ديدى من – موزيكى ئێمە
لە فارسييەوە: سەليم جەمال
داستانى گرژى و ئاڵۆزیيەكانى نێوان داريوش میهرجویی سینەماکاری ئێرانی و موحسين چاوەشى گۆرانيبێژى كوردى- ئێرانى، لە دواى لێدوانى توندى ئەو دەرهێنەرە لە بارەى بەشدارینەكردنى چاوەشى لە فيلمى سەنتوورى ٢، جارێكى ديكە ئەم بابەتە پەلكێش كرا و كاردانەوەى زۆرينەى ميدياكانى بە دواى خۆيدا هێنا، لە دۆخێكدا كە داريوش میهرجویی دواى ڕەتكردنەوەى چاوەشى لە بەشدارینەكردنى لەو فيلمەدا ڕای گەياند: ”ئومێدەوارم دژايەتیكردنەكان وەلا بنرێن و موحسين چاوەشى بەشدارى لە فيلمى سەنتوورى ٢ بكات.”
موحسين چاوەشى لە هەمان كاتدا لە هەژمارى تايبەتیی خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتیی ئينستاگرام بەم شێوەيەى نووسى: “سەنتوورى نا، شەهرزاد بەڵێ.” مەبەستى چاوەشى لەم دێڕە ئەوە بوو كە بەشداریكردنى لە فيلمى سەنتوورى ٢ ڕەت دەكاتەوە و بەشداریكردنى لە وەرزى دووەمى دراماى شەهرزاديش پشتڕاست دەكاتەوە.
دواى هەڵوێستى موحسين چاوەشى لە بارەى بەشدارینەكردنى لەو فيلمە، ئەم جارەيان داريوش میهرجویی بە توندى هاتە قسە و ڕای گەياند: ” زۆر لە چاوەشى ڕەنجاوم، من ئەوم پەلكێش كردووە و مۆڵەتى فەڕمىی گۆرانيبێژيم بۆ وەرگرتووە. ئێمە بەرهەمهێنانى فيلمى سەنتووریمان بۆ پێنج مانگ خستە دواوە تا مۆڵەتى فەڕمى بۆ ئەو دەستەبەر بكەين، بەڵام چاوەشى لە برى سوپاسگوزارى داواى ١٥٠،٠٠٠ دۆلارى كرد بۆ بەشداریكردنى لە بەشى دووەمى فيلمى سەنتوورى. بەڵام من لە چاوەشى و ڕووى چاوەشى كەم دەكەمەوە و هونەرمەندێكى ديكە بەربژێر دەكەم بۆ فيلمەکە.”
موحسين چاوەشى دواى ئەو تانانەی كە داريوش میهرجویی ئاڕاستەى ئەوى كرد، هەوڵی دا بێدەنگى هەڵببژێرێت، بەڵام دواى تێپەڕبوونى چەند مانگێک لە گفتوگۆيەكى فەڕميدا ڕای گەياند: ” هيچ كەسێک خاوەنى سينەما نييە، كە من بمەوێت بە هۆى كێشەكانم لەگەڵ دەرهێنەرێک، لە سينەما زوير و دڵگران ببم. وەڵامنەدانەوەى منيش بۆ گوتە و تانە ناڕەواكانى داريوش میهرجویی بە هۆى نەبوونى هيچ وەڵامێک نەبوو، هەرگيز، من دەمتوانى بۆ دێڕ دێڕى تانەکانی میهرجویی وەڵامگەلێكى شياوم هەبێت و ئەو بوەستێنم، بەڵام بە باشم زانى بە هۆى ڕێزی ناوى داريوش میهرجویی و ئەو تەمەنەى كە هەيەتى، ئارام بگرم و بێدەنگى هەڵبژێرم، هەروەها هيچي تر خوو بەم بابەتەوە نەگرم. سەریەنجام ئەو ڕەوشتێكى تايبەت بە خۆى هەيە و منيش ڕەوشتێكى تايبەت بە خۆم، وە بەردەواميدان بەم كێشمەكێشانە كارێكى ناشیرينە و زيان بە شكۆى هونەرمەند دەگەيەنێت.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.