دیدی من – ئیسماعیل سابیر
ئەم کتێبەی دکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای فام کە لە کۆمەڵێک چیرۆکی کورت کورت پێکهاتووە. زمانێکی ساف و خۆشدوویان لە خۆ گرتووە. مەیلت هەبێ دەتوانیت بە شەوێک هەموو کتێبەکە تەواو بکەیت. چونکە چیرۆکەکان کورتبڕن، خوێنەر وەڕس ناکەن و ئاسان دەیگەیەنن بە ئایدیای نووسەر و ڤەگێڕ. تەنانەت کەسێک ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ کتێبێکی نەخوێندبێتەوە، کاتێک دەست بۆ ئەم کتێبە دەبات، وەک دەروازەیەک هانی دەدات و بەرەو گەڕانەوە بۆ ناو دونیای خوێندنەوە جارێكی تر پەلکێشی دەکاتهوه. لەبەر ئەوەی گێڕانەوەکان بە ڕوونیی و ڕاستەوخۆیی بەیانکراون، بۆ گواستنەوەی ڕووداوی ڕۆژ بەرەو دنیای چیرۆک. ئەمەش زۆرجار وەک خەوشی تەکنیکی و تێنەگەیشتن لە دەقی مۆدێرن لێک دەدرێتەوە. هەر وەک لای هەندێک لە چیرۆکنووس بووە بە بنەما. هەوڵی نەداوە بە شێلوکردنی مانا و ناڕۆشنی پلۆت، پێناسەی دەق ون بکات. یان بە فۆڕمکردنی دیالۆگ و گوتی و گوتی، وێنەی پچڕ و ناڕۆشن، ناوی تەکنیکی گێڕانەوەی لێ بنێت. تەنانەت ئێمە لە خوێندنەوەی یەکێک لە چیرۆکەکانی بەناوی «تێنەگەیشتن» دەتوانین هەندێک بەرچاوڕوونیمان سەبارەت بەو تەمومژەی کە ئەو ناونیشانەی بۆ ئەم کۆمەڵە چیرۆکە دانراوە دەست بکەوێت. خوێنەر کاتێک کتێبێکی چیرۆک یان ڕۆمان دەگرێت بەدەستەوە، مەبەستیەتی و دەیەوێ چیرۆک یان ڕۆمان بخوێنێتەوە و دواتر بۆ کەسێکی تری بگيڕێتەوە. نەک پەخشان و هەندێک گێڕانەوەی شیعریی لاواز بگرێتە دەست، بەناوی گێڕانەوەی مۆدێرن و ناباو کە نەزانێت باسی چی دەکات و لە چی دەدوێت.
ئەگەرچی من لەگەڵ پۆلێنکردنی دەق و بەستنەوەی بە سەردەم و ڕۆژگارێکی دیاریکراوەوە نیم، وەک لە بەراییەکاندا نووسەر لە «پسان لە کورتی» وەک پێشەکییەک ناوی لەم چیرۆکانە ناوە چیرۆکی نوێخوازی و پاشنوێخوازی. بەڵام کاتێک لێیان ورد دەبیتەوە زۆربەی ئەو وێنە و دەردانەی کە وەک بابەتی چیرۆک گێڕدراونەتەوە و کاریان لەسەر کراوە، ناڕوونییەک نیشان دەدەن چونکە بۆت دەردەکەوێت ئەمانە کەرەستەگەلی قۆناخێکی دوورترن، وەک ناکۆکی میرنشین و ئاغاکانی کورد یان کوشتوکاڵی و مەڕداری، قۆناخێک کە مرۆڤەکان پێدەچێت دەستڕاگەیشتوو نەبووبن بە تیۆر و ئامرازەکانی نوێخوازی. ئەی لە چ بارێکدا چیرۆکەکان ئەم شوناسەیان بە سەر دادراوه؟
خاڵێک هەیە دەبێ لەو چیرۆکانە گوزارشتی لێوە بکرێ، ئەوەی کە لە بیر نەکراوە، وەفاداریی ڕۆحیی حهكایهتخوانێكه بەرانبەر بە هاوڕێیەکی تەمەنی، کە ئەویش کۆچکردوو سامی هادییە. لەگەڵ ئەوەی کتێبەکە پێشکەش بەو کراوە. هاوکات لە زۆر شوێندا ڤەگێڕ زیندووی دەکاتەوە و لە جیاتیی خۆی دەیهێنێتە سەر ستەیج تا لە گۆشەیەکی تر حەکایەتەکە بگێڕێتەوە. زۆر جوان و سەرنجڕاکێش دەنوێنن کاتێک چیرۆکێک دواتر لە چەند گۆشەیەکی جیاواز لەسەر زاری کارەکتەری جیاواز گۆشەکان دەگێڕدرێنەوە. ڕەنگە ئەمە درەوشاوەترین تەکنیکی ناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکە بێ. بەڵام دکتۆر موحسین خۆی لەو نووسەرانەیە لەگەڵ هاتنی شەپۆڵی تەکنەلۆژیا و دونیای نوێ، ڕەنگە کێشەیەکی وای نەبووبێت. چونکە پێدەچێت لەگەڵ تێکستی ئاڵۆز و دەقی درێژ بۆ ئەمڕۆکەمان زۆر هەڵنەکات و نەمێنێتەوە. هەروەکوو خۆی دەڵێت لە پێشتریشدا زۆر لەگەڵ درێژدادڕی و ڕۆمانی درێژ و وەسفی نەبوومە، قەتیش هەوڵم نەداوە ئەم ئەدەبە بنووسم. کە ئەمە وەک جۆرێک لە ڕاشکاوی، دەرخەری جۆرێکیش لە نیشاندانی سەلیقەی ئەم نووسەرەیە بەرانبەر بە ئەدەبیات. ئەگەرچی بەهۆی ژیان و کاریگەربوونی بە ئەدەبی فەڕەنسی، بۆ ئێستا نا، بەس ڕۆژانێک ڕەنگە ئەدەبی بەلزاک و پرۆست و شیعری پۆل ڤالێری شتێکی تریان لەلا گەڵاڵە کردبێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.