبێت، بەڵام هەرگیز بە یەک ناگەن. لۆرا دەبێتە سەرچاوەی ئیلهامی ئەبەدیی پێترارک و شاعیر زۆربەی شیعرە سۆزدارییە بەناوبانگەکانی (بەتایبەت سۆنێتەکانی) لە شاکاری «دیوانی گۆرانییەکان» (Canzoniere)دا بۆ ئەو ژنە نووسیوە. لێرەدا دەرهێنەر ئاماژەیەکی شاراوە بۆ ئەو عەشقە ئەدەبییە مەزنە بە کار هێناوە.

[†] کرێکارانی یەخەشین (Blue-collar workers): زاراوەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی بە کرێی کاتژمێری کار دەکەن و کاری دەستی و جەستەیی ئەنجام دەدەن؛ وەک کرێکارانی کارگە، بیناسازی و پیشەسازییەکان. سەرچاوەی ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، کە تێیدا ئەم کرێکارانە لە کاتی کارکردندا زۆرجار کراس و جلی شینیان (بەتایبەت قوماشی کابۆ) لەبەر دەکرد، بۆ ئەوەی چڵک و پەڵەی ڕۆن و پیسیی کارەکەیان کەمتر پێوە دیار بێت. لە بەرامبەریشدا، زاراوەی «کرێکارانی یەخەسپی» (White-collar workers) هەیە کە بۆ ئەو فەرمانبەرانە بە کار دێت کە کاری نووسینگە و کارگێڕی دەکەن و جلی فەرمی و کراسی سپی دەپۆشن.

[‡] شەقامگەرد (Flâneur): زاراوەیەکی فەرەنسییە، بە واتای «پیاسەکەری بێئامانج» یان «گەڕیدەی ناو شار» دێت. لە ئەدەب و فەلسەفەی مۆدێرندا، بەتایبەتی لەلایەن شاعیری فەرەنسی «شارل بۆدلێر» و فەیلەسووف «واڵتەر بێنجامین»ەوە، ئەم چەمکە وەک هێمایەک بۆ چاودێریی شارستانی و هونەرمەندی مۆدێرن بەکار هێنرا. فلانێر ئەو کەسەیە کە بە ناو قەرەباڵغی و شەقامەکانی شاردا پیاسە دەکات، بەبێ ئەوەی مەبەستێکی دیاریکراوی هەبێت، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەوەی بە وردی چاودێریی دەوروبەر، خەڵک و ژیانی ڕۆژانە بکات. ئەو لە ناو کۆمەڵگەدایە، بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە لێی دابڕاوە و وەک بینەرێک سەیری شانۆی ژیان دەکات تا ئیلهامی لێ وەربگرێت؛ ڕێک وەک ئەو کارەی کە پاتەرسنی شاعیر لە فیلمەکەدا دەیکات.

هاوبەشی بکە