21/10/2026
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی جیم جارموش: شکستی جارموش وەکو فیلمساز لە فیلمی “مردووەکان نامرن”

لە لایەن دیدی من 18كاتژمێر پێش ئێستا

لە ئینگلیزییەوە:- ژانیار بێستوون
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت

چیرۆکی فیلمەکە: شارۆچکە هێمنەکەی “سێنتراڤێڵ” خۆی لەبەردەم جەنگی کۆمەڵێک زۆمبیدا دەبینێتەوە، کاتێک مردووەکان لە گۆڕەکانیان دێنەدەرەوە.
بەبەشداری کۆمەڵێک ئەکتەری ناودار لەوانە بیڵ مۆرای، ئادەم درایڤەر، تیڵدا سوینتۆن، کلۆی سێڤگنی، ستیڤ بوسێمی، دانی گلۆڤەر، کالیب لاندری جۆنز، لاری فێسێندێن، سێلینا گۆمێز، ئیگی پۆپ، “ئاڕ، زێد، ئەی”، کاڕۆڵ کەین، تۆم وەیتس، وابیردەکەیتەوە فیلمی “The Dead Don’t Die” بێگومان ئیشێکی زۆر سەرکەوتووە، بەڵام زۆر هەڵەیت. بەداخەوە، سەرەڕای کارە ناوازەکانی دەرهێنەر (جیم جارمووش) هەروەها بوونی ژانرێکی لاوەکی تازە و سەرنجڕاکێش تا دەرهێنەر بە ئارەزووی خۆی یاری پێبکات، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەکتەری ناودار لەژێر دەستیدا، کەچی بەرهەمهێنەری فیلمی (Only Lovers Left Alive) نەیتوانیوە ئامانجەکەی خۆی بپێکێت و فیلمێکی زۆمبی بەرهەم هێناوە کە چیتر باوی نەماوە و ناتوانێت سەرنجی هەوادارانی فیلمی ترسناک ڕابکێشێت.

هەموو شتێک لەوەوە دەست پێدەکات کاتێک زەوی لە تەوەرەی خۆی لادەدات. بەهۆی گۆڕانکاری ئێجگار زۆری کەشوهەواوە، تەوەرەی زەوی بەتەواوەتی سەراوژێر دەبێتەوە، چەندین ڕووداوی سەیروسەمەرە ڕوودەدەن. لەپاڵ تێکچوونی کاتەکانی ڕۆژدا، و زیادبوونی لەناکاوی کارەساتە سروشتییەکان لەسەرانسەری جیهاندا، مردووەکان لە گۆڕەکانیان بەخەبەردێنەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی شارۆچکە هێمن و دڵگیرەکەی “سێنترڤیڵ” ڕووبەڕووی سوپایەکی زەبەلاحی زۆمبی ببنەوە. ئەگەر خۆت بە هەواداری فیلمی ترسناک هەژمار بکەیت یان نا، لەم سەردەمەدا بەئەگەرێکی زۆرەوە ئاگاداری هەبوونی فیلمەکانی زۆمبیت. فیلمە کۆمیدییە ترسناکەکانی وەک (Shaun Of The Dead) گەیشتووەتە دەست جەماوەرێکی زۆر، هەروەها فیلمی (Train To Busan)ی “سانگ-هۆ یۆن” بۆ بینەری ئەمریکی دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە، لەپاڵ ئەوەشدا زۆمبییەکان بە زنجیرە درامای وەرگیراو لە ڕۆمانی (Warm Bodies) کە بەم دواییانە ڕاگەیەندراوە، شاشەکانی تەلەفزیۆنیان داگیر کردووە، هەروەها وەرزی دەیەمی زنجیرەی (The Walking Dead) کە لەئێستادا پەخش دەکرێت، بۆ هەر ئەڵقەیەک ملیۆنان بینەری هەیە، ئیتر گەر بڵێین بابەتەکە بووەتە شتێکی باو و بەسەرچوو، ئەوا بەکەم سەیرمان کردووە. کەواتە کاتێک لە سەرانسەری جیهاندا چەندین هەواداری سەرسەختی فیلمی زۆمبی هەیە، بەرهەمهێنانی فیلمێک لەسەر مردووە زیندووەکان لەساڵی ٢٠١٩دا بەواتای ئەوە دێت کە دەرهێنەر دەبێت شتێکی نوێ پێشکەش بکات تا جیاوازتر بێت لە فیلمەکانی پێشوو. بەداخەوە، لەگەڵ ئەوەی (جارموش) بە قووڵی کاری لەسەر کردووە شتێکی جیاوازتر لەوانی تر پێشکەش نەکردین.
لەڕاستیدا، فیلمی (The Dead Don’t Die)تەنیا ئەوە بە بیر بینەران دەهێنێتەوە کە فیلمی باشتر بەبەراورد بەم فیلمە لەڕابردوودا بەرهەم هێنراون.
فیلمەکە (هەم لەڕووی بینراو و هەم لەڕووی دیالۆگەوە) بەرهەمە ناوازەکانی “جۆرج ڕۆمێرۆ” نیشان دەدات، دوو کارەکتەری سەرەکیش دەکاتە “پسپۆڕانی فیلمی ترسناک” بێگومان ئەمە فیلمەکەی خراپتر کردووە.
بەتایبەت کاتێک یەکێک لەو پسپۆڕانەی کە باسمان کرد، بەهەڵە زۆمبییەکان بە مرۆڤ خۆر لە قەڵەم دەدات، هەر بینەرێکی ڕاستەقینەی “ڕۆمێرۆ” دەزانێت بابەتەکە بەمشێوەیە نییە لەبەرئەوەی مرۆڤ خۆرەکان جۆری خۆیان دەخۆن، مردووە زیندووەکانیش چیتر وەک مرۆڤ لە قەڵەم نادرێن. یەکێک لە دیمەنەکان بەدیاریکراوی بۆ خستنە پێکەنینی بینەران دروست کراوە، بەڵام ڕێک لە دیمەنی ڕاکردن و پێکدادانی ناو فیلمە زۆمبییە نایابەکەی “ئێدگار ڕایت” دەچێت، ئەمەش تەنیا بینەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ کاتێک بەڕاستی ئەم جۆرە دیمەنانە پێکەنیناوی بوون.
ئەگەر بەشێوازی کۆمیدیای “براکانی کۆین” بینەری بیت و بەو چاوەوە سەیری بکەیت، دەبێتە فیلمێکی ئێجگار بێزارکەر، کە خۆی لەبنەڕەتدا کارێکی خاو و تاقەتپڕووکێنە.

کاتێک مردووەکان هێرش دەکەنە سەر زیندووەکان، پۆلیسە ناوخۆییەکان و “ژنە پۆلیسەکە” (کلیف ڕۆبێرتسۆن) “مۆرای”، (ڕۆنی پێتەرسۆن) “درایڤەر”، (میندی مۆریسۆن) “سێڤگنی” بە خەمساردییەوە ڕووبەڕووی دۆخەکە دەبنەوە، کۆمیدیایەکی سارد بەکاردەهێنن کە کەشێکی خاو و بێزارکەر بە فیلمەکە دەدات. خۆی لەبنەڕەتدا کەشی فیلمەکە بۆ ئەوە دروستکراوە کۆمیدی و پێکەنیناوی بێت، بەڵام هێندە بە تەمبەڵی و بێسەرووبەری کاریان کردووە کە کەشی بێزاریی فیلمەکە درێژتر دەکاتەوە. چەشنی هەورێکی ڕەش بەدوای کارەکتەرەکانەوە بێت بۆ هەر شوێنێک کە بۆی بچن، کە بێگومان شوێنێکی وا دووریشی لێ نییە لە شارۆچکەکە تا بۆی بچن. کارەکتەری (تیڵدا سوینتۆن) بێ هیچ گومانێک سەرنجی هەموو بینەران بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، بەڵام وەک ئەوەیە لە فیلمێکی تەواو جیاوازدا بێت، ئنجا ئاماژە بەردەوامەکانی (درایڤەر) بۆ دەق و دەرهێنەرەکە، وادەکەن بینەر چێژ لە فیلمەکە وەرنەگرێت.

لەکۆتایدا، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی (جارمووش) لەسەرەتاوە خۆی بە بەرهەمهێنانی فیلمێکی ئاواوە ماندوو کردووە. کۆنەباو، بێزارکەر، ڕووداوەکانی زۆر خاون و بەتاڵە لەهەر جۆش و خرۆشێک، فیلمی (The Dead Don’t Die) زیاتر لەوەی لە فیلم بچێت، هاوشێوەی کارێکە کە شایەنی قسەلەسەر کردن نییە. ئاخۆ دەبێت (جارمووش) ئەوەی زانیبێت کە بەئاسانی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکرا ئەگەر لەجیاتی ئەوە فیلمێکی ترسناکی بەرهەم هێنابا؟ ئایا ئاگای لەم دە ساڵەی ڕابردوو نەبووە کاتێک فیلمی زۆمبییەکان هێندە باو بوو کە بینەرە ئاساییەکانیش دەیانگووت (ڕۆمێرۆ) بیرۆکەکەی لە زنجیرەی (The Walking Dead) دزیوە؟ یان تەنیا بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دەستکەوێت لە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسیدا لەگەڵ (بیڵ مۆرای)دا دابنیشێت؟ هەرچەندە بێمانا دەردەکەوێت بەڵام باوەڕکردن بەم جۆرە وەڵامانە زۆر ئاسانترە لەوەی باوەڕمان وابێت دەرهێنەر بەڕاستی هەوڵی داوە بەرهەمێک زیاد بکات بۆ ژانرایەک کە هەر خۆی لەبنەڕەتدا باوی نەماوە و بەسەرچووە. بە چەند دیمەنێکی هەزەلی فیلم دروست نابێت. فیلمی (The Dead Don’t Die) لەسەرەتاوە کارێکی شکستخواردووە، هەوڵی زیندووکردنەوەی مەدەن.

هاوبەشی بکە