03/12/2025
DidiMn Logo
Top

ئایا چیرۆکی فرانکشتاین لە بەسەرهاتی کیمیاگەرێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە؟

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – تایم
لە ئینگلیزییەوە: لانۆ ڕزگار

ماری شێڵی لەلایەن هەندێک کەسەوە بە دایکی چیرۆکی زانستی خەیاڵی ناودەبرێت بەهۆی هەڵهێنجانی چیرۆکی پیاوێک کە لە تاقیگەدا دروستدەکرێت و دەبێتە دێوێکی دڕندە. بەڵام ڕەنگە ماری کیمیاگەرێکی ڕاستەقینەی لە خەیاڵدا بووبێت کاتێک کارەکتەری ڤیکتۆر فرانکشتاینی دروستکردووە.

فرانکشتاین یاخود پرۆمەتیۆسی نوێی شێڵی بۆ یەکەم جار لە لەندەن لە سەری ساڵی ١٨١٨دا بە بێ ناوی نوسەر بڵاوکرایەوە. ئەو کاتە شێڵی تەنها ٢١ ساڵ بوو. هەتا چاپی دووەم و دوای پێنج ساڵ ناوی لەسەر بەرگی کتێبەکەدا دەرنەکەوت.

ئەو ڕەخنەگرانەی کە توانایی دەروون شیکارییان هەیە دێوەکەی فرانکشتاین بە فیگەرێکی خوازەیی دەچوێنن کە لە منداڵییە تراژیدییەکەی شێڵیی و تەمەنە هەرزەکارییە ناوزڕاوییەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە. بۆ نموونە، وەک چۆن هەستی تاوانباریی خۆی لە کوشتنی ناڕاستەوخۆی دوو کەسدا بە مرۆڤ دەچوێنێت، ئەوانیش کاتێک بووە هۆی مردنی دایکی خۆی، کە لە کاتی منداڵبووندا گیانی لەدەستداوە، و هەروەها ژنی یەکەمی پێرسی شێڵی، هارییەت، کە بە تەنها و بە دووگیانی خۆی دەخنکێنێت کاتێک پێرسی بەجێیدەهێڵێت بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی ئەوروپا لەگەڵ ماریدا.

لە کۆتاییدا، لەو گەشتەی ئەوروپایاندا بوو کاتێک لە جنێڤا لەگەڵ شاعیر لۆرد بایرۆن دەمانەوە، ماری لە پێشبڕکێیەکی چیرۆکی تارماییدا کە لە نێوان ئەندامانی دەستە ئەدەبییەکەدا بەڕێوەدەچوو بیرۆکەی فرانکشتاینی بۆ هات. بەڵام ماری و پێرسی لەو نزیکانەدا بە نێو ناوچە شاخاوییەکانی ئەڵمانیای باشووردا گەشتیان کردبوو، کە دوور نیە لە شارۆچکەی دارمستاد، نزیک قەڵای فرانکنشتاین. هەندێک ئەو ئەگەرە دەخەنە ڕوو کە ڕەنگە ماری دەنگۆی دەربارەی داهێنەرێکی شێتۆکە بیستبێت کە گوایە لە هەمان قەڵادا “دەرمانی نەمریی” دۆزیوەتەوە.

بەپێی دۆکیومێنتەریەکی کەناڵی مێژوو، بە ناوی “لێکدانەوەی ڕابردوو: گەڕان بەدوای فرانکشتاینی ڕاستەقینەدا” کە لە ساڵی ٢٠٠٦ پەخشکرا، هەردوو شێڵی (ماری و پێرسی) سەرسامی بەکارهێنانی تەزووی کارەبابوون بۆ جووڵاندنی پەلەکان کە دیاردەیەک بوو تازە دەنگی دابووەوە لەناو کۆمەڵگەی زانستیدا. ڕەنگە ئەو کاتەی بە دارستانە تاریکەکانی دۆڵی ڕەیندا دەگەڕان، چیرۆکی کیمیاگەر جۆهان کۆنراد دیپڵیان بیستبێت کە گوایە لاشەی مردووی ناو گۆڕەکانی دزیوە و لە قەڵای فرانکشتایندا تاقیکردنەوەی لەسەر کردوون.

میراندا سیمۆر لە کتێبی ژیاننامەی ماری شێڵیدا نووسیوییەتی کە “دیپڵ بڕوای وابوو لەڕێگەی تێکەڵەیەکی خوێن و ئێسکەوە دەتوانێت ژیان بکاتەوە بە بەر جەستەی مردوودا، کە زۆرجار لە گیانەوەری شیردەر و لاشەی مردووی مرۆڤەوە تێکەڵەکەی دروستی دەکرد. لە ڕۆمانەکەی مارییدا، ڤیکتۆر فرانکشتاین ئێسکی ئاژەڵ بەکاردێنێت تاکو بوونەوەرە دێوئاساکەی دروستبکات.” سیمۆر هەروەها نووسیبووی، هەرچەندە دیپڵ وتبووی ڕێگەیەکی دۆزیوەتەوە کە وادەکات تا تەمەنی ١٣٥ ساڵی بژیت، بەڵام خۆی تەمەنێکی زۆر لەوە کورتتر ژیا. لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا گیانی لەدەستدا و بووە ئەفسانەیەکی ناوچەیی و چیرۆکێک کە تێیدا “دڕندەیەکی مرۆڤخۆری تۆقێنەر لە دێرزەماندا قەڵا بچووکە ترسناکەکەی وەک بارەگای خۆی بەکارهێناوە.”

گەر ماری لە چیرۆکەکەی دیپڵەوە ئیلهامی وەرگرتبێت یاخود نا، وا دەردەکەوێت کە بنچینەی چیرۆکی فرانکشتاین لە نەستیدا خۆی مات دابێت. لە پێشەکی چاپی ساڵی ١٨٣١ی ڕۆمانەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئیلهامی لە خەوێکی ناخۆشەوە وەرگرتووە کە لە جنێڤا بینیویەتی کاتێک لەگەڵ هاوەڵەکانیدا ئێوارەکەیان بە تۆقاندنی یەکتریەوە بە چیرۆکی ترسناک بەسەربردووە.

ماری نووسیویەتی “کاتێک چووم بخەوم، بە چاوی داخراوەوە و لە مێشکمدا خوێندکارە ڕەنگ پەڕییووەکەی هونەرە ناپیرۆزەکانم بینی کە لە تەنیشت ئەو شتەی پێکیهێنابوو چۆکی دادابوو. تارمایی پیاوێکی دزێوم بینی پاڵکەوتبوو، دواتر بە کاری مەکینەیەکی بەتوانا، تارماییەکە ئاماژەکانی ژیانکردن و نیوە جووڵەیەکی نائاسایی نیشاندا.”

هاوبەشی بکە