دیدی من – هێمن ڕەحیمی
ڕۆژیکی هاوینی ساڵی 2003، شۆفیرێکی تەکسی لە گەڕەکی بەردبڕانی سەقز لە منداڵێکی کچی پێنج ساڵان دەدات. کچەکە لە جێی خۆیدا گیان لە دەست دەدات! ناوی ئەوین بوو. تەنیا 5 بەهاری بینیبوو، و لە ناکاو بۆ هەتاهەتایە لە هەموو جوانی و ناشرینیەکەنی دونیا دابڕا.
بەڵام ئەی ئەگەر یەک خولەک پێش ئەو ڕووداوە دایکی بانگی بکردایە؟ ئەگەر ئەوین لە تووڕەبوونی دایکی ترسابایە؟ ئەگەر بۆ تۆپەکە نەچووبایە؟
ئەگەر…
(1)
ئەوین لەگەڵ هاوڕێکانی خەریک یاریکردنی وەسەتبازی بوو لە حەوشەی ماڵەکەیان. لە پڕێکدا تۆپەکە کەوتە ناو کۆڵان.
بە ڕاکردن ویستی بچێت تۆپەکە بهێنێتەوە تا درێژە بە یاریەکەیان بدەن. لە پڕێکدا دایکی بانگی کرد:
— ئەوین. دە وەرە کچم. چێشتەکەم دەسووتێت.
ئەوین سەری هەڵبڕی.
— خێرا دەچم تۆپەکە دەهێنم و دوای ئەوە دێم بۆ لات.
دایکی دیسان بانگی کرد. ئەمجارە دەنگەکە توندتر بوو. ئەوین لەبەر ترسی تووڕەبوونی دایکی، وازی لە تۆپەکە هێنا و بە ڕاکردن چوو بۆ ماڵەوە.
تەنیا چەند چرکەیەک دوای ئەوە، دەنگێکی تەقەیەک لە کۆڵانەکە هات.
ئەوین وەستا. دواتر دەنگی گریانی هەندێک منداڵ هات.
دایکی هاتە دەرەوە:
— چی بوو ئەوین گیان؟
— ئۆتۆمبێلێک کێشای بە تۆپەکەماندا و تەقاندی…
دایکی هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و باوەشی پیادا کرد:
— دە هیچ نیە کچی خۆم. تۆپێکی ترت بۆ دەکڕم. مەگری ڕۆڵە.
ئەوین لە باوەشی دایکیدا مایەوە. نەیدەزانی کە تەنیا بە یەک بانگکردن، ژیانی خۆی لە مردن جیا کردووەتەوە. دواتر زۆر جار بیری ئەو ڕۆژەی دەکردەوە.
هەر جارێک بیر لەوەی دەکردەوە، هەستی دەکرد ژیان لەوانەیە هەموو ئەو شتانە نەبێت کە خۆمان هەڵدەبژێرین. هەندێک جار تەنیا یەک دەنگە. یەک ساتە. یەک پەلەکردن یان پەلە نەکردنە.
(2)
پایزی ساڵی 2004، ئەوین چوو بۆ خوێندنگا بۆ ئەوەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بخوێنێت. لە گەڕەکەیاندا، کە گەڕەکێکی تا ڕادەیەک هەژارنشینی شار بوو، باو نەبوو منداڵ زووتر بنێرن بۆ باخچەی ساوایان، و بۆیە دەستبەجێ دەیانبردنە پۆلی یەکەم… دایکی بردی بۆ خوێندنگا.
هەستێکی خۆش و ناخۆشی هەبوو. خۆش بوو کە دەچوو بۆ خوێندنگا و دونیایەکی تری دەدیت، و لە هەمان کاتدا بێزار دەبوو بەو جل و بەرگە بارگرانە! لە ڕێگادا پرسی:
— دە دایکە نەدەکرا من ئەم مەقنەعە و مانتۆ ناشرینەم لە بەر نەکردایە؟
— نە ئیتر. چەند جار دەپرسی. پێم وتی خۆ. ناهێڵن بە بێ مەقنەعە وانە بخوێنیت.
— دە خۆ ئاروین مەقنەعە ناکاتە سەری! بۆچی لە سەری کوڕانی ناکەن؟
دایکی ماچێکی کرد و بە پێکەنینێکەوە وتی:
— کچە شیرینەکەم. ئەوە گەورە بیت دەزانی بۆچی مەقنەعە لە سەر کوڕان ناکەن.
— کەی گەورە دەبم؟
دایکی دەستی گرت.
— زوو زوو.
ئەم وەڵامە هیچ شتێکی بۆ ڕوون نەکردەوە. تەنیا پرسیارەکانی زیاتر کرد.
بۆچی کچ جیاوازە؟
بۆچی کوڕ جیاوازە؟
بۆچی هەندێک شت بۆ یەکێک ڕێگەپێدراوە و بۆ ئەوی تر نا؟
مەگەر کچان چ فەرقێکیان لەگەڵ کوڕان هەیە؟
بۆچی دایکی وەڵام ئەم پرسیارە ئەسپێرێتە داهاتوو؟!
ئەوین ئەوەی نەدەزانی.
(3)
ساڵەکان بە توندی تێپەڕین.
لە پایزی ساڵی 2016 دا، ئەوین لە ئازموونی تاقیکردنەوەی زانکۆ، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران بۆ ئەندازیاری شارسازی وەرگێڕا.
پێشتر و لە ماوەی ١٨ ساڵی تەمەنیدا قەت نەچووبوو بۆ تاران. لە ڕاستیدا قەت هێندە دوور نەکەوتبوو لە سەقز. ئاروینی برای کە ٣ ساڵ لەو گەورەتر بوو، درێژەی بە دەرس خوێندنی نەدابوو و لە لای باوکی خەریکی ڕاهینان بوو بۆ ئەوەی ببێتە میکانیک. بۆیە تەنیا کەسی خێزانە ٤ کەسییەکەیان بوو کە دەڕۆیشت بۆ شارێکی تر.
تاران زۆر جیاواز بوو لە سەقز و لە ڕاستیدا هیچی لە سەقز نەدەچوو.
بە هۆی ئەو وانەیەی کە دەیخوێند، زیاتر دیمەنی ئەو شەقام و ئۆتوبانانە مێشکیان داگیر دەکرد. وانەی ئەوەیان دەخوێند کە شار دەبێت لە سەر چ بنەمایەک درووست بێت و چۆن گەشە بکات. چۆن دەبێت ئەو باڵاخانە بەرزانە درووست بکەن بۆ ئەوەی ئەم هەموو خەڵکە، کە هەژماریان زیاتر لە ١٠ ملیۆن دایە، لەم شارە جێیان ببێتەوە.
هەرچەندە باڵاخانەکان بەرزتر بوون لە سەقز، بەڵام ناو ماڵەکان بچووکتر بوون. ئەو پێشتر ئەو شوقە بچووکانەی نەدیبوو کە تا ٣٠ مەتریش ماڵیان تێدا درووست دەکرد!
بەڵێ تاران بۆی پێناسەیەک بوو لەمانە: شەقامە گەورەکان، باڵاخانە بەرزەکان، ئۆتۆمبێلەکان، دەنگەدەنگ، میترۆ، و لە هەموویان سەیرتر قەرەباڵغی!
هەموو شوێنێک قەرەباڵغ بوو. میترۆ و پاسی ناوشار هێندە پڕ بوون لە مرۆڤ، بە زۆر جێیان دەبووەوە. هەڵبەت ئەوە جێبوون نەبوو، بەڵکوو بە زۆر خۆتەپاندن بوو!
هەر لە یەکەم رۆژەکانی هاتنی بۆ تاران، ئەوین سەرسام مابوو بەم هەموو جیاوازیە.
هەستی دەکرد نیگەرانی خەڵک لە تاران تەنیا ئەوە نییە کە بگەنە شوێنێک، ئەوان دەیانەوێت پێش کات بگەن. پێش ئەوانی تر. پێش ئەوەی شتێکیان لەکیس بچێت.
یان ڕەنگە گەر بە پەلە نەبن نەگەنە ئەو شوێنەی کە دەیانەوێت بۆی بڕۆن: جا سەر کار بێت، خەستەخانە بێت، ماڵ بێت و هتد. هیچ جیاوازییەکی نەبوو. دەبێت خێرا و گورج و گۆڵ بیت.
(4)
ئەوین لە ساڵانی یەکەمی مانەوەی تاراندا هەموو شتێکی شارەکەی سەیر دەکرد.
لە مێترۆدا کەس بە ئارامی نەدەوەستا.
لە شەقامدا کەس بە هێمنی هەنگاوی هەڵنەدەگرت.
لە کاردا کەس کاتی نەبوو.
لە پەیوەندییەکانیشدا زۆربەی کەسەکان داوای ئەوەیان دەکرد هەموو شتێک زوو ڕووبدات.
ئەوینیش کەم کەم بوو بە یەکێک لەوان.
بە پەلە دەیخوێند.
بە خێرایی کاری دەبردە پێش.
بە هەنگاوی توند توند دەگەڕایەوە ماڵەوە.
هەتا لە خەوتنیشدا هەستی دەکرد کات کەسێکە چاوەڕێیەتی و دەبێت خێرا خۆی بگەیەنێت.
بیری لە تەمەنی منداڵی دەکردەوە. ئەو ساتەی کە دایکی بانگی کرد و ڕەنگە بەو هۆیەوە لە لێدانی تەکسیەکە ڕزگاری بوو. بۆ ئەوەی دایکی لێی تووڕە نەبێت، خێرا نەچوو بە شوێن تۆپەکەی، بەڵکوو چوو بۆ لای دایکی…
ئێستا ئەو لە تارانە. لە شارێکدا کە هەموو شتێک بە خێرایی دەڕواتە پێش. لە شەقامەکان، لە ناو مێترۆ، لە فەرمانگەکان. هەموو دەڵێی گەر هەنگاوی توند هەڵنەگرن، فریای کار و باریان ناکەون.
بە پەلەبوونی ئەو، جیا لەوەی دەیویست کاتی بۆ بمێنێتەوە، دەیویست ئەو بۆشاییەی نێوان خۆی و خەڵکی ئێرە پڕ بکاتەوە. بۆشاییەک کە وا هەستی دەکرد بە هۆی لەدایکبوون و گەورەبوون لە شارێکی بچووکدا، زۆر ئەگەری لێ سەندبووەوە و بۆیە دەیویست قەرەبووی بکاتەوە. دەبوو بە خێرایی کار و بارەکەی تەواو بکات. بەڵام ئایا پێویست بوو ئەو هەموو بە پەلەبوونە؟
وا هەستی دەکرد کات لە شارە بچووکەکەی خۆی زۆر بە هێواشی دەڕواتە پێشەوە و لێرە زۆر خێرا دەڕوات. جارێک لە خۆی پرسی:
“لە ڕاستیدا ئایا ٢٤ کاتژمێر بۆ ئەم شارە بەش دەکات؟”
هیچ وەڵامێکی نەبوو!
(5)
پاش چەند ساڵێک مانەوە لە تاران، ئەوین کەمتر دەگەڕایەوە سەقز. ئەو کاتانەیش تەنیا لە بەر داواکاری زۆری دایکی بوو. ئیتر هەستی بە دابڕان دەکرد لەو شارەی کات هێشتا بە هێمنی هەنگاوی هەڵ ئەهێنا.
لەو شارەی کە هێشتا دایکی ڕۆژووی دەگرت، هێشتا بە ئارامی قسەی دەکرد، هێشتا هەرکات ئەوین باسی خراپیەکانی ڕۆژووی بۆ سڵامەتی دەوت، ئەو بە سووکنایی وەڵامی دەدایەوە.
بەڵام ئەوین هەستی دەکرد زمانەکانیان وردەوردە لە یەکتر دوور دەکەونەوە.
جارێکیان لە تەلەفۆندا ئاروین، کە هاوڕێی منداڵیشی بوو، پرسی:
— ئەی تاران چۆنە؟ لەو هەموو قەرەباڵغیە هاوڕێی زۆرت دۆزیوەتەوە؟
ئەوین پێکەنی.
— نا نا، قەرەباڵغی هاوڕێی نایەنێت. لە شەمەندەفەر هەزار کەس لە تەنیشتتن و کەس ناوی کەس نازانێت.
— ئەی بۆچی لەوێ دەمێنیتەوە؟
— نازانم. شارێکە قەت ناخەوێت. ماندووم دەکات، بەڵام هێشتا خۆشم دەوێت.
ئاروین بێدەنگ بوو. ئەوین هەستی کرد ئەو دوو گۆییە بۆ ئاروین کەمێک ناڕوونە. بۆیە قسەکەی درێژ نەکردەوە…
(6)
تاران لە دوای ڕووداوەکانی ٢٠٢٢، گۆڕانکاری بە خۆیەوە بینیبوو.
لە دوای سەرهەڵدانی ژینا، ئیتر زۆریەک لە کچان و ژنان لەچکیان نەدەکردە سەر و لە ئاستی پۆشاکدا ژنان هیچ لە ژنانی پیش مەرگی ژینا نەدەچوون.
لە شەقامەکان، لە مێترۆ، لە هەڵسوکەوتی ژنان و پیاوان، هەستی دەکرد شتێک لە ژێر ڕووکەشی ڕۆژانەدا گۆڕاوە.
کچانی زیاتر بە شێوەی خۆیان دەردەکەوتن. ژنان زیاتر بە چاوی ڕاستەوخۆ سەیری شاریان دەکرد.
ئەوین دەیدیت کە کچانی مێرمندان و لاو بە جلوبەرگێکی جوانتر و ئازادتر لە ساڵانی پێشوو لە شەقامەکاندا دەخولانەوە. ئیتر مەقنەعە هێندەی جاران زۆر نەبوو.
زۆر جار دەچوو گوێی لە قسەکردنی ئەو کچە لاوانە دەگرت:
— من بە هۆی ئەوەی حەزم لە تریسام نەبوو، هاوڕێ کوڕەکەم خیانەتی لێ کردم.
— دەی چی دەبوو تاقیت بکردایەتەوە، خۆ خۆشە. من جارێکیان تاقیم کردوە!
سەیر بوو، زۆر شت گۆڕابوو! گوایە لێرە ژیان زۆر خێراتر لە تەمەنی منداڵی ئەو دەڕۆشتە پێشەوە. جارێک لە خۆی پرسی:
“ئەگەر من هێشتا ئەو کچەی شەش ساڵانم بم، هەمان پرسیارم هەیە؟ بۆچی کچ جیاوازە؟”
ئەمجارە وەڵامەکەی بۆی گرنگتر بوو. چونکە ئیتر شەش ساڵی نەبوو.
ئەمجارە بیست و چوار ساڵی تێپەڕیبوو و دەیزانی هەندێک وەڵام بە “کە گەورە بیت دەزانی” وەڵامیان دەدرێتەوە.
(7)
لە مێترۆیشدا ژنانێکی زۆرتر لە واگۆنی پیاواندا دەبینران. بۆیە ئەوینیش زیاتر دەچووە ناو واگۆن پیاوان.
ڕۆژیک لە مێترۆ دەگەڕایەوە بۆ ماڵ. مێترۆ لە وێستگەی تەجریشەوە جوڵا. ئەوین دەستی بە میلە ساردەکەوە گرتبوو و وەک هەموو ڕۆژێک ژمارەی شتەکانی دەکرد: چەند کەس تەلەفۆن بە دەستەوەن؟ چەند کەس خەوتوون؟ چەند کەس چاویان داخستووە؟ چەند کەس بە مۆبایلەکەیان یاری دەکەن؟ چەند کەس هێندە لێی نزیکن کە هەناسەیان دەبیستێت؟
لە شارێکی ئەوەندە قەرەباڵغدا، ئەوین فێرببوو خەڵک بە ڕووخساری یەکتری بخوێنێتەوە: ئەوە تارانیە، ئەوەیان کرێکارێکی ئەفغانییە، ئەوە فەرمانبەرێکی دەوڵەتە، ئەوی تریشیان پێدەچێت عەرەب بێت، و هتد.
پاشان چاوی کەوتە سەر یەک کەس کە نەیدەتوانی بخوێنێتەوە. لە کۆتایی واگۆنەکە لە سەر کورسیەک دانیشتبوو. دەفتەرێکی بچووکی لە دەستی چەپدا بوو، و بە دەستی ڕاستی بە پێنووسێک شتێکی لە سەر دەنووسی. نە سەرقاڵی مۆبایلەکەی بوو و نە بە دوای کەسێکدا دەگەڕا. تەنیا جار بە جار سەری هەڵدەبڕی بۆ ئەوەی سەیری خەڵک و پەنجەرەکانی واگۆنەکە بکات، و بزانێت کە چەندی ماوە بگاتە وێستگەی دابەزینی.
پیاوێک لە تەنیشت کوڕەکە دانیشتبوو و لێی پرسی:
“زۆرمان ماوە بگەینە وێستگەی دەروازە دەوڵەت؟”
ئەوین گوێی لە دەنگی کوڕەکە گرت. وا هەستی کرد شێوەزارێکی هەیە و ئەویش وەکوو خۆی تارانی نییە. ئاخۆ خەڵکی کوێ بێت؟ پێی دەچوو خەڵکی گیلان بێت، یانیش کورد بێت. ئاخر گیلانیەکانیش کاتێک فارسی قسە دەکەن، شێوەزاریان لە کورد دەچێت.
کوڕەکە لە پڕێکدا بینی ئەوین سەیری ئەو دەکات. بەڵام ئەوین چاوی هەڵنەبڕی و سەیری کرد بزانێت کاردانەوەی چی دەبێت. کوڕە دیسان سەری کردەوە سەر دەفتەرەکە.
زەنگی شەمەندەفەرەکە لێدرا و خەڵک بە خێرایی دابەزین. ئەوین دانەبەزی.
کاتێک درگاکە داخرا، دیار نەما. ئەوین چاوی گێڕا بە ناو واگۆنەکەدا.
هیچ. کوڕە نەناسەکە ون بوو!
ئەو شەوە، کاتێک گەڕایەوە ماڵەوە، کوڕەکەی هاتەوە بەر چاو.
نە زۆر جوان بوو. نە زۆر ناوازە بوو. هەتا بیری نەمابوو چی لەبەر کردبوو.
تەنیا هێمنییەکەی لەبیر مابوو!
هەموو ئەو شتانەی لە تاران بە بێئۆقرەیی دەچوون، لە ناو ئەو کوڕەدا لەجوڵە کەوتبوون. وەکوو هێمنیەک لە ناو ئەم قەرەباڵغیەدا هاتە بەرچاوی. داخۆم لە دەفتەرەکەی چی دەنووسی یان چی دەکێشا؟
بە لای خۆیەوە سەیر بوو بۆچی بیر لەو کوڕە نەناسە دەکات. لەڕاستیا هێمنیەکەی هەر ئەو شتەی بوو کە سەرەنجی بە خۆی ڕاکێشابوو.
هیچی لە مۆحسێن نەدەچوو. ئەوین دوو ساڵێک لەگەڵ مۆحسین پەیوەندیی بوو.
مۆحسین خۆشی دەویست. ئەوینیش هەروەها. مۆحسین زۆر بە پەلە بوو. جاری وابوو چەند کارێ پێکەوە دەکرد.
ئەوین خێرایی پێ خراپ نەبوو! بەڵام هەستی دەکرد کۆمەڵێک شت هەن کە مرۆڤ نابێت بەپەلە بیانکات و دەبێت کاتیان پێ بدات.
نە درووستکردنی هەستی نزیکبوون. نە خۆشەویستی. نە بڕیارێک کە دەبێت ساڵانێک لەگەڵت بژی. لە ئامێز گرتن ئیتر خۆ نابێت بە پەلە بکرێت! بەڵام…
ئەوین بیری لەو ڕۆژەی کرد وا نەچووبوو بۆ سەر کار، و بڕیار بوو شەوەکەیان بە هێمنی لە ماڵ بەسەر ببەن. مۆحسێن هات.
سڵاوی نەکرد. لە دەرگاوە ڕاستەوخۆ هاتە لای و لە باوەشی گرت، کەمێک بە هێز. لێوی ناوە بە لێوییەوە. دەستی لە کەمەری بوو، دواتر لە ژێر کراسەکەی.
ئەوین ویستی بڵێت “چاوەڕێ بکە”، بەڵام هەناسەی مۆحسێن لە گوێیدا بوو، گەرم و کورت و بەپەلە، وەک کەسێک کە بە ڕاکردن بچێت بۆ شوێنێک.
لە جێگاکەدا، مۆحسێن سنگی گرت و ئەوین دەستی خستە سەر دەستی. هەوڵی دا ڕیتمەکە بگۆڕێت:
“هێواش. بهێلە چێژی لێ ببینم لە یاریکردنت بە سنگم.”
مۆحسێن بە پێکەنینەوە وتی “باشە”، و بۆ چەند چرکەیەک هێواش بوو. پاشان دووبارە خێرا بووەوە.
لە کاتی سێکسدا ئەوین چاوی لە سەقفەکە بوو. ژمارەی چرکەکانی دەکرد. نەک لە بێزارییەوە، بەڵکو وەک ئەوەی کاتژمێرێک لە ناو جەستەیدا بێت.
لە دوایدا مۆحسێن پرسی:
— باش بوو؟
— باش بوو!
ئەوین ئەوەی وت کە دەبوو بڵێت. بە گوێیدا چرپاندی:
“پەلە مەکە.”
مۆحسێن گوێی لێ بوو، و نەیزانی بۆچی.
هەر چەندە لە ماوەی پێکەوەبوونیان خۆشیان لە یەکتر دەهات، بەڵام ئەو ڕیتمی خێرایەی مۆحسێن بەردەوام بێزاری دەکرد. بۆ مۆحسێن هەموو شتێک قۆناغێک بوو کە دەبوو خێرا تێیپەڕێنێت.
ئەم بێئۆقرەییە وای کرد ئەوین هەست بکات ژیان لە تەنیشت مۆحسێنەوە لە بری چێژبەخشین، زیاتر لە ڕاکردنێکی بێکۆتایی دەچێت!
کاتێک لە کۆتاییدا بریاری جیابوونەوەیان دا، ئەوین نەگریا. تەنیا پێی وابوو دەبێت ئەویش بڕوات. پەلە بکا بۆ جێهێشتنی ئەم خێراییە سەرسامکەرە. دواتر بیری لە خۆی کردەوە و بە خۆی وت:
“بۆچی هەموو شتێک دەبێت بە جێ بهێڵم؟”
(٨)
ئەو شەوە لەگەڵ خۆی دەدوا:
“تۆ بڵێی ئەو کوڕە خنجیلانەی ناو شەمەندەفەڕەکە لە سێکسیشدا هەر وا نەرمونیان بووبێت؟”
ئینجا بیری کردەوە: بەڵام نەکا لە تەواوی کارەکانی تردا هەر ئاوا بە شێنەیی ببێت! دە خۆ ئەوە بێزاری دەکرد! نە ئەگەر شێنەیی بوایە، ئاوا خێرا لە واگۆنەکە ون نەدەبوو.
ڕەنگە هێمنییەکەی هەمان ئەو شتە بێت کە بە دڵی ئەوین بێت.
لە جێگاکەیدا درێژ کەوت و ڕووناکیەکەی کوژاندەوە. دەنگی شار هێشتا دەهات: ئۆتۆمبیلێک، ئاسانسێڕێک، پێیەک لە حەوشەی ئەو بەرەوە.
بیری کوڕەکەی کردەوە. نەک ڕووخسارەکەی، چونکە بیری نەمابوو. دەستەکانی. ئەو دەستەی بە پێنووس دەنووسێت، هێمن، هەر وشەیەک بە کاتی خۆی.
بیری کرد ئەو دەستە چۆن شتێکی تر دەکات. چۆن لەسەر مل دەوەستێت، و چاوەڕێ دەکات. چۆن لێو پێش ئەوەی ماچ بکات نزیک دەبێتەوە، ئەوەندە نزیک کە هەناسەی بەرکەوێت، و دواتر بێدەنگ دەمێنێتەوە. چۆن یاری بە سنگی دەکات؟ چۆن لە ئەوین دەپرسێت: “هەر ئاوا؟” و چاوەڕێی وەڵام دەبێت.
قسەی ئەو کچە لاوانەی وا لە شەقام پیاسەیان دەکرد، بیر کەوتەوە. ئەوان باسی تریسامیان دەکرد وەک ئەوەی باسی خواردنێکی نوێ بکەن. ئەوین نە لێیان تووڕە بوو، نە ڕەخنەی لێ گرتن. بەڵام ئەوەی ئەو لە خەیاڵیدا دەیبینی لەوە جیاواز بوو. ئەو نەیدەویست شێوازێکی سێکسی تر تاقی بکاتەوە. دەیویست یەک کەس بناسێت، هێواش هێواش، وەک دەفتەرێک کە لاپەڕە بە لاپەڕە دەکرێتەوە. لای ئەوان ئارەزوو زۆر بوو و خێرا. لای ئەو کەم بوو و قووڵ.
نەیدەزانی ئەمەی ئەو لەوان باشترە یان نا. تەنیا دەیزانی هی ئەو ئەمەیە.
هەناسەی ئەوین هێواشتر بوو. لە دەرەوە هەموو شتێک بە خێرایی دەگوزەرا، و لەم ژوورەدا وەک ئەوەی کات بۆ ئەو ڕاوەستابێت.
هەستی کرد ئەم ئارەزووە لەو ژیانەی ئێستا گەورەترە. وەک ئەوەی هی ژیانێکی تر بێت.
بەڵام کوڕەکە خەیاڵ بوو، و خەیاڵ هەگیز پەلەی نەبوو…
ڕۆژانی دواتر لە مێترۆ هەر بە شوێنی کوڕە نەناسەکەدا دەگەڕا. کوڕەکەی نەدەبینی!
ڕۆژی دواتر، دیسان. نەبوو.
هەفتەیەک تێپەڕی.
دوو هەفتە.
ئەوین کەم کەم پێی وا بوو شاید خەیاڵی خۆی بووبێت.
یەک ڕۆژ زۆر ماندوو بوو. لە کار گەڕابووەوە. مێترۆ پڕ بوو. ئەو جارە خێرا نەچووە واگۆنێکی ترەوە. لە هەمان شوێندا وەستا. لە پەنجەرەکەوە دەستی کرد بە سەیرکردنی خەڵک.
بۆ یەکەمجار لە ماوەیەکی زۆردا موبایلەکەی لە دەست دانا.
کچێکی بچووک لەگەڵ دایکی بە پێ وەستابوو. تۆپێکی بچووکی لەدەستدا بوو. تۆپەکە لە دەستی داکەوت و کەوتە ناو ڕەیلی شەمەندەفەرەکە. کچەکە ویستی بچێت بە شوێن تۆپەکەیدا. دایکی بە بانگێکی توند وتی:
__ وەرە کچم، مەڕۆ!
ئەوین لە جێی خۆی ڕەق بوو. هەموو دەنگەکانی واگۆنەکە بۆ چرکەیەک وەک ئەوەی لە دوورەوە بێن، وابوون.
تۆپ. دایک. بانگ. ئەوین چاوی داخست. پاشان پێکەنی.
نەیدەزانی بۆچی، بەڵام پێکەنی!
(٩)
چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، لە وێستگەیەکدا، زوو لە مێترۆ دابەزی.
نە کارێکی گرنگی بوو. نە کەسێ چاوەڕێی دەکرد. تەنیا حەزی دەکرد ئەم جارە بە هێمنی بڕوات.
لە دەرەوەی وێستگەکە، لە تەنیشت شەقامێک، کوڕێکی بە دەفتەرەکەیەوە بینی.
هەمان کوڕ. هەمان هێمنی.
ئەوین وەستا.
کوڕەکەیش سەیری کرد.
ئەمجارە ئەوین پێش ئەو قسەی کرد:
— تۆ هەموو جارێک لە شەمەندەفەر دەنووسیت؟
کوڕەکە سەیری دەفتەرەکەی کرد.
— هەموو جار نا.
— ئەی چی دەنووسیت؟
پێکەنی.
— ئەو شتانەی کە بە پەلە لێمان تێدەپەڕن.
ئەوین پێکەنی.
— وەکوو چی؟
— وەکوو خۆمان.
ئەوین چەند چرکەیەک بێدەنگ مایەوە.
پاشان پرسی:
— ناوت چییە؟
کوڕەکە ناوی خۆی وت.
ئەوین لەبەر هێمنیی دەنگەکەی تێنەگەیشت ناوی چییە. بەڵام لێی دووپات نەکردەوە. ئەو کوڕە دەڵێی هیچ پەلەیەکی تێدا نەبوو. نە خۆنوێنی. تەنیا هەبوون.
بە هێواشی لە شەقامەکەدا ڕۆیشتن. ئەوین هەستی کرد هەنگاوەکانی خۆی، بێ ئەوەی بیەوێت، لەگەڵ هەنگاوەکانی ئەو هاوڕێک بوون. شانیان یەک جار بەر یەک کەوت. نە ئەو دوور کەوتەوە، نە ئەوین. ئەو بەرکەوتنە کورتە ئەوەندە نەرم بوو کە ئەوین ماوەیەک نەیزانی هی ئەوە یان هی هەوای ئەو ئێوارەیە.
دەستەکانیان لە تەنیشت یەک بوون، چەند سانتیمەترێک دوور. ئەوین هەستی بە گەرمیی ئەو بۆشاییە کرد. ئەو دەستەی بە پێنووس دەنووسێت: ڕەگەکانی پشتی دەست، نینۆکی کورت. دەیزانی ئەگەر ئەو دەستە بجوڵێت، دەگاتە دەستی. نەیجوڵاند. ئەوینیش نەیجووڵاند. بۆ یەکەم جار پێی خۆش بوو چاوەڕێ بکات.
هەناسەی خۆی بیست، هێواش و قووڵ، وەک ئەو شەوەی لە ژوورەکەیدا.
لە ناکاو ئەوین دەستی بۆ دەفتەرەکە درێژ کردەوە. کوڕەکە هیچی نەوت. تەنیا دایە دەستی.
ئەوین دەفتەرەکەی گرتە دەستەوە و لاپەڕەی یەکەمی کردەوە. نووسرابوو:
“ڕۆژیکی هاوینی ساڵی ٢٠٠٣، شۆفیرێکی تەکسی لە گەڕەکی بەردبڕانی سەقز …”
پەشۆکا. لاپەڕەکانی هەڵدایەوە، و هەموو ژیانی تێدا بوو: تۆپەکە، چێشتەکە، مەقنەعە، تاران، مێترۆ، مۆحسێن. لاپەڕەی دواتر:
“ئەوین دەفتەرەکەی گرتە دەستەوە و لاپەڕەی یەکەمی کردەوە.”
سەری هەڵبڕی. کوڕەکە نەمابوو. شەقامەکە ئیتر قەرەباڵغ نەبوو.
دەرگا سێتاکەی ماڵەکەی خۆیانی لە سەقز بینی. لە پڕێکدا دەنگی تەپەی تۆپەکە هات. دواتر دەنگی شیوەنی دایکی:
“ئەوین گیان، ئەوینەکەم… جگەرگۆشەکەم، بۆ ڕۆیشتی …”
لە ماڵەوە بۆنی چێشتی سووتاو هات.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.