30/10/2026
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی جیم جارموش: پێنج یاسا زێڕینەکەی جارموش

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – دەڤەر حەسەن
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت

ساڵی ٢٠٠٤؛ کاتێک گۆڤاری سینەماییی ناوداری ئەمەریکی «موڤیمەیکەر[1]»، داوای لە کۆمەڵێک پێشەنگی سینەمای سەربەخۆ کرد تا وەک چرایەک بۆ ڕێنوێنیی دەرهێنەرە گەنجەکان، یاسا ئاڵتوونییەکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە. جارموش کە هەرگیز ملی بۆ قاڵبە نەریتییەکان نەدەدا، لە وەڵامدا و لەبری ئامۆژگارییە باو و وشکەکان، ئەم دەقە پڕ لە یاخیبوونەی نووسی. ئەو دەیویست بەم پەیامە بە گەنجان بڵێت کە هونەری ڕەسەن باڵدارێکی سەربەستە و لە ناو قەفەزی بازرگاناندا ناخوێنێت و مل بۆ یاساکانی هۆڵیوود نادات؛ بۆیە ئەم پێنج خاڵەی وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی شکۆ و سەربەخۆییی هونەرمەند لە بەردەم گێژاوی پڕ لە چاوچنۆکیی کۆمەڵگەدا داڕشت.

یاسای یەکەم:

هیچ یاسایەک بوونی نییە. هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەی توانای فیلمسازیکردنیان هەیە، ڕێگە هەیە بۆ دروستکردنی فیلم. ئەمە جیهانێکە دەرگاکەی ئاوەڵایە. هەرچۆنێک بێت، من بۆ خۆم هەرگیز ئەو مافە بە خۆم نادەم بە کەسێکی دی بڵێم چی بکات یان چۆن کارێک ڕاپەڕێنێت. بەلای منەوە، ئەوە ڕێک وەک ئەوە وایە بە کەسێک بڵێیت باوەڕ و ئایینەکەی دەبێت چۆن بێت. هەزار نەفرەت لەوە! ئەوە دژی فەلسەفەی کەسیی خۆمە؛ فەلسەفەیەک کە زیاتر لە ڕەوشت و پڕەنسیپ دەچێت نەک کۆمەڵێک «یاسا». لەبەر ئەوە، گوێی خۆت لەم «یاسایانە» بخەپێنە کە ئێستا دەیانخوێنیتەوە و لەبری ئەوە، تەنیا وەک کۆمەڵێک تێبینی بۆ خودی خۆم تەماشایان بکە. پێویستە هەر مرۆڤێک «تێبینی»ی تایبەت بە خۆی هەبێت، چونکە بۆ کردنی هەر کارێک، تەنیا یەک تاکە ڕێگە بوونی نییە. ئەگەر هەر کەسێک پێی گوتیت کە تەنیا یەک ڕێگە هەیە و ئەویش ڕێگەکەی خۆیەتی، ئەوا تا بۆت دەکرێت لێی دوور بکەوەرەوە و ڕاکە، هەم لە ڕووی جەستەییەوە و هەم لە ڕووی فەلسەفییەوە.

یاسای دووەم:

مەهێڵە خوێڕییەکان زەفەرت پێ بەرن. ئەوان یان یارمەتیت دەدەن یان یارمەتیت نادەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاتگرن. ئەو کەسانەی پارە بۆ فیلم دابین دەکەن، فیلم بڵاو دەکەنەوە، ڕێکلامی بۆ دەکەن و نمایشی دەکەن، فیلمساز نین. ئەوان نایانەوێت ڕێگە بە فیلمسازان بدەن شێوازی بازرگانییەکەیان بۆ دیاری بکەن؛ کەواتە ناکرێت فیلمسازانیش هیچ ئارەزوویەکیان هەبێت کە ڕێگە بەوان بدەن شێوازی دروستکردنی فیلمەکەیان بەسەردا بسەپێنن. ئەگەر پێویستیشی کرد، دەمانچەیەک هەڵگرە.

هەروەها، بە هەموو نرخێک خۆت لە ماستاوچییەکان بپارێزە. هەمیشە کەسانێک لە دەوروبەر هەن کە تەنیا بۆیە دەیانەوێت تێکەڵ بە بواری فیلمسازی ببن تا دەوڵەمەند ببن، ناوبانگ دەربکەن یان ڕابوێرن. بەگشتی، شارەزاییی ئەمانە لە فیلمسازیدا، ڕێک هێندەی شارەزاییی «جۆرج دەبلیوو بوش»ـە لە شەڕی دەستەویەخەدا.

یاسای سێیەم:

بەرهەمهێنان بۆ ئەوەیە خزمەتی فیلمەکە بکات. فیلمەکە بۆ ئەوە نییە خزمەتی بەرهەمهێنانەکە بکات. بەداخەوە، لە جیهانی فیلمسازیدا ئەمە بە شێوەیەکی گشتگیر پێچەوانەیە. فیلم بۆ ئەوە دروست ناکرێت تا خزمەتی بودجە، خشتەی کات یان سیڤیی ئەو کەسانە بکات کە تێیدا بەشدارن. ئەو فیلمسازانەی لەم ڕاستییە تێناگەن، دەبێت بە قاچیان هەڵبواسرێن و لێیان بپرسرێت: ئەرێ بۆچی ئاسمان سەرەوژێر دیارە؟

یاسای چوارەم:

فیلمسازی پڕۆسەیەکی هەرەوەزییە. دەرفەتی ئەوەت بۆ دەڕەخسێت لەگەڵ کەسانێکدا کار بکەیت کە ڕەنگە مێشک و بیرۆکەکانیان لە هی خۆت بەهێزتر بن. دڵنیا ببەرەوە کە ئەوان سەرنجیان هەر لەسەر ئەرکەکەی خۆیانە و لووت ناژەننە ناو کاری کەسانی ترەوە، ئەگەرنا تووشی پشێوییەکی گەورە دەبیت. بەڵام وەک یەک و بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم هاوکارەکانتدا بکە. یاریدەدەرێکی بەرهەمهێنان کە ڕێگە لە هاتوچۆی شەقام دەگرێت تەنیا بۆ ئەوەی تیمەکە بتوانن گرتەیەک وێنە بگرن، گرنگییەکەی لە ئەکتەرەکانی ناو دیمەنەکە، بەڕێوەبەری وێنەگرتن، دیزاینەری بەرهەمهێنان یان خودی دەرهێنەرەکە کەمتر نییە. پلەبەندی بۆ ئەو کەسانەیە کە غرووریان ئاوساوە یان لە کۆنترۆڵ دەرچووە، یان بۆ سەربازانی ناو سوپایە. ئەو کەسانەی هەڵیان دەبژێریت تا لەگەڵیاندا کار بکەیت، ئەگەر هەڵبژاردنێکی دروست بکەیت، دەتوانن کوالیتی و ناوەڕۆکی فیلمەکەت بەرز بکەنەوە بۆ ئاستێکی زۆر باڵاتر لەوەی تەنیا یەک مێشک بتوانێت خەیاڵی بکات. ئەگەر ناتەوێت لەگەڵ خەڵکی تردا کار بکەیت، بڕۆ تابلۆیەک بکێشە یان کتێبێک بنووسە. (خۆ ئەگەر دەتەوێت ببیت بە دیکتاتۆرێکی نەفرەتی، پێم وایە ئەم ڕۆژانە تەنیا دەبێت بچیتە ناو سیاسەتەوە…).

یاسای پێنجەم:

هیچ شتێک بێپێشینە نییە. لە هەر جێیەکەوە کە ئیلهامت پێ دەبەخشێت یان کڵپە دەداتە خەیاڵت، بیدزە. فیلمی کۆن، فیلمی نوێ، مۆسیقا، کتێب، تابلۆ، وێنەی فۆتۆگرافی، شیعر، خەون، گفتوگۆی هەڕەمەکی، تەلارسازی، پرد، هێمای شەقامەکان، درەخت، هەور، ڕووبار و دەریاچەکان، ڕووناکی و سێبەرەکان، خۆتیان پێ گۆش بکە. تەنیا ئەو شتانە بۆ دزین هەڵبژێرە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆحتدا دەدوێن. ئەگەر ئەمە بکەیت، کارەکەت (و دزییەکەشت) ڕەسەن دەبێت. ڕەسەنایەتی بەهایەکی لەبننەهاتووی هەیە؛ بێپێشینەبوون بوونی نییە. خۆت ماندوو مەکە بە شاردنەوەی دزییەکەتەوە، ئەگەر ئارەزووت لێیە، ئاهەنگی بۆ بگێڕە. لە هەر حاڵەتێکدا بێت، هەمیشە ئەو قسەیەی «ژان لوک گۆدار»ت لە یاد بێت کە دەیگوت: «گرنگ ئەوە نییە لە کوێوە شتەکانت هێناوە، گرنگ ئەوەیە بۆ کوێیان دەبەیت».


[1] گۆڤاری موڤیمەیکەر (MovieMaker): گۆڤارێکی ناسراوی ئەمەریکییە کە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە بڵاو دەبێتەوە و بە شێوەیەکی تایبەت تەرخان کراوە بۆ هونەر و پیشەسازیی سینەمای سەربەخۆ. ئەم گۆڤارە وەک مینبەرێک وایە بۆ ئەو دەرهێنەر و سینەماکارانەی لە دەرەوەی هەژموون و قاڵبە باوەکانی ستۆدیۆ زەبەلاحەکانی هۆڵیوود کار دەکەن. لە پاڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و شیکاریی قووڵدا، زۆرجار دەبێتە پردێک بۆ گواستنەوەی ئەزموون و حیکمەتی دەرهێنەرە گەورەکان بۆ ئەو گەنجانەی تازە هەنگاو دەنێنە ناو جیهانی سەختی فیلمسازییەوە.

هاوبەشی بکە